فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لێگەڕێن با ژیان سەما بکات….!

لێگەڕێن با ژیان سەما بکات……!

بەیان ئیبراھیم/ شاعیر /  سلێمانی

کاتێ ژنێک بە پڕچی شنەبا دەنوسێتەوە
لێگەڕێن با بەهار جوانی بنوسێتەوە
کاتێک ژنێک
سەوزایی بە فلچەی سنەوبەرەکان ڕەنگ دەکات
بێ دەنگ بن و گوێ بگرن
کاتێک ژنێک بیابانێک
بە گۆرانی باران پاراو دەکات
بێ دەنگ بن با ژن گۆرانی بڵێ
ڕابوەستن و دەست لەسەر سنگ دانێن
کاتێک ژنانێک بە شەقامەکاندا گوزەر دەکەن
ئەی نابینن دوای ئەوان
شەقامەکان هەڵدەستنە سەرپێ و
هاوار دەکەن چەند جوانە جێ پێکانیان
چاو دابخەن
تا تێبگەن بێ ژن ژیان چەند ناشیرینە
بێ ژن شیعر ناژی
گۆرانی باڵا ناکات
لێگەڕێن با ژن بە پێنوسی هەڵم
حیکایەتی (ئاو)تان بۆ باس بکات
ئەم خوێنانە ڕاگرن
کە ڕۆژانە لە جەستەی بەهار دەتکێ
کە ئاسمان دێنێتە قسە
چۆن دەبێ لە بەرزاییەکانەوە
گۆرانی و شیعر بۆ ژن بڵێن
لەپشتەوە پڕ بن لە گۆڕی ژنانی بێ ناونیشان
ئەی ناترسن نیشتمان بتۆرێ
باران توڕە ببێ و
بەفر ڕووی خۆی ڕەش بکات.
٢٠٢٤/١١/٢٤