فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سینەما وەک عاشق بوون

سینەما وەک عاشق بوون

 

نیهاد جامی/ نووسەر و شانۆکار/ فەرەنسا

بەدرێژایی مێژوو سینەما ئەو هونەرەیە رووبەری پەیوەندی لەگەڵ کۆمەلگا فراوانتر دەکات، ئەوە ڕووبەرێکی کۆمەڵناسیانەیە بۆ تێگەیشتن لەبونیادە کولتوورییەکانی هەر کۆمەڵگایەک، ئەو هونەرە لەسەر ساتەوەختێک کار دەکات کە کاری توێژینەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگای کردووە بە رووبەری بینین، هەڵبەت ئەوەیان بابەتێکە دەتوانرێت ڕووبەری زیاتری بۆ تەرخان بکەین، لەدەرفەت و شوێنیتردا بگەڕێینەوە سەری، بەڵام ئەوەی لێرەدا هەلوەستەی لەسەر دەکەین، سینەما پڕۆسەیەکە وەک عاشق بوون، مرۆڤ کە گیرۆدەی بوو ناتوانێت دەستبەرداری بێت، هونەرێک بەرەو ئەوە ناڕوات بەکوێی دەگەیەنێت، ڕێک وەک عەشق وایە خەون دەبینێت، بەڵام دڵنیا نیە خەونەکەی لەکوێ دەبێتە ڕاستی، فیلمی “سینەما پارادیسۆ”ی دەرهێنەری ئیتالی گیۆزیف تورناتوری، ٣٢ ساڵ بەسەر بەرهەم هێنانی تێدەپەڕێت، بەڵام هەر کاتێک لێی دەڕوانین وەک ئەوەیە یەکەمجارمان بێت تەماشای بکەین، ئەوە بۆچی وایە؟
ئەو پرسیارە کاتێک ڕووبەروومان دەبێتەوە دەزانین هۆکارەکەی وابەستەی ئەو شێوازی بینینەیە کە تۆرناتۆری کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە تۆتۆ تیایدا پۆلین کراوە، هەڵبەت لەزمانی ئیتاڵیدا وشەی توتو واتە “هەموو” لێرەدا ناوی کارەکتەر وابەستەی مانایەکی سیمبولیە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو مناڵە کە عاشقی سینەمایە، ئەوەش وەک ئەوەی گوتاری دەرهێنەر پێمان بڵێت “هەموومان عاشقی سینەماین”
کردەی عاشق بوون بە سینەما لەڕێی ئەو کارەکتەرەوە دابەش دەبێت سەر سێ ئاستی تەمەنی مرۆڤ، سەرەتا توتۆی مناڵ دەناسین خۆی دەکات بەسەر دارو دیوار بەناو هۆلی سینەما، شێتیەکی هەیە ئەلفرێدۆی کرێکاری سینەماکە کە فیلمەکان کار پێدەکات تەواو لێی پەستە، نەک هەر ئەو تەنانەت دایکیشی تەواو لێی بێزارە، بەلام ئەلفرێدۆی مناڵ ڕووبەرووی هەموو ئەو ئەشکەنجەو ئازارە دەبێتەوە کە دایک و ئەلفرێدۆ بۆی درووست دەکەن، تا ئەوە ئەوانیترن مل بۆ عەشقەکەی کەچ دەکەن و ئەلفرێدۆ دەبێتە هاوڕێی گیانی بە گیانی.
توتوی دووەم توتوی عاشقە ئەو گەنجەی فیلمەکان بەڕاستی کردی بەعاشق و وەک کارەکتەری فیلمێکی ڕاستەقینە خۆی دەبینێتەوە، ئەو لە هۆڵی سینەما پارادیسۆ گەورە دەبێت، بۆیە وەک ئەکتەرێکی سینەمایی عەشق دەکات، تا ئەو کاتەی سەفەر دەکات و ئەو توتیە گەنجە کۆتایی دێت، بەهێزترین گرتە لەو کاتەدایە دوای سوتانی سینەماکە ئەلفرێدۆ ئیدی مرۆڤە بەهێزو بەتواناکەی جاران نەماوە بەچرپە لەبن گوێچکەی ئاگاداری دەکاتەوە کە بەهیچ جۆرێک نەگەڕێتەوە ئێرە، لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت گەڕانەوە تەنیا وەک یادەوەری فیلمەکان وایە، ئاستی سێیەمی کارەکتەر توتوی دەرهێنەری سینەماییە، عەشقی سەردەمی مناڵی و عاشقبوونی لەگەنجیدا چر دەبنەوە ناو ئاستی سێیەمی تەمەن و دەبێتە دەرهێنەرێکی سینەمایی، کاتێک دەگەڕێتەوە کە هەواڵی مەرگی ئەلفرێدۆ دەبیستێت.
سەرلەبەری ئاستەکانی تەمەنی کارەکتەر دەبنە دەرخەری کارەکتەر وەک مرۆڤێکی عاشق بە سینەماو داکۆکیکردن لەو عەشقە، ئەوە عەشقە خەونەکەی لەگەل ئاستەکانی تەمەندا ڕێدەکەن و بەرەو ناوەوەی زەمەن دەڕۆن، خەونێک کۆتاییەکی نیە و بەدرێژایی فیلمەکەدا لەگەڵماندا ڕێ دەکات.