فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زمانەکەم جیهانی منە

زمانەکەم جیهانی منە
ڤیتگنشتاین
میراتێکی هەمیشە نوێ
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
نووسەر، ھەولێر
فەلسەفەى زمان بە دواى سروشتى زمان و پەیوەندى زمان بە جیهاندا دەگەرِێت، لە وێناكردنى زمان بۆ جیهان دەكۆڵێتەوە، بە وێناكردنى فەلسەفەكاراندا بۆ زمان دەڕوانێت‌.. فەلسەفەى زمان پرسیار لەوە دەكات، زمان چۆن نوێنەرایەتى دنیا دەكات، پەیوەندى ناونان بە ناوەوە چییە، چۆن لە لۆژیكى تێگەیشتنى بیركردنەوە نزیك دەبینەوە، ئایا زمانێك هەیە، لە دەرەوەى بیركردنەوە، تێگەیشتن چییە، قسە چۆن دەگاتە ئەوی دیكە، پەیوەندى نێوان قسەكەر و ئەوی دیكەوە چییە، مانا چییە، ئایا مانا لە سەرى قسەكەراندایە، یان لە زماندا، زمانى بێ‌ مانا، بێ‌ بنەما بوونى هەیە؟!
زمان وەك ئامرازی پەیوەندیگرتن و دەربڕین و بیركردنەوە، هەر تەنها بە بەجیھانمان ناناسێنێت، بەڵكوو وەک گفتوگۆی بوون جیھانمان بۆ دەکاتەوە. كەواتە هەر لە رێگای زمانەوە مرۆڤ ھەست بە بوون و هەبوونی خۆی و دنیا دەکات، خۆی دەناسێت و دنیا ناس دەكات، بەڵام ئەگەر نەتوانین بەڕوونی شتێ دەربڕین، باشترە بێدەنگ بین! دەبێ هەمیشە بۆ خودی زمان بگەڕێینەوە، چونكە مرۆڤ بە وشە بیردەكاتەوە، بۆیە (ھایدگەر) دەڵێت: زمان ماڵی بوونە. ئەگەر ناسینی بوونی مرۆڤ هەبوونی دنیا لە بوونی زمان خۆی ببینێتەوە، ئەوە لە پێشكەوتن و پەرەسەندنی زمانەوانی و فەلسەفەی زمانەوە مرۆڤ و دنیا بەردەوامی بە گەشەی خۆیان دەدەن، لەو دیدگایەوە شیکاری زمان بۆ زمان و ئەگەرە جۆراوجۆرەکانی لێکدانەوە و لێکدانەوەی بیركردنەوەی مرۆڤ و ئەوی دیكەی جیاوازی وەك لە دەرهاوێشتەكانی زانست و تەكنۆلۆژیادا دەیبینین بە زماندا تێدەپەڕێت.
زمانەكەم، ماڵی منە
‏ڤیتگنشتاین
 لە رێگای (تیۆری وێنە) كە تێیدا زمان بریتییە لە وێنەگرتنی شتەکان، تا ساڵانی شەست، بەشێکی گرنگی فەلسەفەی پێکهێنابوو، کاریگەری زۆری لەسەر بزووتنەوەی پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی- یان ئەزموونگەرایی لۆژیکی هەبوو. لەوێدا ڤیتگنشتاین بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە رستە نوێنەرایەتی واقیع دەکات، چونکە هەمان پێکهاتەی لۆژیکی واقیعی هەیە! واتە رستە و وێنەی واقیعی هەمان پێکهاتەی ناوەکییان هەیە. بەڵام دواتر ڤیتگنشتاین لە کتێبی لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکانیدا، وازی لە (تیۆری وێنەی) هێناو و لەبری ئەوە بیرۆکەی (یاری زمان)ی هێنا ئاراوە و جەختی لەوە کردەوە کە مەحاڵە زمان بۆ تیۆری وێنە بچووک بكەینەوە، چونكە زمان تاكە لۆژیكێك و تاكە ماهییەتێك ناگەیەنێت، بەڵكوو دیاردەیەکی بەرفرەوانی کۆمەڵایەتی و كلتوورییە و لە رێگای بەکارهێنانی جیاواز و بەردەوامەوە پێشدەكەوێت و گەشە دەكات و هەرگیز بڕوای بە وەستان نییە! بەمجۆرەش یارییەکانی زمان ئاماژە بەو شێوازە جۆراوجۆرانە دەکەن، کە وشە و رستە لە جوولەی بەردەوامی رۆژانەدا پێیدا تێپەڕ دەبن. كەواتە هەمیشە جوولەی یارییەکان بە مەبەستی دەربڕینی بەرفرەوان و دەوڵەمەندی زمان، لەگەڵ زماندا یاری دەکەن…
ڤیتگنشتاین پێیوایە کە زمان بە چەندین بەکارھێنانی جیاواز و بەكارهێنەری جیاوازدا دەڕوات، ئەوە سەرەڕای ئەوەی زمان ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی مەعریفە و تێگەیشتنی راستییەکان، کە رەنگە مرۆڤ بە چاوی رووت نەتوانێت بیانبینێت، بە دیوەكەی دیكەش زمان لە بواری بینینەوە بۆ بەرجەستەکردن وەك نووسراو یان بیستراو دەگوازرێتەوە، وەك چۆن زمان ئامرازێکیشە بۆ دەربڕینی ھەستەکان کە شتی واقیعین.. بەو مانایەش فەلسەفەی زمان سەرهەڵدانی رێبازە فەلسەفییە مۆدێرنەکان زانستی قسەکردن کە لە دەوری ئەو کردارانە دەسوڕێتەوە کە زمان بە ئەنجامیان دەگەیەنێت، وەک فەرمان، قەدەغەکردن، پرسیار و نکۆڵیکردن، زانستی تەكنۆلۆژی كە بە كلیكردن دەگات..
