فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەهەشتیش بە کەلکی هەژاران نایەت، وەڵامێک بۆ (بەدران ئەحمەد حەبیب)

(بەدران ئەحمەد حەبیب) ئەدیبە هەژارەکان دەخاتە خانەی هیچەوە..!

 

بەهەشتیش بە کەلکی هەژاران نایەت

غازی حەسەن

 

پێشەکی

بەوە دەست پێ دەکەم کە (کافکا) گوتیەتی (من ئازار دەچێژم و تۆش ستایشی نووسینەکانم دەکەیت).  ئەو پێی وایە بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی و  دەقی داهێنراو لە کێڵگەی ئازارەوە دەست پێ دەکات، ئەوەی دەقەکەش دەخوێنێتەوە، یان شیکاری دەکات و دەیڕەخنێنی ستایشی دەکات، یان دەیکاتە پەڕۆی بێنوێژ.

مەبەستم ئەوەیە هەژاریی کە دەکرێت پێناسەی جیاوازی بۆ بکرێت و ببەسترێتەوە بە بواری هەمەلایەنەوە، سەرچاوەیە بۆ زۆر شت، بێگومان هەژاری یەکسان دەکرێت بە نەهامەتی و لاوازیی و برسیەتی و نەزانین و دۆڕاو، بەکارهێنراو و کۆیلە و چەوساوە.. تاد. نووسەران و ئەدیبان (ئازار و ناخۆشی و نامۆیی و دڵتەنگی و نەبوونی و فشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی… تاد) بە یەکێک لە سەرچاوەکان و  ئەرکە داهێنرەکانی خۆیان دەزانن، واتە (کافکا) (ئازار) کە بەشێکە لە هەژاریی و جۆرێکە لە دۆخ و ژینگەی بەستراوە بە هەژاریی، بەئەرکی خۆی دەزانێت. (ستایش)یش دەبەستێتەوە بە (تۆ)ی خوێنەر و بەکارهێنەری بەرهەمە ئەدەبییەکان.

هەژاری ناکۆک نییە لەگەڵ داهێنان، بەڵکو سەرچاوەیەکی کارا و کاریگەریشە بۆ بەرهەمهێنانی دەق، ئەو دەقانەی دەتوانن سنووربڕ بن. بۆچوونی جیاوازیش هەیە، کە ڕاشکاوانە و بێ مێشک کوشین دەبێژن هەژاری ئابووری و عەقڵی و مەعریفی زەمینەساز نین بۆ داهێنان، بەڵکو خۆرکەن و بیژۆکی نێو ڕەسەنایەتی دەقن و جێگەی شایستەیان لە سەردەمدا نابێتەوە و وەکو کوڕە هەتیوو وان، هەموو کەس دەتوانێت تیلکیان پێوە بکات.

 

بۆ هەژاری؟

 

پرسیارێکە دەکرێت لە ڕوانگەی جیاوازیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەخلاقی و ئەدەبیش وەڵام بدرێتەوە. (ولیەم ڤۆلمان   William Vollmann) لە کتێبی  (   Poor People) دا پرسیار لە ژمارەیەک گروپی جیاواز لە وڵاتی لەیەکتر دووری دونیا دەکات و دەپرسێت ئێوە بۆ هەژارن؟. بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان هەژاری ئەم بوارانە دەگرێتەوە: (ژیانی کورت، نەخوێندەواری، پەراوێزخستن، کەمی کەرەستەی سەرەتایی) و ئەم نووسەرەش ئەم شتانەی خستۆتە سەر ئەو بوارە: (دوورکەوتنەوە لەبەر چاوان، شێوانی جەستە، ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی، وابەستەیی، هەستکردن بە ئازار و نامۆبوون و بێباکی، سەرباری زۆربوونی قەرزەکان و لەدەستدانی کەرامەت و تێکۆشانی ڕۆژانە لەپێناو مانەوە و هەبوون).  (https://www.alwatan.com.sa/article/27717).

زانین و فێربوون و دەستەبەرکردنی مافی یەکسان لە خوێندن و پەرەپێدانی توانای ئابووری و بەرهەمهێنان لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەریی دارایی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و فێربوون دەرفەت دروست دەکات هەژاری چەشنی مەڕە گەڕە لاواز بێت. ئەمە تەنیا هەژاری ئابووری بنەبڕ ناکات، بەڵکو توانای عەقڵی و زانین و پێگەیشتنی تاکیش پەرە پێ دەدات.

