فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

   لەبارەی گرفتەکانی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە

   لەبارەی گرفتەکانی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە

فەرەیدوون سامان/ سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی (زمان و زار)/ هەولێر

 

وەک چۆن ئێمەی کورد نیشتمانەکەمان بەسەر چەند وڵاتێکدا بەشکراوە، زمانی نەتەوەی سەردەست باڵادەستیی بەسەر زمانەکەماندا هەیە، زمانەکەمان بەسەر چەند زار و بنزارێکی سەرەکیدا دابەش بووە و هەریەک لەو زارانەش خاوەنی خەسڵەتێکی تایبەتی خۆیانن کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی فەرهەنگی و جوگرافیای گەلەکەمانە. مخابن هێشتا زمانێکی پێوەرمان بۆ گشت زار و بنزارە کوردییەکان نییە. هاوکات دەبینین لە ڕووی ئەلفوبێ و ڕێنووسیشەوە، ڕێنووسێکی پێوەر و هاوبەشمان بۆ نووسینی تێکستەکانمان نییە. بە دڵنیایییەوە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی جوگرافیاییی زمانی کوردی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی فرەچەشنیی زارە کوردییەکان، بەو پێیەی هەر دەڤەرێک و ناوچەیەک بە سروشتی خۆی، شێوەزاری تایبەتیی خۆی پەرە پێ داوە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی مێژوو و ڕۆشنبیریی ناوازەی خۆیەتی. هەر بۆیەش زمانی کوردی بە یەکێک لەو زمانانە دادەنرێت کە دەوڵەمەندە بە فرەچەشنیی فەرهەنگی.

فرەچەشنیی شێوەزارەکان لە زمانی کوردیدا بەڵگەی دەوڵەمەندیی فەرهەنگییە. ئەم فرەچەشنییە ڕەنگدانەوەی مێژووی دوورودرێژی کوردە، بە درێژاییی سەدەکان کارکردنە لەگەڵ فەرهەنگ و گەلانی جۆراوجۆردا. چونکە لە ڕێگای ئەم زارانەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە مێژووی کورد و شارستانییەتەکەی و کارلێکی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا بگات.

ئەم میراتە ئەدەبییە گوزارشت لە حیکمەت و ئەزموونە مرۆیییەکانی گەلی کورد دەکات، هەروەها ڕەنگدانەوەی جوانی زمان و هێزی لە دەربڕینی هەست و بیرۆکەکاندایە

 

زمانی کوردی جگە لە فرەچەشنیی شێوەزار، میراتێکی دەوڵەمەندیی ئەدەبی لەخۆ دەگرێت کە لە ژانرەکانی شیعر، ئەدەبیاتی فۆلکلۆر و چیرۆکی مێژوویی پێک هاتووە. ئەم میراتە ئەدەبییە گوزارشت لە حیکمەت و ئەزموونە مرۆیییەکانی گەلی کورد دەکات، هەروەها ڕەنگدانەوەی جوانی زمان و هێزی لە دەربڕینی هەست و بیرۆکەکاندایە.

سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییە زمانەوانی و فەرهەنگییە، زمانی زمانەکەمان بەرەو ڕووی چەندان ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە هەوڵدان بۆ پەراوێزخستن و گۆشەگیریی زمانەوانی کە بە درێژاییی مێژوو بەر کەوتووە. بەڵام هەوڵەکان لە لایەن خودی ڕۆشنبیرانی کوردەوه بۆ پاراستنی زمان و بەرەو پێشبردنی و بەکارهێنانی له هەموو لایەنەکانی ژیاندا. پاراستن و پەرەپێدانی ئەم زمانە ئەرکێکی گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئەم میراتە فەرهەنگییە بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

یەکێک لەو بەربەست و ئاستەنگانەش نەبوونی ئەلفوبێیەکی یەکگرتوو هەروەها ڕێنووسێکی یەکگرتووە بۆ گشت زارە کوردییەکان بە تایبەتییش لە دامەزراوە چاپەمەنییەکانی وەک ڕۆژنامە و گۆڤار و هەروەها ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەبوونی ئەو هەموو وێبسایت و کەناڵە کوردییە جیاوازانە دیاردەیەکن وێڕای هەبوون واڵایی و بەرفرەیی و پەراوێزێکی ئازادی نووسین و دەربڕین، هاوکات لە دەلیڤەی بەکارهێنانی ڕێنووسدا کێشەیەکی چارەسەر نەبوون، کە بە داخەوە زۆر جار خودی ئەو نووسەرانەی کە باس لە گرفتەکانی ڕێنووسی کوردی دەکەن یان ئەو دەزگا ڕۆشنبیرییانەی کە ساڵانە بە دەیان کتێب چاپ دەکەن و ڕێنمایییەکانی ڕێنووس و خاڵبەندی پارڤە دەکەن ڕووبەڕووی هەمان هەڵە و کێشەی ڕێنووس دەبنەوە.

