فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گێرەکردنی دەریا

شکار موحەمەد/ شاعير / گەرميان

 

من مرۆڤم؛ بۆ ئەوەی بژیم

لەگەڵ مەرگ گرەو لەسەر ژیان دەکەم

ژیان دەستم لێ هەڵناگرێت

مردنیش بەدوامەوەیە

ژیان دەیەوێت بمکاتە خۆراکی خۆی

مردنیش دەیەوێت بمکاتە خۆراکی گڵ

 

ئەم شەوانە ساردن

وەک هەناسەکانی باوکم درێژن

وەک چاوەڕوانیەکانی دایکم

منیش لەناوی گوێلی ئەم دەریایەدا

شەپۆل یاری بەخەونەکانم دەکات و

ژیانم سەرەو خوار دەکات

ئاخۆ کۆتا خەندەم بۆهەمیشە ون دەبێت

یان دەگەم بەوخەونانەی

چەند ساڵە

بە خەیاڵی ڕەنگاو ڕەنگ لە هزرمدا کێشاومن

وەڵامی ئەم پرسیارە لای کێیە؟

من لە ژیان ڕادەکەم

بەدوای ژیاندا دەگەڕێم

لەوەتەی هەم لەسەر ئەم یارییە بەردەوامم..

بۆیە بەبێ شەڕکردن

لەگەڵ مەرگدا

ئەستەمە بگەمە ژیان

 

من هەنگاوێک و دووان و سیان ئەژمێرم

دوور

دوور

دوورتر دەبم لەبۆنی دایکم

ئاخۆ دوا باوەشی لەگەڵ جەستەم دەبێتە خۆراکی دەریا،

یان لەدورەوە بۆنی مێخەکەکەی دەکەم؟.

 

دایکم لەگەڵ وێنەکەم دا ئەدوێت

لەگەڵ وێنەکەم تانیوەی شەو دوعادەکات

بەسەر بەرماڵەکەوە خەوی لێدەکەوێت

لەپڕ خەونێکی ناخۆش

دەبینێت و ڕووبارێک فرمێسک دەڕێژێنێ بەسەر وێنەکەمدا

 

دەریا تینوی مرۆڤە

مرۆڤی پەنابەر تینوە

بەخەونەکانی

تینوە بەحەزەکانی

دەریا لەفرمێسک درووست بووە

دەریا ئامێری هەڵلوشینی پەنابەرە

دەریا تێر لەمرۆڤی پەنابەر ناخوات

 

من باش دەزانم لەدوای خۆم

تەنها لەبیرەوەری دایکمدا دەمێنمەوە

دایکم لەدوای من، گرێ لەپەتی دڵخۆشیەکانی ئەدات و

پێکەنینەکانی ئەبن بەفرمێسک و بۆ دووری من

داری چاوەڕوانی پێ ئاودادات!.