واتە هەژاری هەر بەتەنیا پەیوەندی بە داهێنان و نووسین نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گشتگیرە، زۆر بوار دەگرێتەوە هەمووشیان پەیوەندییان بە خودی مرۆڤ و تواناکانی و هێزی خۆگونجان و ڕەتکردنەوە و یاخبوونییەوە هەیە. داهێنان لە کردەوەدا پەیوەندییەکی ختووکەدەری بە کردەی یاخیبوون و جیاواز بیرکردنەوە و  ستایل و شێوازی تایبەتمەندەوە هەیە.

 

هەژار بۆ دەرەوەی بەهەشتی فکر

 

کە بیر دەکەینەوە واتە هەین، کە خەیاڵاندنمان بۆ خۆمان و دەروپشتمان هەیە، واتە دەتوانین پێناسەی خۆمان و ئەو شتانەش بکەین، کە پەیوەندیمان پێیانەوە هەیە. ئەو مرۆڤانەی لە فکر و بیرکردنەوە هەژارن، جێگەی بەزەین لەنێو کۆمەڵگەدا، هەر ئەوانیش پەراوێز دەخرێن و دەبنە بنیشتە خۆشەی بن زاران و کاتیان پێ دەکوژن و دەبنە قەشمەرجاری مەجلیسان و منداڵە هورتکە بەپەندیان دەبەن. بە واتایەکی دیکە هەژارەکان دەبێت هەمیشە لەدەرەوەی بەهەشتی فکردا بن و شایانی هیچ بەهەشتێک نین، ئەوان بەدوای خەیاڵی تڕۆکراوەوەن و پەنجە لە خۆڵە هورتکەی بەردەم ڕەشەبا وەردەن.

دەوڵەمەندی کلاسیکی دیوەخانی کۆنینەی هەس و پەیوەندییەکانیان بەستراوەتەوە بەکەلتووری کۆن و لەسەردەمی مۆدێرنەدا کۆ دەبنەوە و مۆدێرنیش خودانی دیوەخانی ئەنتەرنێت و گازینۆ و کۆمپانیای کچ بەکرێدان و کوڕ سازاندن و قەڵای گەورە و بازرگانی و ڕاکێشان و داکێشان و قۆرخکردنی نیوەی وڵات و جلکی کەشخە و فرەژندارییە، لەکردەوەدا دەوڵەمەندیی پەیوەندی بە توانا و سنوور و هێزی خەیاڵ و بیرکردنەوەی کەسەکانەوە هەیە.

کاک (بەدارن حەبیب ئەحمەد) لە بابەتێکی دوو بەش بەناوی (بۆچی ئێمە داهێنانمان نییە؟) و ( دیسان ئێمە و نەبوونی داهێنان) کە لەسایتی (دیاسپۆرا) بڵاوکراوەتەوە (https://diasporawf.org/thoughtresearch-ckb-ku/5943/)، ئازایانە و ڕاشکاوانە و ئاشکرا بیروڕای خۆی بۆ گفتوگۆ، یان لە ئاکامی گفتوگۆ لەگەڵ هەندێک کەس نمایش کردووە و هەژارەکان دەخاتە دەرەوەی مێژووی داهێنان و بیرکردنەوە و هەموو تواناکانیان دەکاتە سفر. پێی وایە نووسەرە هەژارەکان وەکو ڕەشە خەڵک و پرۆلیتاریا (هەندێک لە هێروەی ئاژەلن) بۆ ئەمەش پەنا وەبەر بیرکردنەوەی (مەسعوود محەمەد)ی بیرتیژ وناوداری کورد بردووە، لەکاتێکدا دەزانین و شاراوە نییە ئەم نووسەرە دیارەی کورد بەنووسین و لێکدانەوەکانی فکری چەپ و مارکسی ڕەت دەکردەوە، بۆیە لەڕوانگەیەکی نەتەوەیی و پشتئەستوور بە (فکری دەرەبەگی نەتەوەیی) شیکاری دیاردە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و ژینگە سیاسی و ئەدەبییەکانی دەکرد، ئەمەش پەیوەندی بە نەبوونی شارەوە هەیە.

