دەور و گرنگیی پێداچوونەوە و هەڵەچنی لە یەکدەستکردنی ڕێنووس و بەهێزکردنی زماندا
تەحسین تەها و قەرەنی قادری
ڕاستە ڕۆڵ و گرنگیى زمان و پێداچوونەوەى زمانەوانى لە هەرێمى کوردستان لەچاو ساڵانى ڕابردوو تا ڕاددەیەک پەرەسەندن و گۆڕانکاریى بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بە گوێرەى پێویست و لە ئاستى پێویستدا نەبووە، چونکە زۆریى دەزگەکانى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، هەروەها جیاوازی لە ڕێنووس و خاڵبەندى و یەکدەستنەبوونى ڕێنووس و جۆرى هەڵەچنى و پێداچوونەوە لەو دەزگەیانەدا، واى کردووە کە ئێمە لەگەڵ کێشەى “فرەڕێنووسى” و “فرەهەڵەچنى” و “فرەپێداچوونەوە“دا بەرەوڕوو بینەوە. پێویستە زیاتر کار بکرێت و هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشەیە، لەبەر ئەوەى کە زمان نەک تەنیا ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن و پەیوەندیى نێوان مرۆڤەکان، بەڵکوو بۆ ئێمەى کورد، ئامانجیشە؛ ئاخر زیاتر لە هەموو فاکتەرەکانى تر، ئەوە زمانە کە ئێمەى وەکوو “نەتەوە“یەک پاراستووە و زیاتر بەهۆى زمانەوە ناسنامەمان پارێزراوە و هەین. تەنانەت باس لەوەیش دەکرێت، کە کورد “نەتەوەیەکی زمانی“یە.
ئەوە زمانە کە ئێمەى وەکوو “نەتەوە“یەک پاراستووە
گرنگی و ڕۆڵى پێداچوونەوەى زمانەوانى
گەر زمان هۆکار و ئامرازێک بێت بۆ لێکتێگەیشتن و پەیوەندیى نێوان مرۆڤەکان و نەتەوەکانى جیهان، کەواتە ئەو شتانەیش لە زماندا گرنگن کە وەک ڕێگەیەک و ئامرازێکى زانستى، دەبنە هۆى ئەوەى مرۆڤەکان “بەدروستى” و “بێگرێوگۆڵ” و “ڕوون” لێک تێک بگەن و تەمومژاوی و لێڵییەکان نەمێنن. واتە گەر بنووسین بەڵام دروست و بەپێى ڕێزمان و یاسا و ڕێساکانى زمان نەنووسین، ئەوا بێ گومان خوێنەر لێمان تێ ناگات و تووشى سەرلێشێوان و تێنەگەیشتن و ناڕوونى دەبێت لە تێکستەکاندا. ئەمەیش واتە ئامانجەکە، کە لێکتێگەیشتن و ڕوون و ڕەوانییە، ناپێکرێت و کێشە دروست دەبێت. گرنگیى پێداچوونەوەى زمانەوانى لاى هەموو نەتەوەکان و وڵاتان و لەناو هەموو زمانەکاندا شتێکى دیارە و نکۆڵیى لێ ناکرێ. بۆیە باسی سەرەکیی ئەم وتارە، دەور و گرنگیی پێداچوونەوەی زمانەوانییە لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، هەروەها چۆن بە ڕێگەی پێداچوونەوە و هەڵەچنییەوە ئاستی زمان لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندندا بەرز دەبێتەوە و ڕێنووسێکی یەکدەست، بەڵام گشتگیر چێ دەبێت.
کاری ئەو (پێداچوونەوەی زمانەوانی و هەڵەچنی)، دوایین وێستگەیە بۆ بڵاوکردنەوەی وتار یان وتارەکان
پێداچوونەوەى زمانەوانى
پێداچوونەوەى زمانەوانى پڕۆسەیەکى گشتگیر و فراوان و هەمەلایەنە، کەچى زۆر كەس هەست بە گرنگییەکەى ناکەن لە نووسیندا و، وا دەزانن پێداچوونەوە واتە “هەڵەچنیی تێکستەکان لە ڕووى ڕێنووسەوە.” بەڵام پێویستە بڵێین کە ئەمە ڕاست نییە و پێداچوونەوەى زمانەوانى، شتێکى سەرترە لەمانە و جگە لە ڕێنووس و شتەکانى ترى پەیوەست بە ڕێنووس، دەپڕژێتە سەر ناوەڕۆکى بابەتە نووسراوەکان و دروستى و نادروستییان لە ڕووى زانستى و زانیارییەکانەوە.
