فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕازی دەق

ڕازی دەق

 

‌‌حەمە کەریم عارف/ وەرگێڕ و نووسەر/ سلێمانی

 

پێرست

١- ڕازی دەق

٢- نیشاندان… نەک وتن

٣- چاوپێکەوتن

٤- هەرەس

 

 

 

(( ١ ))

دەق، بە خوێندنەرەوە زندووە و لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا تازە دەبێتەوە و دووبارە لە دایک دەبێتەوە، دەقی داخراو هەیە ودەقی کراوە، لە دەقی داخراودا تاک مانایی باڵادەست و زاڵە و لە دەقی کراوەدا، چەند مانایی باڵادەست و زاڵە.. ئەفلاتوون دەق بە منداڵێکی سێوی دەشوبهێنێ، بابی ناتوانێ یارمەتی بدات؛ چونکە نەماوە.

ڕاستە دەقی بابی نییە، دەق سەرەخۆریە کە لە دایک دەبێ سەری بابی دەخوات، ئیدی بەدەم ڕاڤە و تەئویلی بەردەوامەوە تازە دەبێتەوە، تازەیی دەق و زەینی ڕاڤەکار ( تەئویلکار ) ڕەگیان لە چەند مانایی دایە و سیحری زندوویەتی دەق لەمەدایە، ئەمە دەگەڵ بۆچوونی ” مەرگی نووسەر ” دا بە تەواوەتی تێکدەکاتەوە. هەڵبەتە لێرەدا پێدڤییە ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە لە دەقی هونەریدا، سەروکارمان دەگەڵ هونەرییەت و داهێنانی هونەرییدایە، نەک لەگەڵ ڕادەی نواندنەوەی واقیعدا.. هەر وشەیەک کە دێتە ناو دەقەوە، دەگۆڕێ، ناکرێ بە هەمان چەمک و ماناکەی دەرێی دەقەکە مامەڵەی لە تەکدا بکرێ، چونکە لە دنیای دەقەکەدا، دەکاتە چوار ڕێیانی مانایان، کاری نووسەر ئەوەیە ئیدراکێکی حسی تازە بە وشە ببەخشێت.

لەم حاڵەتەدا دەق بۆ خۆی تەئویل و خوێندنەوەی واقیعێکە، لە سەر خوێنەرە، مەدلوولەکەی بدۆزێتەوە، واتە دەقی کراوە، حیسابی هونەری بۆ وەرگر و زیرەکی وەرگر دەکات و ڕووبەڕووی جۆرە بۆشاییەکی هونەری دەکاتەوە کە پێدڤییە ئەو پڕی بکاتەوە و لە میانی ئەم کردە هونەرییەوە بگاتە ئەو لەزەتە ئیستاتیکیەی کە هەر دەقێکی کراوەدا پەنهانە.. دەقی داخراو بە شێوەیەکی ئاسۆیی دەڕوات و لە ڕێڕەوی خۆی لانادات، چونکە پێشوەختە نەخشەی کۆتاییەکەی کێشراوە، بەڵام دەقی کراوە و جووڵەی دەقی کراوە، ئاراستە و ڕەهەندی جیاواز وەردەگرێت، بەڵام دەبێ ئەم جووڵەیە لە فەزایەکی ڕۆشنبیرییدا ڕێکبخرێ، چونکە لە غیابی ئەم ئوتموسفیر و فەزایەدا دەق، دەلالەتەکانی خۆی لەدەست دەدات و دەبێ بە کۆمایەک وشەی سارد و سڕ و بێ مانا، ئیدی دەقی کراوە، لە فەزا ڕۆشنبیرییەکەی خۆیدا دەقێکی فرە ڕەهەند و فرە ئاستە و بەسەر یەکدا دەکرێتەوە و خوێندنەوەی هەمەجۆر هەڵدەگرێت. دەق وەکو تەوژمێکی ئیستاتیکی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەیە، ئەرەستۆ گوتەنی سەرەتا ئەوەیە هیچی لە پێشەوە نایەت، بەڵام شتی لە دواوە دێ، لێ کۆتایی بە پێچەوانەوە، ئەوەیە شتی لە پێشەوە دێ، بەڵام هیچی لە دواوە نایەت، لێ ناوەڕاست هەم شتی لە پێشەوە دێ و هەم شتی لە پاشەوە دێ.. بۆیە سەرەتا و دەستپێک لە دەقدا زۆر گرینگە بۆ ڕاکێشانی خوێنەر، بۆیە چەند مکوومتر و باڵکێشتر بێت، زیاتر خوێنەر ڕموودەی دەقەکە دەکات و وای لێدەکات تا کۆتایی لە سەر خوێندنەوەی دەقەکە بەردەوام بێت، بەڵام سەرەتا و دەستپێکی خراپ و فشەڵ، سیحر و باڵکێشی دەق بەتاڵ دەکاتەوە و خوێنەر تەوەلا دەکات و ناچێتە ژێرباری قورسی ئەو مانا دۆزییەی دەق و خوێندنەوەی دەق دەیخوازێ، ئەو زەمینەیەی بۆ خۆش ناکات، لە دنیای واقیعەوە خۆی بکات بەو دنیا مومکینەدا کە دەقەکە لە خۆی گرتووە. هەڵبەتە هەر دەقێکی هونەری، بەدەم بەدەقبوونەوە، لۆژیکی هونەریی تایبەتی خۆی بەرهەم دێنێت و دەبێ بە گوێرەی ئەو لۆژیکە تایبەتیە خوێندنەوەی بۆ بکرێ، هەڵبەتە سەرەتا و دەستپێک زۆر گرینگە؛ چونکە سەرەتا پردێکە لە نێوان دنیای حەقیقی و دنیای دەق دا. هەڵبەتە دەبێ ئەوەش بگوترێ کە سەرەتا و دەستپێک ڕەگەزێکی جیاواز نییە لە بونیادی کارە هونەرییەکە، کە بەجۆرێ مامەڵەی لە تەکدا بکرێ وەکو ئەوەی بونیادێکی سەربەخۆ بێ و بەسەر خۆیدا داخرابێ، بەڵکو پەیوەستە بە هەموو ڕەگەز و بەشەکانی دیکەی دەقەوە و ئەگەر سەرەتا و دەستپێک نیهاد بێ، ئەوا دەق گوزارەیەکەیەتی، کە بەسەر جۆرەها دەلالەتدا دەکرێتەوە.. وەکو چۆن سەرەتا گرینگە، کۆتاییش یان هەستکردن بە کۆتاییش لە دەقدا گرینگە، بە تایبەتی لە دەق و ئەدەبیاتی تازەدا؛ چونکە دەق جۆرە ڕیسکێکی نووسینەوانیە، دەلالەتەکانی بەندە بە کۆتاییەکەیەوە، کە لە دەقی تازەدا کۆتایی کراوەیە.. ئیدی دەق پردێکە لە نێوان نووسەر و خوێنەردا؛ خوێنەر چ لە ئێستادا و چ لە ئایندەدا، چ خوێنەری دیار و چ خوێنەری نادیار، دەق کە نووسرا و قاڵبی خۆی وەرگرت، لەباری خوێندنەوەدا، ڕەهەندێکی گوتاریی و دەلالی دوورتر لە زەمانی خۆی وەردەگرێت.

هەڵبەتە سیحری دەقی هونەریی لە ناوەوەی دەقەکەدا پەنهانە، دەبێ وەرگر لە ناو دەقەکەدا بۆی بگەڕێ نەک لە دەرەوەی دەقەکە. وشە کە دێتە ناو دەقەوە، ئیدی وشەکەی جاران نییە، حاڵەتێکی میتافۆڕی دەلالەتی هونەری وەردەگرێ و دەبێ بە چوار ڕێیانی مانایان، بۆیە هەر خوێندنەوەیەک، دەکاتە سەفەرێکی ئەفسووناوی بە قەڵەمڕەوی مانادا، ئیدی لەم پێودانگەوە، لە دەقی کراوەدا، گۆنگی فیلیڤانی زەروورەت پەیدا دەکات و جادوویەکی ئیستاتیکی پێدەبەخشێ.. هەڵبەتە دەق دەشێت ڕستەیەک بێ، دەشێت کتێبێک بێت، بۆ نموونە پەندی پێشینیان و قسەی نەستەق دەقن.. دەقی کراوە هەمیشە بەسەر فرە ماناییدا کراوەیە، تازەبوونەوەکەشی لەو چەند مانایی و فرە کرانەوەییەدایە.. واتە دەشێت بەو نەفەسەوە مامەڵە دەگەڵ دەقدا بکرێت کە بەرهەمێکی سیمایی بارگاوی بە مانایانە.

لێرەدا دووانەی دال و مەدلوول دێتە ئاراوە، دال مەفهوومە و مەدلوول، ماکی مەبەست و گوزارشتەکەیە و دۆزینەوەی لە سەر خوێنەر و وەرگرە. بۆیە کارکردن لە سەر زمان و بە زمان لە چوارچێوەی دەقی ئەدەبیدا زۆر زەرووری و پێدڤیە؛ چونکە وەکو دەگوترێ هەر کارێکی فیلیڤانی، بویەرێکی گرینگە لە ژیانی ئەو زمانەدا، چونکە داڕشتنەوەی نوێ بۆ ئەو زمانە دەکات، جۆرەها شێوازی گوزارشتەوانی تازەی لێدروست دەکات و وشە و مانایەک پەیدا دەکات کە پێشتر ئەو مانا و چەمکەی نەبووە.. ئیدی لە میانی دەقەوە، پەیوەندی دال بە مەدلوولەوە بەرجەستە دەبێت. ئیدی بەم پێیە دەق، دەکاتە سیستەمێکی زمانی و بەدەم بەدەقبوونەوە یاسا و ڕێسای خۆی و میکانیزمی تایبەتی خۆی بەرهەم دێنێت. کەواتە دەق یەکێکە لە تەجەلیاتەکانی زمان. چونکە دەقی ئەدەبی بەو زمانە دێتە بەرهەمهێنان کە وەکو ئەوزاری گوزارشت بەکاری دێنێ.

کەواتە زمان بۆ ئەدەب و لە ئەدەبدا هەم ئامرازە و هەم ئامانجە. واتە دەق، بە زمان و لە ناو زمان و لە ڕێگەی زمانەوە کار بۆ کەشفکردنی تایبەتمەندی و ئیمکاناتە گوزارشتەوانیە پەنهانەکانی زمان و ڕێکخستنەوەی یەکە زمانەوانیەکان دەکات و نەک هەر مانای تازە، بەڵکو وشەی تازەش بەرهەمدێنێ، دەق بە زمان کار دەکات و زمان بەرهەمدێنێ، دەق کە زمان بەکار دێنێ، توانا گوزارشتەوانیەکانی ئەو زمانە بەرجەستە دەکات، هێما و ڕەمزەکانی دەخاتە گەڕ و لە بەکارهێنانی ئاسایی وەزیفییەوە، بۆ گوزارشتی ئیستاتیکیی دەگوازێتەوە.

لەزەتی دەق نووس لەوەدایە بەدەم چێبوونی دەقەکەوە کۆمەڵێک پەیوەندی تازەی زمانەوانی کەشف دەکات و دەلالەتێن تازە بەرهەم دەهێنێت.. بۆیە خوێندنەوەی دەق پێویستی بە زانینی جفرەکانی زمان و میکانیزمی گواستنەوەی گوتارە لە نێرەرەوە بۆ نێردراو. دەق، بە حوکمی ئەوەی بەرهەمێکی زمانەوانیە و بە زمان بەرهەم هاتووە، هەم بە زمان و هەم لە ڕێگەی زمانەوە دەلالەتە فیلیڤانیەکانی دێتە کەشفکردن.

(( ٢ ))

بابەتی دەق، هەموو دنیایە، بەڵام بابەتی خوێندنەوە و ڕاڤە خودی دەقەکەیە، دەق بۆ خۆی بەرهەمێکی زمانەوانیە و، بە زمان بەرهەم هاتووە؛ خوێندنەوە و تەئویلی واقیعێکە. هەر بە زمان و لە ڕێگەی زمانەوە دەلالەتە فیلیڤانیەکانی دێتە کەشفکردن، لێرەدا دوو زمان دێتە ئاراوە، زمانی یەکەم زمانی خودی دەقە ئەدەبییەکەیە کە بابەتەکەی هەموو دنیایە و زمانی دووەم، زمانی خوێندنەوە و ڕاڤەی دەقەکەیە، کە لە بنەڕەتدا دەکاتە کەشفی مانا، کە بابەتەکەی دەکاتە زمانی یەکەم نەک هەموو دنیا. واتە ئەنجامی ئەم هاوکێشە و چالاکییە ڕۆشنبیرییە دەکاتە خوێندنەوەی خوێندنەوە.. کە هەردووکیان بە زمان و لە ڕێگەی زمانەوە بەرهەم دەهێنرێن، بابەتی زمانی یەکەم، واتە دەقەکە هەموو دنیایە، بەڵام بابەتی زمانی دووەم ( خوێندنەوە و ڕاڤە ) زمانی یەکەمە.. بەم پێودانگە زمانی دووەم، ناتوانێ لە دەرێی زمانی یەکەمدا مومارەسەی خۆی بکات، واتە زمانی دووەم ( میتا زمان ) سەروکاری دەگەڵ دەلالەت و پێکهاتە و دەنگ و ڕەنگی زمانی یەکەمدا هەیە، هەمیشە دەقی ئەدەبی لە پێش دەقی ڕەخنەوانیەوە دێت و دەقی ڕەخنەوانی بەبێ دەقی ئەدەبی چێنابێت.. بەم پێیە دەقی ئەدەبی نووسینە و دەقی ڕەخنەوانی خوێندنەوە و ڕاڤەی دەقە ئەدەبییەکەیە. هەڵبەتە وەرگر ( خوێنەر و ڕەخنەگر ) نابێ ئەوە فەرامۆش بکات کە ئەدەب لە بنەڕەتدا ڕەمزاندنی واقیع و هەڵوێستەکانە، دەقی ئەدەبی کێڵگەیەکی ئەفسووناویە بە جۆرەها ڕەمز و ڕاز، مانا و دەلالەتان تۆو دراوە، پڕە لە نهێنی هونەریی و هەر بن دێڕێکی بارگاوییە بە جۆرەها ڕازی ئیستاتیکی، بۆیە ئەرکی خوێندنەوە ( ڕەخنە و ڕاڤە ) تەنیا دووبارە کردنەوەی گوتاری دەقەکە نییە، بەڵکو تێدەپەڕێ بۆ ئەوەی نەوتراوەکانی گوتاری دەقەکەش بدۆزێتەوە و لە نەسەقێکی زمانەوانی تازەدا، هەموو دەلالەتەکان ڕێک بخاتەوە و پەردە لەسەر گۆنگی ڕەمزەکانی لاببات و دەنگی ڕاستەقینەی دەقەکە لە ناوەوەی دەقەکەوە، بەرجەستە و کەشف بکات، چونکە دەقی ئەدەبی ڕاستەقینە، ئەوەندەی لە خەمی دەقایەتی خۆیدایە، کە دەکاتە دەنگ و ناسنامەی دەقەکە، نابێ لە خەمی ئایدۆلۆژیا بازی و دروشمبازیدا بێ، چونکە بەوە هەژموونی ڕەهای دەقایەتی لە دەست دەدات.. ئیدی بەمە ڕێگە بۆ ئەو ڕەخنە و خوێندنەوە لامسەرلاییانە دەکاتەوە کە لە دەرێی دەقەکەوە بەسەریدا دەسەپێنرێ و دەقە ڕەخنەوانیەکە، لە بابەتە سەرەکییەکەی خۆی کە زمانی دەقەکەیە دوور دەکەوێتەوە و نابێ بەو کلیلەی، کۆدە هونەرییەکانی دنیا ئەفسووناوییەکەی دەقەکەی پێ بکرێتەوە و هیچ هاوسەنگیەک لە نێوان زمانی یەکەم و دووەمدا نامێنێ. لەم حاڵەدا زمانی دووەم هیچ دەلالەتێکی تازەی دەقە ئەدەبییەکەی پێ کەشف ناکرێ، زیاتر دەکاتە دەنگدانەوەی ڕەخنەگر تا ڕەنگدانەوەی دەقە ئەدەبییەکە. لە کاتێکدا دەقی کراوە؛ فرە ڕەهەند، ئەو دەقەی چ لە سەردەمی خۆیدا و چ لە سەردەمانی پاشتردا خوێندنەوەی جیاواز و هەمەجۆر هەڵدەگرێ. لە خەمی چارەسەری هیچ کێشەیەکدا، یان هەڤڕکی هیچ گوتارێکی ئایدۆلۆژی دیاریکراودا نییە، بەڵام زیاتر لە خەمی پەیدا کردنی ئەدەبیەت و دەقایەتی خۆیدایە و لە ڕێگەی هێماوە ئاماژە بۆ دنیا دەلالی و ئسیتاتیکیەکەی دەق دەکات؛ بەبێ ئەوەی جەوهەر و حەقیقەتی ڕەهای دەقەکە کەشف بکات، چونکە چ حەقیقەتێکی حەدی و ڕەها نییە تا دەقی ئەدەبی کەشفی بکات، بەڵکو جۆرێ بینین هەیە، لە دەقی کراوەدا، هەوڵی ئەوە دەدرێ، هونەریانە مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا بە ئاراستەی ئەمری مومکیندا بکرێ. هەڵبەتە دەبێ ئەوەش بگوترێ کە لەزەتی ئیستاتیکی هەر دەقێک، دەقی کراوە لەو مقاوەمەتەدایە، کە هەر دەقێک لە هەنبەر هەر خوێندنەوەو هەر خوێنەرێکدا دەینوێنێت. دەق لە نووسیندا و بە نووسین دێتە بەرهەم، واتە حازر و غایب دەدوێنێ، لە هەموو شوێن و کاتێکدا، لە سەردەمی خۆی و پاشتریش دا، دەخوێنرێتەوە، چەند ئاراستەی خوێنەری حازرە، ئەوەندە و زیاتریش ئاراستەی خوێنەری ئیحتیمالییە. بەڵام قسە و زمانی زارەکی لە گوێگر تێناپەڕێ.. واتە دەق، جۆرە دۆمدارییەک پەیدا دەکات، کە سنووری کات و شوێن تێدەپەڕێنێ و بە نەمانی نووسەر یان وەرگرەکەی لەناو ناچێت. جا دەق بە حوکمی ئەوەی بە نووسین و لە نووسیندا بەرجەستە دەبێت و ئەدەبیەت و دەقایەتی پەیدا دەکات، دەکاتە خوێندوەیەکی هونەری بۆ بابەتی نووسینەکە، لەم حاڵەدا، خوێندنەوە و ڕاڤەی دەق، دەکاتە خوێندنەوەی خوێندنەوە؛ خوێندنەوەیەکی بە ئینساف و بێ لایەنانە.. نووسین دەکاتە کۆمەڵێک نیشانە و میکانیزمی تایبەتی و خوێندنەوەی جیاواز و جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە؛ خوێندنەوە دەکاتە زادە و بەرهەمی نووسین. دەقی کراوە، هێما ئامێزە، ئاماژە بۆ مانا دەکات، بەڵام مانات بە پاککراوی ناخاتە بەردەست، بۆیە خوێندنەوە دەکاتە کەشفی مانا؛ بەتایبەتی مانا دوورەکان، واتە دەبێ بەو نەفەسەوە مامەڵە دەگەڵ دەقی ئەدەبی بکرێ. عەبدولقاهر جورجانی گوتەنی کە کانگەیەکە لە دەلالەتێن لە بن نەهاتگ.. هەر دەقێکی ئەدەبی؛ دەقی کراوە، لە هەنبەر خوێندنەوە و خوێنەردا، مقاوەمەتی نەکرد، دەبێ گومان لە گۆنگیە فیلیڤانی و ئیستاتیکی یەکەی و ڕازە هونەرییەکەی بکرێت، واتە گومان لە ئەدەبییەت و هونەرییەتەکەی، کە جەوهەری دەقی ئەدەبییە، بکرێت.. تەنیا دەقی ئەدەبی کراوە تەئویل و ڕاڤە، کە هاوتای ڕامان و وردبوونەوەیە، هەڵدەگرێ؛ هەموو تەئویلێک ڕەگی لە درایەت دایە. بۆیە لەزەتی خوێندنەوە لەو مقاوەمەتەدایە کە دەقەکە نیشانی دەدات، دەقی داخراو، دەقی تاک ئاستە، بە پێچەوانەی دەقی کراوە و فرە ئاستەوە، ئەو لەزەتە بە وەرگر نابەخشێت، و لە گەڵ یەکەم خوێندنەوەدا سیحری بەتاڵ دەبێتەوە، واتە وەکو چۆن نووسینی فیلیڤانی ( دەق ) هونەرە، خوێندنەوە و ڕاڤەش بە هەمان ئەندازە و بە مەسئولیەتی زیاتریشەوە هونەرە و دەبێ هونەریانە بێ.. بەم پێیە ئەدەبییەتی دەق زۆر گرینگە، چونکە دەق دەکاتە کۆمەڵێک نیشانەی زمانەوانی و ئیستاتیکی و ڕەمز و ڕازی ڕۆشنبیریی – هونەریی، بۆیە شێکردنەوەی لە ڕوانگەی سیمیائیەتەوە، شرۆڤەکار ( خوێنەر و ڕەخنەگر و وەرگر ) دەخاتە ناو جەرگەی مومارەسەی سیمیائیەتەوە. نە ڕەخنەگر لا لە هەموو دەقێک دەکاتەوە و نە هەموو دەقێکیش شایستەی ڕەخنەیە.. دەق بە حوکمی ئەوەی قەوارە و کیانێکی هونەری تایبەتیە و بە دەم بەدەقبوونەوە، بونیادی هونەریی خۆی پەیدا کردووە و لە هەر دەقێکی دی جیای دەکاتەوە، هیچ میتۆدێکی ڕەخنەوانی ئامادە و پێشوەختە قەبووڵ ناکات و ئەم جۆرە میتۆدە، نەک مانا و دەلالەتە تایبەتی و هونەری و ڕەمزی و پەنهانەکانی دەق کەشف ناکات، بەڵکو بەها ئەدەبی و دەلالی و ئیستاتیکیەکانی دەقەکەش بە فیڕۆ دەدات و لەباری دەبات.. بۆیە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە بونیادی و هونەرییەکانی دەق، مەرجە بۆ سەرکەوتنی هەر ڕەخنە و خوێندنەوەیەک، چونکە سەرچاوەی هەر شیکردنەوە و خوێندنەوەیەک خودی دەقەکەیە، بەهەموو دەلالەتە جیاوازەکانییەوە، بە هەموو نەوتەنیەکانییەوە، بەهەموو ئەو بۆشاییە هونەرییانەوە، کە لە سەرانسەری دەقەکەدا بە پەنهانی داچێنراوە.. بۆیە دەقی باش؛ دەقی کراوەی فرە ئاست، چەند دەلالەتی، چ لە سەردەمی خۆیدا و چ لە سەردەمانی پاشتردا، خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت وخوێندنەوەش لە خوێنەری ئاساییەوە بۆ خوێنەری جدی ( ڕەخنەگر ) دەگۆڕێت و جیاوازە.. خوێنەری ئاسایی، ئەدەبیەتی دەق لەو لەزەتە ئیستاتیکیەدا دەبینێ کە دەقەکە پێی دەبەخشێت. بەڵام خوێنەریی پیشەیی (ڕەخنەگر) عەوداڵی دۆزینەوەی ئەو ڕەگەزە فیلیڤانیانەیە، کە ئەدەبیەت و دەقایەتی دەقەکەیان پێکهێناوە و پێکدێنن، واتە عەوداڵی کەشفی ئاستە دەلالییەکانی دەقە. دەق، لە دەقبووندا، سەربەخۆیی خۆی پەیدا دەکات و نووسەر دەچێتە خانەی مردووەوە. دەق پەیوەندی بە خوێنەرەوە پەیدا دەکات.. نووسین، نووسینی فیلیڤانی بۆ خۆی خوێندنەوەیە، ڕەگی لە تەفسیر و تەئویلدایە، پەیوەندی هەمیشەیی نێوان دال و مەدلوول دەپارێزێ. لە دەقی کراوەدا زەمەنی خوێندنەوە، زەمەنێکی کراوەیە.

