فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بایەخی زمان

بایەخی زمان

حەمەسەعید حەسەن

زمان توانای خۆخاوێنکردنەوەی هەیە، ئەگەرنا لە ئەنجامی لێشاوی نووسینی زمانلاوازانەوە، هەنووکە گۆلی ڕوونی زمانی کوردی، زەلکاوێکی لیخن دەبوو. زمان سەرومڕ گەشە دەکات و جوانتر دەبێت و ئەوە تەنیا زمانی جوانیشە، بەرگەی زەمان دەگرێت. (زمان فاشیستە،) بۆیە ئێمە سەرپشک نین لەوەی، دەیشێوێنین یان نا، ئێمە ملکەچی دەسەڵاتی زمانین، دەتوانین بە شێوازی نوێ و تایبەت بە خۆمان، ڕەوتاری لەتەکدا بکەین، بەڵام بەمەرجێک جوانتر بنوێنێت، نەک بژاکێت. بەهۆی زمانەوە دەتوانین جیهانێکی نوێ ڕۆ بنێین و دەیان کارەکتەر بخوڵقێنین. مانا، فەلسەفە، ئایدۆلۆجیا و ئایین، بەرهەمی کارگەی زمانن. زمان وەک چۆن مانا بەرهەم دەهێنێت، دەتوانێت: (بەدەستەوەدانی مانا دوایش بخات.) هیچ نووسەرێکی گەورە شک نابەم، زمانزانێکی گەورەیش نەبووبێت، ئەوی بەهیوایە بە زمانێکی ڕووت و ڕەجاڵەوە، ئەدەب و کولتوور دەوڵەمەند بکات، خەونێک دەبینێت، مەحاڵە بەدی بێت.
زمان وەک چۆن مانا بەرهەم دەهێنێت، دەتوانێت: (بەدەستەوەدانی مانا دوایش بخات.)
زمانی ئەدەبی نەک هەر پێویستە لە زمانی ئاسایی باڵاتر بێت، بەڵکوو زمان لە ئەدەبدا هێندە گرنگە، تا ئەو ئاستەی هاوزەمان ئامرازیشە و ئامانجیش. (شیعر جۆرێکە لە زمان،) ئاخر ئەگەر شیعر گیاندارێک بێت، زمان کەوڵەکەی نییە، هەموو جەستەیەتی. شاعیر وەک عەوام ناپەیڤێت، بە زمانێک دەدوێت، جیاواز لە زمانی باو، هەر بەهۆی جیاواز پەیڤینیشەوە، دەبێتە خاوەنی شێوازی تایبەت بە خۆی. لە ئەدەبدا ئەوە گرنگ نییە، چی دەڵێیت، ئەوە گرنگە چۆنی دەڵێیت. ئەم چۆنیەتی گوتنەیش بە زمان جێبەجێ دەکرێت، هەر بۆیە لەمێژە گوتراوە: (شیعر بە وشە دەنووسرێت، نەک بە فیکر.) تێزێک هەیە دەڵێت: (ئەگەر شیعر لە ناوەڕۆک و فۆرم پێک بێت، ئەوا ناوەڕۆک پەیڤە و فۆرمیش پێوەندیی نێوان پەیڤەکانە.)
ئایا کەسانێک توانای نووسینی پەرەگرافێکی دروستیان بە زمانی خۆیان نەبێت، ئەوەیان لەباردایە بەرچاوی میللەت ڕۆشن بکەنەوە؟
نووسین بە زمانێکی ئەدەبی، نە جوانکارییە، نە دیکۆرە و نە زەخرەفە، کرۆکی ئەدەبە. بۆچی فڵانە دەق شیعرە؟ وەڵام لەکن زمانی نووسینی شیعرەکەیە. لامارتین پەستی دەستی ئەوەبوو، زمان لە توانایدا نییە، جەستە بەبەر هەڵچوونەکانیدا بکات. تەها حوسەین دەیگوت: (زمان زۆر لەوە بەرتەسکترە، جێی سۆزی ئینسانی تێدا ببێتەوە.) میخائیل نەعیمە پێی وابوو: زمان بەشی دەربڕینی هەست ناکات، (گۆران)یش (هەر چەندی کرد نەیتوانی ئەو خەیاڵەی پێی مەست بوو، بخاتە چوارچێوەی هەڵبەستییەوە.) کە زمانزانانی مەزن وەها بپەیڤن، ئیدی ناهەقمە ئەگەر بڵێم: کوفرە کەسێک دەسەڵاتی بەسەر زمانێکدا نەشکێت و پێی بنووسێت.
زمان زادەی هۆشیاریی تاکە، کەواتە کەسانی خاوەنی هۆشیاریی باڵا، زمانیشیان باڵا دەبێت و کەسانێکیش ئاستی زمانیان نزم بێت، توانای دەربڕینی بەرزیان نابێت. جان کۆهن دەڵێت: (زمان پۆشاکی فیکر نییە، جەستەیەتی، چونکە فیکر بەبێ زمان بوونی نییە.) ئایا جەستەیەکی نەخۆش، دەتوانێت هەڵگری فیکرێکی ساغ بێت؟ ئایا کەسانێک توانای نووسینی پەرەگرافێکی دروستیان بە زمانی خۆیان نەبێت، ئەوەیان لەباردایە بەرچاوی میللەت ڕۆشن بکەنەوە؟
*