زمان و ئیتنیک
فەرەیدوون سامان/ شاعیر و سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی زمان و زار/ هەولێر
ناساندنی ئیزەدییەکان وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقدا، بە ڕای من هەوڵێکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەپەرستی مەزهەبگەرایە دژی نەتەوەی کورد. بۆ گۆڕینی دیموگرافی و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی.. ئەم هەوڵە نەزۆکە گەر بۆیان بچێتە سەر بە دڵنیایی مەترسی لەسەر ئاساییشی نەتەوەییمان و قەوارەی جوگرافی باشووری کوردستان و زمان و ناسنامەکەمان هەیە. بە دەرفەتی دەزانم کە دەمێکە کار لەسەر گروپ و ئیتنیکەکانی کوردستان دەکەم بە تایبەتیش پرسگەلی کوردانی ئیزیدی و شەبەک و کاکەیی و فەیلی و هەورامی…تد
ناساندنی ئیزەدییەکان وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقدا، بە ڕای من هەوڵێکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەپەرستی مەزهەبگەرایە دژی نەتەوەی کورد
بە هەلی دەزانم ئەم چەند وتار و توێژینەوەیەم لەسەر پرسەکانی زمان و گرووپە ئیتنیەکانی کوردستان، لە ڕاستیدا لە ئەنجامی کارکردنمان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ڕێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی ھزریی، هەروەها لە گۆڤاری زمانناسیی (زمان و زار)دا، کە ئامانجی بنەڕەتی وەک سێ جومگەی سەرەکی (زمان، ناسنامە، کولتوور) بوون. ئەو پرسە گرنگانە ھانیاندام وەک پرۆژەیەک بە پێی توانای خاکەڕای خۆم ئیشیان لەسەر بکەم بە تایبەتیش پرسگەلی ناسنامەی کوردانی (ئێزیدی، شەبەک، کاکەیی-یارسان، فەیلی، کوردانی مازەندەران و خۆراسان و قافقاس…ھتد)، کە بە چەند وتار و توێژینەوەیەکی ئیتنۆگرافی زمانناسیی لەسەر دۆزەکەیانم نووسی، ھەڵبەتە وێڕای کوردبوون، لە ڕوانگەی داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤیشەوە دواتر وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی نەتەوەکەمان دوای سەردانی مەیدانی ئەوجا لەسەریانم کۆڵیوەتەوە، چونکە ئەم پێکھاتانەی گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەستەوە بە پلان و بەرنامەی تۆکمە چەوسێنراونەتەوە و ھەوڵی قڕکردن و لە نێوبردنیان دراوە، هەر هیچیان نەکردبێت لە هەوڵی بەردەوام بوون زمان و کولتووری خۆیان بەسەر ئەو پێکهاتانە بسەپێنن و ئاسمیلەی ناسنامەو فەرهەنگەکەیان بکەن و هەر بە مەبەستی گۆڕانکاریی دیموگرافی لە خاکی کوردستان و بەرتەسک کردنەوەی جوگرافی نیشتمانەکەمان لە کوردبوونی خۆیان دایانبماڵن و دواجار وەک نەتەوە و زمانی سەربەخۆیان بناسێنن.
توێژینەوە لەسەر پرسی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستاندا، ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی تەواوی کاروچالاکییەکان زیاتر ناساندنی پرسی کەمینەکانە
توێژینەوە لەسەر پرسی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستاندا، ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی تەواوی کاروچالاکییەکان زیاتر ناساندنی پرسی کەمینەکانە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لە بوارەیلی (زمان، ناسنامە، کولتوور)دا، ھەروەھا لە ھەردوو ڕووی ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوە ژیاندا و ھاندانیان لەبیرکردنەوە و شرۆڤەی نوێ لەو ھەڕەشانەی کە کۆمەڵگەی کوردستان لە ئێستا و ئاییندەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەو ھیوایەی کە بتوانین ھەستی بەر پرسیاریەتی لای تەواوی تاک وکۆمەڵەکان دروست بکەین، بەوەی کار بکەین لەسەر ڕێزگرتنی فرەیی و جیاوازەکاندا، ئەنجامدانی توێژینەوە لەبارەی ھەر یەک لە پرسگەلی ئەم گرووپانە ئەویش لە ڕێگای ئەنجامدانی توێژینەوەی ئەکادیمی و سازدانی کۆڕ و سیمینار و کۆنفرانس بۆیان، ئەو توێژینەوە مەیدانیانە خۆی لە خۆیاندا دەبنە پڕۆژەیەک بۆ گەڕان و شرۆڤە کردن لەسەر ئەو بوارانەی کە خستمەڕوو، بۆیە بایەخدان بە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنھزری دیموکراسی بۆ چەسپاندنی چەمکی لە یەکگەیشتن و گەیاندنی ڕۆشنبیری بە تاکەکانی کۆمەڵگا و پاراستنی تەبایی لە نێوانیاندا خواست و ئامانجی ئێمە بوو.
