فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕامکردنی نەفس

ڕامکردنی نەفس

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و  ڕەخنەگر/ هەولێر

سەرەتای ڕێ، تۆبەکردنە، لەو وێستگەیەدا ڕێبواری ڕێی تەریقەت، هەم خۆی لە گوناهـ و هەڵە بەدوور دەگرێت و هەم تەرکی دونیایش دەکات. ئەم بڕیاردانی تۆبەکردنە، دەشێت زادەی بینینی خەونێک، یان خوێندنەوەی ئایەتێک بێت. هەیە بە کاریگەریی کەسێک بڕیاری تۆبەکردن دەدات و هەیشە بە زەبری گوتەیەک. سۆفی بۆچی پشت دەکاتە دونیا؟ چونکە دونیا لە سەرەڕێی ئەوانەدا، بەرەو لای خوا بەڕێوەن، وەک تەڵە وایە. جامی گوتوویەتی: (دونیا زبڵخانەیە، ئەوی خۆی لێ لا نادات، لە سەگ کەمترە، ئاخر سەگ، بەشی خۆی لێ دەبات و دەڕوات، بەڵام ئەو کەسەی دڵی بە دونیا خۆش بێت، دەستی لێ هەڵناگرێت.) سۆفییەکان زیاتر لەسەر دواییهاتنی دونیا قسەیان کردووە، وەک لە لایەنە خراپەکانی، ئاخر دونیا بەو هەموو بێبایەخییەی خۆیشییەوە، خوا خوڵقاندوویەتی. سۆفی کە دونیا بە هێند وەرناگرن، زادەی ئەوەیە، دونیا ڕوو لە نەمانە و خوا هەر خۆی باقییە. لای سۆفی دونیای فانی، بە بەراورد لەگەڵ مەزنیی و سەرمەدیبوونی خوادا، بایەخی باڵە مێشوولەیەکیشی نییە.
ئایا سۆفی کە تەرکی دونیای کرد، ئیدی گوناهەکانی خۆی بیر دەچێتەوە؟ سەهلی توستەری دەڵێت: “سۆفی با تۆبەیشی کردبێت، گوناهەکانی خۆی لە بیر ناچێتەوە، ئاخر وەبیر خۆ هێنانەوەی گوناهەکانمان، ڕۆحمان بەرەو باڵایی دەبەن،” بەڵام جونەید پێی وابوو، “تۆبەکردنی ڕاستگۆیانە، گوناهـ لەبیری مورید دەباتەوە” هەجویری دەیگوت: “تۆبەکار کەسێکە خوای خۆش بوێت، ئەویشی خوای خۆش بوێت، هەر بیر لە خوا دەکاتەوە و پێویستی بەوە نابێت، بیر لە هەڵەکانی بکاتەوە، چونکە هەڵە دەبێتە پەردە، لەنێوان خوا و ئەوی بیر لە خوا دەکاتەوە.” لە شیعری سۆفییانەی فارسیدا، شکاندنی شووشەی مەی، بە مانای شکاندنی تۆبە دێت. لەسەر مەزاری مەولانا کە لە قۆنیایە، نووسراوە: “بگەڕێوە! با هەزار جاریش تۆبەت شکاندبێت،” کە دەربڕینێکی بەناوبانگی خۆیەتی.
سۆفی لە سەرەتای ڕێدابێت، خەریکی وەرع و زوهد دەبێت، وەرع ئەوەیە، هەر چی زیانی بۆ ئەو دونیا هەیە، خۆمانی لێ بەدوور بگرین. زوهد ئەوەیە: هەر چی قازانجی بۆ ئەو دونیا نییە، خۆمانی لێ بپارێزین. زاهید نە توخنی حەرام دەکەوێت، نە زێدەڕۆیی لە حەڵاڵی خۆیدا دەکات، زاهید تەرکی هەموو ئەو شتانە دەکات کە ئەگەری ئەوە هەبێت، لە خوا غافڵی بکەن. وەرع سەرەتای زوهدە و (ڕەزا)یش بە قەناعەت دەست پێ دەکات. سۆفی کە ڕێی بەرەو لای خوا دەگرێتە بەر، نە لە خۆشیی بەهەشتە، نە لە ترسی دۆزەخ. ئەدی تەقوا چییە؟ ئیمامی عەلی لە پێناسەی تەقوادا گوتوویەتی: “تەقوا ترسە لە خوا، ئیشکردنە بەوەی خوا دایبەزاندووە، قایلبوونە بە کەم و خۆ ئامادەکردنە بۆ کۆچی دوایی.”