پێداچوونەوەى زمانەوانى وا لە تێکستەکە دەکات کە بابەتەکە بەجوانى و بەبێ هەڵەى زمانەوانییەوە بگاتە بەر دیدى خوێنەر. پێداچوونەوە تەنیا کێشانى هێڵێکى سوور نییە لەژێر وشە یان ڕستەیەکدا، بەڵکوو لەوە زیاترە. دەکرێ بڵیین پڕۆسەى پێداچوونەوە بریتییە لە هەڵەچنى، ڕاستکردنەوە، لەڕەندەدانی ڕستە و پەرەگرافی ناڕوون، ڕێکخستنى وشە و ڕستەکان و دانان و گۆڕینى وشەى دروستتر و گونجاوتر و دڵنیابوونەوە لە ڕاستى و دروستى و زانستیبوون و بێهەڵەبوونى بابەتەکە و ئاسانترکردن و ڕەوانکردنى نووسینەکە. ئەمەیش بۆ ئەوەى خوێنەر ماندوو و شەکەت و بێزار نەبێت و تا کۆتاییى بابەتەکە بەتاسە و بەپەرۆشەوە بخوێنێتەوە و پشتڕاستیش بێت کە زانیارییەکان و ناوەڕۆکى بابەتەکە ڕاستن و دەتوانێ پشتیان پێ ببەستێ.
دەبێ پێداچوونەوە و هەڵەچنی بە شێوەیەکی پیشەیییانە بەڕێوە بچێت
ئەگەر نووسەر خۆی بەرپرسە لە بەرامبەر ناوەڕۆکی وتارەکەیدا، بەڵام دەزگەیەکی ڕاگەیاندن و، هەروەها “پێداچۆرەوە” (ئێدیتەر) بەرپرسن لە پاراستنی ناوەڕۆکی وتارەکە. بۆیە “پێداچۆرەوە” ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی قورسی لەسەر شانە، چونکە کاری ئەو (پێداچوونەوەی زمانەوانی و هەڵەچنی)، دوایین وێستگەیە بۆ بڵاوکردنەوەی وتار یان وتارەکان. لەبەر گرنگیی زمان و چێکردنی پەیوەندی بە هاووڵاتیانەوە لە ڕێگەی وتارێکی پوخت و ڕەوان، کە زانیاری بە خوێنەر دەدات، دەبێ پێداچوونەوە و هەڵەچنی بە شێوەیەکی پیشەیییانە بەڕێوە بچێت تا ئاستی بەهێزیی وتار و زمانی نووسینەکە بەرز بێتەوە. تا ڕاددە و ئاستی پێداچوونەوە و هەڵەچنییەکە بەرزتر بێت، ئاستی وتارەکەیش بەرز دەبێتەوە و، هەر بەو پێیەیش ڕێنووسی یەکدەست پێک دێت و پەرە دەگرێت.
کارى پێداچۆرەوە (ئێدیتەر)ى زمانەوانى
uەوى کارى پێداچوونەوەى زمانەوانى دەکات دەبێ کۆمەڵێک تایبەتمەندیى هەبێت ئەگەرنا، ناتوانێ بابەتێکى ڕێک و ڕەوان و ڕوون ڕادەستى خوێنەر بکا. بۆیە پێداچۆرەوەیەكی زمانەوانیى پڕۆفێشناڵ و تایبەتمەند، ئەم تایبەتمەندییانەى هەیە:
• ناوەڕۆک ڕاست دەکاتەوە و باشترى دەکات.
• هەڵەچنى و ڕاستکردنەوەکان و ڕاسپاردەکانى پێداچۆرەوە، ناوەڕۆکى ماندووکەر دەگەشێنێتەوە و ڕۆحى دەکاتەوە بەر. ڕاستییەکەى، نووسین پێویستى بە پێداچوونەوە هەیە. ئەوى پێداچوونەوە دەکات، بە چاوێکى گشتى و لە سەرەوەڕا سەیرى نووسینەکە و کەموکوڕییەکانى دەکات و هەوڵ دەدات شتێکى پوخت و جوان و ڕەوانى لێ دەرچێت.
