فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دوو شیعری تری عەبدولمونعیم عامر

دوو شیعری تری عەبدولمونعیم عامر

وەرگێڕانی: نووری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

(١)
لەوانەیە بەیانی لە زینداندا بمریت
لەوانەیە بەیانی لە زینداندا بمریت
فریشتەی مەرگ پەلەی کارەکەیەتی و
وەک عاشقێک چاوەڕێی هاتنی شەو ناکات،
تا لەگەڵت بێتە خەڵوەت!
لە زینداندا هەموو ئەگەرەکانی مردن هەن
تەنانەت مردن بە دەستی مرۆڤیش
لە ژووری زینداندا،
پەنجەرە نوێنەرایەتیی ئازادی دەکات
ئەو ئازادییە گەورەیەی،
کە لە بستێکی دیوارەوە دێتە ژوورەوە
سەردانەکانی خۆر دەم دەمین
شەرابی زیندانییەکان لە کاتی پشوودایە
چاودێریان دەکەم، بە ڕووناکی سەرخۆش دەبن
لە ڕاڕەوەکەدا، چاوەکان باوەش بە یەکتردا دەکەن
دڵەکان، چاودێری دەکەن و مەودای ئاسایش دەپشکنن
جەستەکان، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە فێری زمانی گومان دەبن
پێست، دەبێتە خاوەنی بیرەوەری و
و بیرەوەریش، لەشسووکیی ئاسکێکی دەبێت،
ئەگەر دەستێک درێژ ببێت
ژنان لە زینداندا، خەیاڵن یان تیغی گوێزان
لەوانەیە بەیانی لە زینداندا بمریت
تیغ لە دەستی عاشقێکدا جێ مەهێڵە
لەوانەیە بە دەنگی خۆشەویستەکەی بکەوێتە خەڵوەت و
و شاخوێنبەری خۆی ببڕێت
بۆ خۆکوشتن نا،
ئەو دەیەوێت خەیاڵی خۆی تەواو بکات؛
مردووەکان خەونبینی تاهەتایین
لە زینداندا وردەکارییەکانی ڕووخسارت لەبیر دەکەیت
ئاوێنەکان ئەو ژیانەت وەبیر دەهێننەوە،
کە لێی ڕاهاتووی
لەوانەیە بۆ ساڵانێک ڕووخساری خۆت نەبینیت
یان ڕەنگە بە ڕێکەوت بیبینیت و
وەک ئەوەی هیچ مانایەکی بۆت نەبێت،
ڕێی خۆت بگریتەبەر و بڕۆیت!
(٢)
لە ڕێگای زیندان
لە ڕێگای زیندان،
دیلەکە بە هاوڕێکەی دەڵێت؛
سبەی یەکەم ڕۆژی تاهەتایی نوێیە
ئەوەتا وڵات لە پشتمانەوەیە و
دوژمن نەیهێشت بە پێی پەتی بەسەر دڕکەکانیدا بڕۆم
هاوڕێم، ڕۆژانی سارد دێن
ئەوەندەی دەتوانیت،
خۆری ناسیرە لە ئێسکەکانتدا بشارەوە!
منداڵەکانمان لە پشت دیوارەوە گەورە دەبن
بێی جلەکانمان بارانێک دەبارێت
بایەک دێت و خلەوخەرمان تێک دەدات
بەڵام خودا بە دەستە میهرەبانەکانی،
هەنگاوەکانی ڕاکردنمان بە بنمیچەکەدا هەڵدەواسێت!