فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گوڵدان 

گوڵدان 

ستار ئەحمەد/ شاعیر/ کەرکووک

ژنێک خۆی دەنووسێتەوە،
پیاوێک دوایین وشەیەتی.
مناڵێک دێڕی سەرەتاو،
دایکێکی پیر ناونیشانی،
خەندەی لێوان پەراوێزی.
ژنێک هەر لەشیعر دەچێ،
لەژێر ساباتی پەیڤێکا،
نووسین ئاوەژوو دەکات،
پێنووس دەبێتە ئازیزی.
ئەو لەڕستەدا خۆی دادەکەنێ.
ژنێک لەسونبوولی پیتا نەبێ،
ناتوانێت نیگاری جوانی،
لەسەر ڕوومەتی ئەوین هەڵکەنێ.
ژنێکە، تریفە لەمانگ دەدزێ.
چرۆ لەتیشکی بنەوشەیی،
تین لەخۆر،
باران لەهەوردا ڕادێرێ.
فرمێسک بەچاو دەناسێێ.
خەندە لەلێو دەنەخشێنێ.
خۆی دەکات بەفریشتەی شەو،
بۆ جەژنەزای سەرە دێڕێ.
ژنێک تینوو..
بەگوڵشەنی پرشنگی ڕۆژ،
ڕاهاتوو بەگریەو ئەدگار.
ڕانانێکە بۆ تاری شەو،
چڵ دەڕوێنێ لەقەدی دار.
ژنێک گوڵشەنی پەڕتووکە،
سەرە داوی گرێی ژانە.
ژنێک وەک من..
ژیلەی شیعرە،
گوڵدانێکی بێ گوڵدانە.
ـــ ستار ئەحمەد ـــ