• ئەوى پێداچوونەوە دەکا، دەبێ بەتواناتر و زیرەکتر و زاناتر بێت لە نووسەرەکە، چونکە دەبێ بابەتەکە شى بکاتەوە و شەنوکەوى بکات و چۆنى ڕاستەڕێى بکاتەوە. گومانى تێدا نییە کە نووسەر هەم لە ڕووى ڕوخسار و ڕواڵەتى بابەتەکەوە و هەم لە ڕووى ناوەڕۆکەوە تووشى هەڵە و چەوتى دەبێت، بۆیە ئەوە ئەرکی پێداچۆرەوە (ئێدیتەر)ە کە یارمەتیی نووسەر بدات و، لەسەر بنەمای سێ کۆڵەکەی سەرەکی، واتە ڕەواننووسی، تێگەیاندن و کارتێکەری، بابەتەکە بە خوێنەر بگەیەنێت.
شوشتنەوەی وتار بریتییە لە لابردنى وشە زیادەکان، وشە نامۆ و هەڵەکان، ڕەوانترکردنى وشە و ڕستەکان
• ئەوى کارى پێداچوونەوە دەکا، دەبێ داهێنانى هەبێت و وردبین بێت و کارامەیییەکانى نووسینى هەبێت بۆ ئەوەى کوالێتى و چۆنێتیى نووسینەکان بەرز بکاتەوە.
• “هەڵەچنى”یش یەکێکە لە بەشە هەرە گرنگەکانى پێداچوونەوەى زمانەوانى؛ واتە هەڵەچنى-سەرەڕای گرنگییەكە- بەتەنیا بەس نییە بۆ ئەوەى بابەتێک بەبێ کەموکوڕى بیدەیتە دەست خوێنەر، بەڵکوو بەشێکە لە پێداچوونەوە. هەڵەچنى واتە ڕاستکردنەوەى وشەکان و دڵنیابوونەوە لە دروستیى ڕێنووس و خاڵبەندى و وردەكاریی تری پەیوەست بە ڕێنووس و هتد.
• پێداچۆرەوە، پێویستە ئەوەندە زانیاری و زانستى لا بێت، کە نەهێڵێ زانیاریى هەڵە بگاتە خوێنەر. ڕەنگە وشەیەک نووسرابێت بەڵام مەبەستەکەى نەگەیەنێت یان هەر لە بنەڕەتدا وشەکە یان زانیارییەکە ڕاست نەبێت و خوێنەر لاى خۆیەوە بەڕاست وەرى بگرێت؛ لێرەدا گرنگیى پێداچوونەوە زیاتر بەدەردەکەوێت چونکە خوێنەر زانیارییەکى تەواو و دروست وەردەگرێت.
• دەبێ دڵنیا بێتەوە کە ژمارەکان، یان ناوى کەسەکان و شوێنەکان و وڵاتان و… لە نووسینەکەدا ڕاست بن یاخود گەر هەڵە بوون، ڕاستیان بکاتەوە.
• لە ڕووى ڕێزمانییەوە دەبێ لێهاتوو و لێزان بێت.
• ڕستەسازى، پەرەگرافبەندى، ڕێکخستنى سەرەبابەتەکان، نەهێشتنى پارادۆکس (لێکدژى)یەکان لە ناوەڕۆکدا، ڕێکخستنى خشتە و پێنوێنەکان، زیادکردنى پەراوێزەکان، سڕینەوەى وشەى بێگانە و نامۆ و…، لە تایبەتمەندییەکانى ترى کارى پێداچوونەوەن.
بەگشتى وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، کارى پێداچوونەوەى زمانەوانى، کارێکى گشتگیرە و هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە، کە پێویستن بۆ بەدەستەوەدانى نووسین یان بابەتێکى بێکەموکوڕی و جوان و ڕێکوپێک و سەرنجڕاکێش و، بێ گومان زانستى و دروست.
