سەركەوتنی رووتی زمان
دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر
بە چاوێكی پڕ لە بیركردنەوە و هەست، چاوێك كە (زمان) وەك بوونەوەرێكی چالاك تەماشا دەكات، بوونەوەرێك كە پرۆسیسەی پرسیارەكانی بوون و خەیاڵەكانی داهێنان و ئاگری بەرهەمهێنانەوە و نووسین خۆش دەكات، سەركەوتنی رووتی زمان دەنووسم. كەواتە بیركردنەوە و پرسیاری ئەو نووسین و خوێندنەوە و بەرهەمهێنانەوەیە لە پێگەی دال یان مەدلولدا كورت نابێتەوە، بە مانایەكی دیكە کتێبی (سەركەوتنی ئایین)ی (ژاك لاكان- وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی: محمد الحاج سالم- چاپی 2023) كتێبێكە روو لە دەرەوەیە! واتە زمانی نووسین لای لاكان زمانێكی باو نییە، زمانێكی نامۆیە، دەرگا لە غەریبەكان، فەرهەنگەكان، گێڕانەوەكان، حیكایەتەكان واڵا دەكات.
ژاك لاكان لەو كتێبەدا هۆی سەركەوتنی ئایین بۆ سەرنەكەوتنی شیكردنەوەی دەروونی دەگەڕێنێتەوە. پێیوایە هەر لە سەرەتاوە ئایین بە دەوری مانادا دەخولێتەوە، ئایین مانا بەو شتانە دەدات، كە رۆژێ لە رۆژان شتی سرووشتی بوون. ئەوەش لە ئاییندا نیعمەتی خواییە. بەڵام شیكردنەوەی دەروونی بۆ هەمیشە (سروشت/ ناسروشت- خودا/مرۆڤ) لێكجیا دەكاتەوە و مرۆڤایەتی دابەش دەكات. رووداوی ئەو دابەشبوونە مرۆڤ بۆ هەمیشە بە مانا فرۆیدییەكە و شیكردنەوەی دەروونی بە نوقسانی دەهێلێتەوە، هەر بەو مانایەش (زیگمۆند فرۆید) پێیوایە مرۆڤ ئاژەڵێكی سەمپتۆمدارە (سەمپتۆم نەخۆشی نییە، نیشانەی نەخۆشییە) سەمپتۆم زەقبوونەوەی تێرنەبوونێكە لە ناو دەرووندا. بێگومان نەقسی فرۆیدی لای لاكان بە (درز) ناو دەبرێت، كەچی لای دۆلۆز ئەو چاڵ و درزە دەكەوێتە نێوان سەیرورە و جێگیربوون، یان گۆڕانی بەردەوام و داهێنانی بەردەوام. كەواتە شیكردنەوەی دەروونی خستنەڕووی نەخۆشییە. ئەوە بەشێكە لە نیگەرانییەكانی ژیاری، كە فرۆید لە كتێبی (نیگەرانییەكانی ژیاری) قسەی لەبارەوە دەكات.
تاکە شتێ کە دەکرێ لە دیدی شیکردنەوەی دەروونیدا، لە خۆیدا بە گوناح دابنرێ، وازھێنانە لە ئارەزووەکانی خۆت
رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ. بەڵام بۆچی دەڵێن شیکەرەوەی دەروونی لە بارێکدایە کە ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات؟ لاكان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە جیاوازی لەنێوان (فێركردن) و (حوكمكردن) دەخاتە روو، پێیوایە ئەوەی دەبێتە جێی نیگەرانی چەمکی (فێرکردن)ە، واتە لە مانای فێرکردندا مرۆڤ دووچاری نیگەرانی دەبێتەوە، كەواتە وێناکردنەکانی مرۆڤ، یان مرۆڤ کێیە و ماھیەنی مرۆڤ چییە… ھەموو ئەوانە کێشەن. بەڵام (حوكمكردن) نیگەرانی ناسناكات، حوكمكردن تەواو جیاوازە، بە ئەندازەی ئیمان! لە شیکردنەوەی دەروونیدا ئەگەرچی ھەرگیز نە حوکم دەوەستێ و نە فێرکردن… بەڵام ئایین لەسەر حوكمكردن وەستاوە! لە ئاییندا پرسیاركردن سنوری ئیمان تێناپەڕێنێ، شیكردنەوەی دەروونی سەر بە پرس و فێركردنە.