(بەدران ئەحمەد حەبیب) بەنیازی وەردانەوە و لێکدانەوە و گفتوگۆیەکی تۆکمە، بۆ گەیشتنە سەر ساخە، دەئاخڤێت و دەبێژێت: “من باسی چینی ژێرەوە دەکەم، ئەم چینە دەسکورت نییە تەنیا لەڕووی ئابوورییەوە، لە شێوە ژیانی سەردەمانەیشدا دەسکورتە”، تا دەڵێت: “چینی ژێرەوەی کۆمەڵگەی کوردی، لە شاریش بێت هەر لادێیانە بەسەر دەبات، لە هەندەرانیش بژیت هەر وایە. ئەم چینە لە بیر و تاقیکردنەوەی سەربەخۆیانەیەدا ڕووت و ڕەجاڵن بۆیە نەک تەنیا بۆ کاری داهێنانی هونەرییانە، بۆ هیچ کارێکی تری سەردەمییانە دەست نادەن، مەگەر کەسێک توانیبێتی خۆی بگۆڕێت، کە ئەمەیش زۆر کەمە”.  ئەو وەهای لێکداوەتەوە، قسەکانی هێندە ڕاستەوخۆن، لێکدانەوە و پاساو و پشکنین و گومان لێچاندنی پێویست نییە.

لەبیری نەکەین گەشەکردنی ئابووری کاریگەریی لەسەر عەقڵ و نەریت و جلوبەرگ و زمان و شێوازی پەیوەندیش لەنێوان تاکەکان و ئازادی تاکە کەسیی و خۆڕووتکردنەوە و ئاشکرا دەربڕینی هەست و بیری هاوڕەگەزی و هەڵسوکەوتی نامۆش دەبێت. کۆمەڵگە بەقسەی گەورە و پفدانی فکری و نواندن ناگۆڕێت. ئەو چینی هەژار یەکسان دەکات بە (ژێرەوە) و لە بواری ئابووری و ژیانی سەردەمانەش بە دەستکورتی دەزانێت و پێناسەی دەکات.

بۆ؟ ئەو چینەی هەژارە دەبێت پێناسە و پێگەکەی لەڕووی دەروونی و کار و پلە و پایە و بەشداری و بەدەستهێنانی دەسەڵاتیش (لەژێرەوە بێت!!!)؟. ئەم ژێرەوەیە لەتەک ئەوەی نزمکردنەوەی پلە و پایەی کۆمەڵایەتی تێدایە لەخراپەوە بۆ خراپترین پێگەی ئینسانی و چینایەتی دادەنرێت، لەهەمان گاڤیشدا وەکو سێکس سووکایەتی پێکردن لەخۆ دەگرێت، بۆ دەبێت هەژار هەمیشە لەژێری ژێرەوە بێت، هەر دۆشەک بێت، لێفە نەبێت.

(بەدران ئەحمەد حەبیب) زمانزانێکی وردە و لە دەربڕینیش دەزانێت پەیڤ و قسەکردن کوێیان ژان دەکات و هیچ شتێک ناشارێتەوە، کە “هەژارەکان وەکو چین  بۆ هیچ کارێکی سەردەمیانە دەست نادەن”. من لەوە نەگەیشتم سنوورەکان و جۆری کاری سەردەمیانە چین؟. ئەگەر مەبەستی نووسینی (ڕۆمانە) دەبووایە ئەوانە بە پارەی ئەستوور و دەق نەشکاوی بۆندار پلەی زانستی بەرز و دەسەڵات و کارگەر و بازرگانی و گەڕان لە وڵاتەکانی دونیایان بەدستهێناوە، نەک شیاوی سەردەمەکە بوونایە، بەڵکو پێشڕەوی داهێنان و خەیاڵاندن و بیرکردنەوەی جیهانیش بن. دەبووایە (دەوڵەمەندە پارەدارە لووسکەکان) خاوەنی ڕۆمان بە چەندین زمانی زیندووی جیهانیی بوونایە.

ئەو دیاردە و مێژوو و کەلتوور و شۆڕشی کوردستان و بزاڤی تێکۆشانی نەتەوەش بۆ ئازادی بە فەشەلێکی بەردەوام دەزانێت و پێی وایە ئەمەش پەیوەندی بە پێگە  و بەشداری و ڕێبەرایەتی هەژارەکانەوە هەیە. کەواتە، کە گروپ و چینێکی دەوڵەمەندی (سەرەوە!!!) نەبوو، تێکۆشانیش ناتوانێت نوقورچە لە خەونەکان بدات. بزاڤەکە دەکەوێتە دەرەوەی کایە و واقیعی مێژوویی و سەردەمەکەی خۆشی.

بەڕاستی دەبێت لێرە بووەستین و پتر لە پرسیارێک و زیاتر لە گریمانەیەک بۆ بۆچوونەکان و ئەم پەیوەنیدی و کاردانەوە و هاوسەنگ نەبوونە لە خۆمان بکەین، ئایا ئەو ملیار هەژارەی لە دونیادا دەژین، بەڕاستی شیاوی ژیانی سەردەمیانە نین و هێشتا وەکو گوندییەک، یان بێ عەقڵ و نەزان و نەزۆک و ترسنۆک و حیزی بن حیزان و لە هێروەی ئاژەل دادەنرێن؟.

