فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فرمێسکی ئازارو زەردەخەنە لە یاداشتنامەی ٥٧ ساڵ خولانەوە لە وەهمی شۆڕشدا

(فرمێسکی ئازارو زەردەخەنە لە یاداشتنامەی ٥٧ ساڵ خولانەوە لە وەهمی شۆڕشدا )

خوێندنەوە : سەلما تۆما کاکۆ/ نووسەر/ ئەڵمانیا
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ناوی کتێب : ٥٧ ساڵ خولانەوە لە وەهمی شۆڕشدا
نووسین : حازم عەلی کوتك
بابەت : بیرەوەری و یادداشتنامە
چاپی : دووەم ــ٢٠٢٣
چاپخانە : چوارچرا

هەرکات خامەی نووسەر لە لوتکەی بوێریدا بێت و لەنووسینی ڕاستییەکان درێغی نەکات ،خامەی خوێنەریش لەبەردەم زیاتر ناساندنی کتێبەکە چۆك دادەدات .
گومان لەوەدا نیە خوێندنەوەی( ٧٤٣) لاپەڕەی کتێبێك به Pdf ئاسان نییە بەتایبەتیش ئەگەر بابەتەکە بیرەوەری و یاداشتنامەبێ، هەرچەندە (٢٠) لاپەڕەی کۆتایی بۆ ئەلبوومی وێنەکان تەرخان کراوە ، لێ وردبوونەوە و چاو خشاندن بەوێنەکانیش گرنگی و چێژی خۆی هەیە و وەك خوێنەر نەمتوانی فەرامۆشیان بکەم ، بەڵام گەڕان بەدوای هۆکاری هەڵبژاردنی ناوی کتێبەکە و ئەو دێڕەی لە دەستپێکی کتێبەکە هاتووە کە نووسراوە( پێشکەشە بەوانەی، لەبەر خاتری پێکەنینی منداڵەکانیان، منداڵی خەڵکی ناگریێنن….) سەرنجی ڕاکێشام و تامەزرۆی خوێندنەوەی کردم تا دوا دێر ، چونکە بۆ نووسەرێکی بە بنەماڵەوە شۆڕشگێڕو چەندەها ساڵ پێشمەرگە ناونانی شۆڕشێك (بەوەهم ) کە بەڕووبار خوێنی بۆ ڕژاوە و گەنجەکان خۆشترین ساڵانی تەمەنیانی پێ بەخشیووە هەروا ئاسان نییە و چەندین پرسیار لەخۆ دەگرێ ،
بەڵام وەڵامی هەموو پرسیارەکان لەخوێندنەوەی ئەو بابەتە ناخ هەژێن و ڕووداو و بەسەرهاتە جەرگبڕانەدا هەیە کە نووسەر بەخامە بوێرەکەی ڕاشکاوانە لەو بیرەوەریانەدا جێگای بۆ کردوونەتەوە.

 

