فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەمکسازی لە ڕەوتی بیرکردنەوەدا

چەمکسازی لە ڕەوتی بیرکردنەوەدا

 

مەسعوود بابایی/ نووسەر و وەرگێڕ/ سلێمانی

 

جیهان، وەک مانا، وەک شوێن، تەنیا لە زماندا درکی پێدەکرێت. زمان و زەین وەک جمکی پێکنووساو و لە دەراوێکی پەیبەرانەوە درک بە شتێک دەکەن کە لە ڕێگەی ناولێنانەوە بوونی بە بەردا دەکرێت.

ئەو شتەی کە هەیە؛ هەبوونەکەی بە بێ زمان لە تاریکاندایە، یان لە “سیاچاڵی بێواتایی”دایە. جیهان و بوون، بە بێ زمانیش هەن؛ بەڵام بە بێ زمان بۆ مرۆڤ نین! لە ڕەوتی مانابەخشیندا بۆ زەینی مرۆیی بەرهەست  دەبنەوە. بەرهەستەکی(عینی) بەو مانایە کە زەین  ناتوانێت لە دەرەوەی زمان یان زمان لە دەرەوەی زەین، جیهان و بوون پێناسە بکەن. زمان مانایەک بە “بوون” دەبەخشێت کە پێش هەموو شتێک “ڕاڤەی هزری” دەخاتە جەغزی خۆیەوە، وەک ئەوەی هەرچییەک کە هەیە تێیدا زەقوزۆپ دەبێتەوە. لەو دیوی زمانەوە هیچ شتێک مایەی پەیبردن نییە. “ناولێنان” تاکە ڕێگەیە کە جیهان لە بێواتایی ڕزگار بکرێت، یان باشترە بێژین مرۆڤ لە ڕێگەی “ناولێنان”ەوە خۆی لە تاریکیی جیهان ڕزگار دەکات! لەم خۆڕزگارکردنەدا، هیچ بوونەوەرێکی دیکە یارمەتیی مرۆڤ نادات. “ئاگایی”یەک کە لە پێوەندی لەتەک جیهاندا دێتە بەرهەم، مرۆڤ ناچار بە “داوەری” دەکات؛

 

لە ڕاستیدا خودی مرۆڤ لە “بێمانایی” هەبوونی خۆی قوتار دەکات. واتە هەبوویەک(مرۆڤ) وەک گیانەوەرێکی مریو(فانی)

 

