فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 زمانی کوردی و یان زمانە کوردییەکان

 زمانی کوردی و یان زمانە کوردییەکان

فەرەیدوون سامان/ شاعیر و سەرنووسەری گۆڤاری زمان و زار/ هەولێر

 

هەبوونی ئەو هەموو کەناڵە میدیاییانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا و لە دەرەوەشدا، بە کەناڵی کوردییەکان و (بە کەمینە نەتەوەکانی وەک تورکمان و ئاشووری) و هەروەها بە کەناڵە ئایینەکانی وەک (کەناڵە ئیسلامی و کریستانی و ئیزیدییەکان…) تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاشدا، و هەبوونی چەندان سەنتەر و ڕێکخراوی زمانناسی و ڕۆژنامەوانی و چاپەمەنی، بە دەزگا فەرمییەکانی وەزارەتگەلی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵاو و ڕۆشنبیری و لاوان، وێڕای بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی لە دەستووری عیراقدا و لە کوردستانیش وەک زمانی  فەرمی یەکەم، بەڵام هێشتا زمانی کوردی نەبووە زمانی پێوەر و هاوبەشی هەموو پێکهاتە ئیتنیکییکانی وەک (سۆرانی و بادینی، زازاکی و کورمانجی، هەورامی و لەک و لوڕ و کەلهور)، هەروەها نەبۆتە زمانی ئەدەبی یەکگرتووی هەموو ناوچە و بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا.

 

ئایا کێشەکە کوردستان داگیرکراوە، یان هۆکاری سەرەکی بەدبەختییەکەی کورد خۆی بووە نەیتوانیوە زمانی ستانداردی خۆی هەبێت

ئایا کێشەکە هەر لەوەدایە کە کوردستان وەک خاک و نیشتمان داگیرکراوە و زمانەکەشی بە دەستوور و یاسا لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و فەرمانگا حکومییەکانی ئەو وڵاتانە، کە وەک خێر و سەدەقە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، قەدەغەکراوە، یان هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی هەر بۆ بەدبەختییەکەی کورد خۆی بووە و نەیتوانیوە وەک گەلانی ژێردەست بایەخ بە زمانی ستانداردی خۆی بدات و میراتێکی فەرهەنگی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێ بهێڵێت.

بە نموونە لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو میر جەلادەت بەدرخان بە کاریگەری ئەلفابیتای ئەتاتورک و بە فیتی فەرەنسییەکان کە ئەوسا سووریا و لوبنان لەژێر دەسەڵاتی ئینتدابی کۆلۆنییان بوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخدا ڕێنووسی زمانی کوردییان دوو لەت کرد بۆ کورمانجی لاتینی و  تیپی ئارامی- عەرەبی، لە ئەنجامدا دیوارێکی پۆڵاینییان لە نێوان کوردانی باکوور-ڕۆژاوا- قەفقاس لەگەڵ کوردانی باشوور- ڕؤژهەڵات درووست کرد.

ئەم دیوارە نەفرینە بووە هۆی ئەوەی پتر لە سەدەیەکە کوردانی ئەو هەرێمانە نەتوانن بەرهەمی هزریی و ئەدەبیاتی یەکتر بخوێننەوە بە ڕادەیەک زمانی کوردییان وەها لەیەکتر دوور خستەوە، کە تەنانەت هاووڵاتیانی کوردی ناوچەکانی خۆشیان نەتوانن شاکارەکانی مەلای جزیری و فەقێی تەیران و ئەحمەدی خانی…تد بخوێننەوە، ئەنجامێکی نەگەتیڤی تریش کە مخابن ئێستا نەک هەر ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسە بیانییەکان، تەنانەت بەشێک لە زمانناسە ئەکادیمییە کوردەکانیش زاراوەی (زمانە کوردییەکان) نەک (زمانی کوردی) بەکار بهێنن.

مخابن ئێستا نەک هەر ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسە بیانییەکان، تەنانەت بەشێک لە زمانناسە ئەکادیمییە کوردەکانیش زاراوەی (زمانە کوردییەکان) نەک (زمانی کوردی) بەکار بهێن

 

خوێنەرانی هێژا دەتوانن بۆ نووسینەکانی ئەمیری حەسەن پوور و جەعفەر شیخولئیسلامی و شاسوار هەرشەمی و جەلیل عەباسی بگەڕێنەوە. کە باشترین بەڵگەن بۆ قسەکانم.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی مازەندەران و خوراسان و ئەو ڕۆشنبیرە کوردانەی وەک خاتوو موژگان کاوسی و زارا محەمەدی کە هەوڵی نووسین بە زمانی کوردی دەدەن دەخرێنە زیندانەوە، کەچی  بەشێک با کەمیش بێت لە هەورامی و لەک و لوڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاشکرا و جیاواز لە زمانی کوردی، بانگەشەی سەربەخۆیی زار و بنزارەکانیان دەکەن و هەڵبەت بە پاڵپشتی و مۆری ئەنجوومەنی میراسی فەرهەنگی ئیران وەکو (زبان گوران) خۆیان دەناسێنن، هەر لەو ساڵانەی ڕابردووشدا بە دەیان کەناڵی ویبسایت و تەلەگرامییان بۆ خۆیان ڕێکخستووە و بە ئاشکرا دژایەتی زمان و فەرهەنگی کوردی دەکەن و لەلایەن زانستگاکانی ئێرانەوەش چەندان بڕوانامەی باڵای ماستەر و دوکتۆرایان پێبەخشراوە.

