فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زمان وەک سەرچاوەی کولتوور

زمان وەک سەرچاوەی کولتوور

 

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر

سەلمان ڕوشدی دەبێژێت: “کاری ئەدەبیی مەزن، با سانسۆر ڕێگرییشی لێ بکات، هەر خۆی دەسەپێنێت، وەک (یولیسیس)ی جۆیس و (لۆلیتا)ی نابۆکۆڤ و هەزار و یەکشەوە خۆیان سەپاند. نووسەرێک لەژێر گوشاری سانسۆردا بێت، وەک ئەوە وایە، سەروەختی نووسین قەڵەمەکەی بە ددان بگرێت، نەک بە دەست،” بەڵام ئەدیب لە ڕەقیب بەهێزترە، ئاخر سانسۆر تێکدەشکێت و بەسەر دەچێت، وەلێ ئەدەب بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئەوە نییە فرانکۆ ڕسوا بووە، بەڵام لۆرکا بە نەمریی ماوەتەوە.
سێرڤانتس (١٥٤٧ – ١٦١٦) بە دۆن کیخۆتە، هەم بناغە بۆ نووسینی ڕۆمان دادەڕێژێت، هەم باڵاترین نموونەی ئەدەبی گاڵتەجاڕیمان پێشکەش دەکات. لە دۆن کیخۆتەدا، تێکشکان سەرکەوتنە و وەهم حەقیقەتە. سێرڤانتس لەو ڕۆمانەدا هەر باسی ئاوابوونی خۆری قۆناغی سوارچاکیمان بۆ ناکات، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ ئەو (سوارچاک)ەیشدا هەیە کە لە ناخی هەر یەکێکماندا دەژی. دۆن کیخۆتە کە هەڵچوونێکی هونەرییە بە ڕووی دابونەریتی زاڵ و دەسەڵاتی ستەمکار و هەژموونی ئایین و دادگاکانی پشکنیندا، نموونەی باڵای کۆمێدیای ڕەشە و ئیلهامی بە چەندان نووسەری مەزنی وەک گۆگۆڵ بەخشیوە.
ئەوە زۆر گرینگ نییە، بەرهەمی ئەدەبی زادەی خەیاڵە یان ئاوێنەی واقیع؟ ئاخر ئەگەر داهێنەر بین، هەم خەیاڵ کێڵگەیەکی بەپیتە، هەم واقیعیش. ئیلیادە و ئۆدیسە کە هۆمیرۆس نووسیونی و ڕەنگە لەسەر ئاستی دونیا، نەمرترین و دەوڵەمەندترین کاری ئەدەبی بن، زادەی تێكەڵکردنی دیرۆک و شیعر، یان دروستتر واقیع و خەیاڵن. هەر لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە تا شەکسپیر و دانتی و دواتریش، بەرهەمی ئەدەبی، ئیدی داستان بووبێت، یان شانۆنامە، هەر بە شیعر نووسراوە. داستانێکی بە شیعر نووسراو کە بێ دوودڵی ناوی بنێین شاکار و بۆ کورد مایەی شانازی بێت، مەم و زینی ئەحمەدی خانییە.
کالێڤالا کە داستانی فینلاندییەکانە، لە هەزاران بەیتەشیعر و لە دەیان سروود پێک هاتووە، هەتا نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم هەر دەماودەم گوتراوە و پارێزراوە، لەوە بە دواوە ئێلیاس لوێنرۆت (١٨٠٢ – ١٨٨) کە شاعیرێکی زمانناس بووە کۆی کردووەتەوە. هەرچەندە لوێنڕۆت هەم جوانکاریی لە داستانەکەدا کردووە و هەم هەندێکیشی بۆ زیاد کردووە، بەڵام هێندە هونەرمەندانە ئەو کارەی بەجێ گەیاندووە، ئاسەواری دەستکاری بە تێکستە فۆلکلۆرییەکەوە دیار نییە. وەک چۆن (کۆمێدیای خودایی)ی دانتی، زمانی پەرتی ئیتالیای یەکخستووە، کالێڤالایش بۆ یەکخستنی زمانی فینلاندییەکان هەمان ڕۆڵی وازی کردووە.