شوشتنەوەى وتار
دەبێ پێداچۆرەوە (ئێدیتەر) بهشێنهیییەوە به زمانی نووسین و ڕێزمان، ناوهڕۆکی وتار، بژارکردن، دهربڕینی پهیام و خاڵبهندیدا بچێتهوه. هەروەها شوشتنەوەی وتار بریتییە لە لابردنى وشە زیادەکان، وشە نامۆ و هەڵەکان، ڕەوانترکردنى وشە و ڕستەکان. شوشتنەوەى وتار واتە پاککردنەوە و خاوێنکردنەوەى وشە و نووسین لە شتى ناڕێک و نادروست، کورتکردنەوەی ڕستەی درێژ (شکاندنی ڕستە) بۆ ڕستەی کورت و ڕەوان، یان سڕینەوەی ڕستەی هاوشێوە یان ئەوەتا تا ڕاددەیەک وێکچوو لە وتارەکەدا. لهم قۆناغهی کۆتاییدا، که کورت و چڕکردنهوهی وتاره، دهبێ گرنگی به پاراویی زمان و سادهبوونی وتار بدرێت و بەوردی کاری لهسهر بکرێت، تا خوێنهر بتوانێت بەسانایی له ناوهڕۆکی پهیامهکه بگات.
جیاوازیى هەڵەچنى و پێداچوونەوە
ڕوون و ئاشکرایە کە هەڵەچنى بەشێکە لە پڕۆسەى هەمەلایەنەى پێداچوونەوەى زمانەوانى. نابێت ئەم دوو وشەیە لە برى یەکترى بەکار بهێنین و بە یەک شت دایان بنێین، چونکە ئەم دووە جیاوازییان هەیە؛ وێڕاى ئەوەى پەیوەندییەکى زۆریشیان پێکەوە هەیە و پێکەوەبەستراون. هەڵەچنى بریتییە لە: تاوتوێکردنى نووسینێک، کتێبێک، بەڵگەنامەیەک و… لە ڕووى کەموکوڕی و کێماسیى وەک وردنەبوون لە ڕێزماندا، هەڵەى ڕێنووسى (دروستنووسین)، پێکهاتە و فۆرمى ڕستە و شتى لەم بابەتە. کاتێ کەسێک هەڵەچنى دەکا، هەوڵ دەدات گشت کێشە و کەموکوڕییەکانى نووسین، ڕێزمان و ڕێنووس بدۆزێتەوە و ڕاستیان کاتەوە. شکى تێدا نییە کە کارى هەڵەچنى لە جۆرى خۆیدا و لە شوێنى خۆیدا، کارێکى پڕبەها و بەنرخ و پێویست و گرنگە و، ئەوەى هەڵەچنى دەکات، دەبێ لە ڕووى یاسا و ڕێساکانى زمانەوە کەسێکى شارەزا و پسپۆڕ بێت. زۆر گرنگە نووسینێک بە فڵتەرى هەڵەچنێکى زیرەکدا تێ پەڕێت و هەڵە و چەوتییەکانى ڕاست بکاتەوە و وشەکان و شێوازى نووسینیان یەکدەست بکات. ڕاستییەکەی هەڵەچنەکان شتگەلێک و هەڵەگەلێک دەبینن کەوا خەڵکى ئاسایى و ناپسپۆڕ نایبینن و هەستى پێ ناکەن.
