بەدنوومیی ژمارە سیازدە
د.مستەفا زەنگنە/ نووسەر/ هەولێر
مناڵبووم، مام نەزەر بەقزناغێکەوە خەریک بوو خەرمانێ گەنمی دەپێوا،بەدەنگی بەرز دەیوت،ئەمە یەک،ئەمە دوو، تاگەیشتە دوازدە، دوای ئەوسا وتی،ئەمە زیادە.. منیش هاوارم کردو وتم، مام نەنەزەر ،لەدوای دوازدە،سیازدە دێ. پێکەنی وگوتی:-کوڕم ئەگەربڵێم سیازدە، ئیتر خەرمانەکە بەرەکەتی نامێنێ..پێم وت:-بۆ؟
لەوەڵامدا وتی:-ئەمە لەباو باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە،هەرواهاتووەو واش ئەڕوات، گەرگەرەکتە بزانی بۆ، ئەوەبچۆ باباوکت،کە معەلیمە ،پێت بڵێ مەسەلەچییە من لەنهێنیی ئەم قسەیە نەگەیشتم، گەورەبووم و چوومە دواناوەندی، ڕۆژێک قەشەی برادەرم لەوانەی بیرکارییا سفری هێنابووەوە، وەرەقەی تاقیکردنەوەکەی بەدەسەوەبوو، ئەهات وئەچوو، هاواری دەکردو دەیگوت:-ئاخر من خۆم ناوچەوانم سیانزەیە.مامۆستا بڵێ چی؟منیش پێم سەیربوو قەشە بۆ وائەڵێ،وائەڵێ، سیانزە چ پەیوەندیی بە سفرەوە هەیە. وتم قەشە رەقەم سیانزە عەیبی چییە؟ لەوەڵامدا وتی بەمامۆستای بیرکاری بڵێ؟.پێنجی ئامادەیم تەواوکردو، ویستم بچم بۆ بەغدا تالەزانکۆی بەغدا وەربگیرێم، قەول وابوو بەیانی زوو بکەومە ڕێ، ڕۆژی دوایی جل وجەواڵم دایە شانما بڕۆم، دایکی ڕەحمەتیم گوتی :-ئیلاو بیللا سەفەرەکەت دەخەیتە بەیانی، باوکی ڕەحمەتیشم وتی :-بۆ دوای بخات؟ دایکم گوتی:-ئاخر ئەمڕۆ سیانزەی مانگەو شوومە، لەدڵم نایە کوڕەکەم لەم ڕۆژەیا سەفەر بکات، باوکم پێ کەنی وگوتی:- گوڵە ئەوە خەرافیاتە بڕوای پێ مەکە، منیش دڵی دایکم نەشکان و سەفەرەکەم خستە ڕۆژی دادێ.
جارێکیان سەفەرم کردو چوومە وڵاتێکی بیانی، کە سواری ئەسڵانسێرەکە بووم بچمە نهۆمی سیانزەی ئوتێلەکە، دەبینم لەدوای دوازدە ژمارە چواردە نووسراوەو، ژمارە سیازدە لە ناو نهۆمی ئوتێلەکەدا نییە،پێم سەیر بوو، ڕۆژی دوایی لە ڕسێپشنەکەم پرسی بۆ لە بریی نهۆمی سیازدە نووسراوە چواردە؟ لەوەڵامدا وتی:-ژمارە سیازدە بەدناوەو، هیچ میوانێکی بیانی ئامادە نییە نەلەنهۆمی سیازدە نەلەژووری ژمارە سیازدەدابۆ سەعاتێک چییە بمێنێتەوە. منیش پێم سەیر بوو لەئەورووپاشدا ئەم بۆچوونە هەبێت. ئەوە بوو کرامە بەربژێر بۆ پەرلەمانی عێراق، ڕیزبەندیی ناوەکەم سیازدە بوو، دۆست و برادەران پێیان گوتم،ئەو ژمارەیە غەڕەو، مایەی شوئم و ناخۆشییە بچۆ بیگۆڕە، منیش وتم نایگوڕم، لەکاتێکدا دەمزانی، کەس ئامادە نییە دەنگ بەو ژمارە نەحسە بدات. بەڵام من نایگۆڕم تا بزانم مرۆڤەکانی ئێمە جەوهەری کەسەکەیان دەوێ یان بیرو بۆچوونێک کە هیچیان فڕی لێ نازانن و ناشزانن حکایەتی غەڕیی ژمارە سیازدە چیێە؟ حمد بۆ خوا لەو هەڵبژاردنەدا دەرنەچووم، پیاوەتییەکەش بۆ ژمارە سیازدە دەگەڕێتەوە، بۆشم دەرکەوت لەناو ئێمەی کوردا هێشتاکە،عورف وعادەت و بۆماوە کۆمەڵایەتییەکان، زیاتر جێی بایەخن لەوەی تۆ چیت و چیت پێیە.
بۆ شیکردنەوەی چیرۆکە جیاوازەکانی هۆکاری بەدفەساڵیی ژمارە ۱۳، چاوەڕێی نووسینی داهاتووم بن، کە بەوردی بۆتانی ڕوون دەکەمەوە.چونکە دڵنیام ئێوەی بەڕێزیش کاریگەریی ژمارە سیازدەتان لەسەرماوە.