لە دیاردەناسی ئاواییەوە بەرەو بوونناسی چەمک
(سووکە ئاوڕێکی دیالکتیکی لە ئاگایی و ناسین)
يادداشت : عەبدولقادر نیازی/ شاعير و ڕەخنەگر / مەهاباد
هەوڵی سۆبێکت(سوژە) وەک بەشێک لە ئاگایی، نەک دۆزینەوەی چەمک یا بەربژێرێکی نوێ دە بەرناسدا(ابژە) کە کەشفی خۆیەتی بە فۆڕمێکی تر دەو دا. دە ڕاستیدا دە پڕۆسەی ناسین دا، دیالکتیکی سۆبێکت نەک دیالکتیک لە گەڵ ئۆبێکت و بەرناس کە دیالکتیک لە گەڵ مەیل و ئاگایی خۆیەتی.ناسین لەو سووچەوە بوارێکی فانتزیکە. کێشەی هەرە گەورەی عەقڵانییەتی سۆبێکتیک و ناسین کار (سوبژکتیویتە) گرمۆڵەکردنی توێخێک لە ئاگاییە، بە نیازی گەیشتن بە بەرناس و ئۆبێکت، ئەویش بە دەرئەنجامێکی بوونناسانە و کۆتا مەبەست. مەترسی مێتافیزیکی ئەو شێوازە لە سۆبێکت، پۆلێنبەندی کردنێکی چین و توێژانەیە لە بەرناس لە پێناو حەقیقەتێک دا کە لە سەرەتای ئاگاییەوە گرمۆڵە بووە و بە سەر سۆبێکت و ئۆبێکتدا دابەش کراوە. سەرچەشنی ئیدئۆلۆژیکی سۆبێکت دە ڕاستیدا ئەو نوقستانە دیالکتیکییە کە سۆبێکت لە گەڵ فانتزی ناسین و مەیلی خۆی هەیەتی نەک لە گەڵ کراوەیی بەرناس بەڕووی دۆخێکی دیالکتیک/ئانتۆلۆژیکدا. دەبەریەکدا راگرتنی عەقڵانییەتی شار و دێ، یەک لەو وێژمانگەلەیە کە تووشی وەها مەترسییەکی مێتافیزیکی هاتووە. دە ڕاستیدا عەقڵانییەتی شار نە سڵەمینەوە یا پەروای بوونناسانە لە عەقڵانییەتی دێ بەڵکوو عەقڵانییەتێکی مێترۆپۆلیک و نەک حەتمەنیش دێمۆکڕاتیک بەڵام پلۆڕالیستیکە کە پتر خۆی دە مێکانیزمێکی دیالکتیکیدا دەخاتە ڕوو بەڵام دێ عەقڵانییەتێکی ئۆرگانیکە. وێژمانی عەقڵانییەتی دێ بەڵام خاوەنی ئەو دیسکۆڕسە تایبەتەی خۆیەتی کە بە گشتی جیاوازە لە گەڵ عەقڵانییەتی شار کە ڕەنگە هەر دووکیان دە بەربژێرکردنی دۆخی دیاردەناسیدا هاوبەش و پێداگر بن بەڵام هەڵس و کەوتییان لە گەڵ بوونناسی جیاوازە. بۆیە پێک گرتنی ئەو دوو شێوازە لە عەقڵانییەت لە بنەڕەتەوە هەڵەیە. چونکە خاڵی هاوبەشی هەردوو عەقڵ، سەرچەشن و ئاڕکی تایپێکی کۆمەڵایەتییە کە پتر خۆی دە نۆستالۆژیدا دەدۆزێتەوە. نۆستالۆژی خاڵی کاپیتۆن و ناوەندییە کە عەقڵی شار و دێ وەک سۆبێکتێکی دابەشکراو لێک گرێ دەدا نە وەک سازدانی دوو چینی مەعریفی باڵا دەست و ژێر دەست(لاکان). ئەوەیکە عەقڵانییەتی شار وەک مێکانیزم و گوتاری دێ وەک ئۆرگانیزم خۆ دەخەنە روو، پتر بە هۆی ئەو لەنگەرگرتنە مێتافیزیکییەی سۆبێکتە کە خۆی لە بنەڕەتەوە لەو ڕوانینە چین و توێژئاسایە سەرچاوەی گرتووە و مەودایەکی چینایەتی خستۆتە ناو ئاگایی و ناسین. ئەوەی راستی بێ ئەوەیە کە دێ نە کانسێپت و بەربژارێکی ئۆبێکتیک و بەرناسانە کە خۆی ناسین کارە بەڵام، سۆبێکتی شار وەک عەقڵێکی باڵادەست، بەردەوام وەک بەرناس و بەرهۆ لێی ڕوانیوە و پڕۆسەی ناسینی نەزۆک کردووە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان:
مکانیسم در فلسفە اجتماعی و سیاسی هگل/ نیتن راس/ترجمە حسین نیکبخت/چاپ اول1400/ تهران :
نشر اگە دستگاە نظری تفسیرگرایی پڕاگماتیستی : جامعە درون ساخت/برون ساخت/ نویسندە: ح.ا. تنهایی/چاپ اول1400/تهران:
اندیشە احسان جامعە: یک شجرە شناسی تاریخی/میگوئل ا. کابررا/ترجمە حسین احمدی/ چاپ اول1399/ تهران :
اندیشە احسان عەقڵی خەسار/هیوا قارەمانی/ چاپی یەکەم2721/ سەقز: بڵاوگەی گوتار