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:

١ – فی معرفة النص، یمنی العید، دار الافاق الجدیدة، بیروت ١٩٨٥.

٢ – آفرینش و آزادی/ بابک احمدی، تهران، نشر مرکز، چاپ دوم ١٣٧٨.

٣ – نظریة النص من بنیە المعنی الی سیمائیة الدال. د. حسین خمری، منشورات الاختلاف، الطبعة الاولی ٢٠٠٧

٤ – ساختار و تأویل متن، بابک احمدی، تهران، نشر مرکز، چاپ چهارم ١٣٧٨.

٥ – درامدی بر فرمالیسم در ادبیات/ دکتر قدرت قاسمی پور/ نشر رسش، چاپ اول ١٣٨٦.

٦ – درامدی بر هرمنوتیک در ادبیات/ دکتر نصراللە امامی، نشر رسش، چاپ اول، ١٣٨٦.

 

نیشاندان، نەک وت

حەمە کەریم عارف/ وەرگێر و نووسەر/ سلێمانی

 

دەقی ڕەسەن ، چاو لە ڕۆتین بینی ڕزگار دەکات ، بۆیە ئەرکی دەق ئەوەیە کە خەڵکی؛ خوێنەر فێری دیتن بکات . وەختێ بنووسە کە نووسین گڕووت لێبگرێ ، ئیستەرەم دەربڕینم دەوێ . نووسەر دەبێ خوو بداتە تایبەتگۆیی، نەک عمومیاتگۆیی… بە ناخی کارەکتەرەکانا ڕۆبچێ .

خۆ ئەگەر مێژوو ، وەکو گێڕانەوە ، چیرۆکی واقیعی ناهونەری بێ ، ئەوا چیرۆک ، مێژوویەکی تایبەتی هونەرییە ، مێژووی ڕۆحی ، سەردەم و ڕۆژگاری خۆیەتی بە کایە جیاوازەکانیەوە و… پڕە لە پێشبینی و هۆشداری هونەری ، کە ئەمە لە چیرۆکی کوردیدا یەجگار کەمە… بەڵام هەریەکێک لە مێژوو و چیرۆک تایبەتمەندی خۆیان هەیە و لێکتریان جیادەکاتەوە . بۆ نموونە کاراکتەر لە چیرۆکدا ، زادە و پەروەردەی هزر و بیر و خەیاڵی داهێنەرانەی نووسەرە ، نووسەر بەگوێرەی زەروورەتی هونەریی کارەکەی شاخ و باڵ لێدەنێ.

بەڵام کاراکتەر لە مێژوودا ، لە دەرێی بیر و هزری دیرۆکنووسە ، واتە دیرۆکنووس زیاتر هەواڵنووسە ، بویەرەکان بە بەڵگەوە دەگێڕێتەوە ، کاراکتەرەکان ناخوڵقێنێ، مێژوونووس داهێنەر نییە ، ڕووداوەکان بەبەڵگەوە تۆمار دەکات ، مامەڵە دەگەڵ ڕواڵەتی بویەرەکاندا دەکات نەک دەگەڵ ناوەوەیاندا ، چونکە دیرۆکنووس داوەری ناوەوەی کاراکتەر نییە ، بەڵکو بویەرەکان تۆمار دەکات و سەدەمی ڕووداوەکان دەپشکنێ و شیدەکاتەوە . بەڵام دەقی چیرۆکڤانی مامەڵە دەگەڵ سۆز و گوداز و دەروون و دیوی ناوەوەی قارەمان دەکات . هزرین و بیرکردنەوە ، هەست و سۆز ، خەون و خولیا ، شادی ، خەم و پەژارە ، گەشبینی و ڕەشبینی هەست و نەست ئەمانە هەموو بابەتی چیرۆکن… بە کورتی مێژوو دیوی دەرەوە دەپشکنێ ، چیرۆک دیوی ناوەوە دەهونەرێنێ و نیشانی دەدات .

***

دەق لە زمانێکا دەخنکێ و زندە بەچاڵ دەبێ ، کە لە دەرێی دەقەکەوە سەپێنرابێ ، ڕێگەی دەق نەدرێت بەدەم بەدەقبوونەوە 

 

نووسەر تا لە جەوهەری شتەکان نزیک و قووڵتر ببێتەوە ، لە ئارایشتی قسە دوور دەکەوێتەوە و ، ئەمەش پەیوەندی بە زمان و چۆنیەتی بەکارهێنانی زمانەوە پەیدا دەکات . زمان لە چیرۆکی تازەدا بویەرێکی دەلالی زۆر گرینگ و هەستیارە ، بەبێ زمان دەقایەتی پەیدا ناکات و لە هونەرییەت دەکەوێ ، هەربۆیەش دەگوترێ هیچ شتێک لە دەرێی زماندا نییە ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە ، دەقەکە لە خودی زمانەکەدا بخنکێنرێ… دەق لە زمانێکا دەخنکێ و زندە بەچاڵ دەبێ ، کە لە دەرێی دەقەکەوە سەپێنرابێ ، ڕێگەی دەق نەدرێت بەدەم بەدەقبوونەوە ، خۆڕسکانە و بەگوێرەی زەروورەتی گەشە و نەشونمای هونەریی دەقەکە ، زمانی خۆی بەرهەم بێنێ… لەم حاڵەدا دەقەکە ، بشفرێ لە دەقێکی داخراو هێوەتر ناڕوات ، زمان لە ئەدەبدا ، کەرەستەیەکی ڕەمزییە نەک گوزارشتەوانی… وشە ڕیزکردن نییە ، بەڵکو وشە هەڵبژاردنە… وەختێ هونەرییەت پەیدا دەکات کە وەکو سێلاوی پشکۆ بە قەڵەمدا بێتە خوارەوە و ، خوێنەر و وەرگر داچڵەکێنێ..

زمان لە زۆربەی دەقی کوردیدا ، لە دەرێی دەقەوە لە دەقەکە بار دەکرێ ، لە کاتێکا دەقی ڕەسەن و نەمر ، دەقی کراوە بە دەم بەدەقبوونەوە زمانی دەلالی و ڕەمزی خۆی بەرهەمدێنێ . زمانی دەستەمۆ ، ڕام ، کڵێشەیی ، دەق زندە بەچاڵ دەکات . ” لە هەوەڵەوە وشە هەبووە ، وشە لای خوا بووە ، وشە خوا بووە… ” ئەمە تا ڕادەیەک دروستە ، وشە هەبووە ، نەک هەست و بیر ، بەڵام ئاماژە پێش وشە بووە . ئاماژە دەکاتە جووڵەی بەدەن و ڕۆح ، وشە دەستە چیلەیە و بە فوویەک گڕ دەگرێ و هەڵدەبێ ، ئیدی وشە و ئاماژە تەقریبەن دوو ڕووی یەک دراون ، خەڵکی تا ئێستاش زۆرجار لە قسەکردنا ، بۆ تەکەز کردن لە سەر مەبەستی خۆ ، لە گەڵ وشەدا ئاماژە و جووڵە بەکار دێنن ، ئەگەر وشە بونیاد بێ ئەوا لە ڕستە و بەکارهێناندا ، مانا و چەمکی جۆراوجۆر پەیدا دەکات و لە دەقدا بە مانا بارگاوی دەبێت… هەست و بیر ئەگەر لە قاڵبی وشە نەدرێ ، لەباری هونەرییەوە بەرجەستە نابێ و ستایلی پڕ بە پێستی خۆی نادۆزێتەوە… واتە لەو حاڵەدا ، دالێکی بێ مەدلوولە . نابێ بەو پشکۆیەی لە دوورەوە بدرەوشێتەوە و لە ناوەوە ڕۆشنایی بخاتە سەر مانا و لایەنە دەلالیەکەی خۆی…    یەکەم خوێنەری هەر دەقێک خودی نووسەرە کەیەتی ، بۆیە دەبێ هەر نووسەرێک ، هونەرمەند و ڕەخنەگرێکی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتبێ… زمان وشە ڕیزکردن نییە ، بەڵکو وشە هەڵبژاردنە ، بۆ دەربڕینی هەر بیرێک تەنیا یەک وشە هەیە ، لە سەر نووسەرە ئەو وشەیە بدۆزێتەوە ، یەک فرمان هەیە دەتوانێ بیخاتە جووڵە ، تەنیا یەک ئاوەڵناو هەیە بتوانێ وەسفی بکات ، ئیدی لە سەر نووسەرە ئەو وشە و فرمان و سیفەتە بدۆزێتەوە ، نابێ بەوە ڕازی بێ هاوتای نزیکیان بدۆزێتەوە ، چونکە زمان لە هەڵبژاردندا ، لە هەنبەر دەرک و مانادا هەمیشە مقاوەمەت دەکات و بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نادات ،  بۆیە زۆرجار نووسەر ، بە تایبەتی نووسەری تەمەڵ دووچاری گەمەی زمانەوانی دەبێت و خۆی لە پشت پەردەی ئەو گەمەیەوە پەنهان دەکات و دەشارێتەوە ، خۆی لەو حەقیقەتە دەبوێرێ کە ئەدەب زیاتر نیشاندانە تا وتن بێت… لە ئەدەبدا ، هەر وشەیەک لە جێی خۆیدا دەبێ قودرەتێکی ڕەمزی ئەوتۆی هەبێ کە بتوانێ بزاڤە دەروونی و بێرونیەکان، وێنە بگرێ… بە هەرحاڵ زمان دەبێ بە خۆی قسە بکات ، نەک بەخۆرتی بهێنرێتە قسە. زمان و قسە زادەی حەرەکەتی دەروونی و بێرونیە ، مانا و چەمکی زمان کاردانەوەی حەرەکەتە . بیری ڕوون بە زمانی ڕوون دێتە دەربڕین ، بۆیە پێویستە نووسەر تا دەتوانێ خۆی لە بەکارهێنانی زمانی ئاڵۆز و سەختفام دوور بگرێ ؛ چونکە ئەمە خوێنەر دەتۆرێنێ ، لە کاتێکا ئەرکی زمان ئەوەیە کە زهنی نووسەر و خوێنەر بگەیەنێتە یەکدی . بۆیە هەق نییە نووسەر دانیشێت ، مێشکی خۆی بگوشێت ، دەستەواژە و پەیڤی گۆنگ و ئاڵۆز و نامەفهوم ، بە ناوی مودێرنەوە داتاشێ یان لە کون و قوژبنی کۆنە کتێباندا بگەڕێ و بە خەیاڵی خۆی ئەو وشە و دەستەواژانە زندوو بکاتەوە کە باویان نەماوە ، ماناکانیان فەرامۆش کراوە و لە ڕاستیا کۆمەڵێ وشەی مردوو بەنرخی تازە بفرۆشێتەوە و لەو ڕێگەیەوە ، بێ توانایی خۆی لە خوێنەر بشارێتەوە ؛ خوێنەر بەو ئاسانیەش نایەتە خاپاندن و چاوبەستەکێی لێناکرێ…

 

هەر وشەیەک لە جێی خۆیدا دەبێ قودرەتێکی ڕەمزی ئەوتۆی هەبێ کە بتوانێ بزاڤە دەروونی و بێرونیەکان، وێنە بگرێ… بە هەرحاڵ زمان دەبێ بە خۆی قسە بکات

 

 

نووسەر دەبێ بینا بێ ، بابەتەکان بدینێ ، لە حاڵی حەرەکە و جووڵەدا بیان دینێ ، چونکە هەر حەرەکەیەک زمانی خۆی بەرهەم دێنێ ، ئاراستەی خۆی دەدۆزێتەوە . نووسەریش، هەرکاتێ شتەکان لە حاڵی حەرەکە و جووڵەدا بدینێ ، دەتوانێ فیعلی (کار) گونجاو بۆ نیشاندانی جووڵەکە بدۆزێتەوە . فیعل بناغەی زمانە ، دۆزینەوەی فیعلی گونجاو بۆ هەر ڕستەیەک ، بە مانای جووڵە بەخشینە بەو ڕستەیە ، فیعل ( کار ) داینەمۆی زمانە.

دیارە زمانیش ، لە گۆڕانی بەردەوام و خۆ تازەکردنەوەی هەمیشەییدایە و گوێ بە گوێی پێشڤەچوونی ڕۆشنبیریی و فەرهەنگی ، گەشە و نەشە دەکات و پێشدەکەوێ..

سەبارەت بە بینایی و دیتن ، نووسەر دەبێ ڕاهێنان و مەشقی لە سەر بکات… پرۆڤەی لە سەر بکات.. دەگێڕنەوە دەلێن یەکێک لە دۆستانی بالزاک دەچێتە دیدەنی ، کە دەگاتە بەر دەرگا دەیەوێ تەقول باب بکات ، گوێی لێدەبێ بالزاک لە ژوورەوە ، بە زمانێکی تووند لە گەڵ کەسێکدا مشت و مڕیەتی . پێی دەڵێ: ” ڕاوەستە بۆم هەی بێ شەرەفی بودەڵە ، بزانە چۆن ئەم دڕکەت لە ژێر پێ دەربێنم “. دۆستەکەی باڵزاک کە دەرگا دەکاتەوە دەبینێ باڵزاک بە تەنیایە ، کەسی لەگەڵدا نییە… تومەز باڵزاک دەگەڵ یەکێک لە کاراکتەرەکانتا – کە کارێکی نابەجێی کردبوو – بەشەڕ هاتبوو. ئیدی بالزاکی داهێنەر ، توانای خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی گەیاندبووە ئاستی دیتنی وێنە دەروونی و باتنییەکان . هەر نووسەرێک دەبێ بزانێ چۆن دەگاتە ئەو ئاستە و دۆزینەوەی ئەو دنیایە ، دەبێ عادەتی بینینی وێنەێن خەیاڵ لە خۆیدا پەروەردە و بە هێز بکات .

نووسەر دەبێ کاتێ بنووسێت کە نووسین بەرۆکی بگرێ نەک بەپێچەوانەوە ، کاتێ بنووسێت کە پێویستی بەنووسین بێ ، شتێک هەبێ داوای دەربڕینی لێبکات ، شتێک لە هزر و بوونیا ، لە دڵ و دەروونیەوە داوای دەربڕین بکات … ئەمەش تەنیا لە پرۆسەیەکی ئەفراندنەوانیدا دێتەدی … داهێنان ئەگەر ڕەگی لە واقیعیشدا نەبێ زادەی خەیاڵی ڕووتی هونەرمەند بێ ، دەبێ شەقڵێکی ئیمکان پەزێری پێبدرێ ، لە چوارچێوەی واقیعی دەقە داهێنراوەکەدا ، واقیعی بێ ، واتە دەکاتە گۆڕینی واقیعیەتی واقیعی، بۆ واقیعیەتی مومکین ، واتە ڕزگارکردنی ژیان لە واقیعیەتی واقیع بۆ واقیعی مومکین ..

 

کار وشەیەکە دەلالەت لە ڕوودانی کارێک یان بویەرێک دەکات لە زەمەنێکی تایبەتیدا ، کەواتە کار ، داینەمۆی دەقە، سەراپای ژیانیش کار و کاردانەوەیە

زمان ؛ وشە و ڕستە لە دەقی ئەدەبیدا نابێ دووبارە ببێتەوە ، چونکە وەکو چۆن لە ژیانا هیچ شتێک لە شتێکی دی ناچێ و کۆپی یەکدی نییە ، هیچ دەمێک لە دەمەکەی پێش خۆی یان پاش خۆی ناچێت ، بەو ئاوایە هیچ هەست و دیتنێک ، تەنانەت ئەگەر ئەو هەست و دیتنە لە لایەن هەمان کەسیشەوە بێت ، لە یەک ناچێت ، بۆیە پێدەڤیە ئەم لێکنەچوونە لە زمانیشدا کە کەرەستەی سەرەکی نووسینە ڕەنگدانەوەی هونەریی خۆی هەبێ… لە زمانی ئەدەبیدا کار ( فعل ) بایەخێکی یەجگار گەورەی هەیە ؛ کار وشەیەکە دەلالەت لە ڕوودانی کارێک یان بویەرێک دەکات لە زەمەنێکی تایبەتیدا ، کەواتە کار ، داینەمۆی دەقە ، سەراپای ژیانیش کار و کاردانەوەیە ؛ جووڵە و حەرەکەیە ، بۆ نموونە ئەگەر زەوی بە دەوری ڕۆژا نەسوڕێتەوە ، ئیدی شتێک نامێنێ بەناوی زەمەنەوە… جا لە دەقی ئەدەبیدا کە زیاتر چیرۆکم مەبەستە ، بۆ ئەوەی باری دروونی یان بێرونی کەسێک نیشانبدەیت ، دەبێ کارێکی ( فعل ) گونجاو بدۆزیتەوە ، کارێک کە جووڵەی وردی بکەرەکە نیشانبدات ، دیارە هەر جووڵەیەک ( حرکە ) حاڵەتێکی تایبەتی نیشاندەدات ، هەڵبەتە دوای کار، ئاوەڵناو ( سیفەت ) دێ ، کە ئەمیش لە بونیادی دەقدا گرینگی خۆی هەیە و حاڵەتە جۆراوجۆر و جیاوازەکان نیشاندەدات .

بۆیە هەڵبژاردنی سیفەتیش زۆر گرینگ و جدییە و یارمەتیدەری کارە ، بەڵام بەکارهێنانی سیفەت دەبێ زۆر کەم بێ و پاشەکەوتی تیا بکرێت ، بەجارێ کۆمەڵە سیفەتێک ڕیز نەکرێ ، چونکە دەست بڵاوی ناکاتە سەخاوەت . سیفەت دەبێ وەکو چەخماخە و تەشبریقێک بێ ، لە ناکاوا سەراپای شتەکە ڕوناک بکاتەوە و هەرجۆرە تاریکیەک بڕەوێنێتەوە .

زمانی زندوو ، بارگاوییە بە جووڵە ، لەگەڵ دەقدا ، لە ناوەوە ، بە دەم بە دەقبوونەوە لەدایک دەبێ . زمان کە لە دەرێی دەقا سەپێنرا ، زمانێکی مردووە ، دەبێ بەبار بەسەر دەقەکەوە ، مرداری دەکاتەوە… بۆ نموونە زۆرجار گوێمان لێدەبێ دەگوترێ فڵان ڕستە ، فیسار پەیڤ و دەستەواژەم بەدڵە ، ئەم قسەیە خۆی نیشانەی هەڵبژاردنی ئەو ڕستە و دەستەواژەیەیە کە بەکار هاتووە . وشەی گونجاو ، ئۆخژن دەخاتە دڵ و دەروونەوە و زندوویەتی خۆی دەسەپێنێ و لە نەستا دەمێنێتەوە . بەڵام زمانی جەڵەبی و کڵێشەیی ، ناچێتە هیچ دڵێکەوە و وەکو چۆن هەر قفڵێک بە کلیلی تایبەتی خۆی دەکرێتەوە ، بەو ئاوایە هەر بیرێکیش بە ڕستە و زمانی تایبەتی دیتە هونەراندن و ئەرکی نووسەرە ئەو زمانە بدۆزێتەوە .

