چۆن زمانی کوردی لە مێژوودا خۆی پاراستووە؟
کێن ئەوانەی ئەم زمانەیان پاراستووە و گەیاندویانە بە نەوەکانی ئەمڕۆ؟
سوداد ڕەسوڵ/ زمانەوان/ هەولێر
زۆر جار ئەم پرسیارە دێتە پێش کە چۆن زمانی کوردی تائێستا زیندوو ماوەتەوە؟ ئەمە لە کاتێکدا کورد بەدرێژایی مێژوو پێخوستی نەتەوە خاوەن ئیمپراتۆرەکانی ناوچەکە بووە، وەک ئەمەوی، عەباسی، سەلجووقی، مەغۆلی، سەفەوی، عوسمانی، لە سەردەمی نوێش دەوڵەت – نەتەوەکانی تورک و عەرەب و فارس، کە بەتوندی هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردییان داوە. ئەم ماوە درێژە لە مێژوودا کورد قەوارەیەکی سەربەخۆی دەستڕۆیشتووی لەسەر خاکەکەی نەبووە، کەواتە نهێنیی مانەوەی زمانی کوردی بە زیندوویی تا ئێستا لە چیدایە؟
قبتییەکان لە میسر بە عەرەبی قسە دەکەن و زمانی خۆیان لە دەست داوە، بەڵام بە دین هێشتا مەسیحین
زۆر گەل و نەتەوە لە مێژوودا هەبوون و خاوەن زمان و فەرهەنگی پێشکەوتوو بوون، کەچی ئێستا هیچ ئاسەوارێکیان نەماوە تەنیا لە کتێبە مێژووەکان ناویان ماوەتەوە. هەر لە ماوەی دوای هاتنی ئیسلام بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین گەل و نەتەوە زمانەکانیان لە ناوچووە وەک زمانی پەهلەوی، کە زمانی ڕەسمیی ئیمپراتۆریەتی ساسانی بووە، ئەم زمانە هەتا ماوەیەکی درێژ دوای ئیسلام لە ئێران قسەی پێ کراوە، کەچی ئێستا کەس نەماوە بەم زمانە قسە بکات. یان زمانی ئازەریی کۆن کە لە ناوچەی ئازەربایجانی ئێستا لە پێش هاتنی تورک قسەی پێ کراوە، بەڵام دواتر لە سەردەمی مەغۆلەکان، تورک بە ژمارەی زۆر، لە ئازەربایجان نیشتەجێ دەبن، ئەم زمانە کۆنە ئازەرییە لە ناو دەچێ، لە جێگەی، زمانی تورکی زاڵ بووە، و ناوچەکەش هەموو بووە بە تورک، ئێستا بە زمانە تورکییەکە دەگوترێ تورکیی ئازەری. زمانی قیبتی لە میسر، ئەویش لە پێش ئیسلام زمانێکی پێشکەوتوو بووە، زمانی ڕێوڕەسمی دینیی قبتییە مەسیحییەکان بووە، بەڵام دوای هاتنی ئیسلام بەرە بەرە لاواز دەبێت، ئێستا قبتییەکان لە میسر بە عەرەبی قسە دەکەن و زمانی خۆیان لە دەست داوە، بەڵام بە دین هێشتا مەسیحین. بۆیە جێگەی پرسیارە بۆ زۆر کەس، ئەدی ئەم زمانە کوردییە بەم هەموو لەهجە جیاوازە لەم مێژووە درێژە چۆن خۆی پاراستووە؟
دایکانی کوردیش ڕۆلیان هەبووە لە گواستنەوەی زمان بۆ منداڵەکانیان
هاوڕێیەک لە فەیس بوک ئەم پرسیارەی وروژاند، و پێی وابوو هۆکاری پاراستن و مانەوەی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ میرنشینەکان، کە ئەم میرنشینانە وەک قەوارەیەکی حوکمڕانیی کوردی، لە مێژوودا بوون بە پارێزەری زمانەکە و ئەدەبیاتی کوردی لە چوارچێوەی ئەم میرنشینانە گەشەی کردووە، لەگەڵ لەناوچوونیان زمانەکەش لاواز بووە. هۆکاری دی چیا سەختەکانی کوردستانە کە ئەم تۆپۆگرافیایە، هاتوچۆ تێیدا