فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سـینەما سـیروان

ڕێبوار تەھا
شاعیر، ھەولێر
چەند ڕێكەوتێكی سەیربوو
من بۆ تەوافی قەڵات
تۆش بۆ ئەوەی ڕێگای چوونە بازاڕت كورت بكەیتەوە
لە كۆڵانی سینەما سیروان بەرەو ڕووی یەكتر هاتین
لەبەر دەرگای سینەما هەردووكمان بەرانبەر یەكتر ڕەق ڕاوەستاین
سەیری شیشەكانی دەرگای سینەمات كرد و گوتت: كوی
منیش ئاوڕم لە دوو پەنجەرە بچووكەكانی بڕینی پلیت دایەوە و گوتم:
تخوا قەت دەتوانی لەبیری بکەی
ئەو ئێوارانەی لەسەر پایسکلێکی ڕەش
لەدواوەی برادەرێکم دادەنیشتم، تەسجیلێکم لەدەست دەگرت و بە بەر دەرگاتان دادەهاتم،
گۆرانی (چۆن لەیادبکەم)ی نوری گەرمیانیم لێدەدا، کە گۆرانییە دڵخوازەکەت بوو، تاکو لەیادم نەکەی.
لە کۆتاییدا بێ هیوات کردم
وەك بێ هیوایی ئەو مێرمنداڵەی
کە بە نیازی دەرچوونی ئامێرێکی ڤیدیۆ
چەندین جار بە ڕۆژانەکەی مەکتەبی، بەختی خۆی
لێرە، لای یانەسیبەکەی مستەفا تاقیکردەوە و بۆی دەرنەچوو، وەك چۆن تۆ بۆمن نەبووی.
ئەدی بەبیرتە، دوو ڕۆژ مابوو مارە بکرێی
لە نێو سینەت  قاوغێک لەو شقارتانەت دەرهێنا کە نامەم تێیدا بۆ دەناردی
هەرچی نامە و یادگاریمان هەبوو خستتە ناو تەنەکەیەک و سووتاندت؟
بۆ ئەوەی قسەكانم پێ ببڕی گوتت: ئەرێ سینەما سیروانیان لۆ تێكدا؟