فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاوڕێک لە دوو بەرهەمی ئەدەبی گێڕانەوەی نووسەرانی ناسراوی فارس “مەحموود دەوڵەت‌ئابادی” و “بزورگ عەلەوی” بە وەرگێڕانی رەسووڵ سوڵتانی

ئاوڕێک لە دوو بەرهەمی ئەدەبی گێڕانەوەی نووسەرانی ناسراوی فارس “مەحموود دەوڵەت‌ئابادی” و “بزورگ عەلەوی” بە وەرگێڕانی رەسووڵ سوڵتانی

ئەرسەلان چەلەبی/ نووسەر/ دانمارک

کە هەرکیان لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە “ناوەندی چل و نۆ” چاپی دووبارە بوونەوە. “مۆرانە” ڕۆمانێکی بزورگ عەلەی و هەروەها کورتە رۆمانی “سەفەر” بەرهەمی مەحموود دەوڵەتە‌ئابادی.
ئەدەبی گێڕانەوەی نەتەوەی فارس خەرمانێکی بە پیتە، خاوەنی چەندین جۆر و ستایلن لە گێڕانەوە و مێژوویەکی زێڕین و گەشاوەیان بۆخۆیان تۆمار کردووە. لە دەسپێکی سەدەی بیستەم‌دا بەر لەوەی ئەو ژانڕە لە ئەدەب بەرەو نوێبوونەوە بڕوا تەنیا لە دەست تاقمێک دابوو کە هەر لە هەوای کۆن قەڵەمیان لێ‌دەدا. زۆرینەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بە بەرهەمی وان دەچووە ناو خەڵکەوە و هیچ حیسابێکیشیان بۆ هەناسە و وزەی نوێ نەدەکرد، بە جۆرێک دۆخەکەیان قۆرغ کردبوو. بەڵام لە پاشان بە هاتنە ئارای کۆمەڵێک نووسەر و ڕووناکبیری یاغی و ئاوانگاڕد وەکوو سادقی هیدایەت، سادقی چووبەک و بزورگ عەلەوی هونەری چیڕۆک‌نووسین و گێڕانەوە کەوتە قۆناغیکی ترەوە و هەر لەو سەردەمەشدا بوو کە گوتاری ئەدەبی فارسی و هەروەها ڕووناکبیری بیچمی گرت و لە پاشان دەیان چیرۆک‌نووس و شاعیری لێ کەوتەوە کە هەر کامیان بوونە خاوەن پێناسە و تایبەتمەندی خۆیان و بەرهەمەکانیان لە زۆر ئاقاران بیستراو و خوێندرایەوە. یەک لەو نووسەرانە مەحموودی دەوڵەت‌ئابادی بوو کە بە ڕۆمانە گەورەکەی “کلیدێر” کە دە بەرگ بوو ناوبانگی دەکرد و ئێستا یەکێک لە ئەستۆنەکانی ئەدەبی گێڕانەوەی گەلی فارسە. بزورگ عەلەوی-ش کە خۆی وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد یەک لە ئەستۆنەکانی گێڕانەوەی نوێی فارسە و لەگەڵ هیدایەت و چووبەک سێ‌ کوچکەی ئەدەبی نوێی گێڕانەوەی فارسن. جگە لەوەی نووسەرێکی وەها بوو، سیاسەتوانێکی چەپ‌گەرا و ڕۆژنامەنووسیش بوو. رێئالیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە لە ناو هەمواندا زیاتر سەری بەردەوەیە.