ئاسان نییە، هەموو گەلێکی هێرشبەر ناتوانێ تێیدا نیشتەجێ بێ. هەروەها دایکانی کوردیش ڕۆلیان هەبووە لە گواستنەوەی زمان بۆ منداڵەکانیان. سەرەڕای ئەم هۆکارانە، بەڵام گرنگترین هۆکار بۆ مانەوەی زمانی کوردی، کە ئاماژەی پێ نەداوە، دینی ئیسلامە کە لە دوای موسڵمانبوونی کورد، هۆکار و هاندەرێکی گرنگ بووە بۆ پاراستنی زمانەکە. بەپێچەوانەی ڕای هەندێک لە ناسیۆنالیستە کوردەکان کە پێیان وایە کورد پێش ئیسلام خاوەن شارستانیەتێکی پێشکەوتوو بووە، ئیسلام هاتووە هەموو شتێکی کوردی لە ناوبردووە و تەعریب دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەگەر بەوردی و زانستی سەرنج بدەین دەبینین تەواو بەپێچەوانەوەیە، کورد پێش ئیسلام شتێکی وای نەبووە، ئەمە دوای ئیسلامە کورد دەبێ بە خاوەن مێژووی ئەدەبیات و شارستانیەتی نووسراوی کوردی دەست پێ دەکات، بۆیە ئەم دینە ڕۆلێکی گەورەی گێڕاوە نەک بە تەنیا لە پاراستنی زمانی کوردی، بەڵکوو بۆ زمانی زۆرێک لە نەتەوە موسڵمانبووەکان لە ئاسیا و ئەفەریقا. لە خوارەوە بۆ سووودی گشتی دەقی وەڵامەکەم دادەنێم ئەگەر هەر کەسێکی دی ڕایەکی دیکەی هەبێت دەتوانێ بەشداری بکات لە نووسینی سەرنج و ڕای خۆی:
لەسەر دەستی ئەم مەلایانە ئەدەبیاتی کوردی بە زارە کوردییەکان لە سەرانسەری کوردستان هەر لە سەدەی چواردەمی میلادییەوە دەست پێ دەکات هەتا پەیدابوونی خوێندنی مۆدێرن لە سەدەی بیستەم
هۆکاری سەرەکیی مانەوەی زمانی کوردی بە زیندوویی، کە تۆ ئاماژەت پێ نەداوە، دینی ئیسلامە. ئیسلام وەک دینێکی خاوەن کتێب و مەدرەسە، مرۆڤی موسڵمان هان دەدات فێرە خوێندن و نووسین بێت. مەدرەسەی دینی بەدرێژایی مێژووی ئەم دینە، گرنگترین مەڵبەندێک بووە بۆ بڵاوبوونەوەی خوێندەواری لە نێو میللەتانی موسڵماندا، هەر لەم مەدرەسانە نوخبەیەکی زانا و خوێندەوار پەروەردە بوون کە پێیان دەگوترێ مەلا، لەسەر دەستی ئەم مەلایانە ئەدەبیاتی کوردی بە زارە کوردییەکان لە سەرانسەری کوردستان هەر لە سەدەی چواردەمی میلادییەوە دەست پێ دەکات هەتا پەیدابوونی خوێندنی مۆدێرن لە سەدەی بیستەم. ئەم مەدرەسانە مەلا پەرێشان، عەلی حەریری، ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، فەقێ تەیران، مەلای باتەیی، ەولانا خالیدی نەقشبەندی، مەلا محەمەدی هەزارمێردی(ابن الحاج)، نالی، سالم، مەحوی، کوردی، حەریق، موەفایی، مەولەوی، شێخ حوسێنی قازی، فەقێ قادری هەمەوەند، مەلای جەباری، سەی یاقۆ، ئەدەب، ئەدیب، ئەحمەدی خاسێ، و بە دەیان مەلا و زانای دیکەی پەروەردە کردووە، بۆ گەیاندنی پەیامی دینەکە مەلوودنامە و عەقیدەنامەیان بە کوردی نووسیوە، کە بووە بە سەرەتای سەرهەڵدانی پەخشانی کوردی، لوغەتنامەی کوردی و عەرەبییان داناوە کە بووە بە سەرەتای کۆکردنەوەی وشەی کوردی و دانانی فەرهەنگ بۆ زمانی کوردی،..