ئەو كتێبە روو لە دەرەوەیە، لەو قسەوە دەمەوێ بڵێم ئەو كتێبە کورت نابێتەوە بۆ کۆ ئاماژە یان تێگەیشنێکی ئاڕاستەكراو و دیاریکراو…. بەڵکو خۆی لە خوێندنەوەی خوێنەرە جیاوازەكانیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. لەو كتێبەدا ژاك لاكان دەڵێت: تاکە شتێ کە دەکرێ لە دیدی شیکردنەوەی دەروونیدا، لە خۆیدا بە گوناح دابنرێ، وازھێنانە لە ئارەزووەکانی خۆت. بەو مانایەش گەڕانەوەی لاکان بۆ فرۆید گەڕانەوە نییە، بۆ گوتەکانی بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ نیازەکانی، بۆ شۆڕشی فرۆیدی و بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییەكان.
واقیع و رووتی
دەشێ سروشت و ناسروشت، مرۆڤ و خودا… لە رێگای دەستەواژەی ئەگەر رووتی نەبوایە مرۆڤ چۆن دەیزانی پۆشاک چییە، شیبكەینەوە. هەروەها دەتوانین بە رەنگێگی دیكە ئەو پرسیارە بنووسینەوە و بڵێین ئەگەر ئایین نەبوایە، مرۆڤ چۆن دەیزانی شیكردنەوەی دەروونی چییە؟
لەو خوێندنەوە و شیكردنەوەیەدا قسە لە چەمكی زانین و نەزانین ناكەم، هەڵبەتە ئەو كتێبە روو لە دەرەوەیە، دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بڵێم رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ، بەڵام ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات. كەواتە ئەو ململانێیە دەكەوێتە نێوان ئایین و شیكردنەوەی دەروونی، واقیع و ناواقیع، رووتی و پۆشاك…
شیكردنەوەی دەروونی بوونی ئایین رەتدەكاتەوە. رووتیش لە رێگای پۆشینەوە بوونی (نیعمەتی خوایی) رەتدەکاتەوە. بەو مانایەش شێوەی نێگەتیفی رووتی (ئایین)ی لە (شیكردنەوەی دەروونی) و پۆشاکەوە مانا وەردەگرێ. کەواتە ئەگەر دەرککردن بە رووتی لە وەردەرنانی ئادەمەوە بێ لە بەهەشت، ئەوە رووتی لە گوناهەوەیە. بۆیە داپۆشینی رووتی، واتە دووركەوتنەوە لە گوناح، واتە داپۆشینی گوناح. بەمجۆرەش ناتوانین بگەینە بوونە هەرە پوخت و ریشەییەکەی مرۆڤ تەنها لەو ماوە کەمە نەبێ، کە لە فیردەوس بووە! وەك چۆن لە واقیعدا شیكردنەوەی دەروونی ناتوانێ ئەو نیشانە، نەقسە، یان چاڵ و درزە… چارە بكات، تەنها لە رێگای داهێنانی بەردەوامەوە نەبێ. کەواتە بە مانا ئایینییەكە کاتێ مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو واقیع، ئیتر مرۆڤ بە گوناهەوە لكاوە. لە واقیعدا ئەسڵی مرۆڤ پیسە، گوناهبارە، نوقسانە، چاڵە… هەر بەو مانایەش كۆی پرسیارەكان لەوەدا كورت دەكەینەوە و دەڵێین: ئەگەر پۆشاک (نیعمەت) نەبێ مرۆڤ نازانێ نوقسانی چییە؟ بە مانایەكی دیكە دەشێ دەستەواژەی شیكردنەوەی دەروونی دەستەواژەیەکی ئایینی بێ، دژ بە ئایین.