ئەوەی کە پێوەندیی سۆفی هەمیشە لەگەڵ دەسەڵاتداراندا ساردە، جۆرێکە لە زوهد. عەتتار ئەوەی بە ئەرکی سۆفییان زانیوە، کەمومووڕییەکانی کۆمەڵ پیشان بدەن و گەندەڵکاری ڕیسوا بکەن. ئەوە ئەرکی تۆبەکارە بە گژ نەفسی خۆیدا بچێتەوە، ملکەچی ئارەزووەکانی نەبێت و ڕەدووی خۆشییەکانی دونیا نەکەوێت، ئاخر جیهادی گەورە، شەڕکردنە لەگەڵ نەفسی خراپەکاردا کە دوژمنی سەرەکی و سەرسەختی ڕێبواری ڕێی عیشقی خوایە. سۆفی قەت پاکژ نابێتەوە و ناگاتە مەقامی (ڕەزا،) ئەگەر خاوەنی نەفسێکی لۆمەکار نەبێت کە بە مانای ویژدانێکی هەمیشە بێدار دێت. ئیبن ئەلخەفیف دەڵێت: “بۆ مورید هیچ لە چاودێرینەکردنی نەفس، مەترسیداتر نییە، ئاخر ئەوی ڕێی عیشقی گرتەبەر، دەبێت نەفسی لە خراپە پاک بکاتەوە.”
لای سۆفییان نەفس شتێکە کۆنکرێتی نەک مەعنەوی، هەندێک جار لە دەرەوەی جەستە، لە شێوەی سەگێکی ڕەشدا کە داوای خواردن دەکات، بە چاو دەبینرێت و پێویستە تەنبێ بکرێت. بە گوتەی جامی، هەندێک نەفسی خۆیان دیتوە لە گەروویانەوە، لە شێوەی ڕێوی یان مشکدا دەرپەڕیوەتە دەرەوە. دەشێت نەفس کە لە زمانی عەرەبیدا مێیە، خۆی لە شێوەی ژنێکی فریودەردا نمایش بکات. نەفس حوشترێکی هەڵچوو، ئەسپێکی سەرکێش یان هێسترێکی چەمووشە، زۆر جار سوار ناچار دەکات، مل بۆ داخوازییەکانی بدات. لە ڕوانگەی عەتتارەوە، ئەوانەی دوای ئارەزووی نەفسی بەرازانەیان بکەون، لە کۆتاییدا خۆیشیان وەک بەرازیان لێ دێت.
وەحشییە لێمان لەبەر تەعنەی ڕەقیبی سەگ سیفەت
ڕاستە هەر زی ڕۆحێ بۆ وەسواسە شەیتانی هەیە
نالی
تەرکی کەم چاکە بەهەشتی بەزمی جانانە ئیتر
چونکە وەک ئادەم ڕەقیبی سەگ سیفەت، شەیتانمە
ئەحمەد موختار جاف
دەشێت نەفس لە دەسەڵاتدارێکی خۆپەرستی وەک فیرعەون بچێت، کە پەیامی موسای فەرامۆش کرد و خۆی پێ خوابوو، خوایش بە خنکان لە زەریای سووردا، سزای دا. یان نەفس لە ئەبرەهە بچێت کە ئابڵووقەی مەککەی دا و بە زەبری بارانی بەردی قوڕین، خوا کۆتایی بە ژیانی هێنا. نەفس مارە، بەڵام ڕەنگە ببێت بە دارێکی سوودبەخش، وەک لای موسا. بۆچی زومروود دەتوانێت مار نابینا بکات؟ چونکە سەوزە وەک شاڵی شێخ، چونکە شێخ دەتوانێت لە چاوی بەد بمانپارێزێت.
نەفس شتێک نییە لەناو ببرێت، بەڵام دەتوانرێت پەروەردە و ڕام بکرێت، وەک چۆن ئەسپێک ڕام دەکرێت. هەموو کەسێک شەیتانێکی هەیە، شەیتان لێرەدا بە مانای نەفس دێت، کە لەبارەی ئەو شەیتانەوە پرسیار لە پەیامهێن دەکەن، دەبێژێت: “چی لێ داوا بکەم، ئەوە دەکات.” ئەگەر لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵی خوا بین، ئیدی نەفسیشمان گوێرایەڵی ئێمە دەبێت. لای سۆفییەکان تەڵەی نەفس هەر لە ئارەزووە جەستییەکاندا خۆی نمایش ناکات، زۆر جار لە بەرگی دووڕوویی و خواپەرستیی ساختەیشدا خۆی پیشان دەدات، ئاخر مەولانا گوتەنی: دەشێت نەفس بە ئاشکرا قورئانی پی بێت و بە نهێنیی خەنجەری هەڵگرتبێت.