نامەوێت لێرەدا باسی فکری مارکسیزم بکەم، کە لەئەنجامی کۆمەڵێک هۆکار چۆن چەقیی و مەسەلەکانی خستەوە بەردەم لێکدانەوەی نوێ و پێداچوونەوە و هێشتاش بە گومانەوە لە زۆر بواری ئەم تیۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە دەڕوانرێت. پرسیاری من ئەوەیە ئەگەر ڕێبەرایەتی کرێکاران لەدەرەوەی خودی کرێکاران کرا، دەبێت ژیان و تەکنیک و عەقڵ و توانای کرێکاران وەکو خودی ئەو ڕێبەرانە لێبکرێت، کە هینی چینی سەرەوەن، یان دەبێت ئەوانەی لە دەرەوە چینی کرێکارەوە ڕێبەرایەتی  کرێکاران دەکەن، دەبێت وەکو کرێکاران ڕەفتار بکەن و بژین و بیربکەنەوە و هەرچی هەیانە بیکەنە قوربانی هەژارەکان؟ ئەو کاتە شتەکان چەندی بەچەندی دەبێت؟!

لە نموونە هێنانەوە دەربارەی پێگە و ژینگەی پێگەینی (تۆلستۆی) دەبێژێت من “باسی کۆمەڵگە دەکەم، نەک تاک”. لێرەدا هەژاری مانایەکی دیکە و تام و ڕەوتێکی دیکەی جیاواز وەردەگرێت، منیش پێم وایە تاک و کۆمەڵگە بەیەکەوە بەستراون، ئەم پاساوە جۆرێکە لە سڕکردن و بچووکردنەوەی دۆزی ورووژێنراوی ئاماژەپێکراو، یان سەرنج گۆڕینە لە بابەتێک بۆ بابەتێکی دیکە. “کۆمەڵگەی فرە وشیار”، دەتوانێت ڕۆمانی مێژوویی سنووربڕ بەرهەم بهێنێت. (بەدران ئەحمەد حەبیب) نایشارێتەوە و بێ منەتانە و وەکو ئاو خواردنەوە زۆر بەسانایی و بە سەلیقەیەکی زۆری پەیڤدارانە هەموو شتێک لە چینی هەژار دەستێنێتەوە و دەیسپێرێتە دەستی چینی سەرەوەی کۆمەڵگە” بۆیە نایشارێتەوە (ئابووری و هونەر و سیاسەت) دەبێت بخرێتە چنگی چینی سەرەوەی کۆمەڵگە. ئێمە هەموومان ئەگەر خواری نەکەینەوە دەزانین، (چینی سەرەوە کێیە و چ هێز و پێکهاتە و ڕەزایەکی بێ ڕەزایان) هەیە و پێچەوانەی (ڕووت و ڕەجاڵەکان) هێندە پۆشتە و بە ئەتەکێت و زەوقساز و زمانساز و سێکسسازن، لەبەر ڕێکپۆشی ناتوانن خێرا جووڵەش بکەن. ئەوەندی خەمی ئووتوی جلک و پیس نەبوونی قاڵتاغ و تۆز نەگرتنی تڕومبێلە هەرە نوێیەکەیان و کچە مۆدێرنەکان و نێرگەلە شەو و ڕابواردنی ڕۆژ هەیە، فیکە بۆ عەوام لێ دەدەن و داهێنان بە گون و مریشک بە پۆپیتەوە دەناسنەوە، لە ئابووری مارکس و لە هونەر پیکاسۆ و لە سیاسەت ترەمپن.

ناتوانم بە خاوەنی ئەم بۆچوونە کە شیاوی گفتوگۆیەکی قووڵ و جدییە، بێژم، نابێت وا بڵێیت ئەوە کوفرە و سووکایەتی بە هەژاران دەکەی، چونکە هەر شتێک بچێتە خانەی فکرەوە جێگەی پێشوازیی و گفتوگۆیە. لەڕاستیدا کوردستان هێشتا لەپەیوەندی گوندیانەدا دەژیت،  کەسانێک پێیان وایە ڕۆمان نووسین دوا پلە و پێگە و هێزی داهێنانی تاکە. ئەمە بە نیشانە و هێمای تڕۆکردنی گوند و پەیوەندییە کۆنە پاشکەوتووەکان دێت. هەشیانە (قاوە خواردنەوە و بەکارهێنانی هەندێک وشەی بیانی و قسەکردنی بێ سنوور) بە داهێنان دەزانن.