بە مانا ئایینییەكە کاتێ مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو واقیع، ئیتر مرۆڤ بە گوناهەوە لكاوە
هەڵسانەوە لە گوناح، واقیع… دووبارە بە دەستهێنانەوەی ئازادییە. بەڵام مرۆڤ لە دروستکردنییەوە ئازاد نەبووە، دەیەوێ ئازادی بەدەستبهێنێ. بەدەستهێنانی ئازادی لە ئاییندا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ! وەدەستهێنانی ئازادی لە واقیعدا داهێنانی بەردەوامی داهێنانە… (ئیتر کە پەناگا نامێنێ، کە پەیوەستبوون نامێنێ ئازار، برسێتی، مردن…. دەستپێدەکات).
من فرۆیدم، من زمانم
نەقسی فرۆیدی وەك لە شیکردنەوەی دەروونی و بە تایبەتی لاکان وەسفی دەکات، چارەکردنە بە زمان، قسەكردن، ئەوەش شیکردنەوەی بونیادی گوتارە لە ناوەوەدا، گوتار ئەو هێزەیە، کە وادەکات دیاردەیەک، یان تێکستێک مانایەکی تایبەت بە دەستەوە بدات، هەستێکی تایبەتی جێبهێلێت. کەواتە گوتاری شیكردنەوەی دەروونی چارەی دەروونی لە رێگای زمانەوە دەكات، یان ئەو چارەكردنە بە زمان نەبێ، بە ھیچ شتی دی مەیسەر نابێت، زمان سەرچاوەی بوون و داهێنانی بەردەوامی مرۆڤە، بەو مانایەش زمان ناوەندیاری بەیەکگەیشتنی دنیای ناوەوەی مرۆڤ و دنیای دەرەوەیە. لە دیدی لاکاندا زمان بەیەکگەیشتنی (پێداویستی) و (ئارەزووە)ە، وەك کرداری ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی نێوان رەمزی و واقیعی و خەیاڵی تەماشای دەكرێ، (واتە دەستبردن بۆ پێداویستی ژیان و تێرکردنی ئارەزووەکان و بەدیھێنانی خەون و خەیاڵەکان…)
بەڵام لە رێگای واقیعەوە، ھیچ کاتێ لە ئارەزووەکانی نەخۆش تێناگەین تەنھا لە رێگای زمانی قسەکردنەوە نەبێ، یان گوتنەوە نەبێ، کە ئارەزووەکان دەگۆڕێ بۆ پێکھاتەی مانای زمانەوانی و وشەکان زیاد لە مانایەک ھەڵدەگرن و دەبنە دەنگدانەوەی حاڵەتەکانی نەست و بە تایبەتی لە خەونەکاندا بە دەردەکەون، یان لە لادان و خلیسکانی زماندا… هەڵبەتە وەک دیارە لاکان بۆ شیکردنەوەکانی لەبری چەمكی نەستی فرۆیدی، زمان بە کار دەھێنێ. لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێ: نەست لە زمان رسكاوە.
من لێرە بۆ بەكارهێنانی دەستەواژەی من فرۆیدم، من زمانم. سوودم لە كۆی بۆچوونەكانی لاكان وەرگرتووە، ئەگەرچی دەستەواژەی من ئەفلاتوونم، من حەقیقەتم، یان وەک لویسی شانزە و دەوڵەت، کە دەیگوت من دەوڵەتم… بیر دەخاتەوە. لەوێشەوە دەمەوێ بۆ شیكردنەوەی نێوان (نێر و مێ) بڵێم لە هەموو ئەوانەدا حەقیقەت نێرینەیە. نێرینە وەک (ڤالووس) كە لای وایە مێیینە وەک (سەتح، روو-كار) دژ بە حەقیقەتە. مێینە، ڤالووسی نییە، کەواتە خەسیووە.
