ئاژاوە لە ڕۆنانی زاراوەی زانستی لە زمانی کوردیدا
سوداد ڕەسووڵ / مامۆستای زانکۆ/ هەولێر
ڕۆنانی زاراوەی نوێ، بوارێکی زمانەوانیی پسپۆرییە، ئەوانەی پسپۆرییان لە بوارێکی زانستە، زاراوە بۆ ئەو زانستە دادەنێن، ئەوجا لە ئەکادیمیای زمان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێ و یەک دەخرێ و بڵاو دەکرێتەوە. لە زمانی کوردیدا ئەم بوارە تەواو لە ئاژاوە و بێسەروبەریدایە.

لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەک لە گەڕەلاوژەی زاراوەسازی دەدەین: بۆ وشەی “ضغط” ی عەرەبی لە سەرەتادا لە سییەکان لە کتێبی پرۆگرامی خوێندن وشەی ” پاڵەپەستۆ ” ی بۆ دانرا، وەک: پاڵەپەستۆی هەوا، ئاو، خوێن، .. دواتر لە حەفتاکان وشەی پەستان-یش پەیدا بوو، ئەوجا دواتر چوار زاراوەی دی دەرکەوتن وەک: فشار، گوشار، زەخت، تەوژم.. کە ئەمانەی دوایی هیچیان پێویست نەبوون. ئێستا ئەگەر لە گوگل بۆی بگەڕێی هەموو ئەم زاراوانە وەک یەک بۆ پاڵەپەستۆی خوێن بەکار دێن، واتە بۆ یەک چەمکی زانستی شەش زاراوە دانراوە.

بۆ وشەی “سیرة حیاة” ی عەرەبی لە سەرەتادا وشەی ژیاننامەی بۆ دانرا، ئەوجا بوو بە ژیننامە، دواتر ژیناوەری-یش پەیدا بوو، کە ئەمەی دوایی پێویست نەبوو، چونکە ژیاننامە یان ژیننامە جێگەی خۆی گرتبوو و پێویستیی ئەم چەمکەی لە زمانەکە پڕ کردبووەوە، ئەمجارە وشەی بیۆگرافی-یش پەیدا بوو، کە ئەمەش پێویست نەبوو.
بۆ وشەی “مفکر” ی عەرەبی لە سەرەتادا هیچ زاراوەیەک نەبوو، بیرمەندی بۆ دانرا، ئەوجا بیریار – یش بەکار هات، دوای ئەوە بیرەوان – یش پەیدا بوو؛ ئێستا سێ زاراوەی کوردی لە “بیر”ەوە بە سێ پاشگری جیاواز بۆ “مفکر” ی عەرەبی هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی وشەی “بیرکەرەوە”ش جاروبار بەکار دێت. سەرباری ئەمانە هزرڤان-یش بەکار دێت کە لە کوردیی باکوورەوە وەرگیراوە، دواتر هەر ئەم هزرڤانە بوو بە هزرکار، لەوانەیە لە داهاتوو، هزروان و هزرمەند و هزریار-یش دەرکەوێت. واتە لە هەر پاشگرێکی: مەند، یار، ئەوان، کار،…تاد هەر کەسێک لای خۆی زاراوە دروست دەکات. ئایا ئەم هەموو زاراوە بۆ “مفکر” لە زمانێکدا هەبێت پێویستە؟ ئەمە پێویست نییە، ئەمە گەڕەلاوژەی زاراوەسازییە.

تەنانەت زاراوەی key words کە بەم دواییە لە توێژینەوە ئەکادیمییەکان بەکار هات، ئەویش هەر گۆڤارێکی ئەکادیمی بە جۆرێک تەرجەمەی کردووە و بەکاری دێنێ، وەک: وشە کلیلەکان، وشە سەرەکییەکان، وشەگەلی سەرەکی. بۆ زاراوەی abstract یش ئێستا دوو زاراوە بەکار دێن: پوختە و کورتە، کە ئەم زاراوە لە هەموو زمانێکدا یەک وشەیە، بەڵام لە کوردیدا بۆ ئەویش دوومان هەیە، ڕەنگە لە داهاتوو وشەی دیکەش دەرکەون.
بۆ کەسێک پێداچوونەوە بە نووسین دەکات و هەڵەکانی ڕاست دەکاتەوە، لە سەرەتادا وشەی هەڵەچنی بۆ دانرا، دواتر ئەم وشەیە ڕەخنەی لێ گیرا کە ئەو کەسە هەڵە ناچنێ، بەڵکوو هەڵەکان دەگری، ئیدی بوو بە هەڵەگری، دوای ئەمە دوو وشەی دیکەی بۆ پەیدا بوو، وەک هەڵەبژێری، هەڵەبڕی. بۆ ئەم چەمکە، ئێستا چوار زاراوەی جیاوازمان هەیە، دیار نییە کامەشیان ڕاستەکەیە.

زاراوە زانستییەکانی بوارەکانی دیکەش وەک یاسا، کشتوکاڵ، ئابووری، کۆمەڵناسی، ئیدارە .. وای بەسەر هاتووە. ئەم بوارەش بە هۆی نەبوونی پلانی زمان و نەبوونی یەک سێنتەری زاراوەسازی، گەڕەلاوژەی زاراوە بۆ زمانەکە دروست بووە.
ئەم بوارەی لە زمان پێویستە لە ئاژاوە و بێسەروبەری ڕزگار بکرێت و وەک بەشێکی پسپۆری چاوی لێ بکرێت، سنوورێک دابنرێت کە ئیدی هەموو کەسێک بۆی نەبێت زاراوە دابنێت. زمانەوانان لە ئەکادیمیای کوردی پێویستە ئەم ئەرکە بگرنە ئەستۆ، هەر جارەی لیستێک لە زاراوە زانستییەکان بڵاو بکەنەوە، بۆ ئەوەی بۆ زاراوەی زانستی هەموو نووسەر و تەرجومانێک بگەڕێنەوە بۆ ئەکادیمیا. هەروەها گرنگە زاراوەکان یەک بخرێن و ئەوانەی چەندین زاراوەی جیاوازیان بۆ دانراوە، یەکێکیان بەکار بێت و ئەوانی دی وازیان لێ بهێنرێ و چیدی بەکار نەیەن.
لە پلانی زماندا زاراوەسازی پلانی پێکهاتەی زمانە Corpus planning ئەرکی خوارەوەیە، واتە ئەرکی نووسەر و زمانەوانی پسپۆری بوارە زانستییەکەیە زاراوە دابنێ و ئەکادیمیای زمانیش زاراوەکان پێداچوونەوەی بۆ بکات و لە فەرهەنگێکدا چاپیان بکات و بڵاویان بکاتەوە.
لەبەرنامەی کاری ئەکادیمیای کوردی، لیژنەی زاراوە هەیە کە بەرپرسە لە دروستکردنی زاراوەی نوێ، ئەم لیژنەیەش لە ئەکادیمیا وەک پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە، بەهۆی چالاک نەبوونی ئەکادیمیا بۆ زاراوەسازی، ئەم بوارەش لە زمانی کوردیدا بووە بە پسپۆریی هەموو کەسێک.
سوداد ڕەسووڵ