داوەری لەم بارەوە کە “ئەوە چییە؟” و لە وڵامدا “ناو”ێک کە بەسەر “دیاردەدا دەسەپێنرێت، داوەرییەکی مرۆییە. داوەرییەک کە هەرچەند بە ڕواڵەت جیهان لە بێمانایی ڕزگار دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا خودی مرۆڤ لە “بێمانایی” هەبوونی خۆی قوتار دەکات. واتە هەبوویەک(مرۆڤ) وەک گیانەوەرێکی مریو(فانی) پاسکال گوتەنی: “مانا بە گەردوون دەبەخشێت، دەیناسێت و دەیناسێنێت. مرۆڤ بەو بچووکییە کە گیانی بە قامیشی هەناسەدانێکەوە بەندە، گەردوونێک مانا دەکاتەوە. گەردوون بێبنەتایی(لایتناهی)یە، بەڵام مرۆڤ لەگەڵ بنەتایی(متناهی)یەکەی، لە گەردوون بەنرخترە.” ئەم نرخە ڕەنگە لە بەرهەمهێنانی “ئاگایی”یەکدا بێت کە بە دەربڕینی هایدگەر “بوون – لەوێدا” دەخوڵقێنێت. لەمەدا کە ئەم “ئاگایی”یە ساختەیە یان نا، سەلماندنی ئاسان نییە؛ دڵنیا نین کە جیهان بەو جۆرە بێت کە ئێمە دەیبینین، شێوەی بینینی ئێمە ڕاڤەی ئێمە بەرهەم دەهێنێت و ڕاڤە  “داوەریی” لێدەکەوێتەوە. ئێمە دەتوانین وا بیر بکەینەوە هەتا جیهان لەبەرانبەر داوەریی ئێمەدا بێدەنگە، دەکرێ هیوادار بین “ئاگایی”یەکەمان ساختە نەبێت. مرۆڤ وەک “ناسکار” خۆی دەخاتە نێو جەغزی جیهانی “زانین”ەوە.  درک بە “هەبوون لە جیهاندا” مافی زاڵبوون بە مرۆڤ دەبەخشێت. مافێک کە لە سایەی “هۆشیاری” یەوە بە خۆمانی دەبەخشین و لە بەرانبەریدا خۆمان دەخەینە نێو داوەریکردن لەبارەی جیهانەوە کە دەکرێ بەو شێوەیە نەبێت کە دەیبینین، بەڵام “بێدەنگیی بوون (جیهان)” هیچ ڕێگەیەک بۆ ئێمە ناهێڵێتەوە بێجگە لەوەی لە ڕێگەی گوزارەسازیی لۆژیکییەوە لە “زانین”ەکەمان دڵنیا ببینەوە. نیچە گوتەنی: “ئێمە تەنیا درک بە جیهانێک دەکەین کە خۆمان دروستمان کردووە”. “درک بە جیهانێک کە خۆمان دروستمان کردووە” ڕەنگە ئەو مانایەيش بگەیەنێت کە “ئاگاییی ساختە” مەترسییەکی هەمیشەییە؛ بەڵام بەختی مرۆڤ یان بەدبەختیی مرۆڤ لەوەدایە هیچکات ناتوانین بزانین ئەو مەترسییە چەندە لێمانەوە نزیکە یان لێمانەوە دوورە. داوەری هەرچییەک بێت لەو لۆژیکەدا دەسەلمێنرێت کە داهێنانی زەین و زمانە و تەنیا لە ڕێگەی ڕێکخستنی پێوەندییە لۆژیکییەکانەوە بە پشتبەستن بە سۆنگەهێنانەوە (احتجاج)ی ئاوەزەکییەوە دەسکاریی ئەم لۆژیکە دەکرێت. لۆژیکێک کە وێڕای چەسپاوییەکەی پابەندی ڕەوتی “فراژووتن”ە و ڕاستییەکانی کەتوار و ڕاستییەکانی ئاوەز لە دیالکتیکی زەیندا ئەزموون دەکات و هەموار و ساخیان دەکاتەوە.

شێوەی بینینی ئێمە ڕاڤەی ئێمە بەرهەم دەهێنێت و ڕاڤە  “داوەریی” لێدەکەوێتەو

 

  • چەمک چییە؟

واتە مانا و ئاماژەپێکراوێک (دال) کە پەیڤ ئاماژەی بۆ دەکات و لە پەیڤەوە دێتە تێگەیشتن. لە دیدی بیرمەندانێکی گەورەی وەک “ئەرستۆ” و “هێربێرت پۆتنام” چەمک بەشێوەیەکی سادە ناساندن یان چڤانی(ترکیب) هەڵهێنجانە هەستەکییەکانە. هەرچییەک کە لە زەیندا بنەخشێت، چەمکە و واتادارە (وەڕاستگەڕاو، ماصدق/ مصداق). هەروەها؛ هەرچییەک چەمک تێیدا وەڕاست بگەڕێت، واتادارە.

پەیڤەکان، قاڵب و دەفرن بۆ ئەو شتەی کە بە چەمک ناودێر دەکرێت. واتە ئیسکەپەیکەری دەرەکیی چەمک لە بیچم و سەروسیمادا وەک “پەیڤ” دەردەکەوێت. پەیڤ هەم فۆرمی دەنگییە و هەم فۆرمی مانایی.

وەڕاستگەڕاو (ماصدق، مصداق): بریتییە لەو شتەی چەمک لێی وەڕاست دەگەڕێت. واتە “واتادار”. بۆ نموونە: “مرۆڤ” چەمکە، جۆرێک لە بوونەوەر کە “ژیری و ئاوەز و ئاخاوتن و فۆرمی گیانەوەریی” هەیە. هەم بەشێوەی هەمەکی (کلی) و هەم بەشێوەی هەندەکی (جزئی) دەرکەوتی هەیە.

زاراوەکان لە چەمکەکانەوە بەرهەم دێن، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە زاراوە سەر بە باوی تایبەت (عرف خاص) و چەمک سەر بە باوی گشتی (عرف عام

 

بەڵام هەردووک ناوی “ئازاد” و “نەوزاد” وەڕاستگەڕاوی چەمکی “مرۆڤ”ن. واتە ناوەکە دەچێتە خانەی چەمکی مرۆڤەوە. بە بیستنی ناوی ئازاد، چەمکی “مرۆڤ” لە زەینماندا دەورووژێت.