میرنشینەکان لە پاراستنی زمان ڕۆلیان هەبووە، بەڵام ئەم میرنشینانە ئەگەر مەدرەسە و مزگەوتی نەبووایە هیچ خوێندەوارێکی نەدەبوو
ئەم مەلایانە زمانی کوردییان لە دوتوێی ئەم کتێبانە بە زیندووی هێشتووەتەوە، هەر لەسەر دەستی ئەم مەلایانە خەرمانێکی گەورەی شیعری کوردیمان بۆ بەجێ ماوە و ئێستا بووە بە گەنجینەی مێژووی ئەدەبیات بۆ کورد، هەر ئەم مێژووە ئەدەبیاتەش، ئەمڕۆ مێژووێکی نەتەوەیی لە بیرەوەری مرۆڤی کورد بەرهەم هێناوە، ئەگەر ئەم پێشینە ئەدەبییە کوردییە نەبووایە، ئێستا خاوەن ئەم ناسیۆنالیزمەش نەدەبووین کە شانازی بە ڕابردووی خۆمان بکەین و بڵێین میللەتێکین زمان و ئەدەبیاتمان هەیە. ڕاستە میرنشینەکان لە پاراستنی زمان ڕۆلیان هەبووە، بەڵام ئەم میرنشینانە ئەگەر مەدرەسە و مزگەوتی نەبووایە هیچ خوێندەوارێکی نەدەبوو،
هۆکاری سەرەکیی مانەوەی زمانی کوردی بە زیندوویی، کە تۆ ئاماژەت پێ نەداوە، دینی ئیسلامە
ئەگەر منداڵی کورد بە هاندانی ئەم دینە نەچووبایە بەر خوێندن، خوێندەواری لە ناو کورددا یان نەدەبوو، یان ئەگەر هەشبووایە بەو ڕادەیە پێشکەوتوو نەدەبوو. ئەگەر پرسی مانەوەی زمانی کوردی لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمییەوە سەیر بکەین، ئەوا کورد وەک نەتەوە و زمان، قەرزاری ئەم دینەیە، قەرزاری ئەو مەلایانەیە کە ئەم دینە پەروەردەیانی کردووە. تەنانەت لە سەردەمی نوێش دوای قەدەغەکردنی زمانی کوردی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە باکووری کوردستان بۆ سەدەیەک، ئەوانەی زمانی کوردییان لەوێ پاراستووە، مەلاکان بوون، کە لە مەدرەسەکان بە نهێنی و بەخەتی عەرەبی بە دەیان مەلوودنامە و عەقیدەنامەیان بە کوردی نووسیوە، لە ناوخۆیان دەستاودەستیان پێ کردووە و خوێندویانەتەوە. ئیسلام نەک هەر لە بۆ کورد بۆ هەموو میللەتانی دی هەمان ڕۆلی فەرهەنگی هەبووە. لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بە دەیان و سەدان نەتەوە کە موسڵمان بوون، لە ڕێی ئەم مەدرەسە دینییانەوە زمانی نووسراو و ئەدەبیاتیان بۆ پەیدا بووە، کە لە پێش ئیسلام شتێکی وایان نەبووە شایەنی باس بێت، لە ئەفەریقاش ئیسلام هەمان ڕۆلی هەبووە، لەو شوێنانەی خەڵکەکە موسڵمان بوون، خوێندەواری تێدا بڵاوبووەتەوە و زمانی نووسراویان بە خەتی عەرەبی بۆ پەیدا بووە. ئیسلام دینێکە هانی خوێندەواری دەدات و زانا پەروەردە دەکات، دینێکی شارستانیەتسازە.