توێژینەوە لەسەر ئەو کێشانەی پەیوەستن بە پرسی کەمینە ئایینییەکانی کوردستان، هەڵوەستە و هەڵویستی نەتەوەیی و نیشتمانی گەرەکە، بێگومان ئەوانەی ئینتمایان بۆ ئەم خاک و نەتەوەیە نەبێت لە ئازاری ئەم پێکهاتانە ناگەن، ئەو ڕۆڵەش لە دیدگای ھەمە چەشنەی نوێوەوە سەرھەڵدەدەن، تایبەتە بە کێشە ھەرێمی و کاریگەری و هەژموونە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییەکانیان، ھەڵبەتە ئەم پرسە وەک دیالۆگێکی لۆجیکی دەبێتە تاوڵەیەکی بازنەیی و بەھێز بۆ قسەکردن لەنێوان گروپە ئیتنیکییە جیاوازەکان لە کوردستاندا، ھەروەھا دروستکردنی پردێکی ھاوبەش لەگەڵ دامودەزگاکانی دیکەی توێژینەوە لەسەرانسەری کوردستان و دواتر جیھاندا وەک (زانکۆکان، پەیمانگەکان، بنکەکانی توێژینەوە)، و ھەماھەنگی کردن لەگەڵ تەواوی ئەو پڕۆژانەی ھاوشێوەن و ھەمان ئامانجیان ھەیە لەسەر کێشەی کەمینەکان لەناوچەکە و لە وڵاتە دراوسێیەکاندا، بۆیەش بەشداری سیاسیی کەمینە ئاینییەکان، لەسەر بنەمای پەژراندنی کۆمەڵێک پێشمەرجدایە و سنووری تاکتیک و مانۆڕی سیاسیی نەبەزاندەوە، ھێشتاش نەچۆتە چوارچێوەیەکی ستراتیژییەوە. بەشداری پێکردنی کەمینەکان لە کوردستاندا وەک هاووڵاتیانی پلە یەک جیاوازە لە دروستکردنی زەمینەی یەکسان بۆ بەشداریی کردنیان، چەمکی بەشداری پێکردن تەنانەت لە ڕووی زمانەوانییەوە جۆرێک لە بەخشینی تێدایە، پێدەچێت لە کوردستان کۆدەنگیەکی سیاسیی و رۆشنبیریی ھەبێت لەسەر دواخستنی بابەتی مافی یەکسانی ھاووڵاتیبوونی کەمینەکان و پاراستنی ناسنامەی جیاوازیان، ئەزموونی پێکەوەژیان وەک بەڵگەی کرانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بەکاربھێنرێت. بەڵام ئەزموونی بەڕێوەبردنی وڵات، ناسیۆنالیزم رووبەڕووی گیرخواردن دەکاتەوە لەنێوان کرانەوەی بێسنوور و داخرانی تەواوی پێناسەی ھاووڵاتی بووندا.
بەشداری پێکردنی کەمینەکان لە کوردستاندا وەک هاووڵاتیانی پلە یەک جیاوازە لە دروستکردنی زەمینەی یەکسان بۆ بەشداریی کردنیان
ناسیۆنالیزمی کوردی کە بە ڕای من هێشتا وەک هزر و فەلسەفەی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە و کۆی حیزبەکانی ئێستای کوردستان، بەخۆیان بزانن یان نا، لەمیانەی ھەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی قەوارەی دەوڵەت لە داهاتوودا، مخابن هەندێجار ھەوڵی شوێنگرتنەوەی ئەو داگیرکەرە دەدەن کە سەدەیەکە قوربانیان بۆ داوە و لە دژیدا جەنگاون، لەجیاتی ئەوەی ھەوڵی بەدیھێنانی جیھانێکی جیاوازتر بدەن لەوەی کە تێیدا قوربانی بوون، دەسەڵاتی کوردی ھەر لەسەرەتای سەرھەڵدانییەوە، لەژێر ھەژموون و کاریگەری ناسیۆنالیزمی ئەو دەوڵەتانەدا بووە، کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، وەک چۆن نەتەوە درواسێیەکانمان دەوڵەت دەکەن بەو ئامانجەی ھەموو ئامرازێک ڕەوا دەکات، لێرەدا ئەرکە قوڕسەکەی کورد تەنھا دروستکردنی دەوڵەت نییە، بەڵکو دروستکردنی دەوڵەتێکە کە کۆپی ھەمان ئەو دەوڵەتانە نەبێت کە کورد لە دژیاندا جەنگاوە، دڕندەیەک نەبێت ھاوشێوەی ئەو دڕندانەی کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە، ئەویش کەمینەکانی ناو ھەناوی خۆی کۆمەڵکوژ بکاتەوە، بابەتی کەمینەکان و مافەکانیان دەبێت لە دەستووری داهاتووی کوردستاندا ددانی پێدا بنرێت و بسەڵمێنرێت، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم گرووپانە دووچاری قڕکردن نەبنەوە، چونکە ئەو کەمینانە لە داهاتووشدا ترسیان ھەیە لە ژیان لەچوارچێوەی قەوارەیەکی کوردیدا، بۆیە ھەموو ھاووڵاتییەک بەدەر لە ناسنامە مافی بەشداریی سیاسیی ھەیە و پێویستە دەسەڵاتی کوردی زەمینەی یەکسان خۆش بکات بۆ ئەم بەشدارییە سیاسییە، لەم قۆناغەدا ھیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە کەمینەکانی کوردستان بەشداربن لە کۆی ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر ئایندەی ھاوبەشمان دەکرێن.