فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زمان و ڕۆمان

زمان و ڕۆمان

 

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و رەخنەگر/ هەولێر

بەشی یەکەم

ئاخۆ ئەگەر زمانێکی جوان نەزانین، دەتوانین ڕۆمانێکی چاک بنووسین؟ ئایا لە ڕۆماندا، لە نێوان زمان و تەکنیکی نووسیندا، کامیان گرنگترن؟ ئاخۆ زمانی نووسین، بە بەراورد لەگەڵ هونەری گێڕانەوەدا، شتێکی لاوەکییە؟ ئایا ئەوە کێشە نییە، ڕۆمان بنووسین و زمانەکەمان لێوانلیو بێت لە هەڵەی ڕێزمان و ڕێنووس؟ ئاخۆ ئەگەر زمانمان لاواز بێت، پێمان دەکرێت ڕۆمانێکی بەهێز بەرهەم بهێنین؟ لە ڕێزمان و رێنووس گرنگتر، چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ وشەدا، ئاخر زمانی جوان، زمانێکی وشکوبرینگی بێ هەڵە نییە، زمانێکە ژیانی لێ دەچۆڕێت و درەوشانەوە بە دەق دەبەخشێت.
هەر ژانرێکی ئەدەبی بنووسین، زمان بە پلەی یەکەم دێت، بەڵام ڕۆمان لە ژانرەکانی دیکە زیاتر، پێویستی بە زمانە، ئاخر هیچ نەبێت لە سۆنگەی ئەوەوە کە شاعیر هەیە، هەموو بەرهەمی شیعری، لە چوار پێنج هەزار وشە تێپەڕ ناکات، بەڵام ڕۆماننووس پێویستی بە قامووسێکی دەوڵەمەند دەبێت، ئاخر دەیان هەزار وشە، بەشی نووسینی تاقە ڕۆمانێکی ناکەن. کە ڕۆمان دەنووسین، دەبێت ئەوە ڕەچاو بکەین، کە زمان ئامرازێک نییە بۆ پێوەندیکردن بەوی دیکەوە و بۆ لێک دی حاڵیبوون و تەواو، ئاخر ڕۆمان هەم دووگیانە بە کولتوور و هەڵگری ئەو گەنجینە فیکرییانەیشە، مرۆڤایەتی بەرهەمی هێناون، هەم جۆرێکی تازەیشە لە شێوازی بیرکردنەوە. کە بە زمانێکی پوخت دەنووسین، بەوە ڕێز لە کولتووری خۆمان و گەلان دەگرین، وەلێ ئەوەی بە زمانێکی پەڕپووت بنووسێت، سووکایەتی بە سامانی داهێنانی فیکری و ئەدەبیی خۆمان و گەلان دەکات.
ڕۆمان هەم دووگیانە بە کولتوور و هەڵگری ئەو گەنجینە فیکرییانەیشە، مرۆڤایەتی بەرهەمی هێناون، هەم جۆرێکی تازەیشە لە شێوازی بیرکردنەوە
زمان لقێک نییە لە درەختی ئەدەب، ئەوە ئەدەبە بەشێکە لە زمان و کە دەبێژین زمان نیشتمانە، هەر نیشتمانی تاکە کەسەکان و نووسەران نییە، نیشتمانی بەرهەمی ئەدەبییشە، ئاخر ئەدەب لە زماندا دەژی و زمان نەبێت، ئەدەبیش نییە، وەلێ بێ هەبوونی ئەدەبیش، زمان هەر هەیە، هەرچەندە ئەدەب ڕۆڵێکی گرینگ لە پاراوکردن و پێشخستنی زماندا دەبینێت. زمان هەر گیان بە بەر جەستەی ئەدەبدا ناکات، ئایین و فیکر و فەلسەفەیش، ئەفسانە و داستانیش وەچەی زمانن. کە دەنووسین ئەوە زمانە، ناسنامە بە بەرهەمەکانمان دەبەخشێت، ئاخر ئەگەر بە زمانە دێرینەکە یان باوەکە بنووسین و خۆمان زمانێکی پوخت و تایبەت دانەهێنین، لای کەم ئەوەی دەینووسین ناکەوێتە خانەی داهێنانەوە. داهێنان بە پلەی یەکەم خۆی لە زماندا نمایش دەکات، نەک لە تەکنیکی نوێدا، ئاخر لە دایکی زمانێکی کۆن، منداڵی تەکنیکی نوێ ناکەوێتەوە، بۆیە نووسەرێک دەرکی بە بایەخی زمان نەکردبێت، وەک مەحاڵ وایە، ئەدەبێکی نەمر دابهێنێت.
داهێنان بە پلەی یەکەم خۆی لە زماندا نمایش دەکات، نەک لە تەکنیکی نوێدا، ئاخر لە دایکی زمانێکی کۆن، منداڵی تەکنیکی نوێ ناکەوێتەوە
بۆچی کە نووسینی هەندێک نووسەر دەخوێنینەوە، لە مەبەستیان تێناگەین؟ چونکە ئەوی خاوەنی زمانێکی جوان و ڕوون نەبێت، ئیدی دەربڕین بە هانایەوە نایەت و خوێنەریش یان لێی حاڵیی نابێت، یان خراپ لێی تێدەگات. هەمیشە ئەوە نووسەری زمانلاوازە، کێشەی ئەوە هەیە، خوێنەر بەد لە مەبەستی تێدەگات، ئاخر بێ زمانێکی جوان، نەک هەر ناتوانین بە دروستی فیکر بکەینەوە، ڕەنگە هەر توانای فیکرکردنەوەیشمان نەبێت، ئیدی خوێنەر چۆن لێمان حاڵیی ببێت؟
زمانی جوان، زمانێکی قورس و ئاڵۆز نییە، ڕوونە بەڵام سەنگینە بە مانا. وەک چۆن بەژنێکی زراڤ، لە جەستەیەکی گۆشتن، جوانترە، لە زمانیشدا کورت و پۆخت و ناوقەدباریک پەسەندترە، نەک تەنگەئەستوور کە خۆی لە درێژدادڕیدا دەبینێتەوە. کە زمان چڕ و ڕوون نەبوو، ئیدی فیکری دەوڵەمەند، خەیاڵی فراوان، تەکنیکی نوێ و چنینی هونەری پەک دەخات. ئەوە هەر زمانی لاوازیشە کارێک دەکات، بڕوا بەو ڕووداوە نەکەین کە نووسەر دەیگێڕێتەوە، ئاخر ئەوە زمانی جوان و گونجاوە، هەم کەسایەتی بە کەسانی نێو ڕۆمان دەبەخشێت و هەم کارێکیش دەکات، خوێنەر متمانەی بە نووسەر هەبێت و بە ڕاستبێژی بزانێت.

