فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دروستنووسی

دروستنووسی

حەمەسەعید حەسەن

(دروستنووسیی زمانی کوردی)ی باخان ئەحمەد کە تازەکی چاپی دووەمی بڵاو بووەتەوە، کتێبێکە هەقە ئەوانەی بە نووسینەوە خەریکن، بچن بە وردی بیخوێیننەوە، تا فێر ببن، دروست بنووسن، ئاخر بەدەگمەن نووسەرێک شک دەبەین، بزانێت دروست بنووسێت. باشە خوا هەڵدەگرێت، خۆمان بە نووسەر بزانین و لە بوارەیلی ڕێنووس و ڕێزمان و خاڵبەندیدا، هەڵەی وا بکەین، قوتابییەک بنەڕەتیی تەواو کردبێت، نەیانکات؟ ئەگەر هیچ لەبارەی خاڵبەندییەوە نەزانین، دەشێت ئەوەی مەبەستمانە بیڵێین، بشێوێت. تۆ لە رۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران بگەڕێ کە دەستێکی باڵایان لە شێواندنی زمانی کوردیدا هەیە، زۆرینەی نووسەرانیش نازانن، خاڵبەندی بەری چ دارێکە. هەیە خۆی پێ نووسەرێکی زلە، کەچی لەناکاو سێ چوار نیشانەی سەرسووڕمان یان پرسیار لەلای یەکەوە دادەنێت! کە دەبینم نووسەرێک تەنانەت لە نووسینی ناوی کتێبەکەیشیدا دەکەوێتە گۆمی هەڵەوە، جەرگم بۆ زمانی کوردی ژان دەکات.
باشە خوا هەڵدەگرێت، خۆمان بە نووسەر بزانین و لە بوارەیلی ڕێنووس و ڕێزمان و خاڵبەندیدا، هەڵەی وا بکەین، قوتابییەک بنەڕەتیی تەواو کردبێت، نەیانکات
ئەگەر ڕێنووست سەقەت بێت، ڕێزمانیشت تێک دەچێت، ئەگەر لە ڕێزماندا نەشارەزا بیت، لە ڕێنووسیشدا هەڵە دەکەیت. ئەگەر خۆت پێ نووسەرە و هیچی وا لەبارەی بەشەکانی ئاخاوتنەوە نازانیت، شیاوی ئەوەی خوێنەر بەزەیی پێتدا بێتەوە. ئەگەر نازانیت بۆچی هەندێک وشە بە جیا دەنووسرێن و هەندێکی دیکە پێکەوە دەلکێندرێن، ئەوا بە هەڵە ڕێت کەوتووەتە دونیای ئاڵۆزی نوووسینەوە. ئەگەر نازانی بۆچی (هێلکەوڕۆن) یەک وشەیە، بەڵام (من و تۆ) سێ وشەن، هەقە کۆڵێک خەفەت بخۆیت! ئەگەر نازانیت جیاوازیی نێوان: (یەکجار و یەک جار) چییە، بۆچی یەکەمیان بە یەک وشە دەنووسرێت و دووەمیان بە دووان، هەقە ڕەخنەیەکی توند لە خۆت بگریت.
هەقە کۆڵێک خەفەت بخۆیت! ئەگەر نازانیت جیاوازیی نێوان: (یەکجار و یەک جار) چییە
هەزار: هەزارەها، لە کوردیدا هەزار: هەزاران دروستە، فارس کە هەزاری کۆ کردەوە، دەیکات بە هەزارەها، هیچ (ەها)یەک کوردی نییە، بۆیە نەدەبوو لە کتێبی دروستنووسیی زمانی کوردیدا جێی ببێتەوە. (ئەو قوتابییەی کە نەهاتبووو، دەرکرا.) ئەو ڕستەیە دەکەوێتە خانەی پەروەردەی سەقەتەوە، دروست وایە بنووسین: ئەو قوتابییەی کە ناساغ بوو، چاک بووەوە. بۆ ئاوەڵناوی لێکدراو، (ڕوورەش)ی بە نموونە هێناوەتەوە کە جنێوە، بریا (ڕووخۆش)ی نووسیبا. نووسەر نموونەی جوانی لە شیعری کوردی هێناوەتەوە بەڵام: (کە دەڵێن ئەمرۆ دەشت و کێو شینە،) شینە هەڵەیە، شینن، دروستە. (وە) کوردی نییە، عەرەبییە، دەبوو فەرامۆشی بکات. (بابەتەکە دەبێ سوودگەیەنەر بێت،) نابێت لە هەمان ڕستەدا، تەنانەت لە هەمان کتێبدا، جارێک بنووسین: دەبێ و جارێکی دیکە بنووسین دەبێت. سوودگەیەنەر: زۆر ناقۆڵایە، بەسوود یان سوودبەخش، جوانترن. (شاری سلێمانی سلێمان پاشای بابان بنیادی ناوە.) نا، ئەوە ئیبراهیم پاشای بابان بوو، بونیاتی نا و بۆ ڕێزلێنان لە سلێمان پاشای باوکی، ناوی نا: سلێمانی.