سادقی هیدایەت، سادقی چووبەک و بزورگ عەلەوی هونەری چیڕۆک‌نووسین و گێڕانەوە کەوتە قۆناغیکی ترەوە و هەر لەو سەردەمەشدا بوو کە گوتاری ئەدەبی فارسی و هەروەها ڕووناکبیری بیچمی گرت
بەو پێشەکییە کورتەوە دەردەکەوێ کە وەرگێڕانی ئەو خەزێنەیە لە گێڕانەوە بۆ سەر زمانی کوردی چەندە دەتوانێ قازانج بە گێڕانەوەی کوردی بگەیەنێ. یەک لەو کەسانە کە ساڵیانی ساڵە شانی داوەتە بەر ئەو ئەرکە رەسووڵ سوڵتانی بووە و ئێستا خاوەنی دەیان بەرهەمی ئەدەبی فارسییە کە کردوونی بە کوردی و خەڵکێکی زۆری سەوداسەری ئەدەب کە فارسی نازانن، بەهرەمەند کردووە و کتێبەکان دەخوێننەوە.
“سەفەر” چیڕۆکێکی بڵیند یانەکوو کورتە ڕۆمانێکی کۆمەڵایەتییە کە زیاتر لە پەنجا ساڵ پێشتر نووسراوە و لەوێدا بەسەرهاتێکی تاڵ و تڕاژیکی ژن و مێردێک و مناڵەکەیان، لەگەڵ خەسووی پیاوە کە دەبێتە دایکی ژنە و لەوێ بە “نەنە” ناودێر کراوە و لەگەڵیان دەژیت. پیاوە ناوی موختارە و ژنەش خاتوون. هەموو شت لەوێڕا دەست پێدەکا کە موختار لە لایەن سێحەب‌کارەکەیەوە کە خەریکی ئاسنگەری دەبن جواب دەکرێ و بێکار و دەستەوەستان دەمێنێتەوە. هەر بۆیە قەسدی سەفەر بۆ وڵاتی کوەیت دەکا هەتا لەوێ خەریکی کار و کاسبی بێت. لەوێوەیە کەسێکی تر بە ناوی “مەرحەب” دێتە ناو چیڕۆکەکەوە و ڕووداوەکان دەست پێ دەکا. نووسین لە سەر ئەو بەرهەمە بڕیک دژوارە لەبەر ئاشکرانەبوونی گەلێک جێگەی هەستیار، هەر بۆیە ناتوانم ئەوەی حەزم لێیە لە سەر چارەنووس و ژیانی کاراکتەرەکان بیهێنمە بەر باس. بە تایبەت مەرحەب کە لە پاش ڕۆیشتنی موختار چۆن ڕیی دەکەوێتە ناو بنەماڵەکەی و پەیوەندی ئەو لەگەڵ خاتوون بەرەو چ ئاقارێک دەڕوا، یانەکوو پەیوەندی خاوەر کچە بچووکەکەی ماڵەوە لەگەڵ موختار و نەنکی چۆناوچۆنە، نەنکێک کە لە قسان قەرەواشی ئاغا و دەرەبەگانە.
ئەو کتێبە دەکرێت لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە خوێندنەوەی یەگجار شیلگیرانەی بۆ بکرێت
نامەوێ بچمە سەر ئەوەی موختار لە ئاوارەیی و ڕێگای سەفەرەکەی چی بە سەر دێت؟ چۆن دەگەڕێتەوە؟ خاتوون و کچە چووکەکەی کە پێنج ساڵییەتی لەگەڵ نەنە چۆن خۆ بەخێو دەکەن؟ هەودای چارەنووس و ژیانی مەرحەب چۆن دەگاتە لای ئەو بنەماڵە؟ چۆنایی دەپسێ؟ ئەوانە و لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تر چوارپەلی ڕووداوەکانی ناو چیڕۆکەکە پێک دینن. لەو بەرهەمەدا سێ کاراکتەری تەواو و بێ کەم و کۆڕی بوونی هەیە. موختار، خاتوون، مەرحەب، ئەوانی تر لەتەکاراکتەری ناو بەرهەمەکەن و قورسایی و باری ڕووداوەکان زۆرینەی لە سەر شانی ئەو سیانە بوون کە ناوم هێنان. سەرجەم ڕووداوەکان لە چایخانە و ماڵەکەی موختار و کارخانەیەک و ئاسنە‌ڕێیەک تێپەڕ دەبێت. فەزا و جەوێکی تاریک و مێلانکۆلیک و بێ دەرەتان لە بەختەوەری.