چەمکی هەندەکی: ئەو چەمکەیە کە تەنیا یەک واتاداری (وەڕاستگەڕاو) هەیە؛ وەک “هەولێر”.

چەمکی هەمەکی: چەمکێکە زیاتر لە یەک واتاداری (وەڕاستگەڕاو) هەیە؛ وەک مرۆڤ.

زاراوەکان لە چەمکەکانەوە بەرهەم دێن، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە زاراوە سەر بە باوی تایبەت (عرف خاص) و چەمک سەر بە باوی گشتی (عرف عام).

زاراوە بەگشتی لە ڕوونکردنەوەی بەشێک لە دەزگایەک یان بەشەکانی زانستێک بەکار دێت. بەشەکانی زانست یان سیستم کە لە باری نیشانەناسییەوە ئاماژە بە “هەندەک” دەکەن، پێی دەگوترێت زاراوە.

  • ڕەوتی بیرکردنەوە:

زمان وەک بوونەوەرێکی زیندوو گەشانەوە و پووکانەوەی هەیە، ڕەوتێکی فراژووتنی هەیە و دەبێ لەگەڵ گۆڕانی ژینگەی مرۆیی، فەرهەنگ و ژیاردا مانای نوێ لە خۆی بگرێت. لەو ڕووەوە کە هەموو زمانێک لەنێو ئەزموونێکی تایبەتی فەرهەنگیدا دەژی، ئاشکرایە کە ئەزموونە فەرهەنگییەکان بەگوێرەی کۆمەڵگە دەگۆڕدرێن. ژینگەی جیاوازی جوگرافیایی لەباری دیاردەییەوە دەبێتە هۆی جیاوازیی مانایی و هەموو دیاردە جوگرافیاییەکان بە یەکسانی بە سەر زەویدا بڵاو نەبوونەتەوە و ژینگەی فەرهەنگیی کۆمەڵگەکانیش لە هەنگاوی یەکەمدا بەرکەوتیان لەتەک دەوروبەردا هەیە و ئەمە دەبێتە هۆی هەبوونی هەندێ وشە بۆ دیاردەیەک کە ئەو دیاردەیە لە ژینگەیەکی دیکەدا نییە. ئەمە جیاوازییەکی سروشتییە کە دەکرێ بە جیاوازییەکی ئاسایی ناوی بهێنین؛ چونکە نەبوونی دیاردەیەک لە ژینگەیەکدا دەبێتە هۆی نەبوونی وشەیەک بۆ ئەو دیاردەیە لە زمانی خەڵکی ناوچەیەکدا. هەر بۆیە هەم بەشێوەیەکی وشەنامەیی و هەم بەشێوەی خوازەیی وەها دیاردەیەک ناتوانێت لە زمانەکەدا سەرهەڵبدات. بۆ نموونە لە زمانی کوردیدا “داربەڕوو” وەک ناوێک بۆ درەختێکی کێویلە، بەکار دەهێنرێت. تایبەتمەندییەکانی ئەم درەختە لە باری چەمکی هەندەکییەوە شوێنپێی لە زمانەکەدا بەشێوەی وشەیەکی لێکدراو داناوە و” داربەڕوو” لە فەرهەنگی زمانەکەدا مانایەکی چەسپاوی ڕاستەقینەی وەرگرتووە. لە هەمان کاتدا “داربەڕوو” لە باری خوازەییشەوە واتاگەلی هاوتەریبی لە فۆلکلۆر و ئەدەبیات وەرگرتووە کە ئەم واتایانە بەکارهێنانی خوازەیین. بۆ نموونە “داربەڕوو” بە مانای “داری ڕیشەدار” نیشانەی ڕەسەنایەتی و خۆڕاگرییە، ئەم چەمکە لە ڕەوتی بیرکردنەوەدا بەگوێرەی ئەزموونی فەرهەنگی هەم واتای وشەنامەیی و هەم واتای خوازەیی وەرگرتووە.

