پرۆفیسۆر فریردیش فۆن شپیگل:
کورد لە سەرەتای مێژووەوە نیشتەجێی وڵاتی ماد بوون
بەکر شوانی/ رۆژهەڵاتناس و وەرگێڕ / ئەڵمانيا
پرۆفیسۆر دکتۆر فریدریش فۆن شپیگل (1820-1905) ئێرانناسیكی ئەڵمانی بوو کە بەزۆری لە بواری کوردناسیدا کاری کردووە و بە کارەکانی دەربارەی مێژووی کورد و زەندئاڤێستا ناوبانگی دەرکردووە. فۆن شپیگل پاش ئەوەی لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا کۆمەڵێک کتێبی دەربارەی کورد و ئاڤێستا چاپ کرد، لە ناوەندە زانستییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپادا ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کرد. کتێبێکی فۆن شپیگل دەربارەی زەندئاڤێستا، بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوەی زمان، فەلسەفە، مێژووی ئاینەکان و چەندین زانستی تر.
فۆن شپیگل یەکێك لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی بۆ مێژووی کورد و بەتایبەتیش بۆ پەیوەندی کورد بە مادەکانەوە تەرخان کردووە
فۆن شپیگل یەکێك لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی بۆ مێژووی کورد و بەتایبەتیش بۆ پەیوەندی کورد بە مادەکانەوە تەرخان کردووە. نووسەر بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە سوودی لە گشت ئەو سەرچاوانە وەرگرتووە کە لەو سەردەمەدا دەستی پێیان گەیشتووە، وەك: کتێبە ئاینییە کۆنەکان، نووسینەکانی سترابۆن و گەزنەفۆن، سەرچاوە ئەرمەنییەکان، ئەو نووسینە بزمارییانەی کە لەلایەن هێنری سی راولینسۆن-ەوە دۆزرابوونەوە و هەموو بەرهەمەکانی ئەو شارەزا و ڕۆژهەڵاتناسانەی کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا لە هەرێمەکە کاریان لەسەر مێژووی کورد کردبوو.
بەبۆچوونی فۆن شپیگل، ئەگەرچی لە سەردەمی مادەکان و لە دوای مادەکانیش ئاڵۆزی دروست دەبوو و دەوڵەتە گەورەکان هەڵدەوەشان، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە کاریگەریی کەمیان لەسەر ژیانی ناوخۆی هۆزە کوردەکان هەبووە. گۆڕانکارییەکان زیاتر لە شارە سەرەکییەکاندا ڕوویان دەدا، چونکە دەسەڵاتدارانی نوێ لایەنگرانی دەسەڵاتداری کۆنیان لە شارەکان دەردەکرد، یان ئەمان خۆیان لە ترسی دەسەڵاتی نوێ هەڵدەهاتن و ڕوویان لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان دەکرد. لەوانەیشە ئەو دۆخەش ڕۆڵێکی کاریگەریی لە مانەوە و نەفەوتانی زمانی کوردیدا هەبووبێت.
فۆن شپیگل هەوڵی داوە سەرەتا دۆخی ئێران و کوردستان لەو سەردەمانەدا ڕوون بکاتەوە. لە دەشتەکانی سووریاوە دەست پێ دەکات و دەگاتە ڕۆژهەڵاتی دیجلە و زێ و هەرە زیاد باسی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. نووسەر لە جولەمێرگەوە تا سنە و لە چیایەکانی هەورامانەوە تا دەشتەکانی کەرکوک و هەولێر و گۆلی خەزەر و چەمی ئاراس بەوردی باسی جوگرافیای ئەو ناوچانە دەکات و یەک بە یەکی چیا و گۆل و دەشت و ڕووبار و چەمەکانی ئەو دەڤەرانە دەخاتە بەردەستی خوێنەران. پاشان دێتە سەر باسی یەک بە یەکی عەشیرەتەکانی ئەو دەڤەرانە و و ژمارەی بنەماڵەکانیان دەستنیشان دەکات. فۆن شپیگل هەمان کات ژمارەی میللەتە جیاوازەکانی وەک ئەرمەنی و ئاسووری و جوولەکەیش دیاری دەکات کە لەو دەڤەرانەدا لەگەڵ کورددا ژیاون و ئاماژە بۆ ڕۆڵیان لە مێژووی هەرێمەکەدا دەکات.