لەبارەی نەبوونی داهێنان و ڕۆمانی سەردەمیانە (بەدران ئەحمەد حەبیب) دەبێژێت: “کەسێک ڕووت و ڕەجاڵی هزر بێت وا دەزانێت ڕۆمان دەستکردنی خەیاڵە، نازانێت خەیاڵیش باکگراواندی خۆی دەوێت. لای کوردی ماڵوێران لاپتۆپێکە و قاوەیەکە و بۆ دانیشە”.

لێرەدا هەژاری دەبەستێتەوە بە هەژاری لە عەقڵ و فکر، واتە تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکانی دەخاتە نێو بازنەیەکی داخراوی هێلی سوور و مەسەلەکە وەکو کێشەی هزر و عەقڵ گوزارشت لێ دەکات. بەڵێ هەژاریی فکریی، هەژارییەکی ترسناک و قورسە. وەلێ دیسان چینی سەرەوە (حووکمڕان، دەوڵەمەند، حاکم، ئەندازیار، دکتۆر… تاد) بە خودانی عەقڵ و مەعریفە دادەنرێت، ئەگەر ئەوە پێوانە بووایە، کە هەنووکە ژمارەیەکی یەکجار زۆر پرۆفیسۆر و یاریدەدەری پرۆفیسۆر و خودانی بڕوانامەی دکتۆرا  و ماستەر لە کوردستان هەیە، بەشی هەموو چین دەکات، دەبووایە کردەی عەقڵداری و داهێنان و پێشکەوتن لە مەریخ بووایە.

 

پاساوی چییە

(بەردان ئەحمەد حەبیب) هۆکاری نەبوونی داهێنان و هزر و کەلتووری پێشکەوتوو وەکو پاساوێکی لۆژیکی ئاماژە پێ دەکات و دەڵێت: “ناگەن بە سڤدەری ئەدەبی گەلانی پێشکەتوو، کە من هۆی ئەمە بە پلەی یەک دەگێڕمەوە بۆ هەژاریی ئابووری، هەژاریی ئابووریش سەرچاوەی هەژاریی کولتوورییە، ئەمە نەیهێشتووە ئێمە شارمان بۆ دروست ببێ” . ئینجا پاساوی دیکەی بۆ نەبوونی داهێنان بەکارهێناوە، کە بریتییە لەوەی “ئێمە لادێمان شارمان بەڕێوە دەبا و دەیترسێنێ و سووڕ و گووڕی دەدا”.

ویستم لە دراوسێکەم بپرسم ئەرێ چۆنە تۆ لەهەموو شتێک دەزانی و منیش لەهیچ نازانم تەنیا نووسین نەبێت. دوایی بیرم کردەوە ئەو تەنیا لە نووسین نازانێت و هەموو شتێک دەزانێت. واتە ئەو هەژار نییە، لە چینی مام ناوەندە، بەڵام زۆربەی ئەو شتانەی ئەو دەیزانێت پەیوەندی بە (هەژاریی فکریی) نییە.  تەنیا ئەو دەتوانێت پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی زۆر باش و سەرکەوتوو لەگەڵ هەموو خەڵک دروست بکات، کەچی من ناتوانم ئەوە بکەم. ئەو لە پەراوێز دەژیت و خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵام من بەهۆی نووسینەوە نێوبانگم هەیە. ئەو فکرەیەکی زۆر و فرە ڕەهەندی هەیە، بەڵام هێزی بیرکردنەوەی دابەشبووە، منیش هێزی بیرکردنەوەم لە بازنە و نێوەندێکی دیارکراودا چڕکردۆتەوە.

ئایا هەژاری فکری لە کوێیە؟. (بەدران ئەحمەد حەبیب) دەبێژێت: “من تەنیا دوو نووسەری کوردم ناسی لە چینی سەرەوە هاتبنە ناو دنیای نووسین، مەسعوود محەمەد و خەسرۆ جاف، ئەوی تر هەمووی لە ڕەشووڕووتی ژێرەوە سەری هەڵداوە، کە ڕەشی و ڕووتی لە ژیانی خۆیاندا داهێنانیان نەکردووە،”.

لە بوارێکی دیکەدا دەبێژێت: “هۆ ئەوەیە زۆرینەی نووسەرانی کورد لە چینی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژێرەوە هاتوون، وەک بنەوایش، هەژاری داهێنانی لێ پەیا نابێت، هەژاری و دەسکورتی هیچ ڕۆژێک لە مێژوودا داهێنانیان نەبووە”.

