فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دووکەڵی پالاوگەکان (لەوتان) ە ، (پیس بوون) نییە

دووکەڵی پالاوگەکان (لەوتان) ە ، (پیس بوون) نییە

د. ورتا عمر امین/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

.

لەوتان Pollution تێکچوونی ڕێژەی سرووشتیی پێکهێنەرەکانی ژینگەیە…گەلێ جۆری هەیە. جیایە لە (پیس بوون) کە وشەیێکی زۆر باوی ڕۆژانەیە بەرانبەر بە پاکی. بەشێکی لایەنی دەروونیش دەگرێتەوە، بەوەی شتێ بەلای منەوە پاک بێ لەوانەیە بەلای کەسێکی ترەوە پیس بێ..ئەم لایەنە دەروونییە لە (لەوتان) دا نییە.
مەبەست لە (لەوتان) ئەوەیە کە لە زانستدا بە (Pollution) ناو دەبرێ بەرانبەر (تلوث) ی عەرەبییە.
پێش ماوەیێ نامەیێکی ماجستێر لە یەکێ لە زانکۆکانی کوردستان گفتوگۆکرا بە ناونیشانی ( پیس بوونی زمان)کە دەبوو (لەوتانی زمان) بووایە.
مەبەست لە لەوتانی زمان بەکارهێنانی وشە و دەربڕینی ناقۆڵایە بە ڕێزمانێکی شێواو لە ئەنجامی نەشارەزایی و کار تێکردنی زمانانی تر. وەک ئەوەی ئیستا بەسەر زمانی کوردیدا هاتووە..
لە زمانی کوردیدا وشەیێکی پڕ بە پیستمان هەیە بۆ Pollution کە (لەوتان) ە.ئەمە وشەیێکی کۆنی باوە من لە مناڵیمەوە لە زمانی دایکمەوە فێری بوو – وم.
لەمبارەیەوە لە ژمارە (١٩) ی ڕۆژی (٢/١٢/١٩٨٩) ی ڕؤژنامەی (ئاسۆ) دا، وتارێکم بە ناونیشانی (لەوتان) ەوە بڵاوکراوەتەوە. تێیدا جۆرەکانی لەوتان دەخەمە ڕوو وبۆ یەکەم جار باسی (لەوتانی زمان) دەکەم . بە داخەوە مامۆستایانی زمانەوانیمان (لەگەڵ ڕیزم بۆ هەندێکیان) بێ ئاگان لە زۆر شت. هیچ ناخوێننەوە ، دەنا ئەوە نزیکەی چل ساڵە لە نووسینەکانمدا زاراوەی (لەوتان) بۆ Linguistic Polution بە کار دەهێنم.
شایانی باسە کە ئەندام و جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی ( پ . د. ڕەشاد میران) ماوەیێک پێش ئێستا، هەندێ تێبینیی لە بارەی ئەم ناونیشانە و هی تری خستە بەردەم ئەندامانی ئەکادیمیای کوردی و بە نامەی فەرمی دانەیێکی لێ بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا نارد، لە پێناو چارەسەرکردنی دیاردەی کەمتەرخەمیی زمانەوانی لە هەندێ لە بەشە کوردییەکاندا.