پێداچۆرەوە مافی دەستێوەردانی گشتیی بابەتەكەی هەیە
گەر بێینە سەر باسى پێداچوونەوەى زمانەوانى، یەکەم شت ئەوەیە کە بڵێین زۆر فراوانتر و گەورەترە لە هەڵەچنى؛ دەکرێ بڵێین هەڵەچنى بەشێکە لە پێداچوونەوە- هەرچەندە بەشێکى بنەڕەتی و گرنگیشە. پێداچوونەوە وەک پەکێجێک وایە؛ گەورەتر و هەمەلایەنتر و خۆسەپێنترە لە هەڵەچنى؛ بە مانای ئەوەی كە پێداچۆرەوە دەسەڵات و سەڵاحییەتی زانستی و پسپۆڕییانەی ئەوەی هەیە، كە دەست لە وشە بە وشە و ڕستە بە ڕستەی بابەتەكە وەربدات و هەر وشەیەك یان هەر شوێنێك پێویستی بە جێگۆڕكێ و ڕاستكردنەوە هەبوو، بیگۆڕێت و ڕاستی بكاتەوە. ڕەنگە هەڵەچن كارەكەی ئاسانتر یاخود دیارتر و ڕوونتر بێت و پەیوەندیی بە شتێكی تایبەتەوە-ڕێزمان و بەتایبەت ڕێنووس- هەبێت و دەسەڵاتەكەی سنووردارتر بێت، بەڵام پێداچۆرەوە مافی دەستێوەردانی گشتیی بابەتەكەی هەیە، بە لایەنی زمانەوانی و زانستیشەوە. ئەو تەنیا بە ڕاستکردنەوەى وشە و ڕستەکان لە ڕووى ڕێنووسەوە قەناعەت ناکا، بەڵکوو دەیەوێ بابەتەکە و نووسینەکە لە هەموو ڕوویەکەوە- نەک تەنیا لایەنێک و ڕووێک- بخاتە بەر نەشتەرى هەڵسەنگاندن و نرخاندنى خۆى. حەز دەکات نووسینەکە بەتەواوى تاوتوێ بکات و هەڵی سەنگێنێ. ئەم هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنە بە ماناى ئەوەیە کە نووسینەکە دەبێ لە ڕووى ئەو وشانەى کە بەکار هاتوون، ڕەگەزەکانى زمان، ستراکچەر (پێکهاتە)ى گشتى، کوالێتیى ناوەڕۆک، هەروەها گواستنەوەى بیرۆکە و پەیام و زانیارییەکانەوە سەرنجیان لێ بدرێ و ڕاستى و دروستییان پشتڕاست بکرێتەوە.
پێداچوونەوە ڕووى ڕێزمانى و ڕێنووس و سینتاکسەوە و هەمیش لە ڕووى ڕاستى و دروستى و لە ڕووى زانستییەوە ناوەڕۆکەکە دەگرێتەوە
هەڵەچنەکان هیچ شتێک ناخەنە سەر ناوەڕۆک، بەڵام ئەوانەى پێداچوونەوە دەکەن، بەپێى پێویست شتى بۆ کەم و زیاد دەکەن و ناهێڵن نووسینەکە بەسەقەتى و ناتەواوى و هەڵەوە بگاتە خوێنەر. پێداچۆرەوە ناهێڵێ وشەى دووبارە لە نووسیندا بمێنێتەوە و، ڕستەكان و پەرەگرافەکان و سەرەبابەتەکان ڕێک دەخاتەوە؛ ئەمە سەرباری سەرجەم لایەنەكانی تری بابەتەكە. ئەو چەندان جار بە بابەتەکەدا دەچێتەوە و سەیرى دەکاتەوە تا دڵنیا بێتەوە لەوەى کە هەم لە ڕووى ڕێزمانى و ڕێنووس و سینتاکسەوە و هەمیش لە ڕووى ڕاستى و دروستى و لە ڕووى زانستییەوە ناوەڕۆکەکە تەواوە.
پسپۆڕی پێداچوونەوە وا دەکات کە خوێنەر پەیامەکە باشتر و ڕوونتر وەرگرێ و پەیوەندییەکى باشتر لەگەڵ بابەتەکە ساز بکات و باشتر لێى تێ بگات. هەڵبەت دەکرێ بڵێین هەر جۆرە نووسینێکى تایبەت و جیاواز، پێویستى بە پێداچوونەوەیەکى جیاواز هەیە؛ بۆ نموونە گرێبەستێک یان بەڵگەنامەیەکى یاسایى یان سیاسى یان…، هەر کامەیان پێویستى بە پسپۆڕێکى خۆى هەیە و، ناکرێ کەسێک کە زانستى یاساییى نەبێت، خۆى بکاتە هەڵەچن و پێداچۆرەوەى یاسایى! بۆیە بۆ ئەوەى پەیامەکە و مەبەستەکە بەدروستى بگاتە خوێنەر، پێویستە هەر نووسینێکی تایبەت لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایەکى ئەو بوارەوە بخرێتە بەر هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە. مەبەست لێرەدا ئەوەیە كە بۆ نموونە؛ پێداچۆرەوەیەكی ئەدەبی، جیاوازە لە پێداچۆرەوەیەكی بواری پزیشكی و هتد.