هەر تاک دیاردەیەکی سروشتی دەتوانێت ببێتە مایەی سەرهەڵدانی تاک واتایەکی زمانی. یەکەی واتایی، لە یەکەیەکی دەنگیدا جێ دەگرێت

 

ڕەوتی بیرکردنەوە دەبێتە مایەی زانی زەینی زمانی. ئەم زایەندەییە دوو قۆناخی هەن؛ قۆناخی یەکەم لەدایکبوونی ناوێک بۆ دیاردەیەک. واتە هەر تاک دیاردەیەکی سروشتی دەتوانێت ببێتە مایەی سەرهەڵدانی تاک واتایەکی زمانی. یەکەی واتایی، لە یەکەیەکی دەنگیدا جێ دەگرێت. بەپێی ڕاهاتن زایەڵەی دەنگی و مانا وەها پێک دەنووسێن کە شێوەی “جمکی پێکنووساو” بە خۆوە دەگرن کە بە بڕوای من ئەمە دەبێتە هۆی “ڕاهاتن بە مانا” کە سەرەڕای ئەوەی کە تەنیا جۆرێکە لە ڕێککەوتن، بەڵام لە زەیندا وەک پێوەندییەکی لۆژیکی دێتەبەرچاو، بەڵام لە ڕاستیدا “ڕاهاتن بە مانا” تراویلکەی پێوەندیی لۆژیکیی دەنگ – مانا دروست دەکات کە دەبێتە مایەی ئاسانکاری بۆ ئاخاوتن. کاتێک باسی پێکنووسان دەکەین مەبەستمان دوو ڕووپەڕن کە یەکێکیان لە سروشت (دەنگ) وەرگیراوە و ئەوی دیکەیان واتایە کە لە زەیندا چەسپێنراوە.

هەموو بیرکردنەوەیەک پێویستیی بە دابینکردنی کەرستەی مانایی هەیە. وشەکان ئەو کۆدانەن کە لە پرۆسەی مانادارکردندا وەک نیشانە بەکار دەهێنرێن. ئەم نیشانانە ڕێچکەی بیرکردنەوە دەستنیشان دەکەن. واتە وێستگەکانی بیرکردنەوە وەک “شوێنپێ” و “زناک” دەستنیشان دەکەن. بەم شێوەیە ئێمە دەتوانین ئەو ڕێگەیەی لە ڕەوتی بیرکردنەوەدا بڕیومانە دیاری بکەین. بۆ نموونە وێستگەی A ئاخێزگەی بیرکردنەوەیە(چەمکەکان)، وێستگەی B دەستنیشانکردنی پێوەندییەکان (گوتەزاکان)، بەم مانایە کە دیاردە و تێکبەست و شەقڵەکان دیاری دەکەین. لە وێستگەی C دا بەشێوەیەکی پێڕەوبەند (سیستماتیک) ناو لە بەشەکان دەنێین کە دەرکەوتی گەڵاڵەی زەینین و مەبەستمان ئەوەیە کە بەرەنجامی بەرهەستەکیی بیرکردنەوەمان زەقوزۆپ بکەینەوە. ئەو بەشانەی بیرکردنەوە کە لە سایەی چەمکی هەمەکیدا بەرهەم دێن و لە چەمکی هەندەکیدا دەپەڕژێن، بە نیشانەی هەندەکی پێک دەبەسترێنەوە کە ئەمانە زاراوەکانن کە یارمەتیی ڕوونکردنەوەی دەزگای چەمکی دەدەن.

بە ڕەوتی دیالکتیک سیستمی پێشوو نۆژەن دەکاتەوە و “نۆژەنکردنەوە” واتە “سەقامگیری”.  سەقامی مانایی، واتە “سەقامی زەین” و سەقامی زەین بە چەمکسازی دێتە بەرهەم. چەمکسازی جیهان ڕوون دەکاتەوە

 