ئەو کتێبە دەکرێت لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە خوێندنەوەی یەگجار شیلگیرانەی بۆ بکرێت کە بە فارسی لە سەری کراوە. لە ڕیگەی ئەو کتێبە لەگەڵ کون و کەلەبەری ژیانی بنەماڵەیەکی هەژار و دەسکورتی ئاسایی ڕووبەڕوو دەبینەوە کە چۆن لە ناو ناعیداڵەتی و کێشە و گرفتە کۆمەڵاتییەکانی سەردەمی پاشایەتی تێوە گلاون و هیچ دەراوێکی ڕوونیان نییە. بنەماڵەیەک کە لە ناو کاولەکۆنێک دا دەژین. نەنک، دایک و مناڵ، هەرسێک مێینە و لە ناو کەند و کۆسپ و هەموو چەشنە برینێکی کۆمەڵایەتی شەوان ڕۆژ دەکەنەوە هەتا تاقە پیاوی ماڵێ لە وڵاتی غەریبان بگەڕێتەوە. گەڕانەوەیەک کە جوگم و نەبزی چیڕۆکەکەیە. چۆن دەگەڕێتەوە؟ چۆنە گەڕانەوەیەک دەبێت؟ موختار چی بە سەر دێت؟ لە ڕاستیدا ئەو بەرهەمە لە نێوان سێ چەمکی کریکاری، مەنفا و نیشتمان دا لەهاتوچۆ دایە. مرۆڤەکان کەسانێکی زۆر ئاسایی و دەسکورتی ناو کۆمەڵگان. پەیوەندییەکانییان، هەست و ئیحساسیان، ڕاوێژ و گوفتوگۆ و بیر و باوەڕەکانییان هەر هەموو گوزارش لە دۆخ و ژیانی ئینسانی ئەو سەردەمەی ئێرانە، نوێنەری چینێک کە دەورێکی چارەنووسازی لە سەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا هەبوو.
ڕەچاوکردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن بە سەر گەلانی نافارس و چاندنی هیوایەکی پووچەڵ بە ناوی شوناسی ئێرانی لە سەر فنداسیۆنی شیعی-فارسی
خوێندنەوەی رۆمانی “مۆرانە”ی بزورگ عەلەوی-ش لە سەر و بەندی ئێستای سیاسی ئێران یەگجار بەچێژ و بە تام بوو، لە سەردەمێکدا کە شاخوازی لە ئێستا دا لە ڕێگەی مێدیاوە خەریکی شۆردنەوەی هەزاران خوێنە کە لە سەردەمی پەهلەوی یەکەم و دووهەم ڕژاوە، ئەو دوو دەسەڵاتەی کە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارییان دەستیان کرد بە قەتلوعام و کوشتن و دەنگ‌بڕ کردنی گەلانی تری ئێران. هەروەها هێز و لایەنە سیاسییەکانی دژبەر کە لە خۆیان بوون. ڕەچاوکردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن بە سەر گەلانی نافارس و چاندنی هیوایەکی پووچەڵ بە ناوی شوناسی ئێرانی لە سەر فنداسیۆنی شیعی-فارسی.