كەواتە زانستی زمان بە تەواوەتی دڵنیایە، كە پێشكەوتن و بەشدارییە فیکرییەکان بەنێو زماندا دەڕوات و لە زماندا روودەدات! زمان تاکە رێگایە بۆ تێگەیشتن لە جیهان و ئەویدیكە و کارلێککردن لەگەڵ داتاکاندا، كە لە پرۆسەی دۆزینەوە و بیركردنەوەدا بە ئەنجام دەگات و لە رێگای زمانەوە سەرچاوە دەگرێت. زمان چوارچێوەی ئەزموونی مرۆیی نییە، بەڵكوو ئەو توخمەیە کە لە دۆزینەوەی خۆیەوە رووداوەکان دیاری دەکات، مەعریفە یان بیرکردنەوە ناتوانرێت بە دابڕان لە زماندا بیری لێبکرێتەوە، پێشكەوتنەكانی مرۆڤ لە رێگای زمانەوە لە بوونەوەرەکانی دیکە جیا دەبێتەوە، كەواتە مرۆڤ لە زمان رسكاوە. بەڵام زمان هەر تەنها بنەمای بوونی سروشتی مرۆڤ ناگەیەنێت، بەڵكوو حەقیقەت و سەرچاوەی تەواوی داهێنانی ماناكانی مرۆڤ لە گەڕان بەدوای زماندا دەدۆزینەوە، چ لەنێوان لاپەڕەی کتێبەکاندا بێت، یان لە شاشە و كلیكەکاندا، بە دیوەكەی دیكەش یارییەكانی زمان یەکەم بلۆکی بنیاتنانی هەموو پێشكەوتنەكانە..
زمان وەك مەعریفە و شاردنەوەی بیرکردنەوە دەوڵەمەندکردن و سنووردارکردن لەخۆ دەگرێت. واتە زمان تێگەیشتن و فۆرمێکە لە شاردنەوەی وزەكانی مێشک و سنووردارکردنی مەودای بیرکردنەوە. بەو مانایەش زمان ئەو یارییەیە، کە ئەزموونی هەستیاری بۆ زانیاری و دانووستانکاری دەگۆڕێت، وەك چۆن زمان دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێشكەوتنانە بکات، کە لە ئەنجامی پڕۆسەی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستییەوە دێتە ئاراوە، بێگومان بە هۆی رۆڵی گرنگی لە پێکهێنانی چەمکەکان و ئەو بەها کۆمەڵایەتییانەی کە لە بەكارهێنەر و بەکارهێنانەکانی رۆژانەی زمان و یاری زماندا دیاری دەکرێت و دەیانخاتە نێو چوارچێوەی كلتوورە جیاوازەكانەوە بۆ نموونە جیاوازی ئەو زمانەی کە فرۆشیارانی سەر شەقامەکان بەکاریدەهێنن، لە بە بازاڕکردنی کاڵاکانیان بۆ خەڵک.. هەڵبەتە سەردەمێک تێپەڕیووە کە دەستەیەك لەسەر ئەوە رێککەوون کە زمانی باو دیاری بكەن، چونكە ئەمڕۆ سۆشیال میدیا ئەو رۆڵەی وەرگرتووە و بەردەوامە لە پێکهێنانی گۆڕەپانێکی سەرەکی بۆ پەرەپێدانی زمان و داڕشتنی زاراوەی نوێ، کە مەرج نییە ملکەچی یاساکانی زمانی دانپێدانراو بن. ئەمڕۆ زمانی باوی باڵادەست لە ئینتەرنێتدا بووەتە سەرچاوەی پێویستی بەکارهێنەرانی ئاسایی نموونەی زاراوەی (سێڵفی) كە کاریگەریی زۆری لەسەر لێكۆڵینەوەی ئیگۆ و ئابووری-کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگایەک هەیە.