هەر نیشانەیەک “زناک – شوێنپێی” دیاردە و بوونێکە. لە هەر کێڵگەیەکی واتاییدا “شوێنپێ”یەک هەیە، شوێنپێی بوونەوەرێک کە بۆ “شتێک” گەڕاوە. هەر گەڕانێک “نیشانە”یەکە و هەر نیشانەیەک “نیاز”ێک، هەر نیازێکیش “مانا”یەکە. هەر مانایەک “دەراوێکی بیرکردنەوەیە و هەر بیرکردنەوەیەک “هێز”ێکە کە دەتوانێت “بیرۆکە”کان دابڕێژێت. ئەم بیرۆکانە لە چەمکدا زەقوزۆپ دەبنەوە. پێم وایە هەموو ئەم پرۆسەیە دەگات بە پێناسەکەی چۆمسکی لەبارەی چەمکەوە : “چەمک گولاج(کەپسوول)ێکە” کە تەنیا بە شکاندن یان کەرتکردنی دەتوانین پەی بە پێکهاتەکەی ببەین. پەیبردن بە پێکهاتەی شتێک بە شکاندنی نێۆرۆکی پێکهاتەکە دەلوێت و دروستکردنی پێکهاتەیەکیش بە “وەسەریەکنان”ی ئەو پێکهاتەیە دەلوێت. کە وابوو “بیرکردنەوە” بریتییە لە “بونیادنان” و “وێرانکردن”؛ واتە “تێکوپێکنان” بۆ ئەوەی جیهانی کۆن جێی خۆی بۆ جیهانی نوێ چۆڵ بکات. بەڵام مەرج نییە هەمیشە ناچار بین بۆ “بونیادنان” هەموو شتێک وێران بکەین. بۆیە پابەندبوون بە ڕەوتی دیالکتیک سیستمی پێشوو نۆژەن دەکاتەوە و “نۆژەنکردنەوە” واتە “سەقامگیری”.  سەقامی مانایی، واتە “سەقامی زەین” و سەقامی زەین بە چەمکسازی دێتە بەرهەم. چەمکسازی جیهان ڕوون دەکاتەوە. یەکە واتاییەکان ڕێک دەخات، بەروبوومی ئاوەز “نیشانەدار” دەکات و قۆناخە هزرییەکان بە سیستمی چەمکی سەقامگیر دەکات. چەمکەکان دەتوانن “بیرۆکەکان” پۆلێن بکەن و بەم شێوەیە کەڵەکەکردنی گۆترەی زانیاری لە “سیستمێکی ڕاڤەیی”دا کۆنترۆڵ دەکەن. هەڵبەت ئاشکرایە کە چەمک خۆی بەرەنجامی ڕاڤەیە.

 

کە وابوو “ناسینەوە” بەرەنجامی “خاڵی ڕاڤەیی”ە کە وا لە ئێمە دەکات بە بینینی پێوەرەکانی شتی “جوان” بە پێناسەی جوان دەگەین

 

دەتوانین بڵێین کە درکپێکردنی هەستەکی، کە بەرەنجامی ئەزموونی هەستەکییە دەبێتە مایەی بەرکەوت لەتەک جیهانی بەرهەستەکی(عینی). کە وابوو بەم ڕوونکردنەوەیە دەتوانین لە گوتەکەی ئەرستۆ تێبگەین: “هیچ شتێک لە ئاوەزدا درک ناکرێت تا پێشتر لە هەستدا ئەزموون نەکرێت”.

کە وابوو:

پێدراوەکانی هەست —- چەمکەکانی هەست – [جوانی]

پێدراوەکانی ئاوەز —- چەمکەکانی ئاوەز   –  [ژیری]