زمانی زندوو ، بارگاوییە بە جووڵە ، لەگەڵ دەقدا ، لە ناوەوە ، بە دەم بە دەقبوونەوە لەدایک دەبێ . زمان کە لە دەرێی دەقا سەپێنرا ، زمانێکی مردووە

 

زمانی کوردی لە هەموو زمانەکانی ئەم دیار و دەڤەرە ، نزیکترە لە زمانی ئاخاوتن و ژیانی ڕۆژانەی جەماوەری خەڵکی کوردەوە و ئەمە ، لە قازانجی دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردیە… بەڵام بۆ نموونە زمانی عەرەبی ، دوو زمانە ؛ زمانی ئاخاوتن و زمانی نووسین ، کە ئەمە منداڵی مەکتەبی چەواشە کردووە، ڕۆژانە تووشی مقاوەمەتی هەردوو زمانەکە دەبێ و نازانێ شایەدمان بە کامیاندا بێنێ.

بە هەرحاڵ زمان گەورەترین داهێنانی تیرەی بەشەرە ، بۆیە کە دەوترێ هیچ شتێک لە دەرێی زماندا نییە ، هەرگیز ناکاتە زێدەگۆیی.

بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە :

١ – الکسی تولستوی؛ رسالت زبان و ادبیات، ترجمە م.ح. روحانی، چاپ دوم ١٣٥٧، انتشارات توکا، تهران.

٢ – رمان بە روایت رمان نویسان/ میریام الوت/ ترجمە: علی محمد حق شناس.

٣ – دەق بیانووە بۆ گێڕانەوە/ حەمە کەریم عارف، چاپی یەکەم ٢٠٢٣، چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕەهەند/ کوردستان – سلێمانی .

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

دیمانە

پ١: پێتان وایە زمانی کوردی و پاراستنی زمانی کوردی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ پتر بایەخی پێدەدرا و وەکو دۆزێکی نەتەوەیی و فیکری سەیر دەکرا ، یان دوای ئەم ڕووداوە مێژووییەی کە بووە هۆکار بۆ گۆڕانکاری لە زۆر بواردا؟

و١: زمان، یەکێکە لە کۆڵەکە و پایە هەرە گرینگەکانی بوونی نەتەوەیی وەکو قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت سیاسیش.

زمان ناسنامە و بڕبڕەی پشتی نەتەوەیە، زمان ڕوح و ژیانی نەتەوەیە، کە ئەمە گرینگی و بایەخی زمان بێ، مانای وایە بایەخدان بە زمان، بەتایبەتی بۆ نەتەوەی بندەست و پارچەپارچەکراو، نەک هەر ئەرکێکی ئاساییە، بەڵکو دەچێتە خانەی خەباتی زۆر جدییەوە و فەرامۆشکردنی یەجگار پڕ مەترسییە. هەر نەتەوەیەک زمانەکەی بمرێ ، بەخۆیشی دەمرێ ؛ مەرگی زمان یەکسانە بە مەرگی نەتەوە… هەڵبەتە زمانی نەتەوەیی ( زمانی خوێندن و نووسین ) بەپلەی یەکەم ئەهلی قەڵەم و ئەدەبیات جڵەوداری دەکەن . ئەهلی ئەدەب و قەڵەمیش ، مەعلوومە کە بابەتی بەر و دوایان مرۆڤ و ئازادی مرۆڤە ؛ وێڕای ئەوەی کە لە سەریانە خۆ لە قەرەی مالیجەی گرفتە جیهانی و گەردوونیە مرۆڤانیەکان بدەن ، دەبێ ئەوەشیان لەبیر بێ کە جەماوەرێکی تایبەتی و دیاریکراو بە زمانێکی دیاریکراو دەدوێن و ئەم دوو تایبەتمەندییە ، دەلالەتی کارە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکانیان دیاریدەکات ، بەرلەوەی نێوەڕۆکی جیهانی دیاریبکات . هەر میللەتێک زمانی نەتەوەیی ( زمانی خوێندن و نووسینی یەکگرتووی ) نەبێ ، بە تایبەتی کە بندەست و بێ دەوڵەت بێت ، ئەوا یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکانی بەڕەڤانی و بەرخۆدان لە دەست دەدا ، ئەگەری پارچەپارچە کردن و بە چەند نەتەوە کردنی زۆر زیاد دەبێ . ئەگەری مەرگی نەتەوەی دایک و لە دایکبوونی چەند وردە نەتەوەیەکی بێ شەخسیەت و لاواز دێتە ئاراوە . ڕەنگە هەندێ لەو خوردە نەتەوانەش بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار بەیەکجارەکی زمانی زکماکی خۆی تەرک بکات و زمانی نەتەوەیەکی دیکە وەربگرێ و بەمەش خۆی دەدۆڕێنێ و لە نێو ئەو نەتەوەیەدا دەتوێتەوە کە پێشتر زمانەکەی وەرگرتووە . هەموو دەزانین کە پرۆسەی تواندنەوەی نەتەوەی کورد ، لە هەردوو ئاستی واقیعی و مەعنەوییەوە لە مێژە لەگەڕدایە ، کەم و زۆر لێرە و لەوێ ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەری گرتووە . دیارە ئەم هەوڵ و پرۆسانەی دژمنان و داگیرکەرانی کورد ، خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئەوەیە کە بایەخ و گرینگی زمانی نەتەوەیی ( زمانی خوێندن و نووسینی یەکگرتووی کوردی ) بە ئەندازەی بایەخی قەوارەی سیاسی گرینگە و هەندێجار گرینگتریشە… واتە ڕەنگە هەندێجار نەبوونی قەوارەی سیاسی وەکو دیفاکتۆ ، بەخۆرتی بێتە سەپاندن و ئاسایی بنوێنێ ، بەڵام نەبوونی قەوارەی زمانەوانی ، هەرگیز ئاسایی نییە و ئەگەر خۆمان خۆمان بین و خاوەنداریەتی زمانەکەمان بکەین ، کە لە هەمان کاتدا دەکاتە خاوەنداریەتی بوونی کۆمەڵایەتی خۆیشمان ، بە تۆپزی نایەتە سەپاندن . بۆیە پابەندبوون و خۆبەستنەوە بە زمانی نەتەوەییەوە ، خۆی لە خۆیدا سەنگەرێکە بۆ بەگژا چوونەوەی پرۆسەی تواندنەوەی نەتەوەی کورد ، بۆیە هەر هەوڵدانێکی نووسین بۆ ئەوەی بە زمان و لەهجەی ناوچەیی بخوێنرێ و بنووسرێت کارێکی نابەجێیە و لە سەر حیسابی زمانی ستانداردی کوردیە و ئاوە و ئاشی دژمن دەکرێ ، چونکە هەر لەهجەیەکی ناوچەیی کە بوو بە خاوەنی کەلەپووری نووسراو ، کار بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە دەکات ، نەک بۆ یەکێتی و یەکگرتن و دەوڵەمەند کردنی زمانی ستاندارد . پێویستە زاراوەکانی زمانەکەمان بە ئاراستەی زمانی ستانداردا لێکدی نزیک بکەینەوە و کێشە و ئاریشەی زمانەوانی ناپێویست بۆخۆمان دروست نەکەین و لە مەنهەجییەت دوور نەکەوینەوە و ئەنارشیزمی حیزبایەتی تەسک بۆ نێو زمانەکەمان نەیەنین ، با هاوسەنگی زمانەکەشمان لە دەست نەچێ.

زمان و گەشەکردنی زمانیش ، پەیوەندی بە ئازادیە حەیاتیەکانەوە هەیە ، بۆیە دەبینین هەموو بزوتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی کوردەواری ، یەکێک لە داخوازیەکانیان ، بەڕەسمیەت ناسینی زمانی کوردی بووە و ، لە سنووری توانا دا مومارەسە کراوە و بایەخی پێدراوە… بۆ نموونە سەرنجی چالاکیە زمانەوانیەکانی ساڵانی ڕێکەوتنی یازدەی ئازار بدەن ، یان پێشتر ئەزموونی عەمر کورتی کۆماری کوردستان لە شاری مەهابادا… واتە ئەم چالاکیانە لە ژینگەیەکی سنووردار و تا ڕادەیەک دیاریکراوەوە ئەنجام دراون و دەدران . بەڵام ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی  ١٩٩١، وەرچەرخانێکی یەجگار گەورە بوو نەک هەر لە کوردەواریدا ، بەڵکو لە هەموو دەڤەرەکەدا ، مژدەی گۆڕانکاری یەجگار گەورەی لە هەموو کایەکاندا بەگوێی میللەتانی دوور و نزیکدا دا . قۆناغێکی تازە بوو لە دیرۆک و چاندی کوردا ، ئینسان دەبێ بەگوێرەی هەر قۆناغێک ئەوزاری بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێ ، ئێمەش لە پێش ڕاپەڕینا لە ژینگەیەکی داخراوی گۆشەگیرا دەژیاین ، دەنگ و ڕەنگمان نەدەگەییە هیچ شوێنێک ، تەنانەت نەدەگەییە هەموو کون و قوژبنێکی کوردستانی باشووریش ! بەڵام لە دوای ڕاپەڕین بە حوکمی کەڵەکەبوونی ئەزموونی خودی و فاکتەرێن بابەتی و تەشەنەکردنی گلوبالیزم ،  دنیا زۆر بچووک بووەوە ، مرۆڤی ئەم سەردەمە بە حوکمی عەولەمە وەکو ئەوەیە لە یەک ماڵدا بژی ، بەڵام بەجیهانی بوون و بەشداریکردن لە جیهانیەتدا ، لە ڕێگەی گەلێکی دیاریکراو و خەڵکێکی دیاریکراوەوە دروست دەبێت … بۆیە دەبێ هزرینمان لۆکاڵی و بۆچوونمان جیهانی بێ ، تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، هەموو لەمپەڕەکانی ڕاماڵیوە و ئێمەی کوردیش لە دەرهاوێشتەی ئەم گۆڕانکاریانە بەدەرنین و لە قووڵایی دیاردە و ڕووداوەکانی نەک هەر کوردستاندا ، بەڵکو جیهانیشدا دەژین و بەئاشکرا ڕەنگدانەوەیان لە چالاکیە چاندی و فەرهەنگیەکانماندا دیارە ، لە ژینگەیەکی زۆر کراوەدا دەژین و ئەم کرانەوەیە بە چالاکییە چاندی و زمانەوانیەکانمانەوە دیارە و چالاکی زمانەوانی دوای ڕاپەڕین زۆر زیاتر و ڕەساترە لە هی پێش ڕاپەڕین ، ئەگەرچی هەندێ پاشاگەردانی پێوە دیارە ، کە ئەو پاشاگەردانیەش ، دەرهاوێشتەی هەر گۆڕانکارییەکە و  ، هەرکە خۆی دۆزییەوە ، ئیدی ئارام دەگرێ و دەکەوێتە سەر سکەی خۆی ، ژینگەی کراوە ، کرانەوەی فەرهەنگی بەرهەم دێنێت..

 

پ٢: زانکۆکان هەمیشە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی زمان و ئینجا لێکۆڵینەوەی زانستی لە بواری زمانەوانی و پەرەپێدانی تواناکان و پێگەیاندنی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا هەیە، ئایا دوای ڕوخانی ٢٠٠٣ و بەتایبەتیش لەم ساڵانەی دوایدا زانکۆکان لەم بوارەدا کاریگەرییان زیادی کردووە، یان شایانی ئەوەن ڕەخنەیان لێبگیرێت، لە هەردوو دۆخدا بۆچی؟

و٢: کە باسی زانکۆ دەکرێ یەکسەر ئەوە دێتە بەرچاو و خەیاڵ کە مەڵبەندێکی گەورەی ئازادییە ، مەڵبەندی زانست و داهێنانە ، دوورە لە هەر وەعز و وەعزدانێک . قوتابی لەوێ فێری زمانی ئازادی دەبێ ؛ فێری ئەوە دەبێ زمانی ئازادی بە ڕاستگۆییەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکار بێنێ… فێری واقیعبینی دەبێ ؛ واقیعبینی ئەوەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکەی ، نەک واقیع وەکو چۆن هەیە بگێڕێتەوە . زمانی ئازادی ، زمانی گومانە ، زمانی پرسیارە ، هەموو شتێک دەخاتە بەر پرسیار ، هیچ حاڵەت و دیاردەیەک نابوێرێ ، ئەمەش تاقە ڕێگەیە بۆ بەشداریکردن لە مێژوو و بەرهەمهێنانی مێژوودا ، زمانی ئازادی وەڵامدەرەوەی پێویستیە حەیاتیەکانی کۆمەڵە ، لەم ڕێگەیەوە هاوچەرخاتی و هاوچەرخاندن دەست پێدەکات..

من یەک لەباری خۆم زانکۆ بە مەڵبەندی شۆڕش و شۆڕشگێڕاندن دەزانم ؛ شۆڕش بەمانای ڕزگارکردن وئازادکردنی مرۆڤ و زەمینەسازییە بۆ خەمڵینی بەهرە و تواناکانی مرۆڤ بۆ گۆڕینی ئەو جیهانەی کە تیایدا دەژی..

لە کوردستانی ئازیزمان ، لە سێ شاری بچووکدا ، پتر لە ٣٥ زانکۆ هەیە ، تێکەڵەیەکە لە زانکۆی فەرمی و ئەهلی ، لە هەر گەڕەک و کۆڵانێکدا زانکۆیەک قوت کراوەتەوە ، واتە هەولێرییەک یان سلێمانییەک یان دهۆکییەک ، لە باخچەی منداڵانەوە تا زانکۆ تەواو دەکات ، لە گەڕەکەکەی خۆیان زیاتر نابینێ ، واتە بەهەمان دەقی کۆمەڵایەتی لۆکاڵی خۆیەوە دەمێنێتەوە ، لە کاتێکا ، حەشر و نەشری کۆمەڵایەتی دەورێکی زۆر گرینگ لە ڕیشاژۆکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا دەبینێ و لە ڕووی زمانیشەوە لەهجە جیاوازەکان لە یەکدی نزیک دەکاتەوە … بەشێکی زۆری زانکۆکان ؛ بەتایبەتی ئەهلیەکان کۆمپانیان و خەڵکی بەرپرس و دەسەڵاتڕانیان لە پشتە ، دیارە دەسەڵات لە جەوهەر و نێوەڕۆکدا خۆپەرستە و دەسەڵاتڕان ، بەتایبەتی ئەگەر بڕێک نەدیتکە و نەدی و بدی بێ ، خەڵکانێکی لاپرەسەن و فزوڵێن و ئەگەر بۆیان بکرێ نەک دەستوەردان لە کاروباری زانکۆ ، لە کاروباری خواشدا دەکەن !

سی و پێنج زانکۆمان هەن و پرسیار قاتیە ، قەیرانی بێ پرسیاری دەستی ناوەتە بینمان ، هەر میللەتێک پرسیاری نەبێ وەکو کوێر وایە ، خۆیشی نازانێ چ کەند و لەندێک چاوەڕوانیەتی… سی و پێنج زانکۆمان هەیە و هێشتاش میتۆدی فێرکردن و پەروەردەی تەڵقینکاری زاڵە ! لەم میتۆدەدا گیانی پرسیار و پرسیارکردن زندە بەچاڵ دەکرێت . قوتابی دەکرێ بە گوێگرێکی گوێڕایەڵ و گیانی ملکەچی لا دروست دەکرێ و پرۆسەی فێرکاری لە نێوەڕۆکە شۆڕشگێڕییەکەی بەتاڵ دەکرێتەوە و قوتابی لە میتۆدی فێرکاری دیالۆگی دوور دەخرێتەوە . هەڵبەتە فێرکاری دیالۆگی ، ئەو گوت وبێژە نەزۆکانە نییە کە زۆرجار دەکرێ ، بەڵکو جۆرێکە لە هەستکردن بە واقیعی مرۆڤانی ، پەیبردن و هۆشیارییە بەواقیعی مرۆڤانی ؛ مرۆڤ کە واقیعی خۆی ناسی ، بیەوێ و نەیەوێ دەستپێکی خۆناسینی لا دروست دەبێ و بەمەش پێویستی بە پەیوەندییەکی دیالۆگی دەبێ ، ئیدی دیالۆگ لەگەڵ خۆیدا ، دەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگەی خۆیدا ، لە گەڵ ئەو دنیایەدا کە تیایدا و لەگەڵیا دەژی . جا هەرکاتێ ئەم پەیوەندییە دیالۆگیە دروستبوو ، خزمەتی هۆشیاری و بێداربوونەوەی خەڵکی دەکات ، ڕێگەی هەموو ئازادیەکیش لە بێدارییەوە دەست پێدەکات ، ڕێگەی هەموو گۆڕانێکیش لە ئازادیەوە دەست پێدەکات ، واتە سێکوچکەی بێداری و ئازادی و گۆڕان تەنیا بە دیالۆگ مەیسەر دەبێ … ئایا ڕەوتی زانکۆکان بەم ئاراستەیەدایە ، یان بە ئاراستەی حیزباوی بووندایە ؟ هیوادارم زیاتر بە ئاراستەی یەکەمدا بێ ، کە  درەنگ یان زوو بیەوێ و نەیەوێ دەبێ ئەم ئاراستەیە هەڵبژێرێ ، چونکە ئاراستە دروستەکەی خۆیەتی ، دەنا ناسنامە مەعریفیەکانی خۆی لە دەست دەدات و دەبێ بە پاشکۆی حیزب ، لە کاتێکا هاوکێشەکە پێچەوانەیە!..

قوتابی پارە دەدات ، بە پارە دەخوێنێ ، نابێ بەو مەبەستە بخوێنێ کە ئەنجام ببێ بە کارمەندێکی مووچەخۆر ، بەڵکو لە پێناوی وەدەست هێنانی مەعریفەت دا بخوێنێ… مەعریفەت ببێ بە چرای بیرکردنەوە و ژیانی . کە پارە دەدات ، دەبێ لە هەنبەر ئەو پارەیەدا شتێک وەربگرێ ، کە زانی مامۆستایەک زیرەکە و شتی پێیە ، دەبێ بەهەر نرخێ بووە ئەو شتەی لێدەربێنێ ، کە مامۆستایەک تەمەڵ بوو ، شتێکی ئەوتۆی پێ نە بوو ، نابێ پێی ڕازی بێ… ئەوەی لەلا عەیان بێ تەنیا پێشمەرگایەتی قارەمانیەتی نییە ، بەڵکو فەتح و دەستکەوتە زانستی و ئەدەبی و هونەرییەکانیش ، قارەمانەتیە و قارەمانیەتی گەورەشن..

 

پ٣: ڕاگەیاندن و پەروەردە دوو بواری یەجگار گرنگن ، یەکەمیان زامن بەکار دەهێنێت و کاریگەری لە سەر گەشەکردن ، یان شێواندنی زمان و هەتا عەقڵ و شێوازی ئاخاوتنی خەڵکیش هەیە ، پەروەردەش بەهەمان شێوە دەتوانێ نەوە دوای نەوە لە ڕێگەی زمان و چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان دروست بکات ، ئەگەر سەیر بکەین ، لەم ساڵانەی دوایدا لە ژێر کاریگەری زمانی پەروەردە و ڕاگەیاندن منداڵان و هەتا کەسانی هەرزەکار و بەتەمەنیش هەندێک زاراوە و دەستەواژە بەکار دەهێنن کە پێویستیان بە وردبینی دەبێت ، ئێوە پێتان وایە ئەمە چۆن دەبێت ؟

 

و٣: ڕاگەیاندن ، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، پەروەردە بە ڕادەیەک گرینگە کە پتر لە نیوەی دیموکراتیەت لە هەر دیار و دەڤەرێکا دابین دەکات ، بەجۆرێ تێکەڵ بەژیانی خەڵکی بووە کە بووەتە دەنگی زۆرینە بێدەنگەکەی جەماوەری خەڵک ، بۆیە میدیاوانان و ئەهلی فیکر و میدیاکاران لە سەریانە هەموو ڕاستی و ئامار و بەڵگە و قەواڵەکان بخەنە بەردەستی جەماوەی خەڵک… تا زەمینەیان بۆ خۆش بێ بەشداری پراکتیکی و ڕاستەقینە لە قەرارە چارەنووس سازەکاندا بکەن و هیچ کەچڕەوییەک لە دەسەڵاتێن یاسادانان و جێبەجێکردن و دادڤانی قەبووڵ نەکەن و ، لە نزیکەوە چاودێری هەڵەکانی دەسەڵات بکەن… هەڵبەتە دەسەڵات ، بەتایبەتی دەسەڵاتە دکتاتۆریەکان ، ئەم حەقیقەتە باش دەزانن ، بۆیە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ڕاگەیاندن بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بیخەنە ژێر دەسەڵات و سانسۆری خۆیانەوە و بەدڵی خۆیان ، ئاراستەی بکەن.. ڕاگەیاندن ڕەگی لە دیموکراتیەتدایە بۆیە ئازادی ڕاگەیاندن پێوەرە بۆ هەموو دیموکراتیەکانی دی.

دیموکراتیەت تەنیا سیستەمێکی حوکمڕانی نییە ، بەڵکو شێوازێکە بۆ ژیان و کاری هاوبەش . بۆیە گەورەترین ئافاتی کاروانی دیموکراتیەتی ڕاگەیاندن لە بونیادی خودی ڕاگەیاندنەکەیە . ئەگەر لە سەرێ ڕا بۆ خوارێ ئاراستە بکرێ ، خێر بۆ کەس ناداتەوە ، لەو حاڵەدا کەمینە قسە دەکات و زۆرینە بە بێ ئەوەی بەشداری لە دیالۆگەکان بکات ، دەکرێت بە گوێگر ، لە کاتێکا ئەرکی ڕاگەیاندنە کە هاوڵاتی بکات بە ئەندامێکی چالاک و چەلەنگ و کارای کۆمەڵ و تەنیا گوێگری باش نەبێت ، بەڵکو گەنگەشەکاری باشیش بێ .