لە هەرێمی کوردستان دەرکەوت دامەرزراوە ئەکادیمی  و زمانناسی و کولتوورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن

 

لە دەیەکانی سەدەی ڕابردووش بەشێک لە زازاکییەکانی باکووری کوردستان بەتایبەت ئەوانەی لە هەندەران دەژین لەژێر باندۆری تیئۆرە سەقەتەکەی مەکەنزی و مینۆرسکی هەمان بانگەشەیان بۆ سەربەخۆیی زاری زازاکی هەبووە، لە کاتێکدا زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی باکووری کوردستان وەک شیخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزا و تەنانەت سەلاحەددین دەمیرتاشیش لە کوردانی زازاکین.

ڕاستە لە هەرێمی کوردستاندا سەرباری بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی و کارپێکردنی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، ئەگەرچی چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانی بۆ پارچەکانیتری کوردستان بەرهەم بهێنێت، کەچی دەرکەوت دامەرزراوە ئەکادیمی  و زمانناسی و کولتوورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن، ئێستا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا  لەو دوو دەڤەرەی بادینان و سۆران بە دوو بنزاری کوردی باکوور و ناوەڕاست دەخوێنرێت، هەڵبەتە لە دەڤەری بادینان (بەتیپی عەرەبی بنزاری بادینی دەخوێنن)، چەند ساڵێکیشە هەوڵی بەردەوام هەیە کە بە بنزاری هەورامی- زاری گۆران لە دەڤەری هەورامان ئەو بنزارە بخرێتە بواری پەروەردەو فێرکردنەوە. وەک چۆن لە کاتی خۆیدا بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکدا، بنزاری بادینی- زاری کورمانجی خرایە دەلیڤی پەروەردەو فێرکردنەوە، ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە تا قۆناغی خوێندنی باڵا پەرەی پێدرا.

 لە هەموویشی مەترسیتر هەبوونی ئەو هەموو خویندنگا تایبەت و ئەهلییانەیە بەتایبەت ئەوانەی کە سەرجەم وانەکانیان بە(زمانی ئینگلیزی) دەخوێنرێن

 

دیارە وێڕای هەبوونی  ئەو هەموو هەڵە و شێواندنی رێزمانییە لە چاپەمەنی و کەناڵە میدیاییەکان و تەنانەت لە تابلۆ دیار و گەورەکانی ناو شارەکاندا دەبینرێن، کە نیشاندەری ئەو پەروەردە بێ پلانەیە کە هێشتا بەشێکی خەڵک تەنانەت رۆژنامەنووسان و میدیاکارانیش نازانن بە کوردییەکی جوان و پەتی بنووسن، لەوەش گرینگتر هەر بەلایانەوە گرینگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن، واتە پەرۆشی  زمانی کوردی لە ئاستێکی زۆر خوار و نزم دایە.

لە هەموویشی مەترسیتر هەبوونی ئەو هەموو خویندنگا تایبەت و ئەهلییانەیە بەتایبەت ئەوانەی کە سەرجەم وانەکانیان بە(زمانی ئینگلیزی) دەخوێنرێن، لەپاڵ ئەوەشدا زمانی کوردی تێدا پەراوێزخراوە و هەژموونی زمانی ئینگلیزی بەسەردا زاڵ بووە، هەڵبەت لە داهاتوودا نەوەیەک پەروەردە دەکرێت نامۆ بە زمانی دایکی خۆی و کولتوورەکەی دەبێت.

ئەمڕۆ زمانی کوردی لەبەردەم دوو ڕەوشی گەورەی جیهانگیریی دایە، یەکەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە لە ڕووبەڕووبوونەوە دایە  لەگەڵ جیهان و مەعریفە و زانستی نوێ و هەوڵی خۆی دەدات کە ببێتە زمانحاڵی دروست و بەپێی توانای ئاخێوەران و هەموو ئەوانەی قسەی پێدەکەن.

بێژەر، ئامادەکار یان میوانێکی بەرنامە کە بە زمانی ناوچە یان خێڵەکەی خۆی قسە دەکات

 

دووەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی داخراویی و رۆحییەتی دەمارگرژی سنوورەکانی کرانەوە بەرەو ڕووی جیهاندا دادەخات، تووشی شێوەیەک لە فامکردنی خێڵەکی و گوندەکییانە دەبێتەوە کە درێژەی ئەو ژیانە لۆکاڵی و داخراوەیە و لەمپەرن لەبەردەم توانستی گەشەی زمانی کوردیدا، لە هەردوو ڕەوشەکەش جیاواز لە هەموو ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی زمانی کوردین. هەر بۆ میناک و بەس لە کەناڵە میدیاییەکانی وەک (ڕووداو و کوردسات و ستێرک. تی. ڤی) بێژەر، ئامادەکار یان میوانێکی بەرنامە کە بە زمانی ناوچە یان خێڵەکەی خۆی قسەی دەکات بەو مانایە نییە کە زمان دەزانێت، بەڵکو ئەمە سروشتیترین و سادەترین و لەهەمان کاتیشدا “بنەڕەتیترین” حاڵەتی فێربوونی زمانە، بەڵام ناتەواو و نیوەچلە ئەوە ئەرکی دەزگا ئەکادیمییەکان و زمانناسان و ڕووناکبیرانی نەتەوەیە بەجددی کار بۆ گەشەپێدانی زمانی یەکگرتووی کوردی بکەن و لە هەڕەشەکانی جینۆسایدی کولتووری بیپارێزن.