فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“پۆلێن کردن” یان “پۆلێنبەندی کردن”؟

  • “پۆلێن کردن” یان “پۆلێنبەندی کردن”؟

دکتۆر ڕەهبەر مەحمودزادە/ نووسەر/ شنۆ

“پۆلێن کردن” زاراوەکەیەکی نوێ‌یە و ماوەیەکی زۆر نییه هاتووەتە ناو زمانی کوردییەوە. وەک هاوتای “طبقەبندی کردن”ی فارسی و “classification”ی ئینگلیسی‌ کەلکی لێ وەردەگیرێ. بەر لەوەی زاراوەی “پۆلێن کردن” دابهێندرێ، کەڵک لە زاراوەگەلێکی وەک “خانەبەندی کردن”، “پۆلبەندی کردن” یان “دەستەبەندی کردن” وەردەگیرا.
لەڕاستی‌دا پاشگری “ێن”، کە لەم زاراوەیەدا کەڵکی لێ وەرگیراوە، پاشگرێکە کە لە زمانی کوردی‌‌دا بۆ داڕشتنی ناوی کایەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێ؛ وەک: جگێن، تۆپێن، کاڵەمستێن، خۆشارۆکێن و …
ئەو کەسەی زاراوەی “پۆلێن کردن”ی داهێناوە، جگه لە زانستی زمانەوانی کەمێک زەوقی ئەدەبیشی بەکار هێناوە؛ واتە وای گریمانە کردووە ئەو کەسەی شتەکان و دیاردەکان و باسەکان و چەمکەکان پۆل پۆل و دەستە دەستە و خانە خانە دەکا، وەک ئەوەیە لەو پۆل پۆل کردنەدا کارێکی کایەئاسای کردبێ. بۆیە هاتووە پاشگری “ێن”ی به ناوی “پۆل”ەوە نووساندووە و چاوگی “پۆلێن کردن”ی لێ دروست کردووە. کەوابوو “پۆلێن کردن” هاوتای “پۆلبەندی کردن”ه. هەر بۆیە کاتێک پاشگری “ێن” به ناوی “پۆل”ەوە زیاد دەکەین، پێویست ناکا بێین دیسان پاشگرێکی دیکەش ـ واتە “بەندی” ـ بەدوای پاشگری یەکەمەوە زیاد بکەین. لەم دوو پاشگرانە یەکێکیان زیادین.
دەکرێ “پۆلێن کردن”یش دەکار بکەین، “پۆلبەندی کردن”یش، بەڵام بەکارهێنانی “پۆلێنبەندی کردن” ڕاست نییە. ئەگەر قەرار بوو “بەندی”ییەکه ڕابگرین ـ کە هیچ هەڵەیەکی تێدا نییە ـ پێویست نەبوو “ێن”ەکەش زیاد بکەین. ئێستا کە زیادمان کردووە، یان “بەندی”ییەکە لابەرین، یان ئەم دوو پاشگرانە لە دوو زاراوەی جیادا بەکار بهێنین: پۆلێن کردن، پۆلبەندی کردن.