ئایینی (مەسیح) کە درەنگ دەگاتە فینلاند، بە پاساوی دژایەتیکردنی بتپەرستییەوە، دەکەوێتە سڕینەوەی کولتووری خەڵکی ئەوێ. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا ڕووسیا، فینلاند داگیر دەکات، ئیدی کەلەپووری فینلاندییەکان، خۆی لە نێوان هەردوو بەرداشی کریستیانیزم و کولتووری ڕووسیای داگیرکاردا دەبینێتەوە. کۆکردنەوە و نووسینەوەی داستانی کالێڤالا، کاردانەوەیەکی نیشتمانپەروەرانە بووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جووتە داگیرکارە.
داهێنەرەکانی کالێڤالا خەڵکانی ئاسایی دەبن نەک دەستەبژێر. شیعرەکان کە فۆلکلۆر دەبن، سەروەختی سەفەر و پشوو بە گۆرانییەوە دەگوترێن. هیچ کام لە قارەمانانی داستانەکە، کەسانی سەر بە چینە باڵاکان نابن و باسێک لە جیاوازیی چینایەتی لە گۆڕێدا نییە، وەک ئەو کۆمەڵگەیەی داستانەکەی تێدا بەرهەم هاتووە جڤاکێکی ناچینایەتی بووبێت، تەنانەت هەندێک ئاماژەیش بۆ قۆناغی دایکسالاری هەیە. فرێدریک ئێنگڵس دەڵێت: (دەتوانین ئەو قۆناغەی کۆمەڵی پێدا ڕەت دەبێت، بەو جۆرە چەکانەیشدا بناسینەوە کە ئەو سەروەختە بەکارهێنراون،) چونکە چەکی سەرەکیی دەستی قارەمانانی کالێڤالا شمشێرە، کەواتە داستانەکە بۆ سەردەمێکی دێرین دەگەڕێتەوە.
بە پێچەوانەی میتیۆلۆجیای گریکەوە کە پاڵەوانەکانی خوداوەندن، لە کالێڤالادا قارەمانەکان هەموویان ئینسانن. لە کالێڤالادا خوداوەند هەیە، بەڵام خۆی پیشان نادات، تەنیا ئەوەیە خەڵکەکە بڕوایان وایە، هەم بە دەرد و بەڵا تاقییان دەکاتەوە و هەم لە تەنگانەیشدا بە هانایانەوە دەچێت. یەکێک لە قارەمانەکان کە ناوی (ئاهتی)یە، گەنجێکە وێڵی دوای چێژوەرگرتنە لە ژیان، حەزی لە ژنی جوان و شەرابی چاک و خۆراکی خۆشە، هەر دەڵێیت لای ئەپیکور (٣٤١ – ٢٧٠ پ.ز.) دەرسی خوێندووە.
کالێڤالا هێندە جێی بایەخە لە فینلاند، ڕۆژی ڕۆشنبیری لەوێ، ٢٨ی فێبریوەرییە، چونکە ئێلیاس لوێنڕۆت ١٨٣٥ لەو ڕژەدا پێشەکیی بۆ چاپی یەکەمی داستانەکە نووسیوە. لوێنڕۆت پێی وابوو، زمان سەرچاوەی ڕۆشنبیرییە، بناغەی ناسنامەیە، هەوێنی بووژانەوە و گەشەکردنی میللەتە و درەختی درێژەدانە بە ژیانی نەتەوە. کە جۆرجی لویس بۆرخێس (١٨٩٩ – ١٩٨٦) کالێڤالا دەخوێنێتەوە، هێندە پێی سەرسام دەبێت و کاریگەرییەکی هێندە قووڵی لەکن بەجێ دەهێڵێت، چەندان جار دەگەڕێتەوە لای و لە گەلێک لە چیرۆکەکانیدا لێی سوودمەند دەبێت. بۆرخێس لەبارەی کالێڤالاوە گوتوویەتی: (هەر داستانی گەلی فینلاند نییە، داستانی هەموو ئەو گەلانەیە، لە کەناری زەریا دەژین. هەرچەندە هەڵکۆڵینە لە مێژوودا، بەڵام داهاتوو دەخوێنێتەوە، ئەوی پێی ئاشنا ببێت، وا هەست دەکات خاوەنی ناسنامەی هەموو گەردوونە.)
*