فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بیرەوەرییەکانی ژنێکی شۆڕشگێڕ و بوێر و خۆڕاگر ( مەلەکە مستەفا سوڵتانی)

ئاوێتەبوونی ئازار و ژانی دابڕان و خەبات  و هاواری ئازادی لە بیرەوەرییەکانی ژنێکی شۆڕشگێڕ و بوێر و خۆڕاگر..
(مەلەکە مستەفا سوڵتانی لە كتێبی ‘سێبەری قەلەبەرد لەسەر ئەڵمانە و تاڵەسوار’)

سەلما تۆما

 

زۆر سوپاس بۆ هاوڕێ و خوشك (کازیوە هەولێری)، کە ئەم کتێبەی لە هەولێرەوە بەدیاری بۆ هێنام و پێشکەشی کردم.
* * * * *
خوێندنەوە
ــــــــــــــــ
سەلما تۆما کاکۆ

‘دایکم سەری هەردوو کوڕە تیربارانکراوەکەی(حوسێن و ئەمین )ی لە باوەش گرتبوو . مەلای ئاوایی بە ڕەسم و یاسای مەزهەبی پێی گوت،کە ئاوا نابێ و شەرعی نییە، کە تۆ لێرە بی! دایکم گوتی من هێشتا تاسەم لە منداڵەکانم نەشکاوە و هەر ئەمشەو میوانن. دنیاش خراپ بێ جێیان ناهێڵم، دەبێ لە نزیکەوە گوێیان لە کزەکز و قرچەقرچی جەرگم بێ’.
ئەو چەند دێڕە ناخهەژێنانەی سەرەوە نموونەیەکن لەو بیرەوەرییە پڕ ئازارانەی خاتوو مەلەکە، کە لە لاپەڕە (١٤٥)ی ئەم کتێبە لەسەر هێرشی ڕژێمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان نووسیوەتەوە.

ناوی کتێب : سێبەری قەلەبەرد لەسەر ئەڵمانە و تاڵە سوار
بــابـــەت: بیرەوەری
نووسەر: مەلەکە مستەفا سوڵتانی
لاپەڕە: ٥٢٣
چاپ: دووهەم ، ساڵ ٢٠٢٤

 

 

 

 

