فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

باڵادەستکردنی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای ساڵانی ٢٠٠٣ ـەوە هەتا ئێستا

 

باڵادەستکردنی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستاندا لە دوای ساڵانی ٢٠٠٣ ـەوە هەتا ئێستا
سوداد ڕەسووڵ/ نووسەر و توێژەری زمانەوانی/ هەولێرباڵادەستی زمانی ئینگلزیی

 

 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو پۆستم بڵاو کردەوە لەبارەی بایەخی خوێندن بە زمانی دایک و کاریگەریی خراپی زمانی ئینگلیزی لە هەرێم بە سەر زمانی کوردییەوە، ئەوەشم ڕوون کردەوە کە زمانێکی جیهانی وەک ئینگلیزی چۆن دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و بۆ ئەوەی نەبێ بە جێگەی مەترسی بۆ زمانی دایک، چونکە ئەم زمانە ڕوو لەهەر وڵاتێک بکات، وەک زمانێکی بەهێز و بە دەسەڵات، ململانێی زمانی لەگەڵ زمانە خۆجییەکە دەکات و جێگەی پێ لەق دەکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازی دەکات تا ڕادەی لەناوبردنی بە یەکجاری. ئەمەیە مەترسی زمانێکی جیهانی وەک ئینگلیزی کە دەبێ زۆر بەوریاییەوە بێتە وڵاتەکەتەوە، دەبێ خوێندنی زۆر سنووردار بکرێ و نەبێ بە مەترسی بۆ زمانە خۆجێیەکان. لەم پۆستە، پێم باشە ئەو وێستگانە دەستنیشان بکەم کە لە دوای ساڵانی ٢٠٠٣ ـەوە حکومەتی هەرێم بەبێ هیچ پلانێکی زمانی هۆشیارانە بەردەوام یەکەی خوێندنی بە ئینگلیزی کردووەتەوە، کە ئەم یەکە خوێندنانە هەر لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێ دەکات هەتا خوێندنی زانکۆ. ئەو داتایانەی ئێستا لەبەر دەستە، ئەوە نیشان دەدەن کە زمانی ئینگلیزی لە هەرێم ئەوەندە بەهێزە لە هەموو یەکە خوێندنە حکومییەکان جێگە بە زمانی کوردی لەق دەکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە خوێندن بە زمانی دایک کەم دەبێتەوە دەچێتە سەر خوێندن بە ئینگلیزی، ئەگەر ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە پاشەڕۆژ هەڕەشە لە مانەوە و بەردەوامیی زمانی کوردی دەکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم یەکە خوێندنە ئەهلییانە، حکومەتی بەریتانیا و ئەمەریکا نەیانکردووەتەوە، ئەمە حکومەتی هەرێمە ڕێگەی پێ داوە بە ڕەسمی بێنە وڵاتەکە و زمانی دایکی کوردی بنکۆڵ بکەن. واتە بە دەستی خۆمان چاڵ بۆ زمانی کوردی هەڵدەکەنین.

 

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە خوێندن بە زمانی دایک کەم دەبێتەوە دەچێتە سەر خوێندن بە ئینگلیزی

لە خوارەوە ناوی هەموو ئەم یەکە خوێندنانە و ژمارەیان دەخەمە ڕوو، لەگەڵ ئەو بڕیارانەی کە دەرچوون لەلایەن پەرلەمان و حکومەتەوە لەپێناو زاڵکردنی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمەکەدا:

  • خوێندنی دەرسی ئینگلیزی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە

لە ساڵی ٢٠٠٥ دەرسی زمانی ئینگلیزی، کە لە پێشدا لە پۆلی پێنجەم دەستی پێ دەکرد، لەم ساڵە وەزارەتی پەروەردە ئەم دەرسەی هێنایە پۆلی یەکەم، بە بیانووی ئەوەی کە ئینگلیزی زمانێکی گرنگە، ئەمە لە کاتێکدا هەموو توێژینەوە پەروەردەییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هەتا چوار پێنج ساڵی یەکەم، منداڵ پێویستە تەنیا زمانی دایک فێر بێ هەتا زمانەکە باش لە مێشکی دەچەسپێ، ئەوجا لە پۆلی پێنجەم زمانی دووەم دەست پێ دەکات کە ئەویش عەرەبی و ئینگلیزییە.

  • کردنەوەی باخچەی منداڵان و قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەییی ئەهلی بە ئینگلیزی.

لە دوای ساڵانی ٢٠٠٥ ەوە یەکەی خوێندنی تایبەت کرانەوە کە هەموو خوێندنەکەیان بە ئینگلیزییە و کوردییش پەراوێز خراوە. وەک باخچەی منداڵان و قوتابخانەی ئەهلی. ژمارەی ئەم یەکە خوێندنانە یەکجار زۆرە و بەردەوام لە زیادبوونیشدایە بۆ نموونە بەپێی ئامارێک کە لە وەزارەتی پەروەردە بە دەست هاتووە، هەتا ساڵی ٢٠٢٢ باخچەی منداڵان: 152باخچە کراوەتەوە، قوتابخانەی بنەڕەتی 121، قوتابخانەی ئامادەیی 72، پەیمانگەی ئەهلی 73، قوتابخانەی نێوەدەوڵەتی 27.