نێوەڕۆك :
ــــــــــــــ
بە خوێندنەوەی ئەو بیرەوەریانە خوێنەر لە مانا زەقەکەی( پێشمەرگە ، ئازایەتی ، شەهیدبوون ،ڕۆڵی شۆڕەژنەکانی لادێ ، غەدر ، خیانەت ، ناپاکی ، زۆرداری ، ئاوارەیی، چەوساندنەوەی جوتیاران ، کوشتن ، لەسێدارەدان، هەژاری ، نێرسالاری ،،،،،،)ئەوانە و زۆری تریش دەگات.
نێوەڕۆکی ئەو یاداشنامەیە هەموو ئەو ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سەربازی و سیاسیانەی نووسەر لە خۆ دەگرێ هەر لە ڕۆژی لەدایکبوونییەوە تا تەمەنی (٦٥) ساڵی ….
لە خوێندنەوەی هەندێکیان خوێنەر دەتاسێ و ناتوانێ ڕێگا لە فرمێسکەکانی بگرێ و نەفرەت لە خیانەتکاران نەکات و ئاخ بۆ ژیانە سەختەکەی گەورە و بچووك هەڵنەکێشێ ،هەندێکیشیان زەردەخەنە دەخەنە سەر لێوان و ئاماژە بە سادەیی ژیانی ئەوان ڕۆژان و دڵە پاك و بێگەردەکانی زۆر لە مرۆڤەکان دەکەن .
زمانی نووسین
ـــــــــــــــــــــــ
نووسەر هەرچەندە نووسیویەتی نەمتوانیووە بەزمانێکی ئەدەبی سەردەمیانە بنووسم بەڵام
من وەك خوێنەر جوانترین شێوازی نووسینم لێ بەدیکردووە و بیرەوەرییەکانی بە چەندەها وشەی ڕەسەنی کوردی ڕازاوەن کە لە فەرهەنگۆکی هەر لاپەڕەیەك ماناکەیان شیکراوەتەوە بەمەیش تێگەیشتن لێی بۆ خوێنەرە گەنجەکان ئاسانتر دەکات و ئاماژەیە بۆ دەوڵەمەندی زمانی نووسەر .
ئەوەی مایەی سەرنجە :
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
چەند دەستەواژەیەك لەو بیرەوەریانە سەرنجیان ڕاکێشاوم کە دڵسۆزی و پەرۆشی نووسەر بۆ شۆڕشی کوردی تێدا ڕەنگی داوەتەوە ، لەوانە :
١- شۆڕشی چەکداری، ئەگەر شۆڕشێکی زهنی لەگەڵدا نەبێ تاکەکان و کارەکتەرەکانی لەجیاتی داگیرکەرانی کوردستان، ڕەنگە تەقە و هێرش بکەنە سەر بڕبڕەی پشتی خۆیان.
٢- داوا دەکات دوای مردنی هەموو ئەندامانی جەستەی ببەخشێ بە هەرمرۆڤێك کە پێویستی پێی هەبێ ،گرنگ نییە لە چ نەتەوە و ئایینێك بێ تەنها بۆ ئەوانە نەبێ کە ناپاکی نیشتمانی و نەتەوەییان لە گەل و خاك کردووە .
مەبەستی نووسەر :
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
مەبەستی نووسەر لەنووسینەوەی شکستەکانی خەباتی چینایەتی و ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە بیرەوەرییەکانی تەنها هەوڵدانە بۆ ڕێگری کردن لە دووبارە بوونەوەیان بۆ ئەوەی ژیانی هیچ خێزانێکی تری کورد نەبێ بە سۆتماکێکی فەرامۆشکراو وەك ڕابردوو .
ئاشکرایە ئەو شەڕە ناوخۆیی و براکوژیانەی باسکراون زۆربەیان شایەتحاڵیان لەژیاندا ماون بەڵام کەسیان بەم شێوەیە بوێرانە زەفەری بە نووسینەوە و بڵاوکردنیانی نەبردووە ، بۆیە هەرکەسێك بیەوێ لە مانای وەهمی شۆڕشی کوردی بگات گرنگە ئەو یاداشتنامەیەی نووسەر حازم کوتك
بخوێنێتەوە کە لێرەدا ئاماژەم بە هیچ بابەتێکیان نەکردووە تا لە مافی ئەوانەی تر کەم نەبێتەوە چونکە هەموویان شایانن و مەلەوانی دەریای نووسین (هەندرێن شێخ راغب) ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ڕێکخستن و تایپکردنیان ، هەمیشە سەرکەوتووبێ .
تێبینی :
ــــــــــــــ
١- بێگومان بوونی نێوەڕۆك جوانییەکی زۆری بە کتێبەکە بەخشیووە و ئاسانکارییەکی تەواوی بۆ خوێنەر کردووە لە کاتی گەڕان بەدوای هەر بابەتێك ، بەڵام ئەگەر چالاکی و بەسەرهاتەکان بە گوێرەی مێژووەکەیان ڕیزکرابان ڕەنگە نووسەر ناچار نەدەبوو جارجار بگەڕێتەوە دوواوە و تێگەیشتن لێیان ئاسانتر دەبوو.
٢- نووسینی چەند کۆپلە شیعرێکی تایبەت بە هەندێ لە ڕووداوەکان و نووسراو بەزمانێکی ڕەوان و بێ کۆد و گرێ چێژێکی زیاتری بەخوێندنەوەی بابەتەکان بەخشیوە .