سەبارەت بە زمان ، بە حوکمی ئەوەی کەرەسەی سەرەکی ڕاگەیاندن زمانە ، پێویستە زمانی ڕاگەیاندن زۆر ڕوون ، ڕەوان ، سادە و عەوام فام بێت ، بە زمانێ بدوێ کە لە تێگەیشتنی هەموو کوردێکەوە نزیک بێت و بە ئاراستەی زمانی ستانداردی کوردی دا بێ ، دیموکراتیەت پتر ڕیشاژۆ بکات ، دیارە پێچەوانەش پێچەوانەیە . کادری ڕاگەیاندن دەبێ زمانێکی زۆر لەبار و گونجاو و عەوام فام بۆ گەیاندنی مەبەستەکانی بەکار بێنێ . نەک کۆمەڵێک وشە ڕیز بکات و لە کۆتاییدا بڵێ فڵان کەس ئەمەی وت ، وا وێنا بکات تازەگەری و داهێنانی کردووە ! یان وشەی تەندروست بە هەڵە بەکار بێنێ و وابزانێ هەنگوینی لە دارا دۆزیوەتەوە… گوێ بەوە نەدات : قسە کەوتە زاران دەیڵێنەوە هەزاران ، ئەمانەت و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و زمانپاکی دەبێ بەردی بناغەی هەموو ئەو بابەتانە بێ کە لە کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو دەکرێتەوە ، هەڵبەتە لە چوارچێوەی پرەنسیپی : لا حریة بلا مسؤلیة.

دیموکراتی ڕاگەیاندن لە سەر بناغەی گەنگەشە و دیالۆگ ڕۆدەنرێ نەک سەپاندنی یەک بۆچوون لە سەرێ ڕا بۆ خوارێ .

ئەمڕۆ ڕاگەیاندن و تۆڕێن میدیایی هەموو سنوورەکان دەبەزێنێ و بێ هیچ لەمپەڕێک خۆی بە هەموو وڵاتێکا دەکات ، خۆی بە هەموو ماڵێکی دنیادا دەکات ، بۆیە پێویستە کورد وەکو سەنگەرێکی شارستانیانە لە هەموو بوارێکی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و… هتد بەکاری بێنن و لەو ڕێگەیەوە خۆمان بەدنیا بناسێنین و بە جدی بچینە ناو پرۆسەی دیموکراسییەوە .

ئێمە لە هەرێمی کوردستانی ئازیزدا پتر لە هەزار کەناڵی میدیاییمان هەیە ، بە ڕادەیەک حیزباوی کراون و بوون ، جنێوی هێندە بازاڕیان لێوە پەخش دەکرێ ، بخرێتە سەرنان سەگ بۆنی پێوە ناکات ، بە زمانێکی هێندە زبر و جەڵەبی دەدوێن گوێگری بەڕێز لە شەرمان هەموو گیانی وەسەر ئاو دەکەوێ..

هەزار کەناڵمان هەیە و بەپارەی خۆمان و لە قوڵایی ماڵی خۆمانەوە ڕۆژانە هەزاران جنێوی  سەر بە کوڵکە بە خۆمان دەدەین ، غافڵین لەوەی کە ئەو زمانە زمانی گۆشکردن و پەروەردەی منداڵان نییە ، کە ئاڵاهەڵگری ئایندەن… هەزار کەناڵمان هەیە و بە درێژایی ئەم سی ساڵەش ، نەگەیشتینە زمانی ستانداردی کوردی ، لە کاتێکا قەوارەی زمانی ستاندارد بۆ ئێمە ئەگەر لە بوونی قەوارەی سیاسی گرینگتر نەبێ ، کەمتر نییە . لە هیچ کەناڵێک چاودێری زمانەوانیمان نییە!… زمانی سەقەتی ڕاگەیاندن ، درێژەی زمانی قوتابخانەکانمانە کە زۆر خراپن .

 

پ٤: پرۆسەی وەرگێڕان لەم ساڵانەی دواییدا ، لەبەر ژمارەیەک هۆکار وادادەنرێت ، زمانی کوردی شێواندووە یان کەوتووەتە ژێر کاریگەری زمانی بیانی ، ئێوە ڕاتان چییە ؟

و٤: دیارە وەرگێڕان چالاکییەکی ڕۆشنبیریی زمانەوانی گرینگە ، زەروورەتێکی حەیاتی کۆمەڵگە بەشەرییەکانە ، تا تیرەی بەشەر بەزمانی جیاواز ، هزر و فەلسەفە و هونەر و زانست و ژیان و ژیار و شارستانیەت بەرهەم بێنن ، بەناچاری دەبێ پەنا وەبەر وەرگێڕان ببرێ… چونکە هیچ میللەتێک لەم سەردەمە لەزگین و جەنجاڵەدا فریای ئەوە ناکەوێ هەموو کایە ئەپستمولوجیەکانی خۆی بە تەنیا بەرهەم بێنێ ، بۆیە دەبێ لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە ڕێگە ئەپستمولوجیەکان قەدبڕ بکات ، هەر ئەمەش وایکردووە بەرهەمی وەرگێڕاو ڕێژەیەکی زۆری کتێبخانەی نیشتمانی هەر میللەت و نەتەوەیەکی پێک هێناوە . وەرگێڕان دان و سانێکی ڕۆشنبیریی زۆر جدییە لە نێوان دوو زماندا .

وەرگێڕ بەدەم کاری وەرگێڕانەوە ، مامەڵە دەگەڵ دوو زمانی جیاوازدا دەکات ، زمان ، هەر زمانێک بۆخۆی مینجاڕێکی پڕ مەترسییە ، گەر بە شارەزایی تەواوەوە ، مامەڵەی دەگەڵدا نەکەی ،  هەموو ڕاز و ڕەمزەکانی هەڵنەیەنی ، لە ناکاوا پێتدا دەتەقێتەوە و ئەگەر نەتکوژێ سەقت و نوقسانت دەکات… وەرگێڕ ، بەدەم کاری وەرگێڕانەوە ڕوو بە ڕووی دوو مقاوەمەت دەبێتەوە ، یەکەمیان مقاوەمەتی دەقەکەیە ، کە بەئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات و دووەمیان مقاوەمەتی زمانی دووەمە کە بە ئاسانی پێشوازی لە دەقە بیانیەکە ناکات . بۆیە وەرگێڕ دەبێ دەقێک هەڵبژێرێ کە حەزی لێبکات و شارەزایی تەواوی لێی هەبێ و دەرەقەتی بێ و پێی بوێرێ ، زمانی دووەمیش زۆر بەباشی بزانێ وبەردەوام لەگەڵیا بژی و بەدواداچوونی وردی بۆ بکات و لە کاتی وەرگێڕاندا – ئەگەر وەرگێڕانەکە بۆ کوردی بێ – بە کوردی بیربکاتەوە و هەمیشە ئەوەی لە بیر بێ موخاتەبی ئەو کوردە . هەڵبەتە وەکو چۆن لە دنیادا دوو کەسی سەدی سەد وەکو یەک نییە ، بەو ئاوایە دوو زمانی وەکو یەکیش نییە ، بۆیە کاری وەرگێڕان زۆر هەستیارە و وەرگێڕ دەبێ مەمنوون بێ ئەگەر بتوانێ نزیکترین هاوتای دەقە ئەسڵەکە لە زمانی دووەمدا ، بە گوێرەی دەستوور و ڕێزمانی زمانی دووەم بخاتە بەردەستی خوێنەر . بەڵێ پاشاگەردانیەکی زۆر لە بزوتنەوەی وەرگێڕاناندا هەیە و زمانەکەش لە شێواندن بەدەرنییە و زۆر داڕشتنی زمانی بیانی داخزاوەتە نێو زمانی وەرگێڕانمانەوە ، کە ئەمە نەک دەوڵەمەندکردنی زمانی لێناکەوێتەوە بەڵكو شێواندنی زمانی لێدەکەوێتەوە ، بۆیە هەقە هەموو کارێکی وەرگێڕان ، لەلایەن چاودێری زمانەوانیەوە فیلتەر بکرێ و بە فیلتەری ئەودا تێبپەڕێ… من ڕام وایە ڕێگە نەدرێ هیچ بەرهەمێکی وەرگێڕدراو ، بەبێ پێداچوونەوەی ناوەڕۆک و بەبێ فیلتەری زمانەوانی چاپ و بڵاو بکرێتەوە… با لەڕێگەی وەرگێڕانەوە ، لەجیاتی خزمەت ، خیانەت بە زمانەکەمان نەکەین . با وەرگێڕ هەندێ خاکی بێ و خۆی لێنەبێ بە ئەرسۆ و چاک بزانێ هەر کەسێکی ئەهلی قەڵەم ، بەتەمای شۆرەت و ناوبانگ بێ، وەرگێڕ دەبێ مەمنوون بێ کە بەر تانە و تەشەر نەکەوێ ، کە زۆرجار ئەمەشی پێ نابڕێت..

 

پ٥: کەسانێک بۆ ئەوەی نیشانی بدەن بەکارهێنانی دەستەواژەی ئینگلیزی و زمانانی دیکە لەکاتی ئاخاوتن ، یان نووسینی هەواڵ و وەرگێڕان لە نێو دەقە گوتراو ، یان نووسراوەکانیان ، پێیان وایە کەسایەتیان بە گەورە و لێوەشاوە دەردەخات ، ئایا ئەم جۆرە بیرکردنەوە و بەکارهێنانە لە نێو زماندا ڕەوایە ، یان لە کردەوەدا دەبێتە مایەی نەخۆش خستنی زمان و کوشتنی خودی زمانەکە ؟

 

و٥: زمان یەکێکە لە داهێنان و دەستکەوتە هەرە مەزنەکانی تیرەی بەشەر ، لەو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتیانەیە کە هەرچی شارستانیەت و مەدەنییەت و دەسکەوتی مرۆڤایەتی هەیە قەرزارباری زمانن . چونکە زمان و هزرین دوو ڕووی یەک دراون و هەرگیز لێکدی جودا ناکرێنەوە ، هەرکە جیاکرانەوە ، لە بەها دەکەون ، دراوەکە دەبێ بە پارچە دراوێکی قەڵب و لە هیچ بازارێکدا ناچێت… وەکو چۆن خوێن و ڕەگەز و نەژادی خاڵیسە و پەتی نییە ، زمانی پەتیش نییە ، زمانی پەتی نیشانەی گۆشەگیری و دابڕانە لە هەر تەماس و کارلێکێکی فەرهەنگی ، لە کاتێکدا زمان بوونێکی زندووە ، هیچ شتێکی زندوو ، لە هاوکێشە و کارلێکی وەرگرتن و بەخشین ، هیچ زمانێک لە باندۆر و کاریگەری زمانانی پاش و پێش و سەردەمی خۆی بەدەرنییە . تەبیعەتی زمانیش وایە کە وشەیەکی بیانی وەردەگرێ ، زۆرجار لە هەردوو ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە لە قاڵبی خۆی دەدات ، وشە و زاراوەیەک وەردەگیرێ کە لە زمانی خۆتا هاوتا و هاومانا نەبێ.. خۆ بۆ ئەوەش ئەگەر بتوانرێ بەگوێرەی بونیاد و دەستوور و ڕێسا و یاسای زمانەکەی خۆت ، وشەو زاراوەی بۆ دابتاشرێ باشترە ، مەگەر وشە و زاراوەکە بووبێ بە جیهانی و لە هەموو زمانەکانی دنیادا بەکاربێت… خۆ دەبێ ئەوەش بڵێم بیرکردنەوە و گوزارشت کردن بەزمانی زکماک زۆر ڕەساترە لە بیرکردنەوە بەهەر زمانێکی بێگانە ، چەندیش تیایدا مەلەوان بی..

بە هەرحاڵ وشە لە هەر زمانێکدا سنووردارە ، ئەوەی سنووری نییە مانایە ، وشە ، لە هەموو کات و قۆناغێکدا لەوە کەمترە کە پێداویستیە مادی و مەعنەوی و دەروونی وبێرونی و حەیاتیەکانی مرۆڤ دابین بکات . بۆیە زمان چەند ئاوس بێ بە وشە و زاراوە و لە زاوزێی بەردەوامیشدا بێت ، هەر ناتوانێ هەموو واتا و چەمکە ئەقڵی و خەیاڵیەکانی مرۆڤ بگرێتەخۆ . بۆیە بە ناچاری دەبێ پەنا وەبەر وەرگرتن و داتاشینی وشە و چەمک و زاراوان ببرێ ، ئەم کارەش دەبێ بە بەرنامە و بەجۆرێک ئەنجامبدرێ کە لەگەڵ تەبیعەتی خودی زمانەکەدا بگونجێت و دەوڵەمەندی بکات و بە هەرسێ باری پانی و درێژی و قووڵیدا ڕیشاژۆی بکات . بەمەش کەمتر پەنا وەبەر بەکارهێنانی وشە و زراوەی زمانانی بێگانە دەبەین ، کە ئەگەر بە وریایی نەکرێ زمانەکەمان دەشێوێنێ ، بە تایبەتی کە زمانی ئێمە تا نهۆ زمانی بەخششی زانستی و هونەریی گەورە نییە . هەڵبەتە وشەی داتاشراو تا کورت و ڕیتمدار بێ ، مانا و مەبەستەکەی بنجبڕ و یەک مانا بێ ، زووتر و ئاسانتر دەکەوێتە سەرزاران و لە دنیای نووسیندا جێگەی خۆی دەکاتەوە .

دەبێ ئەو ڕاستیەش بگوترێ کە ناکرێ بە تەواوەتی ڕێ لە وشە و زاراوەی غەوارە بگیرێ ، چونکە تا پەیوەندی هەبێ ، ئەم دیاردەیەش دەبێ و ئەمەش بەندە بەجۆر و چۆنیەتی و چەندێتی ئەو پەیوەندییە بازرگانی و دەسەڵاتە زانستی و داگیرکارییە سیاسیانەوە کە لە نێوان خاوەنانی دوو زمان یان چەند زمانێکدا هەن .

ئەو خەڵکانەی وشە و زاراوەی قەبە و قەڵەوی بیانی بەگەڵ ئاخاوتن یان نووسینی خۆ دەخەن ، یان لە ژێر کاریگەری فەرهەنگی ئەو زمانەدان ، یان زیاتر بۆ خۆنواندنە و غافڵن لەوەی هزرین بەزمانی زکماک زۆر ئاسانترو و ڕەساترە لە زمانی بیانی چەندیش تیایدا مەلەوان بێ ، بەپێچەوانەوە ئەمە زادەی هەستکردنە بەخۆ بە کەمزانی… جۆرە سووکایەتیکردنێکە بە زمانی زکماکی خۆی و هەندێجار زادەی نەزانینی تەواوی زمانی زکماکە کە هەرکەسێ قسەی بابێ نەزانی… بە هەرحاڵ ئەمە وەکو ئەوەیە کەسێکی گومناو بێ لەگەڵ کەسێکی گەورە و ناودارا وێنە بگرێ و وابزانێ بەوە گەورە دەبێ ، غافڵە لەوەی کە بەو هەڵوێستە بچووکتر دەبێ نەک گەورە..

پ٦: کاریگەری ناونیشانی شوێنە گشتیەکان بەزمان و نووسینی بیانی چ کاریگەرییەکی دەروونی و ئەخلاقی لەسەر ئاسایشی نەتەوە و زمان دروستدەکات ؟

و٦: جارێ پێش هەموو شتێک هەرێمی کوردستان ، نەبووە بە دەڤەرێکی گەشتیاریی گەورەی ئەوتۆ کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیاری فرە ڕەگەز و نەژاد ڕووی تێبکەن و زەروورەتی کاسبی وابخوازێت بە ناونیشان، بیانی ڕاو بکرێن!… ئێمە کە دەوڵەتمان نییە ، دەبێ بە زمان و لە ڕێگەی یەکێتی و پاراستنی زمانەکەمانەوە قەرەبووی ئەم ئافاتی بێدەوڵەتیە بکەینەوە ، بە زمان بۆشاییە سیاسییەکان پڕ بکەینەوە ، لە کوردستاندا ، زمانی سەرەکی زمانی کوردی بێت… خۆ ئەگەر لە پاڵ ناونیشانە کوردییەکاندا ، بۆ مەسەلەی ڕیکلامی بازرگانی ناونیشانی بیانیش هەبێ کێشەیەک نییە ، بەڵام لە پاڵ بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە . هەرهیچ نەبێ لە ڕێگەی ناونیشانە کوردیە کانەوە، کۆمەڵێک وشە و زاراوەی کوردی ، وەکو زەروورەتی گەشتیاری دەکەوێتە سەرزاری خەڵکی بیانی و ڕەنگە دەوری ئەرێنێ لە ناسینی خۆمان و وڵاتەکەماندا هەبێ ، بۆ نموونە وشەی پێشمەرگە بۆتە زاراوەیەک ئەمڕۆ لە هەموو ئەنجوومەنە سیاسیەکاندا بووە بە رەمزی بوێری و ئازایەتی کورد ، هەرکە ئەو وشەیە بەکارهات ، یەکسەر دەزانرێ جگە لە کورد پەیوەندی بە هیچ میللەتێکی دیکەوە نییە… ئێمەی کورد دەبێ ڕژد بین لە سەر ئەوەی لە هەموو کایە حەیاتی و فەرهەنگیەکاندا زمانەکەی خۆمان بەکار ببەین ؛ چونکە ئەگەر بمانەوێ زمانی کوردی وەکو زمانێکی زندوو ببێت بە کەرەستەی بەرهەمهێنانی مەعریفە و ئیدراک ، دەبێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بێتە جەڕباندن و پێی بخوێنرێ و پێی بنووسرێ … زمان لە ڕێگەی پرۆسەی خوێندن و نووسینەوە گەشە و نەشە دەکات… هەر نەتەوەیەک زمانەکەی بمرێ بەخۆیشی دەمرێ… دەبێ ئاستی هۆشیاریی جەماوەری خەڵکی کورد ، بەڕادەیەک بەرز بکرێتەوە ، کە بزانن مەرگی زمان دەکاتە مەرگی نەتەوە ، هیچ میللەتێک ئامادە نییە ، بۆ هیچ مەبەستێک زمانی خۆی بکات بە قوربانی زمانی بێگانە !..

پ٧: پێتان وایە زمانی ستاندارد ، یان زمانێکی یەکگرتوو لە نووسیندا ، کاریگەری لە سەر دروستکردن و پاراستن و پەرە پێدانی بنەماکانی نەتەوە دەبێت یان بە پێچەوانەوە دروستبوونی نەتەوە شتێکی جیاوازە و هیچ پەیوەندییەکی بەزمانەوە نییە ؟

و٧: زۆر فاکتەر هەن دەوریان لە دروستکردن و پاراستن و پەرەسەندنی بنەماکانی نەتەوەدا هەیە ، لەوانە بەرژوەندی هاوبەش ، ئاین و ئۆلی هاوبەش ، زمانی ستانداردی یەکگرتوو ، کەلەپووری هاوبەش ، سیاسەت و خاکی هاوبەش بنەمای ئابووری کە دەکاتە شادەماری ژیان و باندۆری ڕاستە وخۆ و ناڕاستە وخۆی بە سەر هەموو کایەکانی ژیانەوە هەیە و… هتد ؛ زمانی ستاندارد فاکتەرێکی گرینگە بۆ ئەوەی لە ڕووی سایکۆلۆژی و سوسیولوجیەوە میللەت بە ئاسانی لێکدی نیزک بخاتەوە ، چونکە ناسنامەی ڕۆشنبیریی لە ڕێگەی زمانی ستانداردەوە ڕیشاژۆ دەبێت و داهێنانی ڕۆشنبیریی سەرچاوەی پێشکەوتنی بەشەرە ، تەماحی ئەوەت دەخاتە بەر کە لە بە کاربەری ڕۆشنبیرییەوە بگۆڕێی بۆ بەرهەمهێنەری ڕۆشنبیریی و بە تایبەتمەندی نەتەوەییەوە بە شداری لە کاروانی بەرهەهێنانی مێژووی تیرەی بە شەردا بکەی . گەورەترین داهێنان و دەسکەوتی مرۆڤ زمانە ، ئیدی لەوێندەرەوە هەوڵی کەشفکردن و دۆزینەوەی ئینسانیەتی ئینسان دەستی پێکردووە . سەبارەت بە زمانی نەتەوە ،  زمان یەکێکە لە فاکتەرەکانی یەکخستنی نەتەوە ، مەرج نییە فاکتەری یەکەم بێ ، بۆ نموونە عەرەب خاوەنی چەندین قەوارە و دەوڵە تۆچکەی سیاسین ، لە ڕووی سیاسیەوە پەراگەندەن ، بەڵام قەوارەیەکی زمانەوانی یەکگرتووی ئەوتۆیان هەیە کە تاڕادەیەکی زۆر پەراگەندەییە سیاسیەکەیانی شاردووەتەوەو مەترسی توانەوەی لە کۆڵکردونەتەوە . یان جولەکە ، تا نەبوون بەخاوەنی خاک ، خەڵکانێکی ئاوارە و مشەختی بوون ، خاوەنی زمانی یەکگرتوو نەبوون… قەوارەی سیاسی پێش زمانی ستانداردیان کەوت..

بە هەرحاڵ ڕەنگە بۆ ئێستا و لەم سەردەمەدا ، یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورە ، وێڕای ئەوەی ئاوات و ئارەزوویەکی ڕەوایە ، بەڵام هەندێ دووربێ ، بەڵام ڕەنگە چوار قەوارەی سیاسی لە فۆرمی فیدراڵی و کونفیدراڵیدا ، واقیعی تر بێ و بەسووکە دەستباری سیاسی بێتە دی… بۆیە زۆر پێویستە بە جدی لە خەمی زمانی ستاندارد ( خوێندن و نووسین ) و یەکگرتوودا بین و قەوارەی زمانەوانی خۆمان دابین بکەین ، کە لەم سەردەمی شۆڕشی ئەلکترۆنیەدا ، زۆر ئاسانتر لە سەردەمە داخراوەکانی پێشتر، دێتەدی . لە کاتێکا هەرێمی کوردستان زۆربەی دیالێکتە سەرەکییەکانی زمانی کوردی تێدایە..