پێداچوونەوەى تێکست و کتێبە وەرگێردراوەکان
لە پێداچوونەوەى نووسینە وەرگێڕدراوەکان، هەموو ئەو کارانەى لەسەر بابەتە نووسراوەکان پیادە دەکرێن، لەسەر نووسینە وەرگێڕدراوەکانیش بە هەمان شێوە پیادە دەکرێن. بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە هێشتا کارى زیاتر لەسەر وەرگێڕانەکان ئەنجام دەدرێ، چونکە جگە لە پێداچوونەوەى زمانەوانى بەگشتى، پێویستە ئەوى پێیدا دەچێتەوە، لە ڕووى ڕاستى و دروستیى وەرگێڕانەوە و لە ڕووى “ئەمانەتى وەرگێڕان”یشەوە کارى لەسەر بکات. ئەو دەبێ نووسینى “لێوەرگێڕدراو” و “بۆوەرگێڕدراو” لەگەڵ یەکدا بەراورد بکات.
ئەوى پێداچوونەوە بۆ وەرگێڕانەکان دەکات، دەبێ زۆر وریا و زیرەک و شارەزا بێت؛ ئاخر ئەو دەبێ لە هەردوو زمانەکە شارەزا بێت و تێ بکۆشێت کە هەڵەکانى وەرگێڕەکە ڕاست بکاتەوە و، لە ڕێى ئەو نووسینانەوە زانیارى و بابەتى هەڵە دەرخواردى خوێنەر نەدرێت و ئەمانەتى وەرگێڕان بپارێزرێ.
یەکدەستکردنى ڕێنووس
کێشەى هەرە سەرەکیى ئێمە لە هەرێمى کوردستان بەگشتى و لە دەزگەکانى ڕاگەیاندن و دەزگەکانى چاپ و بڵاوکردنەوە بەتایبەتى ئەوەیە کە هێشتا “ڕێنووس” (املاء)یەکى یەکدەست و هاوشێوەمان نییە. هەر کەسەو لە مەیدانى نووسین و ڕێنووسدا بۆ خۆى لێ دەخوڕێ و باکیشى بەوە نییە کە ئەوى دی چۆن و بە چ شێوازێک دەنووسێت!
گەر سەیرى دەزگەکانى ڕاگەیاندن بکەین لە هەرێمى کوردستان، دەبینین کە هەر دەزگەیەک و هەر دامەزراوەیەکى میدیایى، ڕێنووسێکى جیاوازى هەیە بۆ خۆى! ئەمە لە ڕووى زمانەوانییەوە و لە ڕووى یاسا و ڕێساى زمانەوە لە وڵاتێکدا، کارەساتە! تاکە شوێنێکى فەرمى کە هەمانە و ڕێنووسێکى ئامادە کردووە، “ئەکادیمیاى کوردی”یە، کە ئەویش ساڵانێکە ڕێنووسەکەى ئەپدێیت نەکردۆتەوە. گەرچى تا ڕاددەیەکى زۆر ڕێنووسێکى باشیان نووسیوە و نزیکە لە شتێكی مەعقووڵ و ستاندارد، بەڵام زۆربەى دەزگەکانى ڕاگەیاندنى هەرێمى کوردستان پێڕەویی لێ ناکەن، یاخود پێڕەوى لە هەندێ شتى دەکەن و لە هەندێ شتیش نا. بەنیسبەت ئێمەوە وەکوو “ماڵپەڕی پێنووس“، پابەندین بە ڕێنووسى “ئەکادیمیاى کوردی” وەک بەرزترین دامەزراوەی فەرمیى زمانى کوردى. تا ئێستایش ئێمە هەر بەو ڕێنووسەوە دەنووسین.