فارسەکانیش مێژوو و نەریتی خۆیان نابەنەوە سەر مادەکان. فۆن شپیگل ڕوونی دەکاتەوە هۆز و دانیشتووانی زووی ئەو دەڤەرانە، واتە کوردەکان و میللەتاکانی ناویان، خۆیان بە خاوەنی هەرێمەکە زانیوە
فۆن شپیگل جوگرافیای وڵاتی ماد لە هیرۆدیتەوە دەگوازێتەوە و بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێك لەو وڵاتە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی ئەم سەردەمەدا بووە. بە بۆچوونی نووسەر، هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نییە بیسەلمێنێت کە لە پێش زاییندا نەتەوەیەکی تری جگە لە کورد لەم هەرێمەدا زۆرینەی دانیشتووانی پێکهێنابێت. ئاشکرایە فارسەکانیش مێژوو و نەریتی خۆیان نابەنەوە سەر مادەکان. فۆن شپیگل ڕوونی دەکاتەوە هۆز و دانیشتووانی زووی ئەو دەڤەرانە، واتە کوردەکان و میللەتاکانی ناویان، خۆیان بە خاوەنی هەرێمەکە زانیوە و بیانییەکانیش بەهەمان چاو تەماشایان کردوون. بە بۆچوونی ئەو، ئەو هەرێمە جاری یەکەم لەلایەن ئیمپراتۆریای ڕۆماوە پارچە کراوە. دەوڵەتی ڕۆما باکوری دەڤەرەکەی داگیر کردووە و سەرکردەیەکی سەربازی بەناوی ئاترۆپاتێس کردووە بە فەرمانڕەوای و ناوی “ئازەربایجان”یش لە ناوی ئەوەوە هاتووە.
لە سەرچاوە مێژوویییەکانەوە ئاشکرا دەبێت کە دەیان ساڵی دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریای ماد هێشتا شەڕی نێوان فارسەکانی ئاشەمەنید و مادەکان درێژەی هەبووە
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی فۆن شپیگل، کورد لە سەرەتای مێژووەوە نیشتەجێی وڵاتی ماد بوون. چیرۆک و داستانە ئێرانییەکان ئەوان وەک کۆنترین میللەتی ئەو هەرێمە ناودەبەن و نەک تەنیا لە نووسینەکانی هیرۆدیتدا، بەڵکو لە کتێبەکەی گەزنەفۆنیشدا دەربارەی کاردۆخییەکان ناوی کورد هاتووە و ڕوونی کردووەتەوە کە سیستەمی ژیانی کوردەکان لە سەردەمی گەزنەفۆنەوە تا سەدەی نۆزدەیەم گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە.
لە سەرچاوە مێژوویییەکانەوە ئاشکرا دەبێت کە دەیان ساڵی دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریای ماد هێشتا شەڕی نێوان فارسەکانی ئاشەمەنید و مادەکان درێژەی هەبووە. فۆن شپیگل لە گێڕانەوەکانی هیرۆدیتەوە بۆی دەردەکەوێت کامبیزی گەورەی فارسەکان لە سەرەمەرگدا وەسێتی بۆ دەست و پێوەندەکانی کردووە ڕێ نەدەن جارێکی تر مادەکان بەسەر فارسەکانەوە ببن بە فەرمانڕەوا.
فۆن شپیگل دەگاتە ئەو باوەڕەی کە ڕەچەڵەکی کوردەکان دەچێتەوە سەر مادەکان
ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەک بە زمانی مادەکان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هەموو ئەو ناوانەی لەوانەوە پێمان گەیشتوون، بەتایبەتی ناوی پادشاکانیان، لە زمانە هیندۆجێرمانییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. فۆن شپیگل دەستنیشانی کردووە کە هەموو سەرچاوەکان مادەکان دەبەنەوە سەر میللەتانی هیندۆجێرمانی و لە زمانی هیرۆدیتەوە دەنووسێت کە مادەکان خۆیان بە میللەتێکی ئاریایی داناوە.
فۆن شپیگل لەو لێکۆڵینەوەیەی خۆیدا چەند ڕا و بۆچوونێك تاوتوێ دەکات و لە ئاکامدا دەگاتە ئەو باوەڕەی کە ڕەچەڵەکی کوردەکان دەچێتەوە سەر مادەکان. ئەم لێکۆڵینەوەیە دواتر بووە بە سەرچاوە بۆ ڤلادیمیر مینۆرسکی و چەند ڕۆژهەڵاتناسێکی تریش. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە، لە لێکۆڵینەوەکانی دواتردا سەبارەت بە پەیوەندی کورد بە مادەکانەوە بەدەگمەن ناوی پ. د. فریردیش فۆن شپیگل دەهێندرێت.
سەرچاوە: لە نووسینی ئەم بابەتەدا سوود لە پێشەکیی ئەو کتێبە وەرگیراوە کە وێنەکەی خراوەتە ڕوو.