بەشی دووەم

 

زمانێکی جوان شک نەبەین، با مامۆستای هونەری گێڕانەوەیش بین، ڕەنجمان بەفیڕۆ دەچێت. بەو زمانە کۆنکریتییە بنووسین کە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیی پێ دەنووسرێت، باشترە لەوەی هەمیشە دەست بە داوێنی زمانێکی شیعرییەوە بگرین، ئاخر ڕۆمان: مانا، فیکر، سایکۆلۆژیا، سۆسیۆلۆژی، کولتوور و دیرۆک لە خۆیدا خڕ دەکاتەوە و زمانی شیعرینیش، نە فریای بەسەرکردنەوەی هەموو ئەو لایەنانە دەکەوێت و نە جێی هەموو ئەوانەیشی تێدا دەبێتەوە.

زمانی جوان ئەوەیە، ئەو زمانە باوەی هەیە، بژاری بکەین و زمانێکی ڕۆشن و کورتبڕی تایبەت بە خۆمانی لێ چێ بکەین، زمانێک پشتی کردبێتە ڕەوانبێژیی دێرین و باقوبریقی سەردەم بەسەرچوو، لەوەی زوو زوو خۆی بە گوتەیەکی پێشیناندا هەڵدەواسێت، زمانێک خۆی لە زمانی حوجرە و زانکۆ ڕاپسکاندبێت و شوێن ئەرکە هونەرییەکەی کەوتبێت. چونکە کورد لە بواری نووسینی ڕۆماندا، گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی نییە، بۆیە دۆزینەوەی زمانی تایبەت بە ڕۆمان، ئەرکێکی سەختە و دەکەوێتە خانەی ڕچەشکاندنەوە.

