فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەمکی زاراوە لە ڕۆشنبیریی زمانەوانیدا

چەمکی زاراوە لە ڕۆشنبیریی زمانەوانیدا

د. وریا عمر امین/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

.
هاوفێسێکی بەڕێز نامەیێکی بۆ ناردووم تیایدا دەڵێ:
(من دەرچووی یەکێ لەبەشە کوردییەکانم. لە خوێندکارە باشەکان بووم. چوار ساڵ زمان و ڕێزمانمان خوێند. بەداخەوە لە بەرنامەکاندا بە دەگمەن ناوی سەرچاوەکانی بەڕێزتان دەهات. دوای دەرچوونم، دە ساڵێ لەمەوبەر، ئنجا ئاشنای کتێب و نووسینەکانتان بووم و زۆربەیانم پەیداکرد)….( زۆر سەرسام بووم بەو کتێبە دوایییەت – ڕێزمانی ڕاناو بە ڕێبازی گوێزانەوە) کە بەڕاستی پێمان دەڵێ ڕێزمان چییە؟ …. تا دێ دەڵێ (ئەوەی سەرنجی ڕاکێشاوم ئەوەیە بەڕێزتان لەم کتێبەدا زاراوەی(ڕاناو و داهاتوو ) لە جیاتی (جێناو و ڕانەبردوو) بەکار دەهێنینن. هۆی ئەمە چییە؟
.
زۆر سوپاس بۆ ئەم برسیارەی کە بابەتێکی گرنگی ورووژاند. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم بەڕێزە: لە ژمارە (٥ / ٢٠٢٢) ی گۆڤاری(زمان و زار)دا بابەتێکم بە ناونیشانی (زاراوە لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە) بڵاوبۆتەوە، تیایدا بە ڕوونی باسی کێشەی زاراوە لە زمانی کوردیدا دەکەم. ئەو بەشەی دەخەمە ڕوو کە پەیوەندیی بە پرسیارەکەوە هەیە.
.
١ – زاراوە ناوى بوارێکى زانستییە. بە گشتی لە یەک وشە پێکدێت.. پێناسەى بوارەکە نییە . هەرگیز بوارێ لە وشەیێکدا کۆ ناکرێتەوە. واتا هیچ مەرج نییە پەیوەندى لە نێوان زاراوە و ئەو واتایەى دەیگەیێنێ هەبێ. لە ڕووى زمانەوانییەوە گرنگ نییە زاراوەکە لە نژاددا چۆن پەیا بووە و چۆن دانراوە. کە زانایێ یا بیرمەندێ، شتێ یا چەمکێ دادەهێنێ یا دەدۆزێتەوە هەر خۆى زاراوەکەى بۆ دادەنێ ، هەرگیز پرس بە زمانەوانان ناکات. ئیتر ئەوە دەبێ بە ناو بۆ ئەو دیاردە و بوارە. دانەرەکە چۆنى دادەنێ وا بەکار دەهێنرێ و کەس دەخڵى بەسەرەوە نابێ. لە دەزگا زانستییەکاندا بەو جۆرە تۆمار دەکرێ، ئیتر کەس دەسکاریى ناکات و پێشنیازی شێوەی تری بۆ ناکات. هیچ زاراوەیێک لە هیچ بوارێکى زانستدا زمانەوانان داینانێ. داهێنەرەکە خۆى یا بوارەکەى خۆى بۆى دادەنێ.
هیچ بنەمایەک بۆ داڕشتنى زاراوە نییە، هەمووی بە ڕێکەوت سەرهەڵدەدەن یا بوار و خاوەن داهێنانەکە دایاندەڕێژن. سەیر لەوەدایە ، زمانەوانانمان کە زاراوە دەکەن بە کوردى ، هەوڵدەدەن لە گەڵ واتاکەى بیگونجێنین ، کەچى زاراوەکە خۆى لە نژاددا هیچ پەیوەندیێکى بە چەمک و واتاکەیەوە نییە.
٢ – بە سەدان زاراوە و وشە هەن پێچەوانەى واتاکایانن.
(ڕەنجبەر) بە واتاى (ڕەنجدەر) بەکار دەهێنرێ کە پێچەوانەیێتی.
(کۆچبەر و کۆچەر) واتاى پێچەوانەى یەکتر دەگەیێنن.
لە زمانى عەرەبیدا زاراوەى (تمريض ـ ممرضة) بەرانبەر(سارێژکردن و سارێژکەر) بەکار دەهێنرێن. کەچى واتاى (نەخۆشخستن و نەخۆشخەر) دەگەیێنن. کە دژى ئەو واتایەیە بۆى دانراوە.
٣ – بە هەزاران زاراوە لە فیزیا و کیمیا و گەردوونناسى و ماتماتیک و بزیشکى و هەر بوارێکى ترى زانست بە ناوى زانایان دانراون وەک(ڤۆڵت ـ ئەمپێر ــ فەڕەداى ـ نیوتن ـ و هەزارانى تر) یا بە ناوى ئەو زانایانەى دایانهێناوە وەک چ پەیوەندیێک هەیە لە نێوان واتاى (ڤۆڵت) کە ناوى زانایێکە و ئەو وزە و دیاردەیەى دەیگەیێنێ؟ لە هەموو جیهاندا ڕۆژانە بەکار دەهێنرێ.