ناوەڕۆك
ــــــــــــ
ئەم کتێبە دەرهاویشتەی خەیاڵ نییە و ئەو کەسانەی ناویان تێدا هاتووە کەسانی ناسراون و بوونیان هەبووە و هەیە، ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بریتیە لە گێڕانەوەی ژیانێکی پڕ لە بەسەرهات و زنجیرە ڕووداوی تراژیدییانەی ژیانی ژنە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە (مەلەکە)، کە لە ساڵی ١٩٥٧ لە داوێنی کوێستانی قەلەبەرد لە ئاوایی ئەڵمانەی مەریوان هاتۆتە دونیاوە، خوێنەر هەر لە دەستپێکی خوێندنەوەی بە زەحمەت دەتوانێ لە تاو  ئێش و ئازار و مەینەتییەکان ڕێگا لە فرمێسكەکانی بگرێ، لەوانە :
١-  تیربارانکردنی دووبرای پێکەوە بە ناوی
(حوسێن و ئەمین) لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی لە شاری مەریوان.
٢- شەش ڕۆژ دوای تیربارانکردنیان کاك فوئادی برای شەهید کراوە، کە( یەکێك بووە لە دامەزرێنەر و کەسایەتییە گرنگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە خۆرهەڵات).
واتە لە ماوەی یەك هەفتەدا دایە بەهیە و ئاپۆ (حەمە ڕەشید مستەفا سوڵتانی) سێ کوڕیان شەهید دەکرێن بەمەش مەلەکە سێ برای لەدەست دەدات.
٣- لە ساڵی ١٩٨١ دوو برای دیكەی (ماجید و           ئەمجەد) پێکەوە لە زیندانی تەورێز گوللـەباران کراون.
٤- لە ساڵی ١٩٨٧  مەرگی دکتۆر جەعفەری هاوسەری، کە یەکێك بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە، لە ڕووداوێکی تەمومژاوی هاتوچۆدا.
٥- لە ١٩٩٤ و ١٩٩٥  کۆچی دواییکردنی دایك و باوکی لە ماوەی شەش مانگدا.
٦- لە مانگی هەشتی ٢٠١٦  کۆچی دواییکردنی بەیانی تاقە کچی لە تەمەنی (٣٣) ساڵیدا، دوای نەخۆشکەوتنی بۆ ساڵانێکی زۆر.
جگە لەمانەش لەدەستدان و شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆری خزم و دۆست و هاوڕێیانی و چەند جار گیرانی خوشک و براکانی تری، کە هەموویان کاریگەریەکی ڕاستەوخۆیان هەبووە لەسەر نائارامی ژیانی، بەڵام هەرگیز نەڕووخاوە و کۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئەو بیروباوەڕەی، کە بە پیرۆزی زانیوە.
زمانی نووسین
ــــــــــــــــــــــ
نووسەر بە کوردیەکی زۆر پاراو و ئاسان بۆ تێگەیشتن و بێ گرێ بیرەوەریەکانی نووسیوەتەوە و ڕووداو و بەسەرهاتەکانی لێزانانە بە یەکتری بەستۆتەوە و وەك ئاسانکاریەك  بۆ خوێنەر لەتەك بەرواری کوردی  گرنگی بە نووسینی بەرواری زایینیشی داوە.
مەبەستی نووسەر
ـــــــــــــــــــــــــــــ
نووسەر شان بە شانی خوشك و براکانی و هاوسەرەکەی وەك چالاکوانی بواری ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە و مامۆستا و دواتریش پێشمەرگە خەباتی کردووە و هەمیشە خۆڕاگر بووە،  بوێرانە  بیرەوەری خۆی لە  هەموو قۆناغەکانی ژیانی ڕاستگۆیانە نووسیوەتەوە، کە ئامانج لێیان تەنها گێڕانەوەی ئازارەکان نییە، بەڵکو پەیامئامێزن و زیاتر مەبەستی گەیاندنی زانیاریە بەو کەسانەی، کە خۆیان لەناو کێشە هاوشێوەکاندا دەبیننەوە  بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بێنن وەك چۆن خۆی ئاماژەی پێکردووە، بەتایبەتی لە کێشەی نەخۆشی بەیانی کچی، ئەویش بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو کەسانەی، کە ئەم ڕێگایەیان تێپەڕاندووە.
تێبینی
ــــــــــــ
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کراوەتە( ١٠)
بەش، هەر بەشە و تایبەتە بە گێڕانەوەی چەندین ڕووداو ،کۆتا بەشەکانیش (١٠،٩):
١- بەشی (٩)  پاشکۆی کتێبەکەیە، کە بریتیە لە کۆمەڵێك نامە بەپێی ڕووداو و بەروارەکان ڕێکخراون، کە بۆ کارەسات  و یادکردنەوەی بۆنە دڵتەزێنەکان و بواری جیا جیا نووسراون.
٢- بەشی دەیەم چەند لاپەڕەیەکە تەرخانکراوە بۆ کۆمەڵێك وێنەی هەندێ لەو کەسانەی، کە لە بیرەوەریەکان ناویان هاتووە و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن.
٣-  زۆربەی ڕووداوەکان بەچەند دێڕە شیعر وەسفکراون و لە لاوانەوەش شیعر ڕۆڵی هەبووە.
٤-  ئەو ڕووداوانەی ئاماژەم پێکردوون دڵۆپێکن لە دەریای بیرەوەرییەکانی مەلەکە،  ئەوانەی تر بۆ خوێنەر جێدێڵم تا لە گەورەیی و ئازایەتی ئەو ژنە خۆڕاگرە بگات و لە چێژی خوێندنەوەیان کەم نەبێتەوە.
لە کۆ تاییدا
ــــــــــــــــــ
دەستخۆشی لە خاتوو مەلەکەی خۆڕاگر دەکەم، کە سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیدانە و ئازارە بەسۆیانەی، کە هەرەس بە کێوان دێنن توانیویەتی لە کاروانی خەبات دانەبڕێ و ئەو هەموو هەوراز و نشێوانە ببڕێ و خامە و بیری بخاتە گەڕ بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی
و ورەی هەزاران ژنی پێ بەرزبکاتەوە، کە لە لێواری داڕمانە، هەمیشە سەرکەوتووبێ.