 

پ٨ : پێتان وایە ئەوانەی بانگەشەی پسپۆڕی و شارەزایی لە زمان و سیاسەت و لێکۆڵینەوەی زانستی دەکەن ، ئەگەر نەیانتوانی بە زمانی دایک بنووسن نابنە هۆکار بۆ ئەوەی بە شێک لە پسپۆڕییەکەیان بکەوێتە ژێر گومانەوە ؟

و٨ : هەر بەرهەمێک ، نێوەڕۆکەکەی هەرچیەک بێ ، بە هەر زمانێک نووسراو بڵاوکرایەوە ، بە بۆچوونی خاکیانەی بەندە ، لە رووی زمانەوە ، موڵکی ئەو زمانە یە کە پێی نووسراوە ، زمان ناسنامەی دەقە . بۆ نموونە یەشار کەمال کە بە ڕای من ڕەمزی مەزڵوومیەتی کورد و زمانی کوردییە ، هیچ گومانێک لە کوردبوونی نییە ، هیچ گومانێک لە گەورەیی پێگەی ئەدەبی ئەوا نییە ، خودانی دەیان شاکاری ئەدەبی نەمرە ، زۆر داب و نەریت و فولکلۆری کوردی لە بەرهەمەکانیا تەوزیف کردووە ، چونکە بەرهەمەکانی بەزمانی تورکییە ، یەشار کەمال ، بە نووسەری تورک ناودەبرێ ، ئەگەر زۆر خاتری بگرن بە نووسەری تورکی کورد نەژاد ناودەبرێ ، هەرچەندە هونەر کە قافی هات ، دەبێ گوزارشت لە خۆی بکات ئیدی بە هەر زمانێک بێ ، چونکە هونەرمەندەکە وەکو ژنی دووگیان پێوەی دەجەڕێ و ئەگەر لە دایک نەبێ لە گینە بە سەریەوە بمرێ… هونەر زمانەکەی لێ دەربچێ، لە دوا ئەنجاما موڵکی هەموو بەشەرییەتە.

بە هەرحاڵ ، هەر بەرهەمێک بە غەیری زمانی کوردی بنووسرێت لە ڕووی زمانەوە خزمەت بە زمانی کوردی ناکات . بۆ نموونە ئەگەر بە ندە بمەوێ فەرهەنگێکی کوردی – کوردی دابنەم ، بە حەرفیش سوود لە و هەموو شاکارەی یەشار کە مال نابینم ، بەڵام ئەگەر تورکیك بیەوێ فەرهەنگێکی تورکی – تورکی دابنێ ، بە بەرهەمەکانی یەشار کەمالی – کورد خەنی دەبێت . قەوارەی زمانەوانی بۆ میللەتێکی بەشخوراوی غەدر لێکراوی وەکو کورد ، لە قەوارەی سیاسی گرینگتر نەبێ ، چیوای کەمتر نییە ، کە ئەمەیان لە چاو قەوارەی سیاسیدا ، لەم سەردەمی شۆڕشی ئەلیکترۆنیەدا زۆر ئاسانتر دێتە دی..

 

پ٩: ئایا زمانزانین ، شارەزایی لە بواری زمانەوانی پەیوەندی بە بڕوانامەی ئەکادیمی هەیە یان نا و ، بۆچی؟

و٩: زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و لە کۆمەڵگە بەشەرییەکاندا سەری هەڵداوە و بە گوێرەی پێداویستیە حەیاتی و کۆمەڵایەتیەکان نە شونمای کردووە . خۆ ئەگەر خڕبوونەوەی بەشەر لە دەوری یەکدی نەبوایە و پێویستیان بە هاوکاری و لێکدی حاڵی بوون و گۆڕینەوەی هزر و بۆچوونان نە بوایە و زەروورەتی دەربڕینی خولیا و کەڵکەڵە مادی و مەعنەوییەکانی بەشەر نەبوایە ، زمان بەم ئاوایە و بە مانای زمان چێنە دەبوو… واتە زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و وەکو هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دیکە سەری هەڵداوە و زادەی زەروورەتە حەیاتیە مادی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگەیە ، لە ژیانی کۆمەڵگە و پێداویستیە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەوە سەری هەڵداوە و بەگەڵ ڕەوتی ژیان کەوتووە و گەشەی کردووە… پەیوەندییەکی بەهێزی دەگەڵ دیاردەکانی تری وەکو دیاردەی کۆمەڵایەتی ، دەروونی ، مێژوویی و جوگرافی و سروشتی و فیزیولوژی و بایولوژی و ئەنتروپولوجیەوە هەیە.. کە هەموو ئەمانە ڕەنگە بچنە خانەی ئەرک و کاری زانای زمانەوە .  زانای زمان سەروکاری دەگەڵ دیاردە زمانەوانیەکانی وەکو دیالیکتولوجی ، لیکسیکولوجی، مورفولوجی ، مورفولوجیای فێرکاری ، مێژوویی ، و مورفولوجیای بەراوردکاری و فۆنەتیک و سیمانتیک و ئیتیمولوجیا و بونیاد و فیقهی زمان و… هتد هەیە… کە مخابن ، لە کوردەواریدا زانای زمانمان کەمە ، بەڵام زمانزان ، ئەوانەن کە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زماندا مەعلانن و خودانی فەرهەنگی دەوڵەمەندی زمانن و شارەزایی باشیان لە کە لەپووری زمانەوانی نەتەوەی خۆیاندا هەیە و کاریگەری و باندۆری فولکلۆری کوردی لە حیکایەت و بەند و بە یت و پەند و قسەی نەستەق و لاوژە و لاوک و حەیران و بەستە و هۆرە و سیاچەمانە و… هتد بە سەرەوە هەیە ، کە لەم ڕووەوە ناودارێن باشمان هەیە… وەکو مامۆستایان عەلادین سەجادی ، هەژار ، هێمن ، شکور مستەفا و شێخ محەمەدی خاڵ و برایانی موکریانی و… هتد . ئەکادیمیا زیاتر سەروساختی دەگەڵ زانست و فیقهی زماندا هەیە ، واتە ڕێگەی زانستی زمانەوانی نیشان دەدات ، نەک زمانزانی ، کە سەرچاوەی زمانزانی ژینگە و ئەنجوومەنە کۆمەڵایەتیەکانە ، نەک ئەکادیمیەکان …

 

پ١٠ : ڕۆژانە چاپکراو و تەنانەت کتێبی وا بڵاودەبنەوە ، نەک بە یەک ڕێنووسی یەکگرتوو نانووسن ، بەڵکو لە نێوان بابەتەکان و لە نێوی خودی یەک بابەتیشدا ڕەنگە پەیڕەوی ڕێنووسی جیاواز بکەن ، ئەمە چۆن لێکدەدەنەوە ؟

و١٠: هەڵبەتە گومان لەوەدا نییە کە مامەڵەیەکی شوڤینیستی دەگەڵ زمانی کوردیدا ،  لەلایەن داگیرکەرانی کوردەوە ، ئەوانەی دەوڵەتەکانیان لە سەر حیسابی دەوڵەتی ئەنفالکراوی کورد ڕۆنراوە ، دەکرێ ، هەر ئەمەش بۆ خۆی نیشانەی گرینگی زمانە لە ژیانی میللەتاندا ، بە تایبەتی بۆ میللەتانی بندەست . دیارە قەدەغە کردن و دژایەتی زمانی کوردی لە لایەن داگیرکەرانی کوردەوە ، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دان نانە ، بەداگیرکاری خۆیان و بە هەبوونی زمانی کوردی و لە ترسنۆکی خۆدا بە مشتووی نێو هەمبانەکەی دەزانن .

بە هەرحاڵ مەسەلەی ڕێنووسی زمانی کوردی ، ئەگەر کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان ، یەک ڕێنووس بەکاربەرن ، ئەمە بۆ خۆی دەکاتە  فاکتەرێکی نزیکبوونەوەی ڕۆڵەکانی کورد لە یەکدی ، کە ئەمە بە ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان و کورد بە ئاسانی قووت ناچێت . بۆیە ئەو ڕێنووسانەی ئێمە بەکاری دێنین ، خۆمان بە ئارەزووی خۆمان و بە ئازادی هەڵمان نە بژاردووە ، لەو وڵاتانەدا کە کوردیان داگیرکردووە ، ئەلفبای زمانەکەی خۆیان بە سەردا سەپاندووین ، چونکە جیاوازی ئەلفبایەکان جۆرێک لە گومان و پرسیار دروست دەکات ، کە پرسیار هەمیشە تاقیب و تاقیبکاری بە دوودا دێ و لە تاقیب و تاقیبکاریدا نهێنیان کە شف دەبێ… بۆ نموونە لە تورکیا ، ئەگەر بەڕێکەوت ڕێگەی چاپکردنی کتێبێکی کوردی بدرێت ، دەبێ بە ڕێنووسی لاتینی بێ ، چونکە ڕێنووسی زمانی تورکیە کە زمانی فەرمی دەوڵەتە ، یان لە ئێرانا ، خۆ مەحاڵە ئەگەر بەڕێکەوت ڕێگە بە بڵاوکراوەیەکی کوردی بدرێ ، دەبێ بە هەمان ڕێنووسی زمانی فەرمی دەوڵەت کە فارسییە ، بێتە بڵاوکردنەوە… هەرچەندە ، هەر خوێنەوارێکی کورد ئەگەر تەمەڵی نەکات و خۆی بیەوێ ، بە دوو سێ سەعاتان فێری هەر ئەلف بایەک دەبێ ، هەڵبەتە جۆرە پاشاگەردانیەک لە بەکارهێنانی ڕێنووسی کوردیدا ، بە تایبەتی لە کوردستانی باشووردا بەدی دەکرێ ، رەنگە ئەمە  بۆ کوردێک زۆر کێشە نەبێت ، بەڵام بۆ بیانیەک کە بیەوێ فێری کوردی بێ ، جێگەی پرسیارە . لە زمانی کوردیدا پێشگر و پاشگر و ناوگر، دەوری گرینگی لە دروستکردنی وشەدا هەیە ، بەندە وای بۆ دەچم کە وشەیەک بە پاشگر و پێشگر ماناکەی گۆڕا ، هەقە فۆرمەکەشی بێتە گۆڕان ، چونکە مانا خۆ بە خۆ فۆرمی خۆی بەرهەم دێنێت..

 

پ ١١:  زمان تەنیا ئەوە نییە کە  قسەی پێدەکرێت ، بە ڵکو بریتییە لە ( واتا و مەبەست و چۆنیەتی بەکارهێنان و فۆرم و ستایل ) هەندێک لە نووسین یان ئاخاوتندا ڕەچاوی ئەم شتانە ناکەن ، ئایا ئەمە دەبێتە هۆکار ، کە بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی ڕەشۆکی و دوور لە بیرکردنەوە دەربکەوێت ؟ ئایا ئەمە چ کاریگەرییەک لە سەر زمان و پاشە ڕۆژی زمان دروست دەکات ؟

و١١ :  زمان لە بنەڕەتدا ، گوزارشت بووە ، گوزارشتێکی خۆڕسک و سروشتی بووە ، لە سۆز و گوداز و هەڵچوون و کەڵکەڵە دەروونیەکانی مرۆڤ ، کە هەموو دیاردە خۆڕسکەکانی وەکو شادمانی و خەمینی ، ژان و ژار و ترس و ئازار و شەرم و بێزاری… هتد لە خۆگرتووە و گوزارشتی لە حاڵەتێکی ویژدانی تایبەتی کردووە… بە هەرحاڵ زمانی قسەکردن زیاتر ئەوزاری لێکدی حاڵی بوونە ، مەرج نییە زمانێکی تۆکمە بێ ، کە مەسەلەکە ، مەسەلەیەکی گوزارشتەوانی بێ ، ئەوزاری لێکدی حاڵی بوون بێ ، خۆ بەزمانی ئاماژەش مەبەست دەگەیەنرێ ، بۆنموونە کەڕ و لاڵ زمانیشیان نییە و لە یەکتریش تێدەگەن… بەڵام زمانی ستاندارد زمانی ( خوێندن و نووسین ) ئەوزاری ڕامان و وردبوونەوە و بەرهەمهێنانی فیکر و فەلسەفە و تیکڕای کایە ئەپستمولوجیەکان و زانست و هونەرە ، هیچ زێدەگۆییەک قەبووڵ ناکات ، ئەوە قەبووڵ ناکات بە زۆر شتی لێ بار بکرێ ، دەبێ بە خۆی قسە بکات نەک بەخۆرتی بهێنرێتە قسە… هەرکەسێ سووکایەتی بەزمان بکات ، بە تۆپزی بیهێنێتە قسە ، زمان تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە و دووچاری کۆمەڵێک حەماقەتگۆیی لامسەرلایی ڕەوتەنی و بێ باندۆری دەکات و هەرچی دەکات و دەکۆشێ لە بازنەی زمانی گوزارشتەوانی دەرناچێت و ناگاتە زمانی ڕەمزیی دەلالی کە کەرەستەی سەرەکی نووسینە ، ئەدی نابینی بە شێکی زۆری نووسینی کوردی تینوویەتی و تامەزرۆیی خوێنەری کورد ناشکێنێت… حەز دەکەم ئەوەش بڵێم کە غیابی یەکێتی سیاسی ، دابڕان و غیابی یەکێتی فیکری و زمانەوانی لێدەکەوێتەوە ؛ نە زمانی بێ فیکر هەیە و نە فیکری بێ زمان هەیە… هەڵبەتە  دیالێکتەکانیش ، ئەگەر لە دەڤەری خۆیاندا ببن بە زمانی خوێندن و نووسین، دەبێتە مەترسییەکی دی بۆ سەر زمانی ستانداردی کوردی ، چونکە دیالێکت کە بوو بە خودانی پاشخانی کەلتووری نووسراو کار بۆ سەربەخۆیی خۆی دەکات ، نەک بۆ ئەوەی وەکو جۆگایەک بڕژێتە ناو ڕوباری  زمانی ستانداردەوە و دەوڵەمەندی بکات..

 

پ١٢:  ئەدەبی منداڵان لە ڕووی پەروەردەیی لە هەموو ئاستەکاندا زۆر گرنگە ، ئایا پێتان وایە لە نێو ئەدەبیات بۆ منداڵانی کورد بایەخ  و گرنگی بە زمان و بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی زانستی و دروست دراوە؟

و١٢: منداڵ ، ئاڵاهەڵگری ئایندەی میللەتە… ئەگەر منداڵ بە دروستی و زانستیانە پەروەردە بکرێت ، دەشێت لە میانی ئەوانەوە پێشبینی ئایندەی هەر میللەتێک بکرێت… هەڵبەتە پەروەردەکردن پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئارامی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو ژینگەیەوە هەیە کە تیایدا دەژی و پەروەردە دەبێت..

ئاشکرایە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا ، بە ئێستاشەوە سەقامگیری و ئارامی بەخۆوە نە بینیوە . بە کورتیەکەی کورد ، خۆی خاوەنی خۆی نەبووە ، بە تەمای ڕۆژی سپی نەبووە : ” پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش ” لە ماڵی خۆیدا حیسابی بێگانەیەکی ناحەزی بۆکراوە ، هەزار و یەک سانسۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافی و چاندی و زمانەوانی خراوەتە سەر… هەڕەشەی سڕینەوەی بوونی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لە سەر بووە و لە سەرە… دیارە ئەمجۆرە هاماجە  سەرکوتکاری و داخراوە ، یارمەتی سەرهەڵدانی بزاڤێکی فیکری چالاک نادات ، لەم ڕەوشەدا بەرهەمێن هزری و چاندی و زمانەوانی کەم دەبن ، ئەو بەرهەمانەش کە دەبن ، ئەوەندەی بایەخی مێژووییان دەبێت ، ئەوەندە باندۆری ڕۆشنبیرییان نابێت و زیاتر شەقڵ و فۆرمی مقاوەمەت وەردەگرن… مقاوەمەت غەریزەیە ، کورد بە بێ ویستی خۆی خراوەتە ژینگەیەکی مقاوەمەت ئامێزی ئەوتۆوە کە وەکو پێویست نەیپەرژاوەتە سەر خۆپەروەردەکردنێکی ئاسایی ،  بەڵام وێڕای ئەوەش هەرکە کەمترین دەلیڤەی بۆ هەڵکەوتبێ بە پێی توانا ئاوڕی لەولایەنەش داوەتەوە… با لە ئاستی خۆزگە شدا نەبووبێ..

سەبارەت بە منداڵ ، ئێمە زیاتر منداڵ گەورە دەکە ین تا پەروەردە ، گەورەی دەکەین بۆ مقاوەمەت: ” بەرخی نێر بۆ سەربڕینە ” وێڕای ئەوەش بە گوێرە ی هەل و دەرفەت کەم دابێژێک ئاوڕمان لە پەروەردەش داوەتەوە. زۆر هەوڵی شیعری و چیرۆکڤانیمان بۆ منداڵان هەیە ، وێڕای حورمەت و دەستخۆشیم بۆ ئەو زاتانەی ئاوڕیان لەو بوارە هەستیار و گرینگە داوەتەوە ، چ لە ڕووی نیوەڕۆک و چ لە ڕووی زمانەوە ،  شەقڵی بەڕەڤانیان پێوەنراوە ، لە کاتێکا ئەدەبیات دەکاتە هونەراندنی چاند و زمان بە ڕەچاوکردنی قۆناغی تەمەن و ئاستی فامینی منداڵ… هونەر و هونەراندن کۆڵەکەیەکی زۆر گرینگی پەروەردە کردنە…

 

پ١٣: ڕێباز و بیرۆکەیەک ماوەیەکە دروستبووە کە مێژووی کورد و بوونی نەتەوە لە ڕێگەی زمانەوە ساخ بکرێتەوە، بەڵام پێناچێت هەموویان بتوانن ئەم ساخکردنەوەیە لە ڕێگەی زمان وەکو خۆی و دوور لە سۆز و ڕاکێشانی هەرموو شتێک بەلای کوردی کۆن لێکۆڵینەوەکان ئەنجامبدەن، هەندێک ڕەنگە جیاوازی لە نێوان لێکدانەوەی مێژووی زمان و مێژووی نەتەوە لە ڕێگەی زمان نەکەن، بەڕای ئێوە باشترین ڕێباز بۆ ئەم بوارە چییە؟

و١٣: جارێ پێش هەموو شتێک، غیابی یەکێتی سیاسی دابڕان و  پەراگەندەیی فیکری و زمانەوانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە دەشێت مێژووی زمان و مێژووی نەتەوە لە کارلێکی ئەرێنیدا یەکدی تەواو بکەن و لە زۆر خاڵدا یارمەتیدەری یەکدی بن، چونکە مێژوو ڕۆڵی گەورەی لە دروستبوونی نەتەوەدا هەیە، دەکرێ بگوترێ ئەو قاڵب و چوارچێوەیەیە کە سەرانسەری بنەماکانی دروستبوونی نەتەوەی تێدا دەخەمڵێت و بەرجەستە دەبێت و تەنانەت خودی مێژووش لە ناو جەرگەی مێژوودا پێکدێت.

هەڵبەتە مێژوو تەنیا ڕابردوو نییە، بەڵکو ئێستا و داهاتووشە . ئەو زەمانانە بەڕادەیەک ئاوێتە بوون و لە کارلێکدان ڕەنگە جیاکردنەوە و هاوێر کردنیان گەر مەحاڵ نەبێ ، ئەوا زۆر زەحمەت بێ!… چونکە مێژوو بازنەیەکی داخراوی چەق بەستوو نییە . بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە گەشەکردن و گۆڕانی بەردەوامدایە ، واتە زەمەنێکی وشکی مردوو نییە ، بەڵکو زەمەنێکی دینامیکی زندووە . خوێندنەوە و کەشفی فرە لایەن دەخوازێ بە پێی پیداویستیەکانی ڕۆژ… واتە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بەڵگەدار .

