فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کوردییەکی لاواز

کوردییەکی لاواز

حەمەسەعید حەسەن/ شاعیر و رەخنەگر/ هەولێر

بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، کوردییەکەی لاواز نییە، هەندێک وشەی لە هەنبانە بۆرێنەی مام هەژارەوە هێناوە، بەڵام چونکە خۆی تازە پێیان ئاشنا بووە، هاوواتاکەیانی لە تەنیشتیانەوە نووسیوە، وەک: ئەوگار و هیلاک کە هاوواتان. دەستیار و هاوکار کە هاوواتان، بەمەیش بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، لاقی بووە بە تەڵەی درێژدادڕییەوە. شێرکۆ بێکەسیش یادی بەخێر، ناوبەناو دەچوو کۆمەڵێک وشەی مردووی لە هەمان قامووسەوە دەهێنا و هەوڵی دەدا لە شیعرێکدا زیندوویان بکاتەوە، بەڵام ئەویش چونکە ئیشەکەی خۆڕسک نەبوو، تەقەلاکەی بێسوود دەبوو.
شێرکۆ بێکەسیش یادی بەخێر، ناوبەناو دەچوو کۆمەڵێک وشەی مردووی لە هەمان قامووسەوە دەهێنا و هەوڵی دەدا لە شیعرێکدا زیندوویان بکاتەوە، بەڵام ئەویش چونکە ئیشەکەی خۆڕسک نەبوو، تەقەلاکەی بێسوود دەبوو
سەهل و ئاسان، مەعدەن و کانزا، دڵنیا و ئەرخەیان، کونجکۆڵ و فزووڵی، ئایا ئەوە نووسینی ڕۆمانە، یان ئامادەکردنی فەرهەنگۆک؟ ژیان دەرس و دەورێکی داداوم، دەور وەها ناخرێتە ڕستەوە. وەک سەگێک کلکی کڵافە دەکرد و خۆی زەلیل پیشان دەدا، سەگ کە خۆی زەلیل پیشان بدات، کلکی دەخاتە ناوگەڵییەوە، کڵافەی ناکات. وشەیەک کە ماناکەی نەزانین، مەگەر بەخت یاوەرمان بێت، ئەگەرنا بە هەڵە دەیخەینە ڕستەوە. هەندێک لەو وشە هەڵانەی کە دایهێناون: تیمارپێچ کە بەمانای عیلاجپێچ دێت، نەک برینپێچ. جرتوفرت هەیە، چرت و پرت داهێنانی ئەوە. نیشتەجێی حوکوومەت: نیشتەجێبوون بە مانای جێگیربوون دێت، بارەگا یان نشینگە دروستن. هێزە ئەمنییەکان چەپگەرد و دەستنەپارێز دەستڕێژیان دەکرد. چەپگەرد بۆ زەمانە دەست دەدات، بە مانای ناهەموار دێت. یەکەم فەڕەی دەستاڕەکە، مەبەستی لە فەڕە، سووڕانەوەیە!
ئەوە هەر جێی سەرنج نییە، مایەی سەرسوڕمانیشە، بەو کوردییە ڕووت و ڕەجاڵەوە کە خێری پێ دەشێت، پڕکێشیی ئەوە بکەیت، وشەی نوێ دابهێنیت
خوێن پەنداوی گرتبوو! خوێن پەنگی خواردبووەوە، دروستە. پەنگ نەک پەند، خواردبووەوە نەک گرتبوو. پەنەکردوو: گوایە بەپەندکراو، یان بەپەندبووە، ئەمەیش شێواندنی زمانە، نەک داهێنان لە زماندا. سەری گۆڕەکەیان نایەوە، سەرنانەوە بۆ گۆڕ نا، بۆ قابلەمە دەبێت. کە تۆ پەرژین و تەیمانت هەبێت، چ پێویستت بە (سیاج)ی عەرەبییە؟ کە تۆ لە ناچاریدا دەست بە داوێنی (مەلمەس)ەوە دەگریت، بۆچی داوای کۆمەک لە کوردیزانێک ناکەیت! ئەوە هەر جێی سەرنج نییە، مایەی سەرسوڕمانیشە، بەو کوردییە ڕووت و ڕەجاڵەوە کە خێری پێ دەشێت، پڕکێشیی ئەوە بکەیت، وشەی نوێ دابهێنیت، داهێنانێک کە زادەی هەر چییەک بێت، زادەی لێزانی نییە. ئەوە بوێری نییە، بەو زمانەوە ڕۆمان بنووسین، ڕووقایمییە.
*
(*) بەختیار عەلی، دەریاس و لاشەکان، چاپخانەی کارۆ ٢٠١٩ سلێمانی.