لە پێغانی كاك سەلاحی پایانیانی و فەرهەنگەكەی….
- ئاسۆ کەریم/ نووسەر/ هەولێرو
– دەبێ لە پێشەوە دەست لەسەر سینگ بۆ كاك سەلاحی پایانیانی ڕابوەستین. ئاخر ئەو خزمەتێكی ئێكجار گەورەی بە زمان و كولتوور و ئەدەبیاتی كورد بەگشتی و ناوچەكانی موكریان بەتایبەتی كردووە. تۆ سەیر كە 15 پازدە بەرگی فەرهەنگی زارەكیی موكریان كە زێتر لە 12000 لاپەرەیە، ئەوە بێ لە دوو بەرگی ئەدەبی منداڵان و فەرهەنگی جلوبەرگ و خشڵ و بەرگێكیش بۆ خۆراك و كتێبی كانی مرادان-یش كە دەكەنە 20 بەرگە كتێب شاكارگەلێكی كەس نەكردە و ناوازە و دەگمەنن كە بەڕاستی ڕەنجی فەرهادیان تێدا كێشراوە.
– كە ئەو فەرهەنگە بەسەر دەكەیەوە، دەبێ چ ماندوبوون و شنگ و تاقەت و كاتێكی تێدا خەرج كرابێ. لەمەوە ئەو قسەیە پشتڕاست دەبێتەوە كە لە پشت هەر پیاوێكی سەركەوتوو، خانم و خاتوونێكی سەلار و لەخۆبووردەش هەیە كە هاوڕەنجی كاك سەلاح بووە.
– ئەو فەرهەنگە، مەبەستم فەرهەنگی زارەكیی موكریانە، كاری تاقەكەسێك نییە، ئەوە لە وڵاتان كاری داوودەزگا و ناوەندی ئەكادیمی و توێژینەوە و كاری دەیان تیمە كە بەپێی پلان و نەخشەیەكی ورد ئەنجامیان دابێ. ئاخر گەیاندنە جێی كارێكی وا هەر بە قسە خۆشە. سەبر و سەلیقە و توانایەكی زۆری گەرەكە.
– بەڵام ئەوە قەدەری نووسەرانی موكریان بووە، ئاخر ئەو دەڤەرە نووسەر و وەرگێڕ و زمانزانی هێژا و ناوبەدەرەوەی زۆری لێ هەڵكەوتووە كە خزمەتێكی زۆری زمان و ئەدەبیاتی كوردیان كردووە: لە هەژار و هێمنەوە بگرە تا عەبدوڵڵای حەسەنزادە و سەلاحی پایانیانی و نووسەرانێكی دیكەی وەكوو سەلاحەدینی ئاشتی و ئەحمەدی بەحری و ڕەسووڵی سوڵتانی… بەڕاستی ئەوانە مایەی فەخر و شانازی نەتەوەی كوردن و دەورێكی زۆریان هەبووە لە چەسپاندن و دەوڵەمەندكردنی زمان و ئەدەبیاتی كوردی بە كۆمەڵە زاری كوردیی ناوەڕاست كە بنە- دیالێكتی موكریان ناوپشتە و سەردەستەی ئەو كۆمەڵەزارەیە.
– ناكرێ لێرەدا سوپاسی خانەی موكریانی و بەشی ڕاگەیاندنی ناوەندیی پارتی نەكرێ كە خەمخۆر و سپۆنسەری ئەو كارە مەزنە بوون. لەكاتێكدا دەبوایە ئەوە ئەركی دەزگایەكی حكوومەتی، لەوانە ئەكادیمیای كوردی بوایە. هیوادارم لەم قۆناخەدا ئەو ئەكادیمیە لە قاوغی خۆی بێتە دەرەوە و بە هەق ببێتە سەنتەرێكی كۆكردنەوەی زمانزان و پسپۆڕان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە مەنفاشدا.
– كە دیقەت لەو فەرهەنگە دەدەم، دەبینم خەتێك ناوچەكانی موكریان بە قەڵادزێ و ڕانیە دەبەستێتەوە تا دەگاتە كۆیە و لەوێوە بەرەو دەشتی هەولێر و شێوەزاری سۆرانی شۆڕدەبێتەوە: لە وشە و زاراوە و دەستەواژە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵ و مەیل و قسەی زارەكی و بەند و بەستە و حەیرانەوە.
– لەم بۆنەیەدا، هیوام وایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەكادیمیای كوردی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنی دیكەی پێوەنددارەوە، ئاوڕ لە پرسی زمان كە مەسەلەیەكی حەیاتییە بداتەوە. ئاخر زمانی فەرمی لە هەر وڵاتێكدا كە بەخۆ دادێ و پێش دەكەوێ، پێوەندی بە كامڵبوونی نەتەوەییمانەوە هەیە.
– لێرەدا با ڕێبازی كاركردنی كاك صەلاح ببێتە ڕێبازی كۆكردنەوەی ئەدەبی زارەكیی گەرمیان، سلێمانی و سۆرانی و بادینان…لەم بەشە خۆبەڕێوەبەرەی وڵاتەكەماندا.
– نموونەی كاك سەلاح زۆربێ و هیوای لەشساغی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازم.