فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زمان و تەرجەمەی سەقەت

زمان و تەرجەمەی سەقەت

ئیسماعیل تەنیا/ نووسەر/ ئەلمانیا

 

وشەو دەستەواژەی زۆرو نەشاز بە گوێمان ئەوەندە زۆرن کە ڕۆژ نییە هەر یەکێی لە ئێمەمانان نەیبیستێ، یان گوێی لێ نەبێت… ئاخر توخوا; (ژیانی کرد، ژیان کردن، پارساڵ، پێرارساڵ، لە ئێستادا، …. تاد)… کەی کوردین و، کەی تاکی کورد بەکاری هێناوە؟! لەجیاتی ئەمانە، ناکرێت بڵێین: (ژیا، پار، پێرار، ئئستا،… )؟! کە گوتت پار، مانای ساڵێک بەر لە کاتی قسە کردنە… پێراریش، دوو ساڵ بەر لە قسە کردنە. کورد ناڵێت: پار ساڵ زەوییەکەم کێڵا… بەڵکو دەڵێت: پار زەوییەکەم کێڵا…
ئێستا (ئێستا)یە، ئەو (لە)یەی ئامرازی پەیوەندییە چییە خستووتانەتە بەردەمی؟

وشەو دەستەواژەی زۆرو نەشاز بە گوێمان ئەوەندە زۆرن کە ڕۆژ نییە هەر یەکێی لە ئێمەمانان نەیبیستێ

دەوەرن پێکەوە سەیری ئەم دەستەواژەو تەرجەمە سەقەتانە بکەین:-
* عەلی عەسکەری، ناوی سەرکردەیەکی کوردە، بە گوندەکەیان (عەسکەر)ەوە ناسراوە… نووسەری (خاوەن تێزی دکتۆرا)، وایزانیووە ئەوە (عەسکەر)ی عەرەبییەو پیشەیە هاتووە زرپ کردوویەتی بە (عەلی سەربازی)؟!
سەرچاوە:
(تێزی دکتۆرایەو بە شێوەی کتێب بڵاو کراوەتەوە).
* ڕژێمی ئابووری باجگری (؟!!). (ڕژێم)ەکەی لە (نیزام)ی عەرەبییەوە کردۆتە کوردی… ئاخر ڕژێم بۆ سیستەمێکی سیاسی دیکتاتۆر و بێزراو بەکار دێت نەک ئابووری و باج. دەکرا بنووسێت: سیستەمی باج، ئابووری….
* کورد دەڵێت: پێنج سەدە پێش زایین… قەت ناڵێت; (پێش پێنج سەدان ساڵ پێش زایین)؟!
* کورد ناڵێت: (نەوت لە ناوچەی بابەگوڕ گوڕ زانراوە)، بەڵکو دەڵێت; دۆزراوەتەوە…
سەرچاوە:
(ڕژێمی ئابووری، پێش پێنج سەدان ساڵ، زانراوە): تێزی ماجستێرەو وەک کتێب چاپکراوە… دەزگایەکی ئەکادیمیش بڵاوی کردۆتەوە.
* دەستەواژەی: (ئەلجەیب ئەلعەمیل)ی عەرەبی کە هەمیشە ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق داویانەتە پاڵ شۆڕشەکانی کورد، لە کاتی تەرجەمە کردن بۆتە: ( گیرفانی بەکرێگیراوەکان)؟!! (گیرفان)!!! بەم شێوەیە لە ڕستەدا بەکار هاتووە: ( …. پەیوەندییان کردووە بە گیرفانی بەکرێگیراوەکان و بەرهەڵستی دەسەڵات).
سەرچاوە:
بیرەوەریی فەرماندەیەکی پێشمەرگە کە بە شێوەی کتێب چاپکراوە.

دە توخوا ئەوە سەرپەرشتی کردنی نامەی ماجستێرو دکتۆرایە؟! ئەوە پێشخستن و دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردییە، یان ئەتک کردن و شێواندنیەتی

دە توخوا ئەوە سەرپەرشتی کردنی نامەی ماجستێرو دکتۆرایە؟! ئەوە پێشخستن و دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردییە، یان ئەتک کردن و شێواندنیەتی؟!
* سەرنج:
سەرچاوەکان، بە ناوی نووسەرو کتێب و لاپەڕەکانیانەوە، لای من پارێزراون.
هانۆڤەر- ٨/٢/٢٠٢٤