فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فیدراسیۆنی دیاسپۆرا بۆ خزمەتی نەتەوە و نیشتمان داوایەک لە نووسەرانی تاراوگە دەکات

فیدراسیۆنی دیاسپۆرا بۆ خزمەتی نەتەوە و نیشتمان داوایەک لە نووسەرانی تاراوگە دەکات

 

یاسپۆرا-KDP.info- سەرۆکی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا دەڵێت، لە ٢٦-١٢-٢٠٢٣ لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا لە شاری (ئێسن) لە ئەڵمانیا دامەزراندنی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرامان ڕاگەیاند. ده‌شڵێ، ئامانجەکانمان دیاری کردووە و ڕژدین لەسەر جێبەجێکردنیان، لە کۆکردنەوەی ئەدیب و نووسەران لە ھەرچوار پارچەی کوردستان و نووسەرانی کوردی یەکێتیی سۆڤێتی جاران لە ژێر یەک چەتردا.

سەردار جاف، سەرۆکی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا، له‌ باره‌ی كار و هه‌نگاوه‌كانی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان- دیاسپۆرا، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “بیرۆکەی ئەم فیدراسیۆنە ڕۆژی (٩/ ٩/ ٢٠٢٣) گەڵاڵە بوو، لە بەراییدا یەکێتیی نووسەرانی کورد لە تاراوگە بوو، دواتر گۆڕدرا بۆ فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان- دیاسپۆرا، بۆ ئەوەی نووسەرانی تاراوگە لەبن ساباتێکی ڕێکخراودا کۆبکەینەوە و خاوەن قەڵەمی پاک و جوان و ناوازەنووس لەو پەرتەوازەییە قوتار بێت و ئیدی ئێمەش وەک ھەر نەتەوە و گەلێکی دونیا، بە میتۆد و سیستەمێکی سەردەمیانە ھەنگاو بنێین، ھەرچەندە پێشتریش ھەنگاوی لەم جۆرە نراوە، بەڵام وەک ئێمە گشتگیر نەبووە”.

بۆ ئەوەی نووسەرانی تاراوگە لەبن ساباتێکی ڕێکخراودا کۆبکەینەوە و خاوەن قەڵەمی پاک و جوان و ناوازەنووس لەو پەرتەوازەییە قوتار بێت

 

سەرۆکی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا گوتیشی: “یەکەمین کۆبوونەوەمان لە ١٩-١١-٢٠٢٣ لە شاری (بۆخوم)ی ئەڵمانیا ساز دا و تیایدا کۆمیتەیەکی کاتیمان ھەڵبژارد، بۆ ئەوەی تا کۆنگرە دەکرێت کارەکان و میتۆد و ئامانجەکان بە تەواوی سەرپێ بخات و ئامادەسازی بۆ کۆنگرە بکات، ھەڵبەتە کارێکی وا سەخت ھێندە ئاسان نییە لە ماوەیەکی کورت و کەمدا ڕێچکەی خۆی بگرێت، سەرەڕای کارەکان بە جۆرێک بێت تەواوی نووسەرانی کورد بگرێتەوە نەک لە ھەرچوار پارچەی کوردستان، بەڵکو زۆر لەوە دوورتریش ڕۆیشتووین”.

سەردار جاف ئاماژەی دا: “لەو ماوە کورتەدا دوای چەندین کۆبوونەوە و دانیشتنی درێژ توانیمان پەیڕەو و پڕۆگرامی فیدراسیۆنەکە ئامادە بکەین، دواجار گەیشتینە ئەو شێوە داڕشتنەی ئێستا لە بەردەستدایە، ھەڵبەتە ئەمەش لە کۆنگرە گۆڕانی بەسەردا دێت، ڕۆژی ٥-١٢-٢٠٢٣ بە ھەمان شێوەی کۆمیتەی ڕاپەڕاندن، دەستەیەکی کاتیمان بۆ ناوەندی ئەورووپا پێکھێنا، لە دوا ڕۆژەکانی ساڵی ڕابردوو لە ٢٦-١٢-٢٠٢٣ لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا لە شاری (ئێسن) لە ئەڵمانیا دامەزراندنی فیدراسیۆنەکەمان ڕاگەیاند”.

کۆکردنەوەی ئەدیب و نووسەران لە ھەرچوار پارچەی کوردستان و نووسەرانی کوردی یەکێتیی سۆڤێتی جاران لە ژێر یەک چەتردا

 

ھاوکات دەشڵیت: “لێرە پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە لە کۆمیتەی ڕاپەڕاندن نووسەرانی ھەر چوار پارچەی کوردستان ھەن، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ناوەندی ئەمەریکامان دامەزراند، لەم ڕۆژانەش ناوەندی یەکێتیی سۆڤێتی جاران و ئاسیا دادەمەزرێ و دەمانەوێ لە داھاتوودا ناوەندی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقاش دامەزرێنین، ئیدی کارەکانمان بەرەو کۆنگرە ڕاستەڕێ دەکەین، پاش کۆنگرەش لە ئوستوڕالیا ناوەندێک دەکەینەوە، ئەمەیان دەکەوێتە دوای کۆنگرە، چونکە ھەم دوورەدەستە و ھەم نووسەرانێکی کەم لەو کیشوەرە ھەیە بە زەحمەت دەبینرێنەوە”.

