فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر چییە؟

شیعر چییە؟

دڵزار حەسەن/ نووسەر/ هەولێر

پێناسەیەکی زۆر بۆ شیعر و شاعیربوون کراوە، ھەریەکەو لە دیدو جیھانبینی خۆیەوە شوناسێکی بۆ شیعر دیاریکردووە.
وەک بەشێک لە توێژەران دەڵێن: ھێندە ھەڵدەزنێ بە باڵای شیعرەوە، وەک ئەوەی تیورێکی نوێی دۆزیبێتەوە. لای ( ئیبن خەلدوون ١٣٣٢ – ١٤٠٦ م ) شیعر ڕەوانبێژییەکی خاوەن کێش و سەروایە، ئەو ڕوانبێژییە پاراوو پەتییەیە، کە لەسەر خواستن و پیاھەڵدان بەندە. لەوەدا دەردەکەوێ دەربڕینێک، ناسک و شیرین نەبێت و خواستن و زمان پاراوی تێدا نەبێت، جوداش نەبێت لە ئاخاوتنی دیکەدا، ئەگەر ئەوەی لێوە ڕوونەدات، باشە بە چیدا بزانم ئەوە شیعر؟ ( ڕاغبی ئەسفەھانی ٩٥٤ – ١٠٠٨ م ) پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە دەڵێت: شیعر زانستێکی وردە، ھەموو ئاخاوتنێکی کێشداریش مەرج نییە شیعر بێت.

ئەسپی نەفست دێت و دەچێ، گەرمە عەنانی
ئەی مەستی ڕیاضەت هەڵە! هۆشیاری جڵەوبە
نالی

تاڵ و شیرین پێکەوە نەمدیوە چابێ، چا، نەبێ
ھەرکەسێکی ھەمنشینی، چا نەبێ، پێت چا نەبێ
حەریق

لە وێرانەی دڵی شێواوم شین و واوەیلایەو ڕۆڕۆ
ئاوڕێک بەربۆتە هەناوم دێتەدەر لە هەناسەم بۆسۆ
بووم بە ئەفسانەی وڵاتان شار بە شار ماڵ بە ماڵ کۆ بە کۆ
خاڵی چاوت گۆشەی ئەبرۆت دوو دینیان کردم لەسەر تۆ
یان بمکە پیری مەیخانان یا مریدی خانەقات بم
ڕووحەکەم ڕووی خۆت بنوێنە تابەکەی کوشتەی نازت بم
دەمەکەت وەتەکەڵووم بێنە تا نەمردووم هەمڕازت بم
جارێک بە کەرەم بمدوێنە بە فیدای دەنگ و ئاوازت بم
مەیڵی ئەبرۆی تۆ قەت نانێم غەم زەدەی چاوەکەی بازت بم
من کە هاتوو قیبڵەم گۆڕی یاخوا کافر بێ جەڵابم
وەفایی

خەم لەدڵ بۆ فەوتی شادی مەیلی سەرخۆشی ئەڪا
سوبحی عەشقە شەمعی عەقڵم ڕوو لەخامۆشی ئەڪا
سالم

نووسەری ئازیز حەمە سەعید حەسەن لە کتێبی قوڵپی گریان وتەیەکی شیرینمان لە ( پۆڵ ڤالێری ١٨٧١ – ١٩٤٥ م)یەوە بۆ دەگوازێتەوە، کە دەڵێت: شیعر ھێنانە سەمای وشەیە. لە جێگەیەکی دیکەدا دەڵێت: شیعر گوێز نییە، توێکڵەکەی شێوە بێ و کاکڵەکەی نێوەڕۆک. نێوەڕۆک و شێوە پێکەوە لە دایک دەبن و دەژین و بێ یەکدی ھەڵناکەن و دەمرن.
وشە لای شاعیر خستنە سەمایەتی، دەبێ بی لەنجێنێ. شاعیر شتێک وێنا دەکات، وەکوو ئەوەی خۆت بینیبێتت. لای دانتی شیعر کەوتنە بەسەر ڕامان و بیرکردنەوە، کە وا لە خوێنەربکات بکەوێتە نێو قووڵایی ماناوە.
( نیتشە ١٨٤٤ – ١٩٠٠ م )لەبەر ئەو ھەموو پیاھەڵدان و یاریکردنەی، کە بە وشە و کارەکتەر دەکرێت، بۆیە ڕۆماننووس بە درۆزنێکی گەورە ناو دەبات. ئەسفەھانیش ئەوە ناشارێتەوە، کە شاعیر درۆزنێکی بلیمەتە، پێشیوایە کامە شیعرە، زیاتر درۆیە!؟ ڕەنگە ئەفلاتۆنیش ھەر ھێندەی ئەوانە لە شیعر گەیشتبێ، بۆیە لە کۆمارەکەی دەریکردوون. ھۆکاری زۆریش ھەن لە قورئاندا سوڕەتێک بە ناوی شاعیران ( الشعراء ) یاداشتبکرێ ( والشُّعَرَاءُ يَتَّبِعُهُمُ الْغَاوُونَ ).
بە دیوێکی دیکەوە بەھرە و توانایی لای نووسەرێکی مەزنی وەک (ھەمزە تۆڤ) مەرجی بنەڕەتین، بۆ شاعیر بوون. لە داغستانی مندا دەڵێت: بەھرە پێویستی بە پیاڵدان و دەرکێشان نییە، خۆی ڕێگەی خۆی دەکاتەوە و وەک کانی دەتەقێ.
ئەگەر وشە لە دونیادا نەبوایە دونیا وەکو ئێستا نەدەبوو، شاعیر سەد ساڵ پێش دروست بوونی دونیا هاتۆتە دونیاوە، پیاوێک بوێرێ شیعر بنوسێ و زمانیش نەزانێ وەکو شتێکە کە مەلەوانی نەزانێ و خۆی فرێبداتە نێو روبارێکی هەڵچوەوە.
(ئەڕستۆ) لە کتێبی ھونەری شیعردا، نکۆڵی لەوە دەکات، کە شیعر ھەستێکی سۆزداری بێت، بەڵکوو بە پرۆسەیەکی تەواو عەقڵانی دەزانێت و شاعیران بە سەرووتر لە فەیلەسووفان پێناسە دەکات.