فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕێنووسی کوردی و ناوە عەرەبییەکان، چەند سەرنجێک

ڕێنووسی کوردی و ناوە عەرەبییەکان، چەند سەرنجێک

سوداد ڕەسووڵ/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

هەموارکردنی ڕێنووسی کوردی لە ماوەی سەدەیەکدا بە چەندین وێستگەی جیاواز تێپەڕیوە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ زمانەوانی شارەزا، ڕێنووسەکە هەموار کراوە، بەڵام دوای دامەزراندنی کۆڕی زانیاریی کورد لە ساڵی ١٩٧٠ ئەمجارە بە شێوەیەکی ڕێکخراو لەلایەن کەسانی شارەزا کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا بۆ ڕێنووسی کوردی دانرا کە چۆن بە راستی و بەپێی یاسا ڕێزمانییەکان بنووسرێ، یان وشە و ناوە خوازراوەکان لە عەرەبی و زمانانی دی چۆن بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێن.
لە سەرەتای هەموارکردنی ڕێنووسی کوردیدا هەتا ساڵانی شەستەکان ناوە عەرەبییەکان هەر بە ئیملای عەرەبی دەنووسران، بەڵام دوای ئەمە، ناوە عەرەبییەکانیش بە ڕێنووسی کوردی نووسران. بەم هەنگاوەش ئەرکی ڕێنووسی کوردی قورستر بوو، ئەگەر نووسینی محەمەد و عوسمان و قادر و نادر، ڕەسوول،.. تاد بە کوردی ئاسان بێت، بەڵام هەندێک ناوی عەرەبی نووسینیان بە ڕێنووسی کوردی ئاسان نییە وەک غیاث الدین، أبن التیمیة، عضد الدین، أبن الحاجب، أبن کثیر، . بەمدواییە دیاردەیەکی دیکەی نەشیاو هاتە ناوی ڕێنووسی کوردییەوە، ناونیشانی کتێبە عەرەبییەکانیش هەر بە ڕێنووسی کوردی دەنووسرێنەوە، وەک “نزهة القلوب” بە نوزهەت ئەلقلوب دەنووسرێ، “ریاض الصالحين” بە ڕیاز ئەلسالحین.
لە هەموو ئەو زمانانەی کە ئەلفوبێیەکی هاوبەشیان هەیە، ناوەکان وەک خۆیان بێ دەستکاری بە هەمان ڕێنووسی ئەو زمانە دەنووسرێنەوە، بۆ نموونە ئینگلیزی و فەرەنسی و تورکی، یەک ئەلفوبێی هاوبەشی لاتینی بەکار دێنن، لە ئینگلیزیدا ناوی فەرەنسی و تورکی بە هەمان ڕێنووسی فەرەنسی و تورکی وەک خۆیان بەبێ دەستکاری دەنووسرێنەوە، بە ڕێنووسی ئینگلیزی نانووسرێنەوە. بۆ نموونە ناوێکی فەرەنسی وەک جاک شیراک Jacques Chirac لە ئینگلیزیدا بە هەمان ڕێنووسی فەرەنسی وەک خۆی دەنووسنەوە و نایکەن بە ڕێنووسی ئینگلیزی، یان ناوێکی تورکی وەک یەشار کەمال Yaşar Kemal بە هەمان ڕێنووسی تورکی دەنووسنەوە. بۆ ناوە ئیسپانی و ئیتاڵی و ئەڵمانی و پۆلەندی و هۆڵەندییەکانیش بە هەمان شێوە وەک خۆی وەریاندەگرن و بە ڕێنووسی ئینگلیزی ناینووسنەوە. بەپێچەوانەوەش هەمان شتە، بۆ نموونە ناوە فەرەنسی و ئینگلیزییەکان لە زمانێکی وەک هۆڵەندیدا کە ئەلفوبێی لاتینییە هەر بە ڕێنووسی فەرەنسی و ئینگلیزی وەک خۆیان دەنووسرێنەوە، چونکە ئەلفوبێ هاوبەشە و هەموو کەسێک دەتوانی بیانخوێنێتەوە و کێشەی نییە، بەڵام بۆ ناوە ڕووسییەکان چونکە ئەلفوبێ جیاوازە، بە ڕێنووسی ئینگلیزی دەیاننووسنەوە وەک ناوی Boris Yeltsin ئەم ناوە ڕووسییە بە ئەلفوبێی کریلی Борис Ельцин کەس بۆی ناخوێنرێتەوە ناچار دەیکەنەوە بە ڕێنووسی ئینگلیزی، ناوە عەرەبییەکانیش لە ئینگلیزیدا هەر بە ڕێنووسی ئینگلیزی دەنووسرێنەوە.