لە لێکدانەوەی ئەم بڕگەیەدا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر (کردەی کۆمەڵایەتی و ئابووری) کە هۆکارن بۆ ئەوەی ئەدیب و کەسی هەژار داهێنان نەکەن، ئەم پرۆسەیە دەبەستێتەوە بە سەرتاپای مێژوو. واتە بەدرێژایی مێژوو، هەژار لەبەر ئەوەی سەر بە چینی هەژاری ئابوورییە، بۆیە داهێنانیان لێ پەیدا نەبووە و بە دڵناییەوە جەخت دەکاتەوە کە هەژاری و دەسکورتی لە مێژوودا هیچ داهێنانێکی نەبووە.

ئەگەر لە ڕوانگەی زانستی پزیشکی باسی توانای بیرکردنەوە و قەبارەی مێشک و وزەی بەکارهێنانی مێشک بکرێت، کە ڕیشەیان لەگەڵ داهێنان هەیە، ئەمە دەمانباتە نێو باسێکی زانستی و قووڵ، ئەگەر ئەمە لەڕوانگەی زانستی کۆمەڵایەتی و دەروونناسی لێکبدەینەوە، پێویستمان بە سەرچاوە و لێکدانەوەی هەمەجۆر و فرە ڕەهەند هەیە، کە بەستراونەتەوە بە پەیوەندی بەرهەمهێنان و ژینگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی و دۆخی دەروونی تاک و ئەو پەیوەندییە دەروونیی و ئەخلاقیانەی لەنێوان (تاک و کۆمەڵگە)، (تاک و تاک) بەرجەستەیە. من لەوە پشتڕاستم (بەدران ئەحمەد حەبیب) هەروا بە گۆترە و بێ مەزەندە و لێکدانەوە ئەم بۆچوونە پڕ مشتومڕە ناخاتەڕوو، باسێکە تەژییە لە بابەتی فرەچەشن.

 

 

 

کورد داهێنەر نییە

 

(بەدران ئەحمەد حەبیب) دەڵێت “هۆ ئەوەیە زۆرینەی نووسەرانی کورد لە چینی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژێرەوە هاتوون، وەک بنەوایش، هەژاری داهێنانی لێ پەیا نابێت، هەژاری و دەسکورتی هیچ رۆژێک لە مێژوودا داهێنانیان نەبووە،”.

هەژاریی فکریی و هەژاری ئابووری و هەژاری ئەدیبی کورد دەبەستێتەوە بەوەی، کە: “نووسەر هەیە دوو جار بۆی نەلواوە بچێ بۆ دهۆک، یان بە تێری بۆ پشوو سەری وڵاتێکی دوور بدات، ژیانی رابواردنی شەوانی نەبینیوە، نەگیراوە، لە گرتیگە سەبارەت بە سیاسەتەوە دارکارییان نەکردووە، داریان تێ نەبڕیوە، خۆشاردنەوەی لە ترسی پۆلیس نەکردووە، مێبازی و نێربازیی نەبووە، هاوەڵێکی نەبووە لە دواوە بدات، خۆیشی نەیداوە، کۆڕ و کۆبوونەوەی شەوانی دەوڵەمەندانی نەبینیوە، کۆیهۆی پێک هەڵدان و دەست تێکەڵیی لەگەڵ ژنی بە مێردا نەبووە، هاوەڵایەتیی فشەکەرێکی بەناوبانگی نەکردووە، بۆ یەک جاریش تێر نان نەبووە”.

دەمەوێت ئاماژە بە قسەیەکی ملیاردێری ئەمەریکیی (بیل گرۆس) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای پیمکۆ ئینڤێستمەنت مەنجەمێنت لە کالیفۆرینا بکەم، کە دەبێژێت : “دەوڵەمەند بوون لەسەر حیسابی هەژاران هەستێکی خۆ بەتاوانبارزان دروست دەکات، ئەمەش وایکردووە دەست بە بەزەیی هاتنەوە بە هەژاران بکەم”.  واتە دەکرێت بڵێین ئەوانە لەسەر حیسابی هەژارەکان دەوڵەمەند بوون، دەکرێت ئەو هەستە مرۆییە بیان وروژێنێت، کە دەبنە مایە دروستکردنی جیاوازییەکی تۆقێنەر.

بەپێی ئەم بۆچوون و سەرەهۆکارانە بێت کە (بەدران) ئاماژەی پێکردوون کەسی داهێنەر دەبێت ((لە گرتیگە سەبارەت بە سیاسەتەوە دارکارییان نەکردووە، داریان تێ نەبڕیوە، خۆشاردنەوەی لە ترسی پۆلیس نەکردووە، مێبازی و نێربازیی نەبووە، هاوەڵێکی نەبووە لە دواوە بدات، خۆیشی نەیداوە، کۆڕ و کۆبوونەوەی شەوانی دەوڵەمەندانی نەبینیوە، کۆیهۆی پێک هەڵدان و دەست تێکەڵیی لەگەڵ ژنی بە مێردا نەبووە، هاوەڵایەتیی فشەکەرێکی بەناوبانگی نەکردووە، بۆ یەک جاریش تێر نان نەبووە)).