شتێکى زۆر پێویستە کە هەموو زمانەوانان و پسپۆڕان و خاوەنئەزموونەکانى بوارى زمانەوانى، هەوڵى خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەى بتوانن ڕێنووسێکى یەکدەست ئامادە بکەن و هەموویشیان پێیەوە پابەند بن. لە هەموو وڵاتانى جیهان کاتێ ئەکادیمیاى زمان بڕیارێک لەسەر زمان دەدات یان وشەیەکى نوێ دەردەچوێنێت، هەموو دامودەزگەکانى ڕاگەیاندن و… پێیەوە پابەند دەبن و بەو جۆرە دەنووسن، چونکە حکوومەت لە پشت ئەکادیمیایە و بەسەریاندا دەسەپێنێ. پێویستە لە کوردستانیش ئەکادیمیاى کوردى ئەو ڕۆڵەى پێ بدرێ و ئەو شوێنگەیەى هەبێت و حکوومەت پشتگیریى لێ بکات و لە ڕووى داراییشەوە سپۆنسەرییان بکرێت تا بتوانن داهێنان بکەن و کاروبارى زمانەوانى بەڕێکوپێکى و زانستییانە بەڕێوە بەرن. بۆ یەکدەستکردنى ڕێنووس، پێویست بە ئەکادیمیایەکى بەهێز و تۆکمە و ئۆرگانیزەکراو هەیە.
گرنگیی زمانەوانی بەگشتی بۆ نووسەران
نووسەران دەتوانن شتی باش بنووسن و ناوەڕۆكێكی پڕبایەخ ڕادەستی خوێنەران بكەن، بەڵام مەرج نییە شارەزای هەموو وردەكارییەكانی زمانەوانی بن. بۆیە دەبێ كەسێك هەبێت ڕۆڵی پێداچوونەوە و هەڵەچنی بگێڕێت تا نووسینی نووسەران لە هەڵەی زانستی و ڕێزمانی و زمانەوانی بە شێوەیەكی گشتی خاوێن بكرێتەوە.
ئەوەی لێرەدا پێویستە تۆزێك بپڕژێینە سەری، ئەوەیە كە نووسەرانی بەڕێز دەبێ لانی كەم لە بواری ڕێنووس تا ڕاددەیەك شارەزا بن، چونكە ئەوەی كە بە بابەتەكەیدا دەچێتەوە، سەرەڕای هەڵەچنی و ڕاستكردنەوەی هەڵەی ڕێنووسی، بەڵام زیاتر ئاگای لە ڕاستی و دروستی و ڕوونی و ڕەوانیی نووسینەكە و ناوەڕۆك و ناواخنی نووسینەكەیە. ئەگەر نووسەر خۆی ڕێنووس بزانێت، لە ئەرك و ماندووبوونی پێداچۆرەوە كەم دەكاتەوە و وا دەكات ئەم، زیاتر خۆی بە كوالێتی و چۆنێتی و دۆخی ناوەڕۆكەوە خەریك دەكات نەك بە هەڵەی ڕێنووسی.
پێویستە كە زۆر بەجددی و شێلگیرانە كار لەسەر لایەنی زانستی و زمانەوانی بكەن
كاری پێداچوونەوەی زمانەوانی، كارێكی پسپۆڕانە و هەمەلایەنە و گشتگیرە. كارێكە پەیوەندیی بە ورد و دروشتی نووسینەكانەوە هەیە. تەنیا سەرقاڵی ڕاستكردنەوەی هەڵەی ڕێنووس و… نابێت و تێ دەكۆشێت كە لە كۆتاییدا بابەت و نووسینێكی پوخت و جوان و داماڵڕاو لە هەڵە و چەوتیی زمانەوانی و زانستی دەربچوێنێت و بیداتە بەردەست. تەنانەت پێویستە لە ڕووی ڕێڕەو و ئاراستەی مەنتقییەوە بابەتەكە ڕاستەڕێ بكاتەوە. دەبێ وا بكات كە خوێنەر لە كاتی خوێندنەوەدا قەت هەست بە ماندووبوون و بێزاری نەكات و دڵنیا بێتەوە لەوەی ئەم بابەتەی كە دەخوێنێتەوە، لە هەموو ڕوویەكەوە شیاوی متمانەیە و ڕاستێتی (مصداقیة)ی هەیە.
