فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

 ئاوڕێک لە فیلمی UGLIES، بەرهەمی 2024, Netflix

 ئاوڕێک لە فیلمی UGLIES، بەرهەمی 2024, Netflix

بێگەرد ساڵح/ نووسەر/ تورکیا

من زۆر حەز بە فیلمی ژانری “ئاخر زەمەنی” ناکەم، بەڵام فیلمی UGLIES (ناشیرینەکان) زۆر سەرنجی ڕاکێشام، لە دیستۆپیایەک کە مرۆڤەکان زیاتری سامانە سرووشتیەکانیان لە ناو بردووە، شارێکی ئێجگار مودێڕن و پێشکەوتوو بە باڵاخانەی سەمه‌رە و فرۆکەی سەیر دەردەکەوێ، لەو شارەدا منداڵان لە بنکەگەلی تایبەت پەروەردە دەکەن و هەمووان لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا ناچارن جوانکاری بکەن، بەڵام چ جۆر جوانکارییەک! هەر لە بنەڕەتەوە ده‌یگۆڕن بە کەسێکی دیکە بەڵام زۆر جوان (هەڵبەت مەبەست لە جوان بە پێوەری جیهانی سەرمایە). بەڕێوەبەرانی شار وا لە مێشکیاندا جێگیر دەکەن کە رووکاری سرووشتی مروڤ چەند ناشیرینە و کەمایەسی هەیە و بۆ دەرکەوتن و پێشکەوتن دەبێ هەموو ملکەچی نەشتەرگەریی جوانکاری بن، جێگەی سەرنج ئەوەیه کە ئەو نەشتەرگەریە جگە لە گۆڕانی شێوە، مێشکی کەسەکانیش دەگۆڕێ و جگە لە هەندێ یادگە نەبێ، شێوازی ڕوانینیان بۆ جیهان و بایەخەکان و بیرکردنەوەیان دەکاتە ئەو شتەی کە ڕێبەری شار دەیهەوێ.
دیارە وەک هەموو فیلمێکی دیکە، بەرانبەری ئەمان دەستەیه‌کی دیکە هەن کە وەک دوژمن سەیر دەکرێن. ئەمان هەوڵ بۆ لەناو بردنی دیستۆپیاکە دەدەن و بانگەشەی نەچڕاڵ بوون و سرووشتی بوونی کەسەکان دەدەن؛ کە هەڵبەت لەو پێناوە گەشەی فیکری خەڵکیان مەبەستە، لایەنگرانیان بە دزیه‌وە کتێب دەخوێننەوە و بۆ دەرباز بوون لە نەشتەرگەری لە شارەوە هەڵدێن بۆ ناو ئەم گرووپە…
فیلمەکە تژییه کە ئەو چەمکانەی کە له ڕێگەی دیالۆگەوە دەیهەوێ ئەو سیاسەتە کاپیتالیستیە کە ئێستا بەسەر جیهاندا زاڵە بۆ بەردەنگ لێکبداتەوە و بەرەنگاری دەبێتەوە؛ ئەو چه‌مکانەی کە بۆدریار لە کتێبی “کۆمەڵگای مەسرەفی”دا ناوبردەی دەکات. یەک لە دیمەنەکانی ئەم فیلمە ئەو کاتەیە کە کاراکتەری سەرەکی فیلم لەو شارە هەڵدێت و چاوی بە دایک و باوکی یەک لە هاوڕێکانی دەکەوێ و دەڵێ: چ سەیرە کە تۆ چەنێ لە دایک و باوکت دەچی..!
بۆ سپۆیڵ نەبوون، پێشنیار ده‌کەم بۆخۆتان چاوی لێبکەن!