درک بەوەی شتێک “جوان”ە، لەوەوە چاوگە دەگرێت هەماهەنگی و شیرازەیەک لەنێوان پاژە پێکهێنەرەکانیدا هەبێت. هێڵەکانی درێژی و پانی و قەبارە و ڕەنگ و بۆن و …هتد ئەگەر ببنە مایەی بزواندنی سەرنج و کارتێکەرییەکی هەستەکیی “خۆش” لە ناخدا بورووژێنن ڕەنگە ئەمە بە “جوان” لەقەڵەم بدەین. دەتوانین بێژین کە تایبەتمەندیی هەرچییەک کە جوانە ببێت بەوەی کە چەمکی “جوانی” دروست ببێت. واتە پێوەرێک کە هەر شتێکی “جوان” هەیەتی، ببێت بە پێوەری جوانی. واتە “جوان” ئەو شتەیە کە هەموو سیفەتەکانی “جوانی” تێیدا بەرجەستە ببنەوە. کە وابوو “جوانی” چلۆنایەتییەکە کە دەناسرێتەوە.  ڕەنگە بتوانین بێژین لە ڕێگەی “جوان” وەک چلۆنایەتییەک، “جوانی”مان بۆ دەردەکەوێت. ئەو “جوان”ەی بەر هەستەکانمان دەکەوێت، دەبێتە مایەی “خاڵی ڕاڤەییی” هەرچییەک جوانە و هەرچییەک کە جوانە لە ئەنجامی “خاڵی ڕاڤەیی”ەوە دەناسرێتەوە و دەبێت بە پێوەری “جوانی”. کە وابوو “ناسینەوە” بەرەنجامی “خاڵی ڕاڤەیی”ە کە وا لە ئێمە دەکات بە بینینی پێوەرەکانی شتی “جوان” بە پێناسەی جوان دەگەین. “پێناسە” چەسپاندنی چلۆنایەتییەکانە و لەم ڕێگەوە ماناکانی “جوانی” دەچەسپێن و بەم شێوەیە “ڕێککەوتنی نیشانەناسانە” دێتە کایەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیاردان لەسەر شتی “جوان” بەندە بە چلۆنایەتییەکی هەستەکییەوە، بەو پێیەش دەگوترێت “جوانی” ڕێژەییە؛ چونکە دواجار کاردانەوەی هەستەکیی ناسکار کاریگەری لە پێناسەکاندا دادەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بێژین پێناسەی جوانی پێناسەیەکی ڕێژەییە. هەموو ئەوەی گوترا، دەبن بە پێدراوانێک لە چەمکی “جوانی”دا. بۆیە کاتێک لە چەمکی جوانی دەدوێین، لە ڕێگەی “ماناکێشەکێ(تداعی معانی)”وە ئێمە لەم چەمکە تێدەگەین. بە لەبەرچاوگرتنی کۆی مانا ئاخنراوەکانی چەمکی جوانی، دەتوانین لە زاراوەی  “جوانیناسی” تێبگەین و ئنجا پۆلێنکردنی “جوانیناسی” وەک بابەتێک لە هونەر و ئەدەب و فەلسەفە و … هتد ئەو تەنینەوە واتاییەیە کە بە تێگەیشتن لە “چەمکی جوانی” دروست دەبێت.

 

ئێمە ناتوانین پێش بە بەریەککەوتنی “پێدراوەکانی ئاوەز” و “پێدراوەکانی هەست” بگرین

 

پێدراوەکانی ئاوەز، چەمکە ئاوەزەکییەکان دروست دەکەن. بۆ نموونە “ژیری” چلۆنایەتییەکی ئاوەزەکییە. ئەم چلۆنایەتییە لە پێدراوی ئاوەزەکییەوە چاوگە دەگرێت. توانایی ڕاوڕایەڵ و ڕاپەڕاندنی کردەیەکی ئاوەزەکییە. کە وابوو کە باسی “توانایی” دەکەین، لە جووڵەیەکی نێوەکی دەدوێین کە بۆ هێزی ئاوەز دەگەڕێتەوە. دەکرێ بێژین “ژیری” لە “ئاوەزە”وە دەدەڵێنێت یان دەرهاویشتەی ئاوەزە.

ئایا دەتوانین بڵێین هەرچییەک لە ئەزموونەوە وەرگیرابێت، ڕەگێکی لە “هەست” دا هەیە؟ ئەگەر ئەزموون بە مانای “بەریەککەوتن لەتەک هەرامەی کەتوار(امر واقع) پێناسە بکەین، بەدڵنیاییەوە “کەتوار” لە جیهانی بەرهەستەکی(عینی)دایە و هەرچییەک “بەرهەست” بێت، بەر یەکێک لە هەستەکان دەکەوێت! کە وابوو هەرکە باس لە “ژیری” دەکەین، مانای “بەئەزموون”یش لەم وشەیەدا پەپکەی داوە! خۆ ئەگەر لە “ژیری پیری بەئەزموون” بدوێین، “ژیری” و “ئەزموون” وەک دوو دەرهاویشتەی “دەرهەست(زەین)” و “بەرهەست(عین)” هەردووکیان لە جیهانی کەتوارەکی(واقعی) دەرکەوتیان هەیە. دەرهەست – دانا(عالم)، بەرهەست – دیار(معلوم) لە ڕەخساندنی “خاڵی ڕاڤەیی”دا بەشدارن یان باشتر بڵێین لە پێوەندییەکی دیالکتیکیدان. بۆیە ئێمە ناتوانین پێش بە بەریەککەوتنی “پێدراوەکانی ئاوەز” و “پێدراوەکانی هەست” بگرین. ئەگەر هیگڵ گوتەنی “ئەوەی کەتوارەکییە(واقعی) ئاوەزمەندانەیە و ئەوەی ئاوەزمەندانەیە کەتوارەکییە”، دواجار “ژیری” وەک بەشێک لە ئاوەز وەک توانست، سەر بە چەمکی ئاوەزە کە ئەرکی ڕاوڕایەڵی “کەتوار” و “ئەزموون” دەگرێتە ئەستۆی. واتە “ژیری” دەرکەوتی ئاوەزە، یان نیشانەی بەئاوەزبوونە. ڕەنگە یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە پێدراوەکانی ئاوەز لە پێدراوەکانی هەست جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە بڵێین پێدراوەکانی ئاوەز “توانست” یان “کارکرد”ن. بەو مانایەی ئەرکی “داوەری”(حکم) دواجار بەوان سپێردراوە. خاڵی هاوبەشیان بە بڕوای من “پەیبردن(ادراک)” و “تێگەیشتن”ە. لەبەر ئەوەی پەیبردنی هەستەکی بە یاریدەی ئەزموون ڕەخسێنەری تێگەیشتنە. لێرەدا پێدراوەکانی هەست و پێدراوەکانی ئاوەز یەکانگیر و هەماهەنگن. بەڵام هەروەک گوتمان “داوەری”(حکم) لە ئەستۆی پێدراوەکانی ئاوەزە.