ئێمەی کورد ، هەر لە کۆنەوە نە‌هێڵراوە چاو بکەینەوە ، سەرکوت و چاوشکێن کراوین ، غەدری زۆر گەورە و خیانەتی نامرۆڤانەمان لێکراوە ، چ لەلایەن گەلانی دراوسێ و داگیرکەرمان چ لە لایەن وڵاتانی ئیستعماری دنیاوە بەهەردوو بلۆکی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەوە ، ئەو غەدر و خیانەتەی لەمە کراوە و دەکرێ ، ئەو تراژیدیا و کارەساتانەی بەسەر کوردا هێنراون ، مایەی شەرمەزاری سەرلەبەری مێژووی مرۆڤایەتییە ، ئەلبێر کامۆ دەڵێت لە دنیادا هیچ ئابڕووچوونێ لەوە گەورەتر نییە، مرۆڤێ بدینی مامەڵەیەکی نامرۆڤانەی لەگەڵدا بکرێ… ئێمە لە هەموو ئارامی و ئاسوودەییەک مەحرووم کراوین ، کە خۆی لە خۆیدا فاکتەرێکی هەرە گرینگی خۆناسین و بەرهەمهێنانی ژیاری و شارستانیەتە و سەرەتای کارلێکە دەگەڵ مێژوودا . بۆیە نەتەوەیەکی چەوساوەی هەڕەشەلێکراوی وەکو کود لە سەرێتی ڕابردووی خۆی لە هەموو ڕوویەکی نەتەوەیی و زمانەوانیەوە بپشکنێ و بە ئێستاوەی گرێ بدات و بە ئاراستەی ئایندەدا بیخوێنێتەوە… خوێندنەوەی فرەلایەن… ڕاستە مێژوو گەلان دروست دەکات و گەلان لە ناو جەرگەی بونیادە مێژووییەکانەوە چێدەبن ، بەڵام گەلانیش وەکو بوونی کۆمەڵایەتی زندوو دەتوانن سەرلە نوێ مێژوو دروست بکەنەوە و بەشێوەیەکی مرۆڤانی ئاراستەی بکەن ، پێویستە مێژوو بە هەردووباری ئاسۆیی و ئەستوونیدا بخوێنینەوە و بیکەین بە فاکتەری هەرە کارای یەکخستنی نەتەوەکەمان. لە سەرمانە هەوڵی یەکخستنی مێژووی نەتەوەییمان بدەین و بیکەین بە زامنی یەکبوونی نەتەوەییمان و ڕێگە لە پارچە پارچە کردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و زمانەوانی نەتەوەکەمان بگرێت کە ناحەزان و دژمنانی کورد ، بە بەرنامە کار بۆ ڕیشاژۆکردنی ئەو پارچە پارچە کردنانە دەکەن و دەیانەوێ لە کوردی بکەن بە دیفاکتۆ و قەدەر… بۆیە دەبێ هزر و زەینێکی مێژوویی لە لای ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد دروستبکرێ و ڕەنگە باشترین دەستپێشکەری لەم بوارەدا بریتی بێ لە خوێندنی مێژووی کورد لە قوناغەکانی خوێندندا . هەڵبەتە ئەم پرۆسەیە ڕۆڵێکی زۆر مەزنی دەبێت لە ڕیشاژۆکردنی مێژووی کورد و قوڵکردنەوەی لە هزر و بیری ڕۆڵەکانی گەلی کوردا و خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی زۆر گەورەیە بەرەو یەکخستنی مێژوومان ، ئیدی ئەو مێژووە دەبێت بە بەشێک لە زانیاری و ڕۆشنبیریی هەزاران هەزار قوتابی . دەبێتە سەدەمی ئەوەی نەهێڵێ ئەو مێژووە کوێر ببێتەوە و بەڵکو پەرەی پێبدرێ و بە ئاراستەی ئایندەدا گەشەی پێ بدرێ. ئەم پرۆسەیە ئەگەر بۆ خەڵکان و گەلانی دیکە زۆر پێویست نەبێت ، ئەوا بۆ نەتەوەی کورد کە لە قۆناغی خۆناسیندایە زۆر پێویستە و تا پەلەی لێبکرێ هێشتا هەر درەنگە .. ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ، ئەوەیە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان ، واتە زۆربەی ڕەش و ڕووتی وڵاتی کوردەواری خەڵکانێکی یەکبوونخوازن نەک تەقسیم خواز و باند و دەستەباز ، واتە خەونی زۆربەی خەڵک بە دەوڵەتی یەکگرتووی کوردییەوەیە نەک بە ناوچەگەرێتیەوە . ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەگەر بە شێوەیەکی ئەرێنی نەتەوەییانە ونیشتمانییەوە ئاراستە بکرێ و بقۆزرێتەوە دەکاتە هێزێکی مەعنەوی گەورە و بە ئاسانی دەگۆڕدرێ بۆ هێزی مادی . هەڵبەتە ئەرکی هەرە گرینگ و بنەڕەتی لەم ڕووەوە دەکەوێتە ئەستۆی خەڵکی منەوەر و ڕۆشنبیرەکانی کورد کە دەتوانن بەزەبری هۆشمەندی و بەرزی ئاستی هۆشیارییان ، هەموو هەوڵێکی چەسپاندن و بە دیفاکتۆکردنی ناوچەگەرێتی بە هەر هەنجەت و بیانوویەک بێت ، پووچەڵ بکەنەوە و ئەوە ساغ بکەنەوە کە پەیوەندی و وابەستەگی نەتەوەیی ونیشتمانی لە هەر وابەستەگیەکی دی باڵاترە و تەنیا لە سایەی ئەم وابەستەگییەدا هەر کار و کردەوە و چالاکییەک هەر گەل و میللەتێک تاریخیەی پەیدا دەکات و دەڕژێتە نێو مێژووی مرۆڤایەتیەوە و بەمەش ڕاستەوخۆ بەشداری لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی فەرهەنگی و شارستانیەتدا دەکات… دۆڕانی شەڕێک یان زیاتر قەرەبوو دەکرێتەوە ، بەڵام دۆڕانی ئاشتی قەرەبوو ناکرێتەوە ، دەستکەوت گرینگە بەڵام پاراستنی گرینگترە…

یەکێتی سیاسی زۆر گرینگە ، هەندێجار بۆشایی زمانیش پڕ دەکاتەوە ، هندستان ، بەزمانی ئینگلیزی، ئینگلیزییەکی هندی چ بەخششێکی فیکری ، فەلسەفی ، هونەری و زانستی پێشکەش ناکات!…

 

پ١٤: زمان دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی دەوڵەت ، بەڵام دەوڵەت ناتوانێت زمان دروست بکات ، پێتان وایە بۆ کورد کامە گرنگە دروستکردنی دەوڵەتێکی بێ زمانێکی یەکگرتوو یان زمانێکی یەکگرتووی بێ دەوڵەت؟

و١٤: بە قەناعەتی خاکیانەی خۆم قەوارەی سیاسی ( دەوڵەت ) و قەوارەی زمانەوانی تەواوکەری یەکترن . کورد زمانی هەیە ، زمان پەیوەندی بە خاک و خەڵک و دەسەڵاتەوە هەیە ، هەموو ئەو خەڵکانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ، لە هەر بەشێکی کوردستانی بە نەهەق داگیرکراوا ، بە دیالێکتی جیاواز دەئاخفن ، بێ چەند و چوون خۆیان بە کورد دەزانن کە ئەم هەستی کوردێنییە ، ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ چێبوونی زمانی ستانداردی کوردی ( زمانی خوێندن و نووسین ) . ئێمە زمانمان هەیە ، لە زمانە ستانداردەکەمان کەمە ، کە یەکێک لە سەدەمەکانی غیابی قەوارەی سیاسی و دەوڵەتی کوردییە .

بنەمای سەرەکی دەوڵەت خاک و خەڵک و دەسەڵاتی یاساییە و خاک وخەڵک ، بێ زمان نابێ ، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەت و  زمانی ستاندارد تەواوکەری یەکدین… غیابی یەکێتی سیاسی ، دابڕان و پەرتەوازەیی فیکری و زمانی لێدەکەوێتەوە ، من پێموایە بوونی قەوارەی سیاسی هەندێجار لە پێشترە لە قەوارەی زمانەوانی ، دەوڵەتی ئیسرائیل ، یەکێکە لەو نموونانە…

هەر میللەتێک زمانی ستانداردی ( زمانی خوێندن و نووسین ) نەبێ بە تایبەتی کە بندەست و بێ دەوڵەتی سیاسی بێ ، ئەوا یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکانی بەرەڤانی لە خۆ لە دەست دەدات و ئەگەری پارچەپارچە کردن و بەچەند نەتەوە کردنی زۆر زیاد دەبێ ، کە ئەمە زیاتر لە ڕێگەی قەوارەی سیاسیەوە و لەڕێگەی بەرنامەی دام و دەزگای پەروەردەییەوە ، جێبەجێ دەکرێ … ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە قەوارەی زمانی ستاندار بە ئەندازەی قەوارەی سیاسی گرنگە . خۆ لە ڕووە ئەپستمولوجیەکەوە ڕەنگە گرینگتر بێ… بۆ نموونە عەرەب لە ئەنجامی پیلانی داگیرکەران و ناتەبایی خۆیانەوە ، لە ڕووی قەوارەی سیاسییەوە پارچەپارچە کراوە و بەسەر پتر لە بیست قەوارەی سیاسی فشەڵی بەڕواڵەت سەربەخۆ و لە ناوەڕۆکدا پاشکۆی سیاسەتی ئیمپریالیزمدا دابەشبووە و ئەوجاش خەتەر و مەترسی تواندنەوەیان لە سەر نییە ، چونکە قەوارەیەکی تریان هەیە کە لە قەوارەی جیوسیاسی گرینگترە و ئەویش قەوارەی زمانی ستانداردی عەرەبییە و لێرەدا پێش قەوارە سیاسییەکە کەوتووە… دیارە ئەم زمانە ڕیشەیەکی ئاینی هەیە ، بەڵام دژمنانی عەرەب زۆریان هەوڵداوە عەرەب لەم ڕووەشەوە لەت و پەت و پارچە پارچە بکەن… بەڵام لە دوا ئەنجامدا هەر نەیانتوانیوە ، قەوارە زمانەوانییەکەیان پارچە پارچە و داغان بکەن . هەر ئەم قەوارە گرینگەشە کە بووە بە پەرژینی پاراستنی عەرەب لە زۆر ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەوە … سەبارە بە زمانی کوردی ، مخابن تا نها زمانی ستانداردمان نییە ، واتە نووسینی کوردێکی باشووری کوردستان لە زێی گەورە هێوەتر ناچێ ، دیارە پێچەوانەش پێچەوانەیە . واتە قەوارەیەکی زمانەوانی ( ستاندارد ) ئەوتۆمان نییە کە کورد لە هەر شوێنێ بێ یەکیان بخات ، هەموو دەزانین زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزە و هەموو گەشەکردنیكی کۆمەڵایەتیش هەندێک خاوە و ماوەیەکی تا ڕادەیەک زۆری دەوێ تا ئەنجام بە دەستەوە دەدات.

ئێمە ناڵین زمانی ستاندارد بە قەرارێک دروست دەبێ ، بەڵکو بەجۆرێکی خۆڕسک و لە ئەنجامی پەرەسەندنی خۆیەوە بە پشتیوانی گەلێک فاکتەرێن ڕامیاری ، ئابووری ، بازرگانی ، ئاینی ، تەکنولۆژی ، ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی و فێرکردنەوە ئەو قەوارەیە دروست دەبێ و دەکەوێتە ناو پرۆسەی بەخششی ئەپستمولوجیەوە . بە نۆڕینی بەندە ئەو قەوارەیە گەر لە قەوارەی سیاسی گرنگتر نەبێ ئەوا هاوتای قەوارەی سیاسییە ، چونکە ئەگەری دروستبوون و دروستکردنی چەند وردە قەوارەیەکی سیاسی بۆ کورد زۆر بە دوور نابینم ، جا ئەم وردە قەوارە سیاسیانە ، قەوارەی زمانی ستاندارد  بەیەکەوەیان گرێ نەدا ، ئەوا ئەگەری ئەوە پەیدا دەبێ کە کورد بکرێ بە چەند وردە گەلێکەوە … هەڵبەتە سەتەلایت دەتوانێ دەورێکی یەجگار گرینگ لە نزیک خستنەوەی دیالێکتە کوردیەکان بە ئاراستەی زمانی ستانداردی کوردی بگێڕێ … کە مخابن سەتەلایتەکانمان لە ئاستی خۆزگەدا نین!..

لە کۆتاییدا دووبارەی دەکەمەوە ، کە هەردوو قەوارەی سیاسی و قەوارەی زمانەوانی تەواوکەری یەکترن.

 

حەمە کەریم عارف

سلێمانی ٣٠/٥/٢٠٢٤

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەرەس

لە تای تەرازووی خوێندنەوەدا

حەمە کەریم عارف

“ڕەخنە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی بەرهەمە. هیچ بەرهەمێکی ئەدەبی ناتوانێ ڕیزی پێشەوەی ژیانی ڕۆشنبیریی بە بێ ڕەخنەیەکی ئاراستەکەر بگرێ . بۆیە گەلێ بەرهەم هەیە لە ڕەواج و ناوبانگا قەرزارباری ڕەخنەن “. بەیان ژمارە ٦٤، تەمووزی ١٩٨٠.

بەڵام نەک ئەو ڕەخنەیەی لای ئێمە کە هێشتا سنوور و چغزی ستایش و پێشێکلردنی بەناهەقی نەبەزاندووە. بۆیە تاکو ئێستاش خوێنەری ئاسایی لای ئێمە بە یەک چاوەوە سەیری بەرهەمی پرشنگدار و کز دەکات و نرخی ڕاستەقینەی هیچیان بە تەواوی نازانێ . هەڵبەت ئەمەش هۆیەکە لە هۆیەکانی تا ڕادەیەک پاشاگەردانی ئەدەبی نوێی کوردیمان . نەک هەر ئەوەندە و بەس بگرە هۆیەکە لە هۆیەکانی بە تەواوی خۆنەناسینی نووسەریش . چونکە زۆرجار دەبینین نووسەرە باشەکانیشمان لە بری بەرەوپێشەوە چوون ، یان لە بازنەی خۆیاندا هەنگڵە شەلێ دەکەن یان هەندێ جار بۆ دواوە دەچن . دیارە بە پێچەوانەشەوە ، دەبینین نووسەرە کەم دەسەڵاتەکان ، بەحوکمی نەبوونی ڕەخنەی دروست ،  تەماحی بڵاوکردنەوە دەیانگرێ و دەکەونە گێژاوی زۆر و بۆرەوە. ئیدی ئەدەبەکەمان لە چوارچێوە تەسکە ناوچەییەکەدا قەتیس دەمێنێ و لە بن بەستا گیر دەخوات. بێگومان ڕەخنەگری شارەزا و لێهاتوو وبە ئینساف دەتوانێ ئەم بنبەستە ڕاماڵێ و دەست بخاتە سەر هەر دوو لایەنی کزی و پرشنگداری بەرهەمەکە و ببێتە ڕێنوێنی نووسەر و وای لێبکات پەی بە کەم و کوڕییەکانی خۆی بەرێ و هەوڵی نەهێشتنیان بدات و تەماح بیگرێ و هەست بکات حسێبێکی بۆ دەکرێ … ڕەنگە بگوترێ ئەدەبی گەورە ڕەخنەی گەورە لەگەڵ خۆیدا دێنێ ، هۆی نەبوون و پاشاگەردانی ڕەخنەی لای ئێمەش نەبوونی ئەدەبی گەورەیە… گریمان ئەمە ڕاستە و ئەدەبی گەورەمان نییە بە بەراورد لەگەڵ شاکارە ئەدەبی یەکانی جیهاندا ، بەڵام کێ لە ئێمە دیویەتی ڕەخنەگرێکمان شتێکی لە سەر دیاردەیەکی ئەدەبی گەورە یان لە سەر شاکارێکی جیهانی گەورە نووسیبێ و گەیی بێ بە تۆزی پێی ڕەخنەگرەکانی عالەما ؟!

بە هەر حاڵ با لێرەدا بەم پێشەکییە کورتە واز بێنین و بێینە سەر وتارەکەی مامۆستا شێرکۆ ” هەرەسم خوێندەوە ” کە لە ژمارە ” ١١ ” ی گۆڤاری نووسەری کوردستاندا بڵاوبووەتەوە و لاپەڕە بە لاپەڕە لە گەڵیا بڕۆین و بزانین ئاخۆ سنووری ڕەخنەی تا ئێستامانی بەزاندووە یان نا ؟  یان وتارێکی ڕەوتەنییە وەکو وتارە ڕەخنەییەکانی دیمانە .

برای شاعیرمان پاش ئەوەی بە خێرایی و بەکورتی باسی ڕۆمان و گەورەیی ڕۆمان و سەرهەڵدانی دەکات ،  ئەوجا خوێنەران و ڕەخنەگران دەکات بە حەکەمی ڕۆماننووسی و ناڕۆماننووسی ، حوکمە گرانەکەش دەداتە پاڵ ڕەخنەگران و دەڵێ : ” بەوەی باشە نە من ئەو مەعدەن ناسەم و نە ئەم وتارەیشم ناو دەنێم لێکۆڵینەوە و ڕەخنە! تەنیا هەستی دوای خوێندنەوەی خوێنەرێکە و دەیەوێ ئەو هەستەی خۆیشی لە ئێوە نەشارێتەوە و دەریبڕێ! ” ن.ک ژمارە ١١، ل ٧.

بە ڕای من یەک تۆز و وردبوونەوە دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە ئەم وتارە بمانەوێ و نەمانەوێ دەچێتە خانەی ڕەخنەوە ، چونکە، یەکەم : هەستی خوێندنەوەی خوێنەرێکی ئاسایی نییە ، بەڵکو هەستی دوای خوێندنەوەی ئەدیبێکی ناسراوی کوردە ، پێم وانیە ئەدیبێک هەر بۆ کات بەسەر بردن و لەزەت بەرهەمێ بخوێنێتەوە ، بەڵکو خوێندنەوەی ئەدیب ، بیەوێ و نەیەوێ هەڵسەنگاندن و سەرنج قەبووڵ کردن و ڕەفز کردن دەگرێتەخۆ ، وەک لە وتارەکەشدا ئەمە بە ئاشکرا دیار و لە بەرچاوە . دووەم ئەگەر وتارەکە لە گەڵ ڕەخنەی ئەمڕۆماندا بەراورد بکەین و سووکە هەڵوەستەیەکی لە سەر بکەین ئەوا دەبینین وەکو هەر وتارێکی ڕەخنەیی ترمان وایە. ئەوەتا کاک شێرکۆ تەنیا موناقەشەی هەرەس ناکات و بەس ، بەڵکو ئاوڕێکی باش دەداتەوە و دەڵێ: ” لە ئەدەبی کوردیدا دوو هەوڵی لە بەرچاو و دیار هەن ، دەتوانین بیانکەینە بناغە بۆ ڕۆمان. یان بە واتایەکی تر و ڕوونتر دوو چیرۆکی درێژ نووسراون . بە هەر بارێک دا تەمەشایان بکەین ناتوانین بە دەست پێشکەرییەکی گەورەیان نەزانین . ئەو دوو هەوڵەیش، هەر دوو چیرۆکی ” پێشمەرگە ” ی ڕەحیمی قازی و ” ژانی گەل ” ی برایم ئەحمەد . تا ئەمڕۆ ئەو دوو کارە جێی مشت ومڕ و قسە لە سەر کردنی ناو دنیای ڕۆمانی کوردی بوون. بە بڕوای من وا ” هەرەس ” یش هاتە ڕیزەوە بۆ ئەوەی لەمڕۆ بە دواوە ڕەنگە گەرمتریش قسەی لەسەر بکرێ. “ن.ک ژ ١١، ل ٧-٨ .

نازانم ئەم قسەیە بە چ مەبەستێک کراوە ؟! بۆ دەبێ ” پێشمەرگە ” و ” ژانی گەل ” ی مامۆستایان ڕەحیمی قازی و برایم ئەحمەد لە پاڵ ” هەرەس ” دا ڕیز بکرێن ؟! هەر لەبەر ئەوەی ئەو دوو چیرۆکە دەست پێشکەرییەکی گەورەن ؟ ئایا دەست پێشکەری ئیمتیازە وا ئێمە ئەوەندە خۆمانی پێوە ماندوو دەکەین؟ بە ڕای من چ ئیمتیازێک نی یە ، بەڵکو دەست پێشکەر و پیاوانی گەورە لە مێژوودا ئەو کەسانەن کە بەگوێرەی زەروورەتی مێژوویی و ئاگاداریان لەو زەروورەتە ، هەنگاو دەنێن و لە ڕاستیا بەدیهێنەری پێداویستی یە کۆمەڵایەتیەکانی هەل و مەرجی خۆیانن . دەبێ ئەوەش فەرامۆش نەکەین کە مەیدانی بەربڵاوی چالاکی تەنیا بۆ پیاوانی گەورە واز نی یە ، بەڵکو بۆ گشت ئەو کەسانە وازە کە چاوی بینینیان تیژە ، گوێی بیستنیان سووکە، دڵیان بۆ خۆشویستنی مەردم و نزیکانی خۆیان هەمیشە لە لێداندایە . بۆیە بەڕای من دەبوایە لەم پێودانگەوە باسی ئەو دوو مامۆستا بەڕێزەمان بکرایە ، نەک تەنیا بەوەی دەست پێشکەرییان کردووە ! لەلایەکی تریشەوە دەبوایە جیاوازی نێوان چیرۆکی درێژ و ڕۆمان پتر ورد بکرایەتەوە… چیرۆکی درێژ بناغە و هەنگاوە بۆ دنیای ڕۆمان. لەلایەکی تریشەوە ئەم پرسیارە دێتەگۆڕێ ئاخۆ برای شاعیرمان دەیەوێ بڵێ ” هەرەس ” یش هەر درێژەپێدانی ئەوانە و لە قاڵبی چیرۆکی درێژدایە… یان ” هەرەس “یش هەر بناغە و بنەمایە بۆ ڕۆمان؟ چونکە خۆی دەڵێ: ” ئێمە تا ئێستا بە مانای تەواوی ڕۆمان ، ڕۆمانمان نی یە . پێشمەرگە و ژانی گەل ” ی مامۆستا ڕەحیمی قازی و ئیبراهیم ئەحمەد بەلای منەوە ئەچنە خانەی چیرۆکی درێژەوە نەک ڕۆمان. بەڵام گومان لەوەدا نییە کە هەردوو کارەکە دەستپێشکەری گەورەیان بۆ دانانی بنەمای ئەم هونەرە کردووە . پێشمەرگە و ژانی گەل، چ وەک جیهانی دەرەوە و ناوەوەی کەسانی ناو چیرۆکەکان ، لە کزی و ڕوانینی یەک لایەنی و نەش و نماکردنیاندا ، چ وەک ئەو پێوەندیانەی نێوانیان بۆ دۆزینەوەی زمانی هاوبەش، چ وەک چەند و چ وەک چۆنێ کە ڕۆمان گەرەکێتی بۆ پەل و پۆ لێبوونەوەی چڕتر ، چ قەوارە و ژمارەی وشە نەبوون بە ڕۆمان و دنیایان تەنگەبەرترە لە دنیای بەرفراوان و بەرینی ڕۆمان”. ڕوو بە ڕوو لە سێبەری چیادا. ئامادەکردنی بێستوون ل ١١٧ – ١١٨.