هەروەها ئەو بەرهەمە بیرهێنەرەوەیەکی مێژووییە بۆ ئەو کەسانەی کە مێژوویان لە بیر کردووە، یان نایانهەوێ بیر خۆیانی بێننەوە. ئەو بەرهەمە پەنجەرەیەکی ترمان بە ڕووی گرتن و بەستن و ناخی ترسێنەری ساواک بۆ دەکاتەوە، لە سەردەمێکدا کە هەمان تاقمی شاخواز خەریکی شۆردنەوەی ئەو خوێنانەشن کە ساواک ڕشتوویەتی. ڕیک کاکڵی بەرهەمەکەش لە سەر ساواکە. بەسەرهاتی کۆنە ساواکییەکە کە بگێڕەوە هەر خۆیەتی و بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، چۆن بۆتە ساواکی، چی کردووە و ڕووی لە کێ ناوە؟ کێی پاشقول داوە و کێ ئەوی پاشقول داوە؟ بە سەر تەرمی چەندان کەس دا وەک پەیژە هەڵگەڕاوە هەتا بگاتە ئاستی باڵاتر، لە سەگە جاسووسێکەوە بگەی بە پلەی سەرۆکایەتی بەشی فەرهەنگی لە هەموو ئەورووپا. چۆن بە قەلە و دەلە لە زانکۆ دەرسیان پێ خویندووە. کەس و کاری خۆی چی لێ بەسەر دێت هەتا دەگاتە شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕاکردنی ساواک و سیستمی پاشایەتی بۆ دەرەوەی ئێران. هەروەها پڕ لە زانیاری مێژوویی و سیاسی لە سەر کۆنفدڕاسیۆنی خوێندکاران لە ئەورووپا و ئامریکایە کە خەباتی وان دەورێکی گرینگی لە شۆڕش و ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی هەبوو. ڕۆمانێکی ئۆتوبیوگڕافی یەگجار سەرنجڕاکێش و پڕ لە زانیاری بە سوودی مێژوویی و سیاسی کە دەتوانێ تۆزی فەرامۆشی لە سەر دێوەزمەیەک بە ناوی ساواک و سیستمی پەهلەوی هەستێنێ و لایەنە پڕ لە جینایەت و فەسادەکەیان ئاشکرا بکات.
ڕۆمانێکی ئۆتوبیوگڕافی یەگجار سەرنجڕاکێش و پڕ لە زانیاری بە سوودی مێژوویی و سیاسییە
وەرگێڕان هونەرێکی واڵایە. پردی پەیوەندی زمانەکانە. زاڵبوون بە سەر هەر دوو زمان لە شەرتە سەرەکییەکانی وەرگێڕانە، هەروەها لە هەمووی گرینگتر زاڵبوون بە سەر کولتووری زمانەکەیە. زمانی دووهەم تەنیا هەر قسە کردن و خوێندنەوە و نووسین نییە، بەڵکوو ناسینی کولتووری ئەو زمانە لە هەر هەموو شتێک گرینگترە. لە ڕووی وییەوە دەکرێ بۆ هەر مەتەڵ و قسەی نەستەق و نەزیلە و ئێدیۆمێک بەرانبەرەکەی لە زمانی خۆتدا ببیننەوە. ئەو ئەرکە تاقەتپڕووکێنە و وەرگێڕان بەندەنێک نییە کە هەموو کەس بتوانێ پێیدا بچێتە سەر. دیارە ئەوەی لەگەڵ قەڵەمی سوڵتانی ئاشنا بێت دەزانێ کە ئەو نووسەرە چەندە بەرپرسیار و هەستیار لەگەڵ وەرگێڕان دەجووڵێتەوە. لە وەرگێڕانی هەر سێ بەرهەمەکەیدا زمانەکەیان تا بڵێی خۆش و ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵ بوو. لە من وا نەبوو کە بەرهەمێکی وەرگێران دەخوێنمەوە. دەتگوت بەرهەمێکی خۆماڵییە و هەر بە کوردی نووسراوە. بەرهەمێکی بە پێزی ئەدەبی، ناوەڕۆکێکی بە مرخ، وەرگێرانێکی بەڕێ و جێ، لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ کاک ڕەسووڵی سوڵتانی و بە هیوای خوێندنەوەی زۆرتر لەو قەڵەمە جوانانە و قەڵەمی وەرگێڕیش.
کۆتایی.
ژێدەر:
سەفەر و ئاسکۆڵەکەی بەختم گوزەل-نووسینی مەحموود دەوڵەت‌ئابادی
مۆرانە- نووسینی بزورگ عەلەوی
وەرگێرانی ڕەسووڵ سوڵتانی
چاپی دووهەم و سێهەم-٢٠٢٢ سوید-وەشانی