هەر لەم ڕووەوە، لە ڕێنووسی کوردیدا کە ئەلفوبێی هاوبەشە لەگەڵ عەرەبی، دەکرێ هەمان میتۆد بۆ نووسینی ناوە عەرەبییەکان بەکار بێن. هەموو کوردێک دەتوانێ بە ئاسانی ناوە عەرەبییەکان بخوێنێتەوە، بۆیە هیچ کێشە نابێت ئەگەر بە هەمان ڕێنووسی عەرەبی بنووسرێنەوە. بەڵام بۆ ناوە عەرەبییە باوەکان وەک محەمەد و عوسمان و عەلی و کەمال و قادر و ڕەسوول و خدر و ئیسماعیل و ئەمین و .. تاد ئەمانە ئاساییە ئەگەر بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێن، بەڵام ناوە قورسەکان کە ڕێنووسی کوردی دەرۆستی نایەت وەک ابن المقفع، ابن خرداذبة، البلاذري، ابن الهيثم ، .. تاد ئەمانە کاتێک بە ڕێنووسی کوردی دەنووسرێنەوە زۆر سەختە وەک خۆیان بنووسرێنەوە، بێژەکردنەکەیان تێک دەچێ، بە چەندین جۆری جیاواز دەنوسرێن وەک ئیبن ئەلموقەفەع، ئیبنولموقەفەع، یان غیاث الدین، بە چەند جۆر دەنووسرێ: غەیاس ئەلددین، غەیاسودین، غەیاسەدین، یان عبدالرحمن، بە عەبدوڕەحمان، عەبدولڕەحمان، عەبد ئەلرەحمان، .. هەر چۆنێک بنووسرێن هەمان بێژەکردنی نابێت وەک لە عەرەبیدا هەیەتی.
وەک ئاشکرایە ئەم ڕێنووسە کوردییە بۆ زمانی کوردی و ناوی کوردی هەموار کراوە، بۆ ناوی عەرەبی و وشەی عەرەبی نییە، ناکرێ هەموو ناوێکی عەرەبی پێ بنووسرێ، ئەگەر ناوی ئەوروپی بێت ئەوا دەکرێ بە ناچاری بە ڕێنووسی کوردی بێت، بەڵام بۆ عەرەبییەکە ئەلفوبێ هاوبەشە پێویست ناکات بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێن.
بۆ نووسینی ناونیشانی کتێب، ئەمە هەرگیز پێویست نەبووە و نییە، ناونیشانی کتێبێکی عەرەبی بۆ دەبێ بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێ؟ هەموو کوردێک لە باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵات ئەوەندە عەرەبی دەخوێنن بە ئاسانی دەتوانن ناوە عەرەبییەکان و ناونیشانی کتێب بە عەرەبی بخوێننەوە، بۆیە پێویست ناکات ناوی کتێب بە ڕێنووسی کوردی بنوسرێتەوە. لە تەرجەمەی کتێبە کۆنەکانی وەک “المسالک و الممالک”، یان “نزهة القلوب”، دەکرێ وەک ناونیشانی کتێب، عەرەبییەکەی بنووسرێ و لە خوارەوە تەرجەمە کوردییەکەی بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێ.
نابێ ڕێنووسی کوردی زیاد لە ئەرکی خۆی لێ داوا بکرێ، ئەم ڕێنووسە بۆ سیستەمی دەنگسازیی زمانی کوردی هەموار کراوە هەر بۆ ئەم زمانەش گونجاوە و بۆ نووسینی زمانێکی دی نابێ.