بێ گومان خوێنەری جددی و زیرەك هەن كە ئەگەر نووسینێك بەهەڵەشەیی و هەڕەمەكی پێداچوونەوەی بۆ كرابێت، پەی پێ دەبەن و دواتر متمانە بە نووسەرەكە یان ئەو دەزگەیەی بابەتەكە یان كتێبەكەی بۆ چاپ كردووە یاخود دابەزاندووە، ناكەنەوە و ئەمەیش خەسار و زیانێكی بەرچاوە و ڕەنگە قەرەبوو نەكرێتەوە. كەواتە هەم لەسەر نووسەر و هەمیش لەسەر ئەو دەزگەیە یان ئەو شوێنەی بابەتەكانی تێدا بڵاو دەكرێتەوە، پێویستە كە زۆر بەجددی و شێلگیرانە كار لەسەر لایەنی زانستی و زمانەوانی بكەن.
بینا و کۆڵەکەکانی وتار
جیا لە پرسی پێداچوونەوە و هەڵەچنی، کە کۆڵەکەی ڕاستنووسی و ڕەواننووسین و یارمەتیی خوێنەر دەدات کە لە وتارێک بگات، هەروەها ستانداردی نووسینیش هاوکات ئەو دەرفەتە دەگونجێنێت کە پەیامی وتارنووس وەربگیرێت. بۆیە پێداچوونەوەی زمانەوانی و هەڵەچنی لەگەڵ ستانداردی وتارنووسین یان پۆلێنکردنی فکر و مەبەست لە نووسیندا، تەواوكەری یەكترین.
ستانداری وتارنووسین یان پۆلێنکردنی بابەتی نووسین لە وتاردا لەسەر بنەمای “سەردێڕ” (Title)، “دهسپێک یان سهرهتا” (Preamble –Ingress) و “تێکستی جووڵاو یان تێکستی نان” (Flowing text) بەڕێوە دەچێت. هەرسێ چەمکی سەردێڕ، دەسپێک و تێکستی بزوێن (جووڵاو) ئەرکێکی تایبەت بە خۆیان لەسەر شانە. بوونی ئەم ستانداردە هەم شارەزاییی نووسەر پێشان دەدات، هەمیش ئاسانکارییە بۆ تێگەیشتن لە بابەتێک، چونکە نووسین بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما، بینا و کۆڵەکەکانی نووسینی وتار، تێگەیشتن لە ڕاددەبەدەر قورس دەکات و هەمیش کاری پێداچۆرەوە (ئێدیتەر)ى زمانەوانی زۆر قورس و ئاڵۆز دەکات و تەنانەت لەوانەیە وتارێک بەبێ ڕەچاوکردنی ستانداردی نووسین بڵاو نەکرێتەوە. بۆیە هاوکات کە وتارێک دەبێ پێداچوونەوەی زانستی و زمانەوانی و هەڵەچنیی بۆ بکرێت، هەروەها پێویستە ڕەچاوی ستانداری نووسین (پۆلێنکردنی بابەت لەسەر بنەمای لێکجیاکردنەوەی وتار بەپێی سەردێڕ، دەسپێک و تێکستی جووڵاو)یش بکات و، دەبێ ئەو سێ ئامانجەیش (ڕەواننووسی، تێگەیاندن و کارتێکەری) بپێکێت.
کۆی ئەمانەیە کە پرسی پەیوەندیکردن ((communicationی سەرکەوتوو دێننە گۆڕێ و، ڕێک ئاستبەرزی لە هونەری پەیوەندیکردن لەگەڵ خوێنەردا چێ دەکەن. بۆیە گەیاندنی پەیامێکی ڕوون و ڕەوان، هەنگاوی یەکەمە کە دەرگە بەڕووی تێگەیشتن و گفتوگۆدا دەکاتەوە. بۆیە دەبێ دەقێکی باش بە زمانێکی ڕەوان و بێگرێ، زانیاری بە خوێنەر بدات. ڕێک لێرەدایە کە زمان هەم ئامرازە و هەمیش ئامانج؛ ئەمەیش هێز و دەسەڵات بۆ وشە دروست دەکات. لە وەها دۆخێکدا نووسین حەز لە خوێنەردا دروست دەکات و تا کۆتاییی نووسین لەگەڵ نووسەردا هاوسەفەر دەبێت و ئاستی زمانی کوردییش بە ڕێنووسێکی یەکدەست و ڕەوان بەرز دەکاتەوە.
سەرچاوەکان:
Siv Strömquist, Konsten att tala och skriva
Marika Tandefelt, Konsten att skriva