بۆیە ئەمەی لەم بۆچوونە هەست پێ دەکرێت و وەکو چەقەڕێگە دەبینرێت بۆ شیکردنەوەی کێشەی داهێنان و چینەکان، لە ڕوانگەیەکی پراگماتیکی سەیریان بکەین بە مەرجی کەسانی داهێنەر دادەنرێن و کەسەکەش لە چینی هەژاران نییە، دەبێت نیشانە و هێمای کەسایەتی ئەدیبێک و هونەرمەندێک و هزرڤانێکی داهێنەر بێت، دەبێت ئەم سیفەتانەشی تێدا بێت، کەوانە ئەم کەسە داهێنەرە:

یەکەم: دەبێت یەکێک لە ئەندامە دیار و کاریگەر و بزۆزەکەی چینی (سەرەوە!!) بێت، چونکە داهێنان تەنیا لەم چینە دەوەشێتەوە.

دووەم: پێویستە داهێنەر ئەگەر ئەم شتانەشی بەسەر نەهاتبێت و وای نەکردبێت، ئەوە دەبێت زانیاری و مەعریفەی لەبارەی ئەم شتانە هەبێت و ڕاستەوخۆ شتەکانی بینیبێت.

 

هەژاری ئابووری سەرچاوەیە بۆ دواکەوتن و لەپاش مانەوەی چینێکی بەرفراوانی کۆمەڵگە، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە ئەوانەی لە چینی (سەرەوەن!!) هەموویان عاقڵ و ژیر و داهێنەر و مرۆڤی بەهێزی (سوپەرمان) بن. لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەوانەی دەزانن (نەزانین کارەساتە و پێویستیان بە نەمانی تاریکی و کوێرەوەرییە) چینی هەژارن، یان ئەوانەن، کە لەنێو ئەم چینەدا پێ دەگەن. بەپێچەوانەوە چینی (دەرەبەگ و دەوڵەمەند و کەشخە) دەیانەوێت ئەم چینە لەنێو دواکەوتندا سەرچۆپی نەزانین بگرن، زانست و مەعریفە کۆنترۆل دەکەن لەپێناو خزمەتی خۆیان بە دواکەتوو هێشتنەوەی چینی هەژار. هەژار لەزەت لە قوربانی دان وەردەگرێت و چینی سەرەوەش لەزەت لە بەدەستهێنانی دەستکەوت.

 

دیماهی

 

بە پوختی و کورتی دەکرێت سەرنجەکان بە شێوەیەکی گشتی لەم خاڵانە چڕ بکەینەوە:

یەکەم: یاخی و منجڕ و شێتانە ئەوانەن، کە لەنێو چینی هەژاراندا دەردەکەون و مەیلیان بەرەو ڕێچکە شکاندن و داهێنانە. ئەوەی دەیەوێت زۆرتینی دەستکەوێت و سەکێشیش نەکات چینی سەرەوەیە. لێرەدا (مشەخۆری) دەبێتە بابەتێکی یەکجار گرنگ. ئایا داهێنەران مشەخۆرن، یان مشەخوراو. بەکارهێنراون، یان بەکارهێن. داهێنەری هەژار بابەتی تێگەیشتن و هاندان و  وریاکردنەوە و نمایشی زولم بەرهەم دەهێنێت، داهێنەری چینی سەرەوە لەزەت لە جوانی و سێکس و ڕابواردن و شاردنەوەی ئەو شتانە دەکات، کە داهێنەری چینی هەژار ئاماژەی پێ دەکات.

دووەم: هەژارەکان خودانی مەعریفەیەکی قووڵی کەلتووری و فکری نین، بەڵام لەپێناو مەعریفەدا ئامادەی قوربانین. دەوڵەمەندەکانیش خاوەنی مەعریفەکەن، بەڵام کۆنترۆڵی مەعریفە بەدەستەوە دەگرن. داهێنان بە گۆڕان و سنووربەزاندنی دەناسرێتەوە. هەژار لەپێناو گۆڕان دەجەنگێت، دەوڵەمەندیش لەپێناو هێشتنەوەی شتەکان وەکو خۆی ئاهەنگ دەگێڕێت. داهێنەری هەژار لەپێناو نەهێشتنی زیندان، دەچێتە زیندان، داهێنەری چینی سەرەوەش لەپێناو هێشتنەوەی زیندان کلیل دروست دەکات.