داخەکەم وەکو هەموو دەزانین لەم دوو چیرۆکە بە دواوە بێدەنگییەکی مەنگ باڵی بەسەر ئەو بەشەی ئەدەبیاتماندا کێشا . هەڵبەتە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕەوتی هونەری ئەم مەیدانەمان بە ئەندازەی کافی بەهێز و قووڵ نەبووە کە بتوانێت بەهرە و توانای نوێ هەڵبێنێ و بتەقێنێتەوە ، تا ڕەوتە هونەرییەکە بەرجەستە بکات .

ئەوەی بەلامەوە سەیرە ئەم برایەمان لە نووسینەکەیدا گەلێکی کەیف بە قەوارە هاتووە و ئەوەتا دەڵێ: بەڵام قەوارەش کە ڕۆماندا مەرجێکە و پشت گوێ ناخرێ . چونکە چیرۆکێک چەند باشیش بێ بە قەوارەی بچووکەوە بە پەنجا و سەرد لاپەڕەیش نابێتە ڕۆمان . ناوەڕۆک و قەوارە پێکەوەن و لە ڕۆماندا جیا نابنەوە. ” ن،ک، ژ ١١، ل ٨.

حەزدەکەم بەوردی پێکەوە سەرنجی ئەم پێناسەیەی ڕۆمان بدەین: ” ڕۆمان  بە پێناسە هەرە فراوانەکەی بریتییە لە سەرنج و ئینتیباعاتی شەخسی دەربارەی ژیان ، هەر ئەم سەرنج و ئینتیباعانەیە کە بە پلەی یەکەم بایەخەکەی دیار دەکات ، هەڵبەتە ئەم بایەخەش ئەندازەی چڕی سەرنجەکانی داهێنەرەکە دەگۆڕێ ” تاریخ الروایة الحدیثە.

من لام وایە ڕادە و چڕی سەرنج لە گەلێ شوێندا ، لە لاپەڕەی کەمدا بەخەستی بەرجەستە بوون و نموونەشی زۆرن . سارتەر لە باسی نامۆی ئەلبیر کامۆ دا دەڵێ: ” بەرجەستە کردنێکی زیندووی ڕۆمانی عەبەسی یە” .

هەموومان دەزانین کە قەوارەکەی بچووکە و زۆربەی ڕۆمانەکانی جەنگیز ئیماتوف ، پیرەمێرد و دەریای هەمینگوای و ڕۆمانەکانی غەسان کنفانی و زۆری دی لە بابەتی قەوارە بچووکن . ئیدی نازانم بۆ کاک شێرکۆ وڕکی لە قەوارە گرتووە و لێرەدا وەکو مەرجێکی پێویست و لە جیابوونەوە نەهاتوو لە ڕۆمانی قوت کردۆتەوە ؟!

هەر دوا بە دوای ئەوە دێت قەوارە و مەوارە فەرامۆش دەکات و کاری سەرەکی خۆی بەکورت کردنەوەی ڕۆمانەکە دەزانێت ، چونکە بەڕای خۆی: ” چار نییە ئەمە نە بەحەزی منە و نە بەحەزی نووسەریش! تەرەفی ئەوبەر، خوێنەر لێرەدا ئەمەی دەوێ ، بۆ ئەوەی شوێن قسەکانمان بکەون ” ن، ک ، ژ ١١، ل ٩. کاک شێرکۆ چوار لاپەڕەی بە کورت کردنەوە و گوشینەوە لە بەر خاتری خوێنەر ، کوشتووە و ئەوەی بیر نەماوە کە هەردوو لاپەڕە لەوە پێشتر گوتوویەتی: ” خوێنەران و ڕەخنەگران ئەو حوکمە دەردەکەن ، حوکمە گرانەکەش لای ڕەخنەگرە… “ن. ک ، ژ ١١، ل ٧.

جا ئەگەر خوێنەر حوکم دەربکات کورت کردنەوەی بۆ چییە؟!  یان کەی کورت کردنەوە ڕەوایە ، کەی لە کورت کردنەوەدا سەرنجە چڕ و پڕەکانی لەمەڕ ژیان خۆ بەدستەوە دەدەن؟! دیارە کاک شێرکۆ خۆیشی هەستی بە ناجۆری کارەکەی کردووە ، بۆیە دەڵێ : ” ئەم ئیشی کورت کردنەوەیە ، ناخۆشە. چونکە لەسەرێکەوە نابێ نەکرێ و لەوسەری تریشەوە لە ڕەونەق و جوانی و وردەکارییەکان کەم دەکاتەوە . لەبەر ئەوە پێویستە ئێوەش ” هەرەس ” خۆی بخوێننەوە ئینجا ئەم وتارەی منیش! ” ن. ک ، ژ ١١، ل ٩.

دیارە ئەمەش نابێ بە پاساوی کارەکەی بۆ نموونە ئەگەر پیرەمێرد و دەریای هەمینگوای – بە قەوارەش بچووکە و خەڵاتی نۆبڵی دراێی – کورت بکەینەوە وای لێدێت: ” پیرەمێردێکی ڕاوچی ماوەیەک بەخت و شانس پشتی تێدەکات ، پاشان بەخت ڕووی تێدەکات و ماسییەکی گەورە ڕاو دەکات ، بەڵام تا دەگاتەوە کەنار بە هەزار فەلاکەت ، ئەو ماسییەش دەبێ بە خۆراکی شاک . ”

یان ئەگەر کۆشکەکەی کافکا کورت بکەینەوە وای لێدێت : ” کابرایەک دەگاتە نزیک کۆشکێک کە گوایە لەوێ بە مەساح دامەزراوە ، لە گوندێکی نزیکی کۆشکەکە لا دەدات و دەپرسێت کە کەی دەتوانێ خەڵکانی نێو کۆشکەکە ببینێ… وەڵامی دەست ناکەوێ ، تووشی کەسانێکی واش نابێ کە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە کۆشکەوە هەبێ “. بەڕای ئێوە هەمینگوای یان کافکا زندوو ببنەوە چ هەشێ بەسەر خۆیانا دەکەن ! ئەم کارە هەر لە تەیرەکەی مەلای مەنشور ناچێت ؟!

لە شوێنێکی تری وتارەکەدا ئەم ڕستانەمان تووش دەبێ: ” ئەگەر نووسەری ئەم ڕۆمانە هەندێجار ڕۆمانەکەی تووشی – بێ بنەمایی – نەکردبایە ، یان بە واتایەکی تر زۆر ڕووداوی گەورەی بێ ڕۆشن کردنەوەی تەواو جێ نەهێشتایە . لە دواییدا خۆی تووشی جۆرە خۆ جوونەوەیەک نەکردایە هەنگاوی لە پێشتری هەڵدەگرت. ” ن.ک ، ژ ١١، ل ٢٦.

دیارە گومان لەوەدا نییە کە نووسەر ئەم وتارەی تەنیا بۆخۆی نەنووسیوە ، بەڵکو ویستوویەتی هەندێ لایەنی گەش و تاریکی هەرەس بە خوێنەر نیشانبدات . بۆیە دەبوایە ئەو بێ بنەمایی و ڕووداوە تەواو ڕۆشن نەکراوانە – هەرچەند ئەمەیانی باس کردووە و لە دواتردا وەڵامی دەدەینەوە. بەڵام جۆری خۆ جوونەوەکەی بەتەواوی دەستنیشان بکردایە نەک تەنیا بەو چەند ڕستەیە وازی لێ بهێنایە و تەواو.

پاشان کاک شێرکۆ دەکەوێتە ستایشی هەوڵی جەسوورانە و دەست پێشکەرییە ئەدەبییە لەبەر چاوەکە و نوقڵانەی خێر بۆ هەنگاوەکانی دوای هەرەس لێدەدات . لەلایەکەوە هەقی بەسەر ئەو ڕۆمانەوە هەیە: ” کە کەوتۆتە بەردەستی خوێنەران ، نەک ئەو پرۆژانەی هێشتا لە خەیاڵدان و نەچوونەتە دووتۆیی کتێبێکەوە. ” ن ،ک، ژ ١١، ل ٢٦.

لەلایەکی تریشەوە دڵی خۆی بە هەرەس خۆش نەکردووە : ” بەڵکو دوای ” هەرەس ” و، هەنگاوەکانی تری ئەم نووسەرەم لەپێش چاوە . ئەم ڕەنجەیش بەفیڕۆ نەڕۆیشتووە تا نائومێدی دامگرێ. ” ن. ک، ژ ١١، ل ٢٦.

بە ڕای من ئەم قسەیە تەنیا خەمڵ لێدانی مامۆستایانەیە و هیچی تر… دەنا کاک شێرکۆ هەرخۆی زۆرجاری گێڕاویەتەوە کە چۆن کاتی خۆی مامۆستا گۆران لە نێو شاعیرە لاوەکانی ئەو دەمەدا پتر دڵی بە کاک ” جەمال شاەباژێڕی ” خۆش کردووە، کەچی وەک دەزانین وادەرنەچوو… بەڵام مادامەکی میللەت هەبێ و گەشەکردن لە ئارادا بێ ئەو شاعیرەی ئاواتی گۆڕان هەر پەیدا دەبێ . جگە لەمەش گریمان ” هەرەس ” تاقە وشەی بەکەڵکی نەگرتۆتە خۆ ، بۆ دەبێ نائومێدی دامان بگرێ! چونکە ئەگەر ڕەوتی ئەدەبیمان بە ئەندازەی کافی بەهێز و قووڵ بێ ئەوا دەتوانی بەهرەو توانای نوێ هەڵبێنێ و بخەمڵێنێ و کەسانی وا پەیدا ببن کە ئەو ڕەوتە بەرجەستە بکەن… دوای ئەمەش تۆ بڵێی نەتەوەیکی ژێردەستەی قاڵبووی بۆتەی هەموو جۆرە ئازار و چەوسانەوەیەکی نەتەوەیی و چینایەتی، نەتەوەیەکی تامەزرۆی ئازادی ، ئامادەیە بەخوێن نرخی سەربەستی بدات ، بەدەیان بەهرە و توانای دڵخۆشکەر ئاوس نەبێ و بەپێی دەرفەتەکان نەیانخاتەڕوو ؟! کێ دەیگوت بە کوردستانی بە تورکیاوە بەستراو ، لە کوردستانی زمانی زکماک لێ قەدەغەکراو ، لە کوردستانی خۆڵەمێش بەسەردا کراودا پشکۆی گەشی شیعری کەڵە شاعیرێکی وەک ئەحمەد عارف، بەهرە و ڕەونەقداری هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕی وەک یڵماز گونەی دەگەشێتەوە و دنیاش ناچار دەکەن کەم و زۆر ئاوڕیان لێبداتەوە ؟!

دیارە هەموو دەزانین یەکێک لە لایەنە گەشەکانی ڕۆمانی سەرکەوتوو ئەوەیە کە نووسەر وا لە خوێنەر بکات ڕاستەوخۆ ئاوێتەی قارەمانەکان بێ. لە ڕێگای ئاوێتەبوونەوە هەست بە هەستەکانی قارەمان بکات . ئەمەش بەوە دەبێ کە ڕۆماننووس خۆی لە گەڵ قارەمانەکەدا تێکەڵ ببێ نەک لە دەرەوە وەسفی بکات . لێرەدا ڕۆماننووس و خوێنەر پێکەوە تێکەڵ بە زەمیری قارەمانەکە دەبن . بەڵام قارەمانەکە قسان دەکات نەک ڕۆماننووس. ئەو پەڕەکەی ڕۆماننووس دەتوانێ ببێ بە مراقبێک بەسەر قارەمانەوە… هەڵبەتە ئەم لایەنە بەجوانی لە هەرەسدا ڕەچاو کراوە… کاک شێرکۆش ئیشارەتی بەم لایەنە داوە و دەڵێ: ” یەکێک لە سیفەتە باشەکانی تری ناو ئەم ڕۆمانە ئەوەیە هەرکەسە بە زمانی خۆی دەدوێ . لە هەندێ شوێندا نەبێ ئیتر بە گشتی ئەو کەسانەی قسە دەکەن خۆیان هاتوونەتە قسە و دەدوێن. ” ن .ک، ژ ١١، ل ٢٧. دەبوایە نووسەر ڕاستەوخۆ ئەو ” هەندە شوێنە ” بۆ خوێنەر دیاری بکات و هەر بە ڕەوتەنی و سووکە ئیشارەت وازی لێ نەهێنابا.

پاشان درێژە بە وتارەکەی دەدات و دەڵێ : ” دەبوایە نووسەر بە وردی لە بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکەی ئەو سەردەمەی کۆماری مەهاباد و هۆیەکانی ڕوخاندنی بکۆڵێتەوە ، شوێنی بەڵگەنامە بکەوێ. ” ن .ک، ژ ١١، ل ٢٩.

دیارە ئەمە یەکێکە لەو ڕووداوە گەورانەی کە بەلای کاک شێرکۆ وە بێ ڕۆشن کردنەوەی تەواو جێ هێڵراوە. من وادەزانم کاک موکری ئەوەندە ئاوڕی لە کۆماری مەهاباد داوەتەوە کە بتوانێ خزمەتی ڕۆمانەکەی پێبکات. دەیەوێ بەخوێنەر بڵێ هۆی پەراگەندەیی و ئاوارەیی ئەو خێزانە کوردە ڕوخانی هێلانەکەیان بووە . ئەمە جگە لەوەی کۆماری مەهاباد وەکو پێویست لەلایەن مێژوونووسەکانی کوردیشەوە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە ! ئەو بەڵگەنامانەش کە نووسەری وتارەکە داوای شوێن کەوتنیان دەکات لە کوێن؟! کام مێژوونووسی کورد ، یان پیاوی سیاسیمان کە ڕەنگە بەشداریان لە کۆماری مەهابادا کردبێ و تا ئێستاش مابن خستویانەتە بەردەست تا ببن بە هەوێنی ڕۆمان ؟! وادەزانم کۆماری مەهاباد چۆن زادەی زروفێکی ئیستیسنائی بوو، بەوجۆرەش لێشاوی زروفێکی ئیستسنائی ڕایماڵی و گەلێ هۆی تری کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی خۆیشمان گوڕی بەو لێشاوە داوە… باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیەکەش بە ئەندازەی ئەوەی کە بۆ هەرەس پێویستە ئاوڕیان لێدراوەتەوە – با پێکەوە سەرنجێکی ئەم قسانەی ناو هەرەس بدەین .

– ئەمەی ئێمە لەوە ناچێ کە بتوانین تا سەر بەڕێوەی ببەین… هەرچەند هەفتە و مانگێکە… ئاغاکان وەکو جاران، بگرە زیاتریش… خۆ پیاو ناوێرێ قسان بکات پێی دەلێن خایەنی کورد و کۆمەڵە. ” هەرەس ل ٥٢.

– ” لەم ڕۆژەدا تکە نەوتێ ، پارسەنگی هەزارەها دڵۆپە خوێنی ئینسانە … ” هەرەس، ل ٥٢ .

– کوڕینە ، نەخوێندەوار، بێ سەواد، دەزانێ بڕوخێنێ لە هەموو کات و سەردەمێکدا دەتوانێ بەشداری ئەم کارەی ئێمە بکات… بەڵام کاری ئێمەش تا سەر! هەر ڕوخاندن نییە ، گەرچی ئیستاکێ ڕوخاندن سەرەکییە بەڵام دەبێ بزانین : ڕوخاندن لە پێناوی بناغە دروست کردندایە… جا ئێوە بڵێن: چ بێ سەوادێ دەتوانێ دروست بکات؟ ” هەرەس، ل ٥٣.

یان ئەوەتا ئاغا ، ڕوستەمە خێل لە ژێر لیساندا دەتاسێنێ و هێشتا خەڵکەکە قەرزاربار دەکات و دەڵێ: هەرکەسێ خایەنی کورد و کۆمەڵە و کۆماری خۆشەویست بێ ، ئاوها دەیکەین بە عیبرەت! ” هەرەس ل ٥٩.

یان ئەوەتا وەختێ خەجێ لە زمانی هاوڕێکانی حەمەوە باسی ئازادی و گۆڕانکاری تەواو، کردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژیانی یەکسانی و برایەتی و… هتد دەژنەوێ ، خەون بەو شتانەوە دەبینێ ” کەچی تەواوی ڕەفتاری ڕۆژانەی هەڵپەرست و بودەڵە بێ نموودەکان پێچەوانەی ئەم شتانە بوو… ” هەرەس، ل ٦٠.

هەڵبەتە هەلپەرست و بودەڵە بێ نموود و ئاغا سەرچۆپییان بکەوێتە دەست دیارە کە بۆ کوێی ڕادەکێشن!

ئەوەتا هێشتا قسەکانی پاری ئاغا لە گوێی خەجێ دا دەزرینگێتەوە کە دەی نەڕاند: کوڕینە گوێ بگرن! ئەمڕۆ ڕۆژی لەخۆ بوردن و تێکۆشان و هەڵمەتە! ئەگەر ئەمڕۆ شتێ بە شت نەکەین، ئەوا هەرگیز مێژوو لێمان نابوورێ… ئەگەر تا ئێستا لە ڕووی نەفامیەوە کەمتەرخەمیمان بەرانبەر بە نەتەوەکەمان کردبێ ، دەبێ ئەمڕۆ هەموو بەیەک دەنگ ، بەیەک دڵ و بەیەک بیروباوەڕەوە بێینە مەیدان! سەروماڵ ، هەرچیەکمان هەیە ، بۆ سەربەستی و سەربەرزی ئەم نەتەوەیە ، بۆ ئازادی میللەتەکەمان بێ!! دەبێ خۆ بەخت بکەین!… ” ل ٦٣ – ٦٤ هەرەس .

ئەگەر بەوردی دیقەت بدەین ، بەجوانی زاڵی بیری بورژوا فیودالیمان بۆ دەردەکەوێ ، بیری بورژوا فیودالی ئایدۆلۆژیای زاڵە ، دیارە دەبێ ئەوەشمان لەیاد بێ کە هەمیشە ئایدۆلۆژیا دەلیلی کارکردنە ، جا ئەگەر قەلەرەش دەلیل بێ دەبێ خەڵک دەربەدەر بێ. سەیر دەکەین چ هەواڵێک لە خەڵکی چەوساوە و کرێکارەوە نییە ، یان ڕوونتر بڵێین چ هەواڵێک لە بیر و ئایدۆلۆژیای کرێکاری لە گۆڕێدا نییە ، دیاریشە هەر چاوخشانێک بە حەقیقەتەکاندا – بێ ئەوەی ناچار بێ مەتریالیستانە بڕوانی – ئەوە دەسەلمێنێ کە ڕزگاربوونی ئینسان بێ ڕزگاربوونی چەوساوان و کرێکار مەحاڵە.

ئەوجا با بێینە سەر نموونەی پێشمەرگە ، با بێینە سەر حەمە بزانین چۆن پێشمەرگەیەکە . ئەوەتا خەجێ پێمان دەڵێ : خۆ هەر ئەم قسانەی ئاغا بوو حەمەی لە خشتە برد ، بۆ سبەینێی ئەو ڕۆژە ئاڵۆشی تێکەوت، لەگەڵ چەند هەرزەیەکی ئاواییدا خۆیان گەیاندە شار. ” ل ٦٤ هەرەس.

وەکو دەزانین لە شار ڕێز لە حەمە دەگیرێ ، چاوی ڕەشە!… ” سەبارەت بەوەی کوڕە کوێخایە و کێلی قەبری باوکی ، بەرزترین کێلی گۆڕستانی ئاواییە ، تفەنگێکی نهایەت جاندار و دەمانچەیەکی دە تیریان پێ بەخشی  وکردیانە سەردەستە… حەمەش کەوتە قیتە قیت و فاتیحا خوێندن بۆ کێلی قەبرەکەی باوکی! ” ل ٦٤ هەرەس .

دیارە ئەم حاڵەتە ، حاڵەتێکی زۆر ئاساییە و خاڵی یەکانگیری بیری بورژوا فیودالییە . نازانم ئەگەر ئەم پەرەگرافانە ڕەنگدانەوەی خەستی دیاری کردنی باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی نەبێ دەبێ چ بن!

خۆ ئاشکراشە وەک لە وتارەکەی کاک شێرکۆش دا دیارە ، ڕۆمان گوتار نییە.

پاشان نووسەری وتار دێتە سەر هۆیەکانی دەرەوە و ناوەوەی ئاشبەتاڵ و هەندێکیان دەست نیشان دەکات و دەڵێ : ” بارودۆخە مەوزوعیەکان پیلانی دەوڵەتان ، قوام السلطنە و فڕۆ فێڵەکانی، نەوت و یەکێتیی سۆڤیەت، هەروەها دەوری ئاغا و چاوچنۆکان ، هەرهەموویان دەبنە هۆیەکانی دروست بوونی ئاشبەتاڵ! ” ن .ک، ژ ١١، ل ٢٩. گوایە لە هەرەس دا بە تەواوی ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە . وادەزانم سەرەنجدانێکی وردی ئەو پەرەگرافانە لە سەرەوە بە نموونە هێنامانەوە گەلێک لە هۆیەکانی ئاشبەتاڵ بەدەستەوە دەدەن و ئەم ڕستەیەش سەرجەمی ئەو هۆیانە دەبڕێنێتەوە کە کاک شێرکۆ دەست نیشانی کردوون: ” بەرژەوەندی دەوڵەتان ، بیرە نەوت ، سیاسەت بازان ، کۆمار و خوێنی کوردیان پێچایەوە… ” هەرەس ل ٢١٤.