 

جار خودی ئەو نووسەرانەی کە باس لە گرفتەکانی ڕێنووسی کوردی دەکەن یان ئەو دەزگا ڕۆشنبیرییانەی کە ساڵانە بە دەیان کتێب چاپ دەکەن و ڕێنمایییەکانی ڕێنووس و خاڵبەندی پارڤە دەکەن ڕووبەڕووی هەمان هەڵە و کێشەی ڕێنووس دەبنەوە

 

دوای پتر لە سەدەیەک لە بزاڤی چاپەمەنی کوردیدا، تەنانەت بەر لە سەرەتای بیستەکان و دەسەڵاتی حکومڕانی شێخی نەمر تا دەگات بە ئێستا زمانی کوردی بە چەندان قۆناغ و شێوازی ڕێنووس و خاڵبەندیدا تێپەڕیوە، ئەگەر جاران دەقی نووسین بە کەشکۆڵ یان بەڵگەنامەی مێژوویی بە ڕێنووسی کلاسیکیی کوردی دەنووسرا، کە پتر لە ژێر هەژموونی ئەلفوبێ و ڕێنووسی عەرەبی و فارسیدا بوو، ئەوا دواتر بە هەوڵی زانایان و زمانناسان و ئەدیبانی کورد تا ڕادەیەکی باش ڕێنووسی کوردی لە نووسین و چاپەمەنییەکاندا سەرباری هەندێک گۆڕانکاریی لێرە و لەوێ، بەڵام لە دوای ساڵانی هەفتای سەدەی ڕابردووەوە هێشتا وەکوو پێویست هەر سەقامگیر نەبوو،  ئێستا لە چاپەمەنی کوردیدا لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبە چاپکراوەکان سەرباری ئەوەی کەمترین کێشەی ڕێنووسمان هەیە، بەڵام دیسانیش جار جار لەو بڵاوکراوانەدا ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە ئەویش هەبوونی فرەڕێنووسی یان هەڵە ڕێنووسییە لە تێکستەکاندا، واتە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەوانی و فەرهەنگی بە گۆڤار و ڕۆژنامەو بڵاونامەکانیانەوە، تەنانەت هەر نووسەرێک بێ ڕەچاوکردن و جێبەجێکردنی ئەو ڕێنمایییانەی کە پێشتر لە ئەکادیمیای کوردی یان دەزگای سەردەمەوە چاپ و بڵاو دەکرانەوە، دواجاریش ئەو کتێبانەی مامۆستا دیاکۆ هاشمی و دکتۆر نەریمان عەبدوڵڵا، ڕەنگە ئێستا ناوی نووسەرانی دیکەم لەبیر نەبێت، کە لە سەر ڕێنووس و خاڵبەندی بە چاپیان گەیاندووە، دیسان لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا تەنانەت لە خودی گۆڤاری (ئەکادیمیای کوردی)یشدا، بە نموونە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندی دەبینەوە، ئەویش هەندێک جار سەبارەت بە خەمساری و یان نەزانینی بەکارهێنانی ئەو نووسەرانەی کە بەشێکی زۆریان هەڵگری بڕوانامەی باڵان لە زمان و ئەدەبیاتدا لە تێکستە هزرییەکانیاندا بەکاری دەهێنن، ڕووبەڕووی هەمان ئاستەنگ دەبینەوە کە کێشەی هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندییە، بێگومان هەبوونی ئەو هەڵانەش کەم و زۆر کاریگەرییان لەسەر گەیاندنی چەمک و واتاکانی بابەتەکە هەیە، تەنانەت جاری وا هەیە هەر زۆر بە هەڵەش واتایەکی پێچەوانە بە خوێنەران دەگەیەنن، هەڵەبەکارهێنانی خاڵبەندییش لە هەر دەقێکی ئەدەبی یان هزریدا، هەمان کێشە و گرفتی گەیاندنی چەمک و واتاکانی لێ دەکەوێتەوە.

هەمیشە مەرجی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان ئەوە بووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێمە دەسکاری ڕێنووسەکەیان بکەین

 

ئێستا لەو بەشەی باشووری کوردستاندا کە بە زمانی کوردیی ناوەند دەنووسین و دەخوێنین و بڵاو دەکەینەوە، ڕاستە وەک ڕێنماییی ڕێنووسێکی پێوەر و ستانداردمان هەیە و بەڵام دیاردەی هەبوونی ئەو هەموو هەڵە ڕێنووسییە هۆکارەکەی چییە، تا چەندیش کاریگەرییان لە سەر زمانی ستانداردی کوردیی ناوەند-زاری سۆرانی، چونکە لەو بەشەی دەڤەری بادینان تا ڕادەیکی زۆر سەبارەت بە جیاوازیی هەندێک پەیڤ و زاراوە و دەستەواژە و دەربڕین، ڕێنمایییەکانی ڕێنووسیش جیاواز دەبن.