  • زانکۆی ئەهلی بە ئینگلیزی

یەکەم زانکۆ کە هەموو خوێندنێکی بە ئینگلیزی بوو زانکۆی کوردستان بوو لە ساڵی ٢٠٠٦ کرایەوە، ساڵێک دواتر، زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی و زانکۆی جیهان و لوبنانی فەرەنسی کرانەوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ زانکۆی تیشک کرایەوە، لە ساڵانی دواتر چەندین زانکۆی دی کرانەوە کە هەموو خوێندنێکیان بە ئینگلیزییە وەک زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک، زانکۆی نۆلج، دجلە، قەیوان، کۆمار،.. تاد کە ئێستا ژمارەی سەرجەم زانکۆ ئەهلییەکان گەیشتووە بە 18 زانکۆ.

ئێستا ژمارەی سەرجەم زانکۆ ئەهلییەکان گەیشتووە بە 18 زانکۆ

  • دەرکردنی بڕیارێک لە پەرلەمانەوە بۆ بەڕەسمیکردنی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستان

لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان لە ڕێککەوتی ٣١/١٢/٢٠١٤ ئەندامانی پەرلەمان (١٠٢ ئەندام) ئیمزایان لەسەر پرۆژە یاسایەک کرد بۆ هەموارکردنی یاسای زمانە ڕەسمییەکان بۆ ئەوەی زمانی ئینگلیزی لەپاڵ زمانی کوردی لە هەرێم بکرێ بە ڕەسمی.

  • خوێندنی هەردوو بابەتی زانست و بیرکاری لە قۆناغی بنەڕەتییەوە بە ئینگلیزی

دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە چاولێکەری لە سیستەمی خوێندنی قوتابخانە ئەهلییەکان، کە زۆربەی بابەتەکان بە ئینگلیزی دەخوێنن، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا چەند بڕیارێکیان دەرکرد کە هەمووی پەراوێزخستنی زمانی کوردی بوو لە سیستەمی خوێندنی پەروەردە و خوێندنی باڵادا. وەزارەتی پەروەردە، بێ هیچ پلانێکی زانستی بۆ زمان و پەروەردە، خوێندنی هەردوو بابەتی زانست و بیرکاری بە سیستەمی ئینگلیزی لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ – ٢٠١٦) وەک تاقیکردنەوە لە ١٨٣ قوتابخانەی شار و شارۆچکەکانی هەرێم لە قۆناغی بنەڕەتیدا جێبەجێ کرد. ئەم خوێندنە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام دواتر بەهۆی نەبوونی مامۆستای ئینگلیزیزان، و وەرنەگرتنی زمانی ئینگلیزی لای قوتابیی کورد، بەردەوام نەبوو و شکستی هێنا.

سیستەمی خوێندنی قوتابخانە ئەهلییەکان، کە زۆربەی بابەتەکان بە ئینگلیزی دەخوێنن،

  • دەرکردنی بڕیارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کە کوردی لە پۆلی دوازدەم لە تاقیکردنەوە ئارەزوومەندانەیە

لە هەنگاوێکی دی بۆ باڵادەستکردنی ئینگلیزی و پەراوێزخستنی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا، لە ڕێککەوتی ٨/٣/٢٠١٧ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیارێک دەردەکات کە زمانی کوردی و عەرەبی، زمانێکی ئارەزوومەندانەیە بۆ قۆناغی دوازدەمی بەشی زانستی بۆ ئەوانەی دەچن بۆ کۆلێجە زانستییەکان، واتە قوتابی لە کۆی نمرەی بە دەستی هێناوە، دەتوانێ داوا بکات زمانی کوردی و عەرەبی بۆ حیساب نەکرێت، بەڵام ئینگلیزی ئیجبارییە. ئەم بڕیارەش جارێکی دی بێنرخکردنی زمانی کوردی بوو لە بواری زانستدا، هەروەها کەمکردنەوە بوو لە پلەوپایەی زمانەکە لە بەرانبەر ئینگلیزیدا.

ئەم هەنگاوانەی حکومەتی هەرێم هەتا ئیستا هەر بەردەوامە لە پەراوێزخستنی زمانی کوردی و باڵادەستکردنی ئینگلیزی لە هەرێمەکەدا، کە ئەگەر بەم شێوەیەش بەردەوام بێت ئەوا کوردی لە باشووری کوردستانیش دەبێ بە زمانێک کە مەترسی لاوازبوونی لێ دەکرێ و لە پاشەڕۆژی دووریشدا ئەگەر ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە بەرەدوام بێت، بۆی هەیە بە یەکجاری بفەوتێ.

 

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، لینکی توێژینەوەکە لە کۆمێنتی یەکەم دادەنێم

 

 

https://www.kurdipedia.org/files/books/2023/516857.PDF?ver=133372860931083858