رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٧٧٤
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم

زۆر هاتن! زۆر جەستەی نیمچە رووتی ژنان چوونە ناو دەریاکە، لەسەر لمەکەش لەسەرپشت راکشان، جاروباریش لاستیکە باریکەکەی سەرسمتیان دەگۆڕی. بەپەنجەکانیان وێنەی دڵیان دەنەخشاند، بەرلەوەی شەپۆلەکە بیانسڕتەوە، بۆ پۆستکردن وێنەیان دەگرت. بەڵام ئەو؛ هەر خەریکی لمەکە بوو، هەڵسایەوە دەستەکانی داتەکاند، پەیکەرەی دەرکەوت، چەند فۆتۆیەکی گرت. گیتارەکەی لەشانکرد؛ ماندووبوون، زەوق، هونەرە لماوییەکەی بە میوانی بۆ کەنارەکە جێهێشت، رۆیشت.