سێیەم: زمانزان بە مانای تێگەیشتن لە شتەکان و بەکارهێنان دێت، ڕۆماننووس پێویستە لەم بوارەدا وریا و کارا و دەستکراوە بێت. زمانی شار (سنووردارە، زمانی گوند لێی دەزێت).لە بەکارهێنانی زمان لەوە دەگەین، کە کێ گوندییە و کێ شارییە.

چوارەم: گەڕان بەدوای کەرەستەی شار لەنێو شار، نەک کەرەستەی گوند لەنێو شار، کێشەیەکی زەقی ئەم سەردەمەیە. ڕاست دەکەی کاڤێک ترسی بەڕێوەبردنی عەقڵی شار لەلایەن گوندەوە هەیە، داهێنان دەکەوێتە ناکۆکییەکی توند و سەخت. ئێمە هێشتا شارمان بە مانا کۆمەڵایەتی و سێکسی و ئابووری و دەروونی و دیزاین و پەیوەندییەکانی تاک و کەلتوور و رەفتار  تاک و زمانیش نییە.

پێنجەم: معانات و نەبوونی و هەژاری یەکێکن لە سەرچاوەکانی هاندانی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوە لە داهێنان، هەرچەندە لەگەڵ یەکێکی وەکو (تۆلستۆی) نایەتەوە لەکاتێکدا (دیستۆفکسی) سەختی ژیان بەشی هەرە زۆری تەمەنی ئەوی داگیر کردبوو، بەڵام پێچەوانە ئەمە (بەدران ئەحمەد حەبیب) کەسانێکی هەژاری دارایی و ئابووری بە سەرچاوەیەکی دەستکورتی دیاری بیرکردنەوە لەگەیشتنە داهێنان دادەنێت. لەمەدا پێمان دەڵێت چەپخوازەکان لە لێکدانەوەی ئەم بوارە کورتیان هێنا، بەڵام لە ژینگەی سەرمایەداریش مەرج نییە داهێنەرەکان هەموویان لە بنەماڵەی خانەدان و خودان دەسەڵات و پێگەی باڵای کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەندەکان بن.

شەشەم: بەم پێورە بێت کاک (بەدران) بەهەشتیش بە شیاوی هەژاران نازانرێت.

 

لە دیماهیدا دەتوانم بێژم، مێژوو نموونەی زۆری تێدایە هەژارەکان توانای بیرکردنەوە و دروستکردنی خەیاڵ و دۆزینەوەی واقیعیان هەبووە، هەندێک دەوڵەمەند و خانەدانی داهێنەر بۆ دۆزینەوەی هەقیقەتی ژیانی هەژارەکان وازیان لە سامان و دەسەڵاتی خۆیان هێناوە و بەدەستی نەبوونی تووشی ئازار و کێشەی زۆر هاتوون. لەنێو ئەدەبی کوردیدا ئەوانەی هەژارن و لەدەرەوەی دەسەڵات و توانای ئابوورین (نووسەر و ئەدیبەکانن) هەر ئەوانیشن دەتوانن بیر بکەنەوە، خەیاڵیان هەیە و دەتوانن پێشەنگ بن، بەڵام مەیلی تووندیان لە خۆ پەراوێزخستن، دەرنەکەوتن، کشانەوە بۆ ڕیزی پشتەوە، خۆدزینەوە لە گفتوگۆی جدی هەیە. هەیانە نایەوێت کورتانی خواری هیچ کەرێک ڕاست بکاتەوە، تاژی جلکراوی هیج ڕاوچییەک تاو بدات، پەیوەندییە سێکسییەکانی گروپی سەرەوە بجەڕبێنێت، هۆکاری تاریکی نمیاش دەکات و ئاشکرای ناکات، دیزە بەدەر خوونەکردن بە پیشەیەکی داهێنەرانە و لاشەڕانەی ئەدەب و داهێنان دەزانێت.

لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا یەک هۆکار نابێتە سەرچاوە و بنەما بۆ ئەوەی بێژین ئەوەی لە تۆ و ڕەگەزی ئەم چینەش بێت، داهێنەر نین، بەڵکو کێشەی دیکەش هەن و ناشبڕێنەوە و دەکرێت گفتوگۆی سوودبەخشی لەبارەوە بکرێت. دەستخۆش کاک (بەدران) باسێکت وروژاندووە کەسانی ئازا لە بیرکردنەوە، خودان زمانی دەربرین و ئازاد دکارن بینووسن.