بۆچی ئێمە داهێنانمان نییە؟
(١)
بەدران ئەحمەد حەبیب/ نووسەر/ هەولێر
ئەوڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک گەنجدا رۆنیشتبووم، باسی ئەوە هاتە پێشەوە چ بەرهەمێک یان چ کارێکی کام نووسەر بگۆڕینە ئینگلیزی،
من رێگەم بە خۆم دا بڵێم کتێبخانەی زمانی کوردی هیچ کارێکی ئەدەبیی تێدا نییە شایەنی ئەوە بێت وەری بگێڕی نەخاسمە لە بواری چیڕۆک و رۆماندا، وەریش بگێڕیت خوێنەری نابێت، خوێنەریشی بۆ پەیا بکەی، سەرنج راناکێشێت،
ئەوە راستە، بەردەوام کاری ئەدیبانی کورد دێنە وەرگێڕان، بانگەواشەیەکی زۆریش بۆ هەندێکیان دێتە کردن، بەڵام تەنیا توانست و کات بە زایە دانە و هیچی لێ شین نابێت،
هەژاری و دەسکورتی هیچ رۆژێک لە مێژوودا داهێنانیان نەبووە
هۆی ئەم دۆخ و بارە، بندەستی و کەم هەلیی گەلی کوردستان و زمانی کوردی نییە بە تەنیا، هۆی وێوەتر هەیە،
وەک دەبینین لە ناو زۆر گەلی دواکەوتووی تردا، داهێنانی سەرنج راکێش لە لایەن نووسەران و ئەدیبانەوە دەگات بە وڵاتان و ناوبانگ دەکات و جارنا گۆی گرەویش دەباتەوە،
کەواتە، هۆی ئەم نەزۆکییەی ئێمە چییە؟
هۆ ئەوەیە زۆرینەی نووسەرانی کورد لە چینی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژێرەوە هاتوون، وەک بنەوایش، هەژاری داهێنانی لێ پەیا نابێت، هەژاری و دەسکورتی هیچ رۆژێک لە مێژوودا داهێنانیان نەبووە،
هەیە دەیناسم، کوڕی چاکە، نوێژکەرە، دەست و دەم خاوێنە، سەری بچێ درۆ ناکات، هاتووە رۆمان دەنووسێ
نووسەر هەیە دوو جار بۆی نەلواوە بچێ بۆ دهۆک، یان بە تێری بۆ پشوو سەری وڵاتێکی دوور بدات، ژیانی رابواردنی شەوانی نەبینیوە، نەگیراوە، لە گرتیگە سەبارەت بە سیاسەتەوە دارکارییان نەکردووە، داریان تێ نەبڕیوە، خۆشاردنەوەی لە ترسی پۆلیس نەکردووە، مێبازی و نێربازیی نەبووە، هاوەڵێکی نەبووە لە دواوە بدات، خۆیشی نەیداوە، کۆڕ و کۆبوونەوەی شەوانی دەوڵەمەندانی نەبینیوە، کۆیهۆی پێک هەڵدان و دەست تێکەڵیی لەگەڵ ژنی بە مێردا نەبووە، هاوەڵایەتیی فشەکەرێکی بەناوبانگی نەکردووە، بۆ یەک جاریش تێر نان نەبووە،
نەک تەنیا ئەم بارانەی نەبینیوە، بگرە ئەو جۆرە هاوەڵانەیشی نەبووە بەم بارانەدا رابووریبن، لە هیچ سەرچاوەیەکیشەوە زانیاریی لەم رووانەوە نەبووە، ئێ ئەمە چۆن دەبێ بە رۆماننووس؟
هەیە دەیناسم، کوڕی چاکە، نوێژکەرە، دەست و دەم خاوێنە، سەری بچێ درۆ ناکات، هاتووە رۆمان دەنووسێ، ئێ ئەوە لە پێشی پێشەوە من نەمخوێندەوە،
من تەنیا دوو نووسەری کوردم ناسی لە چینی سەرەوە هاتبنە ناو دنیای نووسین
وەک بنەوا، رۆمان لەو رووداوانە دەدوێ، کە لە پشتی دیوارەوە روو دەدەن، نووسەری هەژاری کوردستان ئەم ژیانە شاراوانەی نەبووە، بگرە پێشی شەرمە بیبێت،
من تەنیا دوو نووسەری کوردم ناسی لە چینی سەرەوە هاتبنە ناو دنیای نووسین، مەسعوود محەمەد و خەسرۆ جاف، ئەوی تر هەمووی لە رەشووڕووتی ژێرەوە سەری هەڵداوە، کە رەشی و رووتی لە ژیانی خۆیاندا داهێنانیان نەکردووە،