نیتشە، گوێڕایەلی، گوناهباری، پاڕانەوە، زەلیلی هەموو ئەوانە بە ئەخلاقی کۆیلە دەزانێت
هەڵبەتە دوای هەنگاونان بەرەو ئایین بۆ نموونە (لە مەسیحیەتدا) حەقیقەت دوورتر دەکەوێتەوە، ئیتر (فەیلەسوف) چیتر جیهانی حەقیقەت نانوێنێتەوە، پیاوی ئایینی ئەو کارە بە بەڵێن دەکات، ئەوەش ئایدیایەکی زیاتر دڵرفێن و فریوودەرە! لێرەوەیە (فریدریك نیتشە) دەڵێ ئایدیای حەقیقەت دەبێ بە مەسیحی، دەبێ بە ئافرەت، چونكە ئافرەت، ژن بەڵێنێکە بە پیاوان دەدرێ… ئەگەر لە واقیعدا ژن و پیاو گوناح نەکەن، یان گوناح بکەن و تۆبە بکەن، ئەوە لە دواییدا ئایین بەڵێنی بەیەکگەیشتنی هەتا هەتاییان پێدەدا. هەر بەو مانایەیە نیتشە دەڵێ، کە ئایین دێ، چێژ لەناو دەچێ، شادی دوادەخرێ! کەواتە لە ئاییندا گوێڕایەڵی مرۆڤ (پیاو و ژن) بۆ (حوكم)ەكانی ئایین دواین فۆڕمی کاملی ئەخلاق و مێژووی فەزیلەتە. بەڵام نیتشە، گوێڕایەلی، گوناهباری، پاڕانەوە، زەلیلی هەموو ئەوانە بە ئەخلاقی کۆیلە دەزانێت. بەو مانایەش ئایین پەلاماری رەگی ژیان دەدا. شیكردنەوەی دەروونی زمان بە (فێركردن) و چارە دەزانێ.
بە کورتی بەکارھێنانی میکانیزمی چارەكردن بە زمان لە نەستی نەخۆشەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە لە رێگای میکانیزمی قسەکردن كار لەسەر بونیادی گوتاری نەخۆش دەكات و مەدلولە خەفەكراوەكانی كەشف دەکات. لە دیدی لاکان زمان لە جێی چەپێنراوەکانی فرۆیدە، لێرەوە لاکان لە شیکردنەوەی بونیادی نەستی فرۆیدەوە بەرەو زمان و دال و مەدلول و پاشان کۆکردنەوەی دال و مەدلول لە تێگەیشتنی ئەویدیکەدا هەنگاو دەنێت، وەک ئەوەی گوتارێک بێ، یان دەرکەوتنی زمانی کارای پاڵنەرەکانی نەستی نەخۆش بێت. وەک ئەوەی گوتار پەیوەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان کارا کۆمەلایەتییەکان دیاری بکات، جا لەبەر ئەوەی زمان دەبێتە بنەمای کەشفکردنی حاڵەتە دەروونییەکان، یان وەک لاکان دەڵێ لەبەر ئەوەی زمان لە نەست رسکاوە، کەواتە مرۆڤ جگە لەوەی کە دەتوانێ بە وەزیفەیەکی رەمزی ھەڵسێ، کە زمان بەرجەستەی دەکات، شتێکی دیکەی لە توانادا نییە، ھەر لە رێگای ئەو وەزیفەیەشەوە دەتوانین لە مرۆڤ بگەین.
بەو گوزارەیەی کە زمان وەک تەفسیرکردنی رەفتاری مرۆڤ دەبینێ، بە تەفسیرکردنی زۆربەی گوتەکانی فرۆید لە بارەی غەریزەی سێكسییەوە، دەگەینە ئەوەی کە زمان ئاوێنەی نەستە. کەواتە تیۆری شیکردنەوەی دەروونی ھەر تەنھا چەپێنراوەکان کەشف ناکات، بەڵکو راڤەی رەھەندەکانی زمان و حەقیقەتی ناوەوەی واقیعی مرۆڤ كەشف دەکات. شیکردنەوەی دەروونی ھەر چارەی مرۆڤ لە پێناو خۆش گوزەرانی و سەرکەوتنی نەخۆش بەسەر سەمپتۆم لە کۆمەڵگاو لەسەر ئاستی کەسی ناکات، بەڵکو وای لێدەکات بتوانێ رووبەرووی ئارەزووەکانی و دەوروبەری بێتەوە.
