فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زمان لێگەڕێ، سەر ڕەحەتە!

زمان لێگەڕێ، سەر ڕەحەتە!

عەبدولڕەحمان فەرهادی/ نووسەر/ سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد/ هەولێر

هەن زمانیان وەباش ناگەڕێ، ئەمانەش ئەوانەن کە قسەی خێریان لە دەم نایەتە دەر، ئەگەر زمان لێگەڕێ، سەر ڕەحەتە. قسەی زماندرێژان جێی لە دڵان نابێتەوە. زمان لە سەردا، ئێشکگری سەرە. هەروەها کورد دەڵێ: زمان، نەبڕم سەرت، دەبڕیی سەرم. واتا: زمان بەڵای سەرە و دەبێ بزانیی چۆنی دەگێڕیی و لەو شکەفتە بچکۆلانەیەدا چۆنی دەهێنی و دەبەی، کەواتە زمان پارێزگارتە، ئەگەر پاراستت ئەویش دەتپارێزێت. هەروەها دەگوترێ: زمانشیرینی لە بەهەشتەوە هاتووە. کورد، جگە لە پەند، دنیایەک ئیدیۆم و قسەی نەستەق و ئافۆریزمی هەیە، بە قسەخۆشان دەڵێن زمانشیرین یان زمان تەڕ و پاراو، هەروەها بە زماندرێژان دەڵێن زمانشڕە یان زمانی دەڵێی مەقەسە، جا هەن دەشزانن قسەکەیان تووشی کێشە و ئازار و نەهامەتییان دەکات، ئەمانە ئەو کەسانەن کە زمانی خۆیان پێ زەفت نابی، چونکە زمانیان دەرەقەتی بیرکردنەوەیان نایێ و بێ تێفکرین دەدوێن، واتا بەخۆ ناوەستن و ناتوانن کڕ بن، ئاوەزیان ئازاتر و ئازادترە لە زمانیان بۆیێ قسە لە دەمیان گیر نابێ. کورتە چیڕۆک یان سەرهاتێکی تەنزەئەدەبی ڕووس هەیە، پێم خەرا نییە پوختەکەیتان بۆ بگێڕمەوە:
جگە لە پەند، دنیایەک ئیدیۆم و قسەی نەستەق و ئافۆریزمی هەیە، بە قسەخۆشان دەڵێن زمانشیرین یان زمان تەڕ و پاراو
لە ئیختیارێکی ڕووسیان پرسی:
-ئەرێ، دە بۆمان بگێڕەوە، بۆچی حکوومەت سێ جارانی گرتیی؟
-کە چوومە ناو حیزب، گەنج و تولاز بووم، تازە دەگەیشتمێ. کردمیانە پارێزبەندی بەرپرسێکی حیزب کە بەردەوام باسی مێژوو و بنەما و پرەنسیپەکانی حیزبی بۆ دەکردم.
ڕۆژێکیان هەردووکمان بە بەردەم کرێملیندا دەڕۆیشتین، پێی گوتم:
-شوورەی کرێملین، بڵند دروست کراوە.
-ئەوە بۆچی وا بڵندیان دروست کردووە؟
-بۆ ئەوەیە کەر نەتوانن بەسەریدا باز بدەن.
-مەبەستت ئەوەیە کەر لە دەرەوەڕا نەتوانن بازی بەسەر بدەن، یان لە ناوەوەڕا؟
لەسەر ئەو قسەیەم لە حەپسێیان پەستام. هەتا ستالین نەمرد، منیشیان بەرنەدا.
کە ئازاد کرام، زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەر بووم، لەبەر هەندێ، لە ماڵەوە وێنەی خۆرۆشۆڤم بە تەنیشت ستالینەوە هەڵواسیی.
هەن زمانیان وەباش ناگەڕێ، ئەمانەش ئەوانەن کە قسەی خێریان لە دەم نایەتە دەر، ئەگەر زمان لێگەڕێ، سەر ڕەحەتە
بەرپرسەکەم هات سەردانی کردم:
-ئێستایش وێنەی ئەم کەرە هەڵدەواسیت؟
-کامەیان؟
لەسەر ئەم (کامەیان)ە، ڕاپۆرتێکی لەسەر نووسیم و هەمان ڕۆژ بردمیانەوە حەپسخانە.
کە خۆرۆشۆڤ مرد، بەریاندام.
دوا گرتنیشم ئەوە بوو کە لە ئاهەنگی لەدایکبوونی یەک لە نەوەکانم بووم، هەر ئەو بەرپرسەم پێوەندیی پێوە کردم:
-ئەرێ ئەوە بۆچی نەهاتییە دوا کۆبوونەوەی حیزب؟
-بەخوا نەمزانیبوو دوا کۆبوونەوە بووە، دەنا دەهاتم.
لەسەر ئەو (دواکۆبوونەوە)یە لە حەپسێیان پەستامەوە.
هیوادارین زمانتان سەرتان هەر بە ڕەحەتی بهێلێتەوە و بمێنن بەخێر.