ئێمە لە ئەزموونی دەرکردنی گۆڤارەکەمان (گۆڤاری زمانناسیی وەرزی_زمان و زار)، نووسینی زۆرینەی ئەو نووسەر و توێژەرە بەڕێزانەی کە لەو گۆڤارەدا وتار و توێژینەوەکانیان بڵاو دەکەنەوە، ماڵیان ئاوا بێت، بەڵام  هەمیشە مەرجی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان ئەوە بووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێمە دەسکاری ڕێنووسەکەیان بکەین، ئەم داواکارییەش وای لە ئێمە کردووە بەرانبەر هەڵەیەک دەستەوسان بین کە خۆمان قەناعەتمان پێی نییە و نەبووە، بەڵام بۆ بەردەوامی و شکۆی گۆڤارەکەمان ناچاریش بووین لە سەر خواستی ئەوان وەک خۆیان دەقەکانیان بڵاو بکەینەوەـ  هەر بۆ دڵنیایییش من نامەی هەموو ئەو بەڕێزانەم لایە کە جەخت لە داواکارییەکانیان دەکەنەوە کە نابێت دەسکاریی شێوازی ڕێنووسەکانیان بکرێت، دیارە ئەو هەڵەچنە بەڕێزانەش کە خۆبەخشانە لەو گۆڤارەی ئێمەدا هاوکار بوون، سەرباری شارەزایی و ئەزموونیان لە بواری ڕێنووس و خاڵبەندیدا، بەڵام چونکە ئەوانیش دووچاری هەمان هەڵە دەبنەوە هەرچەند هەریەکەو بە پێی توانا و کارامەیی و ئەزموونی خۆیان بەو کارەدا ڕاپەرموون، بەڵام  هەبوونی چەند هەڵەیەکی ڕێنووسی کە ئەم دیاردەیە لە زۆرینەی چاپەمەنییە کوردییەکاندا بە زەقی بەدی دەکرێت، تا ڕادەیەک مایەی ڕەنجاندنی بەشێک لە خوێنەران و نووسەرانیش بووە. لەوانەش خودی خۆم، ڕەنگە هەبوونی هەڵەیەکی چاپ یان لە کاتی فۆنتگۆڕیندا هۆکارێکی سەرەکی بووە کە بە سەر هەڵەچنی گۆڤارەکەی ئێمەدا تێپەڕ بووبێت، دیارە ئەمەش لە بایەخی هەوڵەکانی ئێمە بۆ بەردەوامیی دەرچوواندنی ئەو گۆڤارە کەم ناکاتەوە، کە هاوکاران و هاوڕێیانی نزیک لەو گۆڤارەی ئێمە دەزانن بە چی دەردەسەرییەک ئەو گۆڤارە زمانناسییە دەردەکەین لە پێوەندیی بەردەواممان بۆ دابینکرنی وتار و توێژینەوە زمانناسییەکان، چونکە خوێنەرانی هێژا و نووسەرانی دڵسۆزی پەیڤ و زمانی کوردی دەزانن کە نووسین لە بواری زمانناسیدا چونکە کاری ئیلیەتە (نوخبە)یە، تا ڕادەیەکیش توێژینەوەی زمانناسیی پێویستیی بە چەندان پەراوێز و سەرچاوەی زانستی هەیە و پرۆسەکارێکی دەگمەنیشە واتە ئەگەر ئاوڕێک لە هەڵگرانی بڕوانامە باڵا زانستییەکانی سەر زمانی کوردی بدەینەوە دەبینین کەمترین هەوڵی نووسینی زمانناسیی لای ئەو بەڕێزانە بەدی دەکرێن، ڕەنگە بە پاساوی ئەوەش بیانووەکەیان ئەوە بێت کە ئەم بەڕێزانە هەر بەتەنێ بۆ بەرزبوونەوەی پلەی زانستی فریای توێژینەوەکانیان دەکەون، بۆیە قسەکردن لەسەر پرس و گرفتی ڕێنووس و خاڵبەندی لە بڵاوکراوە کوردییەکاندا کێشەیەکی تازە نییە، بە دڵنیایییشەوە تا ئێمەی کورد نەبین بە خاوەنی یاسایەکی چاپەمەنی کە پەیوەست بێت بە ئاساییشی زمان و ئاساییشی نەتەوەییمانەوە دواتر تا نەبین بە خاوەنی زمانێکی ستانداردی کوردی ئەستەمە لەو ڕەوشەدا بتوانین وا بە سانایی چارەسەری گرفتی ڕێنووس و خاڵبەندی بکەین و ببین بە خاوەنی ڕێنووسێکی پێوەر و ستاندارد.