سەدان هەزار زاراوە بە پێڕەوى ئەکڕۆنۆمى Acronym داڕێژراوە . لەم پێڕەوەدا پیتى یەکەمى ڕیزە وشەیێک لێکدەدرێ و زاراوەکەى پێ دادەڕێژرێ. وەک لە :
لێزەر Laser لە لێکدانی یەکەم پیتى ئەم وشانە پێکهاتووە light amplification by stimulated emission of radiation
یونیسێف Unicef) لە لێکدانی یەکەم پیتى ئەم وشانە پێکهاتووە United Nations International Children’s Emergency Fund
ئۆپێک Opec لە لێکدانی یەکەم پیتى ئەم وشانە پێکهاتووە Organization of Petroleum Exporting
زاراوە هەیە بە ڕێکەوت دادەنرێت.
٤ – کە زاراوەیێک بۆ یەکەم جار دادەنرێ ..دەبێ هەر ئەوە بەکار بهێنرێ (چاک بێ یا خەراب بێ). زاراوەکە بەرە بەرە واتا و چەمکەکەى لێ دەنیشێ و دەبێتە شتێکى ئاسایى.
٥ – سەبارەت بە زاراوە دانان لە زمانى کوردیدا، وەک من بزانم ئێمەى کورد هیچ داهێنانێکى خۆمان نییە تا زاراوەمان بۆ دانابێ. ئەوەى لەم ڕووەوە ئەنجام درابێ وەرگرتنى زاراوە بووە لە زمانانى ترەوە و کردنیەتى بە کوردى. ئەمە واى کردووە زۆر کەس ئەم ئەرکە ئەنجام بدات، هەر یەکەش بە جۆرێ. ئەم دیاردەیە تا ڕادەیێکى زۆر ، گەرەلاوژێى هێناوەتە کایەوە. بۆ نموونە لە بوارى یاساناسیدا زیاتر لە بیست فەرهەنگ و دەیان فەرهەنگۆک دانراون. دوانیان نا بینرێ لە هەمان زاراوەدا وەک یەک بن.
نەبوونى چاودێرى و دەزگایێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەم لایەنە ، کێشەکەى ئاڵۆز کردووە.
٦ – کە زاراوە دادەنرێ لەوانەیە سەرەتا سەیر و ناقۆڵا بێتە بەرچاو لە بەکار هێنانی ڕۆژانە. بەڵام لە ئەنجامی بەکار هێنانی ڕۆژانەی دەبێتە شتێکی ئاسایی. وەک زاراوەى (هاتوچۆ). سەرەتادا زۆر ناڕەزاییى خەڵک و ڕۆشنبیرانی لەسەر دەربڕا و ئێستا بۆتە شتێکى زۆر ئاسایى.
٧ – زاراوە چاک و خراپى نییە. کە دادەنرێ دەبێ وەک خۆى بەکار بهێنرێ. گۆڕینى زاراوە زیان بە کاروانى لێکۆڵینەوەى زانستى دەگەیێنى و دەیشێوێنێ. ئەم دیاردەیە لە مێژووی زانستدا نەبووە و نیییە. هەر لای ئێمە هەیە. ئەمەش هۆی کزیی ڕۆشنبیریی زمانەوانییە.
بۆ نموونە لە سەرەتادا، لە بوارى ڕێزمانى کوردیدا ئەم زاراوانە بۆ ئەم مەبەستانە بەکار دەهێنران (ڕاناو – فرمان – ڕانەبردوو) هەموو چەسپیبوون و هیچ لێڵی و کێشەیێک لە بەکار هێنانیان نەبوو ، لە پڕ هەندێ زمانەوان پێشنیازى هی تریان بۆ کردن.بۆ گونجاندنیان لەگەڵ واتاکانیان و بەم جۆرە:
(جێناو) بۆ (ڕاناو)
(کار) بۆ (فرمان)
(ڕانەبردوو) بۆ (داهاتوو)
(تیپ) بۆ (پیت)
بەداخەوە تا ئێستاش زمانەوانانمان بەردەوامن لە گۆڕینی زاراوەکان. ئەنجامەکەى بوو بە ئەوە، بوارى شیکردنەوەى ڕێزمانى کوردییان پێ شێواند. هەر یەکە بە ئارەزووی خۆی بە لایێکدا ڕایدەکێشێ، سەریان لە قوتابییان و خوێندکارانی خوێندنی باڵا شێواندووە.
..
بە گوێرەی وەڵام پرسیارەکتان بۆ (ڕاناو و داهاتوو) بەکار دەهێنم؟ دەڵێم : ( لە پێناو خۆ بەستنەوە بە بنەماکانی بەکار هێنانی زاراوەکان و پاراستنی پتەوی و یەکگرتووییی بواری زانستی، من هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ گۆڕینی زاراوە نەبووم. هەر چۆن لە نژاددا دانراون هەر وایان بەکار دەهێنم).
.
ئەو ساڵانەی لە زانکۆی لەندەن بووم.. سەردانی مامۆستا (تۆفیق وەهبی) م دەکرد. زۆر گلەیی لە هەندێ نووسەران دەکرد کە دەرحەق بەم هیچ وەفایەک نانوێنن و ئەو زاراوانەی دایناون هەموویان خستۆتە پشتگوێ و بە هی پڕوپووچ جێگریان کردوون.
بۆ ئەمە سەیری ئەم نامەیەم بکەن کە لە (٨/٤/١٩٩٧) دا بۆ د. مارف خەزنەدارم ناردووە. لەم ماڵپەڕەدا دەست دەکەوێ: