دیسان ئێمە و نەبوونی داهێنان
(٢)
بەدران ئەحمەد حەبیب/ نووسەر/ هەولێر
من باسی چینی ژێرەوە دەکەم، ئەم چینە دەسکورت نییە تەنیا لە رووی ئابوورییەوە، لە شێوە ژیانی سەردەمانەیشدا دەسکورتە، لەم چینەدا نهێنی نییە، لەمسەر تا ئەوسەر بە وردایەتیی ژیانی یەکتر دەزانن، هەر ماڵە دەزانێت “بۆ میناک” ماڵانی تری گەڕەک چییان بۆ ئێوارە لێ ناوە، ئەمە ژیگەی سەرهەڵدانی رۆمان نییە،
چینی ژێرەوەی کۆمەڵگەی کوردی، لە شاریش بێت هەر لادێییانە بەسەر دەبات، لە هەندەرانیش بژیەت هەر وایە، کوڕ و زایەی ئەم چینە لە بیر و تاقیکردنەوەی سەربەخۆیانەیەدا رووت و رەجاڵن بۆیە نەک تەنیا بۆ کاری داهێنانی هونەرییانە، بۆ هیچ کارێکی تری سەردەمییانە دەست نادەن، مەگەر کەسێک توانیبێتی خۆی بگۆڕێت، کە ئەمەیش زۆر کەمە،
با کەمێک لە داهێنانی ئەدەبی و هونەری لا بدەین، بزاوێکی سەت ساڵە و قوربانیدانێکی دوورەدرێژی هەر چوارلا، بەڵام سەبارەت بەوەی بە کولتووری لادێییانە بەڕێوە چوو، تەنیا قوربانیی دا و بەرامبەرەکە ددانی پێدا نەنا، سەت ساڵی تریش بڕوات هیچ ناچنێتەوە،
چینی ژێرەوەی کۆمەڵگەی کوردی، لە شاریش بێت هەر لادێییانە بەسەر دەبات، لە هەندەرانیش بژیەت هەر وایە
لە ئەدەبیاتی مارکسیزمدا، من ئەم تایتلەم زۆرجار هاتووەتە بەر چاو: “قيادة الطبقة العاملة من خارج الطبقة”، واتە سەرکردایەتیی چینی کرێکار لە دەرەوەی چینی کرێکارەوە، لەوانەیە کارل مارکس لە هەندێک کات بە هەژاریدا تێ پەڕیبێ وەک دوێنێ هاوەڵان مکوڕییان دەکرد، بەڵام خۆی زایەی چینی سەرەوەیە، هەروەها ئەنگڵس و لینین، وا نەبوایە ئەم داهێنانە نەدەبوو، هەرسێکیان سوورن لەوەی چینی کرێکار دەبێ لە دەرەوەی خۆیەوە دەستی بێتە گرتن ئەینا هیچ سەرەدەرێک نادۆزێتەوە، لەبەرئەوەی چینێکی گێل و گەواژە، مەسعوود محەمەد دەیوت “ئەوەی پێی دەڵێن پرۆلیتاریا تەنیا کەمێک وێروەی ئاژەڵە”،
مەسعوود محەمەد دەیوت “ئەوەی پێی دەڵێن پرۆلیتاریا تەنیا کەمێک وێروەی ئاژەڵە”
لیو تۆڵستۆی، بۆ نووسینی رۆمانی “شەڕ و ئاشتی”، دەیان سەرچاوەی مێژوویانەی خوێندەوە و بۆ پەیاکردنی زانیاری دیمانەی سەتان کەسی کرد، ئەینا ئەم شاکارە سنووربڕەی چۆن بۆ دەهاتە نووسین؟ تۆڵستۆی پارەی لە بەریکدا هەبووبێ یان نەبووبێ، کوڕی کۆمەڵگەیەکی فرە وشیار بووە، من باسی کۆمەڵگە دەکەم نەک تاک،
ئەدەب، هونەر، سیاسەت، ئابووری، هەمووی دەبێ چینی سەرەوەی کۆمەڵگە، یان روونتر بڵێم، کەسانی فرە وشیار و سەردەمییانە و هزر پێشکەوتوو بەڕێوەیان ببەن ئەینا لە کاروانی خێرای مێژوو، دوا دەکەون، کێشە نییە با تۆ کەسێکت هەبێ لە چینی رەشووڕووتەوە هاتبێ بەڵام لە هزر و کولتوور و داوونەریتدا پێویستە سەر بە چینی سەرەوە بێت، ئەمە کڕۆک و بنکڕی باسەکەیە،