حەقیقەتی رەها، حەقیقەتی رووپۆشكراو
نەریتی بیرکردنەوەی ئەفلاتوونی بنەڕەتێکی میتافیزیکی هەیە، بیركردنەوەی نوێ و بە تایبەتی نیتشە لە نەریتێکی جیاوازەوەیە. نیتشە بنەماو فۆڕمی بیرکردنەوەکەی تەواو غەریبە و قاچی لەسەر زەمینەکەی ئەفلاتوون نییە. بۆ نموونە کە دەڵێ ژن سەتحیە، لە نەریتی ئەفلاتوونی وشەی (سەتح) نێگەتیف دەکەوێتەوە و دژە ژن دەوەستێ، بەڵام لای نیتشە هەرگیز چەمكی سەتح نێگەتیف و دژە ژن نییە، بەڵکو خاڵی گەشانەوەی ئافرەتە. لای نیتشە ناتەبایی جەوهەر و رووکەش هەڵدەوەشێتەوە و جۆرە پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان حەقیقەتی رەها و حەقیقەتی رووپۆشدا دادەمەزرێنێ، کە خۆی لە رووکار (سەتح)دا دەبینێتەوە، چەمكی (روو-کار) کارایی رووە بۆ نەخشاندنی زڕەوێنەی حەقیقەت لەسەر خۆی. لێرەوە سەتح پەردەی حەقیقەتە، حەقیقەتیش چاڵێکی بۆشە، کە بەو پەردەیە، وەک پڕییەک داپۆشراوە. پەردەی ونبووی واقیعی قووڵ و حەقیقی نیتشە، دوورە لە رەنگدانەوەی ئاوەژووی واقیعێكی قووڵ و حەقیقی ئەفلاتوونیزم. پەردەی واقیع هیچ پەیوەندییەكی بە حەقیقەت و حەقیقەتی رەهاوە نەماوە، واتە ئەوەی نیشانیدەداتەوە ئایدیای ئەفلاتوونی نییە، لە پشت ئەوەی نیشانیدەداتەوە هیچ ئایدیا و ئایكۆن و وێنەیەك بوونی نییە، تەنها زڕەوێنەیە، زڕەوێنەی پەتی خۆیەتی، لەو بیابانە هیچ شتێ بەرهەمنایەتەوە، جگە لە بیابان نەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها نیشانەكانن، نە هیچ شتێ دووبارە دەكەنەوە و نە هیچ شتێ بەرهەمدەهێننەوە، كاڵا ئاماژە نییە، بۆ پێویستی، تەنانەت بۆ بەهای ئاڵوگۆڕیش، داتا هیچ حەقیقەتێ روونناكاتەوە.
لێپرسراوی نەقسی مرۆڤە و لەوێوە مرۆڤ گرژی دەماری ھەڵگرتووە و ئەو نەخۆشییە عوسابییە دەست بەسەر مرۆڤی شارستانیدا دەگرێ
بە جۆرێ لە جۆرەكان دەشێ هەموو ئەوانەی لەسەرەوە قسەی لێكرا، لە هەستكردن بە گوناحدا خۆی راڤە بكاتەوە، هەڵبەتە ئەسڵی هەستكردن بە گوناح بۆ ئایین دەگەڕێتەوە، بەڵام فرۆید وەک (كارل گۆستاف یۆنگ) ئایینی نییە! لای فرۆید ھەستکردن بە گوناح دەکەوێتە نەستەوە، ھیچ کەس بە شێوەیەکی فەردی لێی بەرپرسیار نییە. ئەو تاوانە لە ناخی مرۆڤدا چەسپاوە، کە ئارەزوو وەک پێوانەی زمانی گوتراو بێ. (گوناحی چەسپاو لە ناخی مرۆڤ و لە نەستی مرۆڤدا، گوناحێکی زمانییە). بۆیە ناتوانین نکۆڵی لە نەست بکەین، وەك چۆن ناتوانین نكۆڵی لە زمان بكەین. چونکە ئەگەر ئێمەش نکۆڵی بکەین، (ئارەزوو- ئەو) نکۆڵی ناکات. لە پێکھاتەی مرۆڤدا (ئەو) بەشدارە لە ئارەزوو. وەك چۆن زمان لە نەست رسكاوە. لای فرۆید لبیدۆ، ئارەزووی سێکسی، لێپرسراوی نەقسی مرۆڤە و لەوێوە مرۆڤ گرژی دەماری ھەڵگرتووە و ئەو نەخۆشییە عوسابییە دەست بەسەر مرۆڤی شارستانیدا دەگرێ، ئیتر لێرەوە چارەیەک پێشنیار دەکات، ئەویش چۆنێتی ھەڵکردنی خودە لەگەڵ نیگەرانییەكانی، هەموو ئەوانەش دەشێ پەیوەندییەکە شێواو بێ یان پارێزراو.