ئەوە ئاسان نییە ڕۆمانێک بنووسین، مۆرکی کوردیی پێوەبێت، بەبێ ئەوەی لە قوڕی زمانی ڕۆژانە و شێوەزاری ناوچەیەکدا بچەقین، زمانێک هاوچەرخانە کەلەپوور بخاتەوە گەڕ، نوێنەری ڕۆحی نیگەرانی تاکی ئەم سەردەمە بێت و سەرسامیشمان بکات. ڕۆمان بە زمانێک نانووسرێت تەمومژاوی بێت و نووسەر مافی ئەوەی نییە، مەبەستی خۆی لە خوینەر بشارێتەوە، ئاخر ئەوە زادەی بێدەسەڵاتییە، چونکە ئەرکی نووسەر ئەوەیە، ڕێ بۆ خوێنەر خۆش بکات، نەک کۆسپ لەبەردەمیدا قوت بکاتەوە و زەینی بە لاڕێدا ببات.

نووسەر بەسەر زماندا زاڵ نەبێت، نە دەتوانێت تابوویەک بشکێنێت، نە پێی دەکرێت، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ڕووداوەکان بگێڕێتەوە و نە لە توانایدا دەبێت، پشکۆی تامەزرۆییی خوێنەر بۆ شوێنکەوتنی ڕووداوەکان، بە گەشاوەیی بهێڵێتەوە. لە ڕۆماندا زمان ئامراز نییە، ئاامانجە، بەڵام بەمەرجێک ئەو بەئامانجکردنەی زمان، خزمەت بە بەرەو لوتکە بردنی درامای کارەکە بکات. ئەوە ئیشی زمانی نووسینی ڕۆمان نییە، خوێنەر بە کردنەوەی کۆدەکان و هەڵهێنانی مەتەڵەکانەوە سەرقاڵ بکات.

کورد ڕۆماننووسی هەیە کە هەم وەک زمانی نووسین و هەم وەک تەکنیکی کارەکەیش، لێهاتووییی خۆی سەلماندووە، بەڵام بەشێکی بەرچاو لەوانەی بە نووسینی ڕۆمانەوە خەریکن، هەم لە کێڵگەی زمانی نووسیندا دەستوپێیان سپییە، هەم لە بواری هونەری گێڕانەوەیشدا نەشارەزان. مەخابن چونکە لەکن ئێمە، نە وەک زمان و نە وەک تەکنیک، وردبینی بۆ ڕۆمان ناکرێت و بەبێ ئەوەی بە فیلتەری زمانی نووسین و تەکنیکی گێڕانەوەدا ڕەت ببێت، چاپ و پەخش دەکرێت، بۆیە ئەوە چاوەڕوانکراوە، گەلێک ڕۆمانی کوردی، پڕبن لە هەڵەی زمان و کەلێنی هونەری.

بەشێکی زۆر لە بایەخی ئایین، زادەی ئەو زمانە جوانەیە، دەقەکانی پێ بەرهەم هاتووە، سەرنجی هەر تێکستێکی بواری فەلسەفەیش بدەین، هەر زوو زمانە پتەوەکەی سەرنجمان کەمەندکێش دەکات. لە دەقە فیکرییەکانیشدا گرنگییەکی بەرچاو بە زمان دراوە، دەڵێن ئەو زمانەی لینین پێی نووسیوە، وەک زمانی پووشکین جوان بووە، ئەو زمانە زەنگینەیشی هیتلەر (خەباتی من)ی پێ نووسیوە، خوێنەری ئەو کتێبە سەرسام دەکات. من لەم باسەمدا باسی بایەخی زمانم لە بواری نووسینی ڕۆماندا کردووە، بەڵام ئێمە ئەگەر ستوون، ڕاپۆرت، یان هەواڵیش بنووسین، ئەگەر زمانێکی جوان نەزانین، ڕەنجمان بەخەسار دەچێت، هەر کەسێکیش دژی ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بوەستێتەوە، هەم بەڵگەی فەقیرخەیاڵیی خۆی بە دەستەوە دەدات، هەم شەڕێکی دۆڕاویش دەکات.