نۆبەرە کاری میدیاییمان ماڵپەڕی دیاسپۆرایە کە ڕۆژی ٢٢-٤-٢٠٢٤ لە یادی (١٢٦) ساڵەی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، بە ھەردوو شێوەزاری کرمانجی سەروو و کرمانجی ناوەند کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی کورد

 

جاف جەختیش دەکاتەوە: “لە دەستوورەکەمان ئامانجەکانمان دیاری کردووە و ڕژدین لەسەر جێبەجێکردنی، لەوانە: کۆکردنەوەی ئەدیب و نووسەران لە ھەرچوار پارچەی کوردستان و نووسەرانی کوردی یەکێتیی سۆڤێتی جاران لە ژێر یەک چەتردا، دەمانەوێ ڕۆڵی کاریگەری خۆمان وەک نووسەری کورد لای تاکی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات ھەبێت، ئاسانکاری بۆ قەڵەمە تازەکان و ئەو گەنجانە دەکەین کە تازە پێدەگەن و لە دەرەوەی کوردستانن، لە ڕێی چالاکیی جۆراوجۆر و کۆڕ و کۆبوونەوەوە خزمەت بە ڕەوەندی کوردی و بە خودی نووسەران دەکەین، ھەروەھا لە داھاتوودا گۆڤارێک دەردەکەین و کتێبیش بۆ نووسەران چاپ دەکەین، نۆبەرە کاری میدیاییمان ماڵپەڕی دیاسپۆرایە کە ڕۆژی ٢٢-٤-٢٠٢٤ لە یادی (١٢٦) ساڵەی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، بە ھەردوو شێوەزاری کرمانجی سەروو و کرمانجی ناوەند کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی کورد، لێرەوە سوپاسی تەواوی خۆمان بە ھەموو ئەو نووسەرە دڵسۆزە نەتەوەییانە دەگەیەنین کە ھاوکارمان بوون و داوایان لێ دەکەین بەردەوام بن لە ھاریکاریکردنمان”.

ناوبراو باس لەوەش دەکات: “بۆ ئەم ماڵپەڕە بەنیازین بتوانین زمانەکانی دیکەی بۆ زیاد بکەین، بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە فەرھەنگی نەتەوەییمان بە گەلانی دی بگەیەنین، ڕەنگە لەگەڵ ڕێکخراو و دامودەزگا فەرھەنگییەکان پەیوەندی بگرین، کە یەکێک لە ئامانجەکانمان ئەوەیە بتوانین پەیوەندی و ھاریکاری لەنێوان ئێمە و ئەو ڕێکخراوە فەرھەنگییانەی وڵاتانی دونیا دروست ببێت”.

تەنیا کاری لەپێشینە و سەرەڕمی قەڵەمەکانمان خزمەتکردنە بە ئەدەب و زمان و کولتووری نەتەوەیی و نیشتمانی

 

ده‌شڵێت: “لێرەوە ڕایدەگەیەنین، ئێمە ھەڵگری میتۆدێکی ڕاست و دروستی خۆمانین و نە ھەڵگری پەیامی ئایدیۆلۆژیای ھیچ حزبێکین و نە کەشتیی قەڵەمەکانمان لە بەر دەرگای ‌ھیچ حزب و گروپێکی سیاسی لەنگەر دەگرێ، تەنیا کاری لەپێشینە و سەرەڕمی قەڵەمەکانمان خزمەتکردنە بە ئەدەب و زمان و کولتووری نەتەوەیی و نیشتمانی، ئیدی چ لە بوارەکانی مێژوو بێت یان توێژینەوە و ڕەخنە و بواری زمانەوانی، دەمانەوێ بە تەواویش ھاوکار بین بۆ یەک ڕێنووسی، تا ئەو ئەندازەیەی دەگاتە زمانی ستانداردی کوردی”.

کەشتیی قەڵەمەکانمان لە بەر دەرگای ‌ھیچ حزب و گروپێکی سیاسی لەنگەر ناگرێ

 

لە کۆتاییدا جاف گوتی: “ئەو نووسەرانەی لە دەوری ئەم فیدراسیۆنە کۆبوونەتەوە، بە خۆشحاڵییەوە لە ھەر چوار پارچەی کوردستانن، جگە لە نووسەرانی کوردی یەکێتیی سۆڤێتی جاران کە ئه‌وانیش زۆر بە گەرمییەوە بەرەو پیری ئەم فیدراسیۆنە ھاتوون، کە مایەی خۆشحاڵی و ستایشکردنە، لێرەوە داوا لە ھەموو نووسەرانی کورد لە تاراوگە دەکەین لە سەربەخۆکانەوە تا دەگاتە ئەو بەڕێزانەی سەر بە ھەر ئایدیۆلۆژیا و ئینتیمایەکی سیاسین، دەرگامان بۆیان کراوەیە بۆ ئەوەی خزمەتی نەتەوە و زمان و نیشتمانەکەمان بکەین، ئێمە بەو ڕەنگە جیاوازانەوە جوانین، ماڵپەڕەکەشمان گەواھیدەری ئەو ڕەنگاڵە جوانە و قەڵەمی کوردانەیە”.

 

کاروان باعەدری

 

 

 

https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=142562