راسپاردەیەکی ئینجیلی ھەیە دەڵێ (ھاوسێیەکەت وەک خۆت خۆش بوێ) فرۆید لە کۆی ئەو راسپاردەیە جەخت لە راناوی لكاوی (ت) دەکاتەوە، پێیوایە ئەوە قەوارەی راناوی لكاوی (ت)ە، كە خۆی بۆ خۆشەویستی ئەویدیكە دیاری دەکات، بەو مانایەش خۆشەویستی خود لای ئەو جێگای گەورەی ھەیە، پێیوایە ھەموو کەسێ دوای ئەوەی ھێزی وڕێنەی خۆی دەرک دەکات و بە دوایدا دەچێ، ناوی ئەو ھێزە دەنێ ھێزی نەرگسییەت. بەڵام لاکان بە میتۆدی (رەمزی و خەیاڵی و واقیعی) ئەو دۆزە و راناوی (ت) روونتر دەكاتەوە و دەڵێ بێگومان من خۆم خۆش دەوێ، واتە من پەیوەستم بە جەستەی خۆم لە رێگای ھێزێکی جیاکاری ناوەوە، ئەویش ھێزی دەروونییە، واتە ئیرۆس (ئیرۆس- خواوەندی خۆشەویستییە لە یۆنان و لێپرسراوە بەرانبەر ھەستی خۆشەویستی لە دەروونی مرۆڤ، لە بەرانبەر ئیرۆسیش خواوەندی مردن ھەیە کە ناتانۆسە، فرۆید پێیوایە هەموو رەفتاری مرۆڤ ئاوێتەبوون و ململانێی نێوان ئەو دوو خواوەندەیە) کەوا دەکات جەستە زیندووەکان لە زۆربوون، بە هۆی (ئەویدیكە) نزیک ببنەوە، ئەوەش پێی دەگوترێت وزەی سێكسی یان لبیدۆ، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ھەوەسی عەقڵی جەستە نییە، بەڵکو ئەو وێنەیەیە، کە لە رێی جەستەوە فێرمان دەكات، ئەو وێنە جوان و بە ھێزەم خۆشدەوێ وەک چۆن خۆم خۆش دەوێ، کەواتە بنەمای خۆشەویستی (بە پێتی بچووک- وەك لاكان دەڵێ لەبەر ئەوەی قوتابییەکانم زاراوەی ئەویدیکەی بچووک بەکار دەھێنن)، چەمكی ئەویدیكە- ئەویترە. کەواتە من ئەوەم خۆشدەوێ کە لە من دەچێ.
دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن
بێگومان ھوشیاری تەواکەری ژیانە، پێشکەوتن رێچکەی دنیای ھۆشیاری دیاری دەکات. ھەموو ئەوەش کاریگەری بەسەر گەشەی تاک و تێگەیشتنی رەفتارەوە هەیە، كەواتە بە گشتی تێگەیشتنی رەفتار دەكەوێتە سەر هۆشیاری و پێشكەوتن و هەموو ئەوانەش بە شێوەیەكی تاکانە ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێ، تا ئەوەی دەگاتە پووچیش. ئەوەی فرۆید لەبارەی نەستەوە دیاری کردووە، بە نزیکی ھەموو بوارەکانی گەشەی تاك و پێشكەوتن و رۆشنبیری دەگرێتەوە. ھەندێجار ھەموو ئەوانە دەبنە تەگەرە بۆ بەجێھێنانی ئارەزووەکانی تاک و دەبنە ھۆی ئەوەی تاک ئارەزووەکانی پشتگوێ بخات و بیشاریتەوە. ئەوەش وەک فرۆید بۆی چووە دەبێتە ھۆی نەخۆشییە عوسابییەکان. بە دیوەكەی دیكە ئەوە حەقیقەتی ئارەزووەکانە، واتە واقیعە.