ئەو دەمەی کە چەمکێک دادەڕێژین دەبێ هەم بزانین سەر بە چ پێدراوێکە (هەست یان ئاوەز) و هەم لە تکنیکی ڕێزمانی و وشەڕۆناندا کەرستەکانی داڕشتن و داتاشین بناسین

 

لە پێوەندی لەتەک داڕشتنی چەمک، بەگوێرەی ئەوەی گوترا، پێویستە ئاخێزگەکان بناسین. ئەگەر وشەیەک “دەراوی” مانایەکە، دەبێ ئەو وشانەی لێی دەدەڵێنن لە هەمان ئاخێزگەوە هاتبن. چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دەستنیشانکردنی “کێڵگەی واتایی” و لە باری نیشانەناسییشەوە “ئاماژەکان” و “ماناکان” لەتەک “کێڵگەی واتایی”دا یەکانگیر دەبن. بۆیە ئەو دەمەی کە چەمکێک دادەڕێژین دەبێ هەم بزانین سەر بە چ پێدراوێکە (هەست یان ئاوەز) و هەم لە تکنیکی ڕێزمانی و وشەڕۆناندا کەرستەکانی داڕشتن و داتاشین بناسین. چونکە بە بڕوای من ئەوەی کە دەبێتە مایەی “وردی” و “مووئەنگێویی مانا” بینینی ئاراستەی واتایی و ئەو کەرستە ڕێزمانییەیە کە وەک ئامرازەکان یارمەتیدەری وشەن بۆ ئەنگاوتنی مەبەستی زەین. بۆ نموونە کاتێک دەمانەوێ لە وشەی “ئاوەز”ەوە شەقڵەکانی دیکەی ماناکان دابڕێژین، دەبێ هەوڵ بدەین “ئاوەز” یەکەی پێکهێنەری زاراوەکان بێت.

[ئاوەز – عقل] – [بەرئاوەز – معقول] – [دەرئاوەز – نامعقول] – [ئاوەزمەندانە – عقلانی] – [ئاوەزەکی – عقلی].

بە کورتی “بیرکردنەوە” پێداویستییەکانی خۆی دەدۆزێتەوە؛ تێکبەستنی بابەتە بیرلێکراوەکان پێویستیی بە داڕشتنی چەمک و گوتەزا و زاراوەکان هەیە کە دەبێ لە ڕێڕەوێکی لۆژیکیدا پۆلێن بکرێن. لەم پێناوەدا هۆشیاری بە ئاخێزگەکانی مانا، بەستێن، پێدراوەکانی هەست و پێدراوەکانی ئاوەز گرنگە و لە باری زمانەوانی و زمانناسییشەوە ئاشنایەتی بە “کێڵگەی واتایی” ئاماژە و نیشانە و کەرستە و ناسینی ئاراستەی واتایی و جەمسەری واتایی لەگەڵ شارەزایی لە کەرستە ڕێزمانییەکان و هەروەها “وشەڕۆنان” دەبێتە هۆی یەکانگیری و پەیکاڵ و هەماهەنگیی داڕشتن؛ چونکە باشترین یەکەی واتایی ئەو یەکەیەیە کە دەرخەری وێنای زەینی بێت. واتە گونجاویی پەیڤ و بیرۆکە تێیدا بەدیبکرێت.