بیست ساڵە وا ئێمە گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدەدەینەوە، بەڵام کەسێکمان نەچوو بە مانگان و ساڵان بگەڕێ زانیاری کۆ بکاتەوە، ئەو هەموو کەسەمان لە ژێر داری دارکاریدا ساڵەیلیان لە گرتیگە بردە سەر، نەچووین بپرسین بزانین شێوەی دارکاریی ئەودەمەی رێژیم چۆن بووە، بۆیە کە خەبات و قوربانیمان نەچووە بواری رۆمانەوە، وەک تڕی بنگۆم رۆیی، کەسێک رووت و رەجاڵی هزر بێت وا دەزانێت رۆمان دەسکری خەیاڵە، نازانێت خەیاڵیش باکگراوندی خۆی دەوێت، نووسینی رۆمان لە نووسینی لێکۆڵینەوەی زانستی، کار و توێژینەوەی زیاتر دەوێت، لای کوردی ماڵوێران لاپتۆپێکە و قاوەیەکە و بۆی دانیشە،
کەسێک رووت و رەجاڵی هزر بێت وا دەزانێت رۆمان دەسکری خەیاڵە، نازانێت خەیاڵیش باکگراوندی خۆی دەوێت
وێروەتر لەو مێژووە، تا ئێستە نەمانزانی زانیاری لە بارەی شەڕی براکوژی و یەکتر ڕاونان و ماڵ تاڵانیی یەکترەوە کۆ بکەینەوە تا لە کاری ئەدەبیدا سەرکۆنە و بنکۆنەی بکریان بکەین،
راستە و وایە، ئێمە بەرهەمی ئەدەبیمان فرەیە، هەندێکیان باشیشن بەڵام گەلێک ناوچەیی و لۆکاڵن، ناگەن بە سڤدەر (عتبة)ی ئەدەبی گەلانی پێشکەوتوو، کە من هۆی ئەمە بە پلەی یەک دەگێڕمەوە بۆ هەژاریی ئابووری، هەژاریی ئابوورییش سەرچاوەی هەژاریی کولتوورییە، ئەمە نەیهێشتووە ئێمە شارمان بۆ دروست ببێ، کۆمەڵگەی کوردی، شێوە دێهاتییەکەی زاڵە بە شارییەکەیدا، جاروبارێک مرۆڤی شارییانەی هەولێری، لە نێوانی ئێمەدا دادەنیشن بەڵام ناتوانن بدوێن چ جای رەخنە بگرن، ئێمە لادێمان شارمان بەڕێوە دەبا و دەیترسێنێ و سووڕ و گوڕی دەدا، جا تۆ بۆ خۆت لە نەبوونی داهێنانی ئەدەبیدا، بەرهەم و بەرسڤەکەی وەرگرەوە،
ئێمە لادێمان شارمان بەڕێوە دەبا و دەیترسێنێ و سووڕ و گوڕی دەدا
لە ژیانی شاردا دەستی چەپ بە دەستی راست نازانێ، بەڵام لە شارێکی وەکو هەولێر، یان وەک دهۆک و کەرکووک و سلێمانیدا نهێنی نییە، هەموو لە هەموو، کوردواتەنی دەزانن چەند موو بە پاشەڵی ئەویترەوەیە، ئەم دۆخە دواکەوتووە ناشارییە، بە هەموو لایەکی ژیانی کۆمەڵگەدا دەری داوەتەوە، ئەدەب، هونەر، سیاسەت، ئابووری، بۆیە ئەمە کۆمەڵگەی رۆماننووسین نییە، “پرایڤەسی” وەک ئینگلیز دەڵێن، لای کورد قەدەغە و نابێیە، من زۆرجار بۆ گاڵتەوگەپ دەڵێم تۆ پارەی خۆت مەژمێرە، لە دراوسێکەت بپرسە دەزانێ چەندت هەیە،
ئەمە کۆمەڵگەی رۆماننووسین نییە
رۆمان لەو رووداوەیلە دەدوێ، کە لە پشتی دیوارەوە روو دەدەن و کەس ئاگەی لێیان نییە، راستە و لەوانەیە ئێستە، کەمێک ژیانی شارییانە لە کۆمەڵگەی کوردییشدا دەستی پێ کردبێ بەڵام ئەوەی رۆمان دەنووسێ ئاگەی لێ نییە و پەیدۆز و گەڕانی بە دوادا ناکات، هاوەڵێک گێڕایەوە وتی کابرای خاوەنی کۆمپانیای هێنانی دەرمان، لە گیانەڵادا بوو دەیوت “هیزە نەکەن دەرزیی ئەم جارەی دوایی خۆم هێنابووم لە منی بدەن”، ئەمە خۆی کلیلی رۆمانێکە، میناکێکە، بەڵام کوڕم دەوێ بۆی کوڕەگوێ ببێ و بکەوێتە رچە هەڵگرتنی،