فرۆید کابرایەکی ماددی تەواو بوو، بۆیە چارەی دەسەڵاتی ئەخلاق و رەوشتی بە رێگای کلاسیکیانەی كردووە
کەواتە ئارەزوو ھەر تەنھا شتێکی سادە نییە، وەك چۆن یەکلاکەرەوەش نییە، بەڵكو بەرھەمی فۆرمەلەکردنێکی ئاڵۆزە و پڕە لە مانا و دەلالەت، نە درێژکراوەیە و نە گەڕانەوەیە بۆ سرووشتی خۆی و نە وێناکردنێکی ئایۆنی مەعریفەیە و نە دووبارەکردنەوەیەکی مەجازییە… ئارەزوو وەک لای فرۆید دەرکەوتووە، بابەتێکی نوێیە بۆ بیرلێکردنەوەی ئەخلاقی. لەسەر ئەو بنەمایە لاكان دەڵێ: بەڕاستی فرۆید بۆ ئەخلاق بە وەفا بوو. ئێمە دەزانین کە فرۆید کابرایەکی ماددی تەواو بوو، بۆیە چارەی دەسەڵاتی ئەخلاق و رەوشتی بە رێگای کلاسیکیانەی كردووە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سوودگەرایی. بۆ ئەوەی سوودگەرا بیت، پێویستە بۆ زۆربە، كۆمەڵگا بگەڕێیتەوە. گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا بە مانا فرۆیدییەکە لە رێگای چێژبردن بە یاسای ھەوەس پیادە دەبێت، واتە پەیوەندی خود بە بوون بە ھۆی زۆربوونەوە. كەواتە كە باسی ئایینی حەقیقی دەكرێ (ئایینی حەقیقی لای لاكان ئایینی رۆمانییە. قسە لە یەك ئایین دەكات، ئەویش مەسیحییەتە) دەبێ وەك شیزۆفرینیای راستی وەسف بكرێ. بەو مانایە ئایا دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە واقیع، رەتكردنەوەی شیزۆفرینیایی كۆییە؟
ئەمڕۆ چیدی كێشەی واقیع کێشەی ئایین و كێشەی نەقسی شیكردنەوەی دەروونی نییە، بەڵکو کێشەی زۆربوون و زۆرێتیی واقیع خۆیەتی، لەوە زۆرتر کە واقیع بتوانێ هەڵیگرێ؟ ئەو بیركردنەوەیە ئەمڕۆ (گی ئەرنست دیبوور)ی شانۆنووس بەرەو ئەوە دەبات بڵێ: واقیع، واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش. هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەک نەبوو وایە. یان (ژان بۆدریار) قسە لە زێدە واقیعی دەكات، كە هیچ کەلێنێکی بۆ رەخنە نەهێشتۆتەوە. زێدە واقیعی دۆخێکی زۆرینەیە، دۆخێكی کۆمەڵگایە، کە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستکردنێکی نمایشكارانە، ئیگۆی واقیع و گوتاری رەخنەی شۆڕشگێرانە هاوتا لەگەڵ گوتاری دەسەڵات گەشە دەكەن. فرۆید لە بارەی واقیع سەرسام دەوەستێ، چونکە دواجار فرۆید دەبینێ رقلێبوونەوە وەک سێبەری خۆشەویستی هەنگاو دەنێت، واتە رقلێبوونەوە بە خۆشەویستی نامۆ نییە و هەتا دێ لە خۆشەویستی نزیك دەبێتەوە.
