بمکێشە لە شیعرێکدا
ئەتنووسمەوە لە وێنەیەکدا
گوڵاڵە عوسمان/ شاعیر / سلێمانی
پۆرترێتێکم …………. بکێشە
بە قاچی کۆترێکەوە بیبە ستە
نیگاتی بە دوادا بنێرە بزانە بۆ کام دەلاقەی چاوەڕوانی دەبات .
کەڤاڵێکت لە ڕەنگی تەنیاییم
بۆ دەکەم ،
هەڵیدەواسم بە ئاوێنەی ژوورەکەمدا
هەرکات ونبووم ئەمدۆزیتەوە .!
وێنەیەکی ڕەش و سپیم
بخەرە ئەلبوومی سەرهەڵگرتنەکانتەوە
ئەوکاتانە سەیریبکە کە خۆت نیت .!
کڵێشەیەکت لە لاپەڕەی گۆڤارێکدا دەکێشم و
لە سەری دەنووسم ڕۆژ نییە بە خەیاڵ خۆم نەکوژم .
ئەوکاتەی کە چاوەڕوانی هاتنی تۆم دەکرد ئەمەم دەگوت !
وێنەیەکم بخەرە کیفی پارەکەتەوە
هەرکەس بینی ، بە هەناسەیەکی فێنک بڵێ : ئەڤیندارمە ئەڤیندار .
وێنەیەکت
دەنێرم بۆ دوورترێن شوێنی دڵم و
لێی دەپرسم : هەواڵێکی ئەم غەریبە دەزانیت ؟
لە وێنە کێشێکی سەر شەقامم بیست
وتی : من لە ڕوخساری ئەوەوە فێربووم جوگرافیای هەموو جیهان بکێشم .
وێنەیەکت لە سەر پەنجەرەی ژوەرەکەم دادەنێم تا هەموو بەیانیەک لە گەڵ چۆلەکەکان تەنیاییەکانم بدەن بەدەم باوە .
سکێچێکم لە دەفتەری یادەکانتدا
بکێشە تا هەنگاوە زەرد و وشە سورەکانت ئارامیت بشێوێنن .
یان
لە وشەکانتدا دەرمبهێنە
یان
ئەوساتەت ئەکەم بە شیعر کە تەنیا لە ( ناو) ی مندا کۆنەبوویتەوە . .
یان
ئەو دەمانەم بکە بە شاکار کە بەناوی خۆمەوە بانگت نەدەکردم .
یان
تابلۆیەک دەکێشم و
تۆ لەناویدا لە دەرگایەکەوە دەڕۆیت و
منیش سوراحییەک ئاو ئەڕێژم بەدواتا بەنیەتی ڕ ۆ ش ن ا یی .