كەواتە كێشەی پەیوەندی مرۆڤایەتی دوایی نایەت، چونكە واقیع هەم دەرچەیە و هەم دوژمنكارانە و پڕە لە نیگەرانی، واقیع سیمایەكی جیاكار و جیاوازی هەیە، كە قابیلی بیرلێكردنەوە، یان لەسەرووی خەیاڵی مرۆییەوەیە. لێرەوە لاكان پێیوایە ئەوەی پێیدەڵێن واقیعی حەقیقی، ئێمە ناتوانین پێی بگەین، ئەوەی بە تەواوی واقیعی حەقیقییە نادیارە، یان بەتەواوی لێیجیابووینەتەوە، بۆ؟ چونكە بە جەوهەری نەگەیشتووین، وەك چۆن نەمانتوانیوە بیسەلمێنین، هەرگیز نەگەیشتووینەتە جەوهەری پەیوەندی نێوان بوونەوەرە قسەكەرەكانی وەك نێر و مێ! ئەمڕۆ ئێمە خۆمان لە سەرسامییەكی گەورەدا دەبینینەوە. ئەوەی پێیدەڵێن بوونی بەشەری هەرگیز دەرفەتی سەركەوتنی لەبەر دەمدا نییە. لاكان دەڵێ لێرەوە فرۆید لەسەر حەق بوو كە سێكسوالێتی هێنایە ئاراوە، بەڵام هەمیشە سێكسوالێتی بە نسبەت بوونەوەری مرۆیی نائومێدی دەنوێنێ.
ئەمڕۆ ئێمە خۆمان لە سەرسامییەكی گەورەدا دەبینینەوە. ئەوەی پێیدەڵێن بوونی بەشەری هەرگیز دەرفەتی سەركەوتنی لەبەر دەمدا نییە
بە كورتی ئەوەی لە كتێبی (سەركەوتنی ئایین) و تیۆرەكانی لاكان دەرك دەكرێ ئەوەیە، كە مرۆڤ بنەمایەكی بیۆلۆژی یا فسیۆلۆژی نییە، بەڵكو بنەمایەكی زمانەوانی هەیە. پێشتریش یۆحەننای مەحمەدانی گوتویەتی (سەرەتا وشە هەبوو) بەڵام لاكان دەڵێ، بۆ ئەو دەستەواژەیەی یۆحەننا من یەك شتم زیاد كردووە، ئەویش ئەوەیە لەپێش سەرەتا چ هەبووە؟ ئەو پرسیارە تەگەرە دەخاتە پێش تێگەیشتنی (سەرەتا وشە هەبوو)ی ئینجیلی یۆحەنناوە، چونكە لەپێش ئەویش شتێكی دیكەش هەبوو، كە پێیان دەگوت (سفر تەكوین) ئەویش بێگومان لە وشە پێكهاتبوو. خەڵك ئەو دوو شتەی كۆكردەوە و گوتی وشە كاری خوایە. خوا دنیای لە وشە دروستكردووە. ئەوەش بەڕاستی كارێكی سەیرە.
دواجار لەو كتێبەدا لاكان دەڵێ من نانووسم هەتا خەڵك تێبگەن، من دەنووسم بۆ ئەوەی خەڵك بخوێنێتەوە، ئەو دوو شتەش وەك یەك نین. راستە خەڵكانێكی زۆر هیچ لە نووسینەكانم ناگەن، بەڵام دەكەونە ژێر كاریگەری نووسینەكانم. دواجار لەبارەی شیكردنەوەی دەروونییەوە دەڵێ: شیكردنەوەی دەروونی هیچ كلیلێكی بۆ ئایندە بە دەستەوە نییە. ئەوەی هەیە چركەساتێكی جیاكارە لە بەدەستهێنانی گوتاری خودی قسەكەر! چەمكی (خودی قسەكەر) بە مانا لاكانییەكە واتای ئەو خودە دەگەیەنێت، كە دال دەخاتە بەرانبەر دال، واتە زمان بەرهەمدەهێنێ. بەو مانایەش خودی قسەكەر گوزارشت لە نەست دەكات.
هەولێر 30/10/2024