دیسان کاک شێرکۆ ڕای وایە ڕۆماننووس دەیتوانی هەر لە ڕێگای حەمەی پێشمەرگەوە بۆشایی بە تێر و تەسەلی باس نەکردنی کۆماری مەهاباد بەگشت لایەنەکانی یەوە، پڕبکاتەوە. من وادەزانم کۆماری مەهاباد بابەتێکی زۆر سەرەکی ڕۆمانەکە نییە و تەنیا بە ئەندازەی پێویستی ڕۆمانەکە ئاوڕی لێدراوەتەوە و بەش بەحاڵی خۆم بە ئاوڕدانەوەیەکی کافی دەزانم، ئەگەر بهاتبایە نووسەر لە ڕێی حەمەی پێشمەرگەوە ئەو کارەی بکردایە ، بارێکی قورسی ناپێویستی لە ڕۆمانەکە دەنا ، چونکە با بزانین حەمە چۆن پێشمەرگەیەکە ، پێشمەرگەیە یان تەنیا چەکدارە و بەس ؟! دەبا بەوردی سەرنجی ئەم ڕستانە بدەین : ” کوڕە کوێخا و دەست و پێ سپییە، ڕاهاتووی ناز و نیعمەتە ، دنیا نەدیدەیە ، بۆ قیتە قیت و پف بەخۆدا کردن ، بۆ شەش حەوت مانگێ ، دوو ڕیز فیشەکدانی ڕاست و چەپی لە سەر ستارخانی یەکەیدا دەبەست ، ڕیزێ فیشەکی دەمانچەی دە تیر و، خەنجەرێکی دەبانی مشتو سپی بەبەر پشتێنەکەیەوە بوو ، بە ڕۆنی مریشک قۆناغی تفەنگە نهایەت جاندارەکەی چەور دەکرد ، دەیبریسکانەوە، دەسەسڕێکی مەخمەڵ و تەزبیحێکی کارەب هەمیشە بەبەر پشتوێنەکەیەوە ئاوێزان بوون. چیتێکی گوڵ وردی لە سەر دەنا ، هەندێ لە کاکۆڵەکەی وەدەردەخست ، ڕۆژ تا ئێوارێ ، هەر خەریکی قیتە قیت بوو ، جگە لە کەڵەکێوی و کەروێشک و کەو، گوللەی بە هیچ شتێکی دیکەوە نەنابوو ، کەچی بەناویش کوڕێکی عەگید و سەگڤان بوو! “. هەرەس ١٤ – ١٥.

جا توخوا ئەگەر نووسەر جەمسەری باس کردن و لێکدانەوەی ئەو مەسەلە گەورە و ئاڵۆزانەی بخستایەتە سەر زمانی ئەم بەستەزمانە ، حەمەی پێشمەرگە! چمان پێدەگوت.

یان کاک شێرکۆ داوای ئەوە دەکات کە : ” نووسەر دەیتوانی هەر لە ڕێی میرزا عەلی یەوە ئەم کارە ئەنجام بدات “. ل ٢٠ ن .ک ، ژ ١١. بەڕای من هەرچەندە لە ڕیگای میرزا عەلی یەوە زۆر شت گوتراوە ، وەک لەمە پێشیش دەستنیشانی کردووە. دەبێ ئەوەش بزانین کە میرزا عەلی قارەمانێکی سادە و سەتحی ڕۆمانەکەیە و بە ئەندازەی مەوقیعی خۆی لە ڕۆمانەکەدا ، شتی لە ڕێگاوە گوتراوە . ئەمەش یەکێکە لە وردەکارییەکانی ڕۆمانی هەرەس .

ئەوجا دێت و ڕۆمانە بە ناوبانگەکەی تۆلستۆی ” جەنگ و ئاشتی ” بەنموونە دێنێتەوە ، هەرچەندە خۆی دەلێ ” مەبەستم بەراورد نی یە” ل ٣٠. ئەگەر لە ڕاستیدا مەبەست بەراورد کردن نەبێ ، دەبێ بپرسین چ بۆنەیەک لەوێدا قوتی کردۆتەوە ؟! بە هەرحاڵ بمانەوێ و نەمانەوێ بەراوردێکی زمنی یە ، دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین کە ” جەنگ و ئاشتی ” لوتکەیەکی یەجگار بەرزە ، ڕۆمانێکی ئەوەندە سفت و بەڕیتم و ئاهەنگە کە هەرگیز دووبارە نابێتەوە، ” مەگەر بەوەی حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو ، ڕووسیای کۆیلەدار ، ئەشرافان ، ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە و پیاوێکی وەک تۆلستۆی کە لەیەک کاتدا سۆفی و ئینسانێکی هۆگر و ئەشرافزادە و حەز لە سۆسیالیزم نەکردوو بووە ، بخوڵقێنەوە ” . تاریخ الروایة الحدیثة. م. البیریس ل ٤٦٦.

کاک شێرکۆ لە شوێنێکی دیدا گلەیی ئەوە دەکات کە چ زەمینەیەکی خۆشکراو بۆ نەخۆشییەکەی سمایل نەڕەخسێنراوە و دەڵێ : ” ئەوەتا سمایل تا لە کەرکووک بووە ساغ بووە ، تەندروستی باش بووە ، هیچی پێوە دیارنەبووە . ” ل ٣١ ن . ک ، ژ ١١. لێرەشا لەگەڵ ئەو ڕایەدا نیم و دەڵێم سمایل برا بچووکە ، سەرکوێر کراوە ، غەریبە ، بێ خزمەتە ، حەماڵە و ئەرکی ژیان و گوزەران دەکێشێت… کەسێ نیە دەردە دڵی خۆی بۆ هەڵڕێژێ… بەهەموو ئەمانە ڕازی یە ، بە خامۆشی ، بەبێ دەنگی دێ و دەچێت . کار دەکات… دوو – سێ مانگە برا گەورەکەی کە تاقە پشتی شکاوە ، لە خەستەخانە دەرکراوە و دەست لە چاکبوونەوەی شۆردراوە… ماندوو و هیلاک ، تەنیا باڵ… ڕۆژگار کەرەکەشی پێ ڕەوا نابینێ… وێڕای ئەمانەش لە پڕ بە تاقی تەنیا بەجێی دێڵن… خۆ کابرا دار و بەرد نییە ئەم هەموو شتە کاری لێنەکات! بۆیە من ئەمە بە زەمینەیەکی تەواو خۆش بۆ نەخۆشیەکەی دەزانم.

هەروەها هاتنەوە خەجێ و خولە بۆ کەرکووک لە لای کاک شێرکۆ مایەی پرسیارە و دەڵێ : ” کاتێکیش خەجێ و خولە دێنەوە بۆ کەرکووک دەبێ بپرسین بۆ هاتنەوە ؟ ” ل ٣١ ، ن. ک ،  ژ ١١. وەک دەزانین خەجێ و خولە غەریبن ، دیارە خەڵکی غەریب خۆی بەبێ وڵات و هێلانە دەزانێت ، بۆیە زۆر تەبیعییە لە بەغداوە بێنەوە بۆ کەرکووک ، خۆ هەرنەبێ هەنگاوێ نزیکترە لە زێدی خۆیانەوە ئەگەر بیانەوێ بە پەنامەکی سۆراخێ بزانن . خۆ ڕۆمانیش نایەت هەموو شتێک هەر بە ئاسانی بداتە دەستەوە، بەڵکو شتێک بۆ سەرنج و زیرەکی خوێنەریش دەهێڵێتەوە… بۆیە هاتنەوەی خەجێ و خولە بۆ کەرکووک لە لای من نەبوو بە پرسیار.

ئەوجا دێتە سەر مەسەلەی هاتنە دەستی سمایل و حەمە لە ژاندرمەکان و دەپرسێت : ” دوو کەسی هەڵاتووی وەک حەمە و سمایل کە دەیانەوێ دەرباز بن ، لە سێبەری خۆیان ترسیان پەیدا کردووە و گوێیان لە میرزا عەلی نەگرتووە ، ژنێکی سک پڕ و ژان گرتوویان لە گەڵدایە ، ئەم دەست دانەوە چەک و گەڕانەوەیە و هەڵکوتانە سەر دژمن ، دوای کارەساتی ئاشبەتاڵێکی گەورە ، لە دوای ئەوەی ئومێد نەماوە ، قەناعەت لای خوێنەر دروست دەکات؟ ” ل ٣٢ ، ن .ک ، ژ ١١.

بەرلە هەموو شتێ سمایل و حەمە کوردن . یەکێک لە نەریتەکانی کوردەواری ئەوەیە کە لە ئاستی ناهەقیدا بێدەنگ نەبن ، جا ئەم بێدەنگ نەبوونە لە ڕوانگەی هۆشیارییەوە بێ یا هەر خوویەک بێ و بووبێ بە عادەت… چونکە گەورەترین بەدبەختی ئینسان ئەوەیە کە لە بەرانبەر ستەم و زوڵم و ناهەقیدا زاتی یاخی بوون و هاتنە دەست لە دەست بدات . لام وایە کوردەواری پێ حەسیابێ یان نا ئەو چەمکەی لەلا جێگیر بووە . سمایل و حەمەش گەرچی دوو کوردی نائومێدن ، بەڵام چەکیان پێیە ، هەر نائومێدییەکیان خۆی لە خۆیدا بەسە بۆ هاتنە دەست. چونکە گەلێ جار نائومێدی دەبێت بە هەوێنی ئازایەتی کەم وێنە… خۆ ئەگەر نەهاتبانە دەست ، ئەوکاتە دەپرسرا ، ئاخۆ چەکەکانیان بۆ تەنگانە هەڵگرتبوو! هەرەسیش وەک ڕۆمانێکی کوردی زۆر بەجوانی نەریتە کوردەواریەکەی لە ڕێگەی هاتنە دەستی سمایل و حەمەوە بەرجەستە کردووە… ئەوەی کردوویانە ، بۆ ئینسانی کورد ، شتە مەنتیقییەکەیە… نەک هەڵاتنایە .

پاشان کاک شێرکۆ دێتە سەر مەسەلەی مردنی حەمە و سمایل لەیەک ڕۆژدا ، بە شێوەیەکی میلودرامیانەی وەک زۆر فیلمی میسری و هیندی دەچوێنێ و دەڵێ : ” هەر پاش و پێشێ بە ماوەیەک لە نێوان مردنی حەمە و سمایل دا هەبووایە . ڕووداوەکان تەبیعی تر لە گەڵ زەینی خوێنەردا دەگونجا . ئەمە جگە لەوەی ئەم جۆرە مردنانەی خەستەخانە هەر ئێجگار دیمەنی سواوی ناو ڕۆمانە بێ نموودەکانن ، زۆرمان دیون و بیستوون. ” ل  ٣٤ ، ن.ک ، ژ ١١.

جارێ مردنی دوو برا لە ڕۆژێکا ، شتێکی نەشاز نییە و لە واقیعدا زۆر ڕووی داوە… من وا تێدەگەم ڕۆماننووس لێرەدا دەیەوێ وەڵامی ئەو کەسانە بداتەوە کە دەڵێن ژیان چ نییە ، بێهودەیە ، ناکاتە هیچ… دیارە کە حەمە و سمایل دەمرن ، ئەمە کۆستێکی یەجگا گەورەیە بۆ خەجێی ئاوارە و تەنیا باڵ… بەڵام بەردەوامی خەجێ بە ئاشکرا پێمان دەڵێ کە ئەگەر ژیان نەکاتە هیچ ، ئەوا چ شتێکیش ناکاتە ژیان ، دەمێنێتەوە ” مردنی خەستەخانە ” نازانم بۆ ئەم جۆرە مردنە دیمەنی سواوی ناو ڕۆمانی بێ نموودە… باشە کام مردن دیمەنی ناو ڕۆمانی مەنگ و قووڵە ! ئاشکرایە مردن ، مردنە و تەواو ، لەو هەڵوێستە حەدییانەیە کە ئینسان پێی مەحکومە و ناتوانێ خۆی لێ لابدات . بەربەستێکە و ڕوو لە کوێ بکەی لە بەردەمتا قوت دەبێتەوە… ئیدی ئەوەی نموود یان بێ نموودی بە ڕۆمانەکە دەدات شوێنی مردنەکە نیە کە لە خەستەخانەدا بێ یان لە شوێنێکی دی… بەڵکو چۆنیەتی تەعامول کردن لە گەڵ بابەتەکەدا سەنگی مەحەکی نموود و بێ نموودییە .

پاشان دێینە سەرباسی مردنەکەی حەمە ، کە کاک شێرکۆ سوورە لە سەر ئەوەی دەبێ بیرەوەرییەکانی حەمە پچڕپچڕ نیشان بدرێن : ” … سەروبەریان ئەو ڕێک وپێکییە لە بیرکردنەوەدا نەگرێتە خو وەک لای ئینسانی ساغ دروست دەبێ. ” ل ٣٥، ن ، ک ، ژ١١.

کێ دەزانێ دەبێ پچڕپچڕ نیشان بدرێن . کێ دەڵێ ئینسان لە سەرە مەرگدا لە ئینسانی ساغ ڕێک و پێکتر بیرناکاتەوە ؟ کێ ئەزموونی مەرگی هەیە تا بتوانێ بڵێ نابێ بیرکردنەوەی ڕێک و پێک بێ و دەبێ پچڕپچڕ بێ ؟ چونکە دوو تەجرەبەی زۆر فەرید هەن کە گشت ئینسانێک پێیدا تێدەپەڕێ و هەرگیز لە سنووری ئەو ئینسانە ناچنە دەرێ و نابنە تەجرەبە بۆ چ کەسێکی دی . دوو تەجرەبەکەش لە دایک بوون و مردنە . گشت کەسێک پێیدا تێدەپەڕێ و ناتوانێ تاقی بکاتەوە تەنیا بۆ خودی خۆی نەبێ ، مەگەر لە ڕێگای نووسینەوە شتێکیان لە بارەوە بزانرێ . کێ لە ئێمە دەتوانێ تەجرەبەی لەدایک بوونی خۆی بگێڕێتەوە یان بیری بمێنێ… مەرگیش هەروایە و هیچی لەبارەوە نازانین… ئەوەندە هەیە ئینسان ناتوانێ وەکو تەمەشاکەرێک سەیری بکات ، چونکە سەراپا تێیدا غەرقە و خۆ لێ دزینەوەی مەحاڵە و یەکێکە لە مەوقیفە حەدی یە سەرەکییەکان ، بۆیە تەنیا کەسێ کە لەدایک دەبێ و کەسێ کە دەمرێ دەتوانێ ئەم تەجرەبەیە بگێڕێتەوە ، کە ئەوانیش کۆرپەی ساوا و جەستەی بێ گیانن و هەرگیز ئەم کارەیان لە توانادا نییە .

پاشان ئەم قسانە ، کە ڕەنگە یەکێک بێ لەو هەندە شوێنەی پێشتر ئیشارەتمان بۆ کرد ، دەبنە مایەی گلەیی: ” ئەمڕۆ ڕۆژی لە خۆبوردن و تێکۆشان و هەڵمەتە ! ئەگەر ئەمڕۆ شتێ بە شت نەکەین ئەوا مێژوو هەرگیز لێمان نابورێ… هتد ” هەرەس ل٦٣. کاک شێرکۆ دەڵێ: ” ئەم تەعبیرانە زیاتر لە هی کەسێکی خوێندەواری ئەفەندی دەچن نەک ئاغایەک. ” ن . ک ، ژ  ١١، ل ٣٥.

هەڵبەت من لە گەڵ ئەم ڕایەدا نیم ، ئاغا لێرە نوێنەری بیری فیۆدالییە . ئەوجاش لام وانییە ئاغا زەلامێکی دەبەنگی هیچ نەزانە ، ئاغا دەیان ئەمسەر و ئەوسەری هەیە ، سەر بە دەیان کوندا دەکات . بۆ وەزع و حاڵی خۆی گەلێ شت دەزانێ و گەلێ لە شۆڕشەکانی ئێمە ئاغا و شێخ وەکو نوێنەری بورژوازی میللی بەڕێوەیان بردووە… من پێم وانی یە ئاغایەک بۆ حاڵ و وەزعی خۆی ئەو تەعبیرانەی لێ نەوەشێتەوە یان نەزانێ ، لە حاڵێکا چاک دەزانێ ئەو قسانە بۆ خزمەتی مەبەست و مەرامی خۆیەتی…

هەر تۆزە ورد بوونەوەیەک دەمانگەیەنێتە ئەو سەرەنجامەی کە بۆ فێودال و بورژوازی میللی لە زۆربەی شۆڕشە کۆنەکانی ئێمەدا هاوسەنگەر بوون ؟! فیودال لە ئیمپریالیزم دەترسێت چونکە باڵادەست ترە و پەیوەندییەکانی فیودالی داغان دەکات . بورژوازی میللیش لە ئیمپریالیزم دەترسێت چونکە ئیمپریالیزم خاوەن قودرەتێکی سەرمایەداری گەورەتر و گەشەکردوو ترە بۆیە هەردوو لایان لە خاڵەدا بۆ سەردەمێکی کورت خایەن دژ بە ئیمپریالیزم یەک دەگرنەوە ، فیودالیزم وەکو قۆناغێکی بەسەرچوو لە نێو دەچێت و بورژوازی میللی دەمێنێتەوە و ئیدی بۆ خۆی… بۆیە وادەزانم ئاغایەک بۆ درێژەدان بە تەمەنی ئاغایەتی خۆی ، ئاساییە لەو قسانەش گەورەتر بکات و تەنانەت بە جۆرێ تەعبیر کردنیشدا هەر ئاغا بێ !

لە شوێنێکی دیدا داوا  لە برای ڕۆماننووس کراوە کە بایەخێکی زۆرتر بە شارەزابوون لە پیشە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵ بدات ، بەوەش زمانی هاوبەشی پیشە جۆراوجۆرەکان دەدۆزێتەوە. دەڵێ : ” کەسانی ناو ئەم ڕۆمانە ، بە پیشە و بە شوێنی کۆمەڵایەتیش تا ڕادەیەکی زۆر لە شارەزایی و تاقی کردنەوەی ژیانی نووسەر خۆیەوە نزیکن بۆیە لە ڕەسم کردنیاندا تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتووە ، بەڵام ڕەنگە کەسانی ڕۆمانێکی تری ئەمجارەی یان جاری تری ، دکتۆر و ئەندازیار و موقاویل و ئەفسەرێک و وەرزشکارێکی تێبکەوێ . لەبەر ئەوە پێویستە زمانیان ، ئیشەکانیان ، چۆنیەتی پیشەکانیان ، کارکردنیان بە چاکی شارەزا بێ ئینجا دەتوانێ ڕەسمیان بکات . ” ن  .ک، ژ١١ ، ل ٣٦.

خۆزیا دەمزانی ئەم پەرەگرافە بۆچی لێرەدا قوت کراوەتەوە ! دەیەوێ چ بڵێ ؟ دەیەوێ بڵێ ئەوەی کارێکی نەکردبێ ناتوانێ بە چاکی لەسەر ئەوکارە بنووسێ ؟! خۆ وەک دەزانین زۆرجار پاڵەوانی چیرۆک یان ڕۆمان بریتین لە گیانلەبەری دی وەک باڵندە ، سەگ ، گورگ… هتد…

من پێموایە کەم کەس بە ئەندازەی سادق هیدایەت بەجوانی ڕەسمی ” پات ” ی قارەمانی ” سگ ولگرد ” ی کردووە . ئەمە جگە لەوەی تەمەنی مرۆڤ لەوە کەمترە بەخۆی هەموو پیشەیەک بجەڕبێنێ و فریا بکەوێ…

ئەوەتا کاک موکری بە شایەتی کاک شێرکۆ خۆی ، لە ڕەسم کردنی کەسانی نێو ئەم ڕۆمانەی دا تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتووە… جا ئێمە لێرەدا چ هەقمان بەسەر کەسانی ڕۆمانی داهاتوو، و داهاتووترییەوە هەیە ! ئەگەر ڕۆمانێکی دی نووسی و لە ڕەسم کردنی کەسەکانیا ناسەرکەوتوو بوو ، ئەوکاتە بۆمان هەیە بڵێین کاکی برا ، ناسەرکەوتوویت و هۆی سەرنەکەوتنەکەت ئەمە و ئەوەیە… ئیدی کێ دیویەتی ماسی لە نێو بەحرا سەوا بکرێ!

پاشان کاک شێرکۆ دەپرسێت کە نەسرین : ” ئەم ڕوناکبیری و زانیاری – یەی لە کوێوە هێناوە. ” ل ٣٧ ، ن.ک ، ژ ١١ . گوایە ئەم لایەنە تەواو ڕۆشن نییە . بەڵام ئاشکرایە کە نەسرین یەکەم : خوێندەوارە… دووەم : کچی خێزانێکی شیوعییە… هەربۆیەش دەبینین وەختێ نەسرین و ئەحمەد لە دوا لاپەڕەکانی هەرەسدا قسان لە سەر مەسەلەکان دەکەن ، نەسرین ئینسانێکی بەرچاو ڕوونە و گێژاوی حاڵ و وەزعەکە سەری لێ ناشێوێنێ… زۆر لە ڕۆشنفکرە وردە بورژاوا ناسیونالیستەکانی ناو ئوتێلی شەڵماشی مەنتیقی ترە لە قسە و بۆچوونەکانیا ، بەرچاو ڕوونترە لە دەست نیشان کردنی هەڵوێستە پێویستەکانا…

پاشان کاک شێرکۆ گلەیی لە دوا بەشەکانی هەرەس دەکات و دەلێ : ” پەرەگرافەکان دەچنە چوارچێوەی ڕیپۆرتاژ و ڕاپۆرتەوە . ” ل ٢٨.

من واناڵێم ، بەڵام ڕام وایە کە دوا بەشەکانی هەرەس خاوە ، ئاهەنگ و ئاوازی ڕۆمانەکە کزە ، وەلێ لە پاڵ ئەوەشدا تابلۆیەکی پتەوی چاک کێشراوە .

لە شوێنێکی دیدا ئەم گلەییەمان بەرچاو دەکەوێ : ” وەکو بەدەنگی بەرز ئیدانەی شیاوی گەلێ دیاردە دەکات . هەر لە ڕێکەوتنامەکەی جەزائیرەوە تا دەگاتە سەر کار وکردەوەی کۆمەڵێ لەکار بەدەستانی شۆڕشی شەهید ، چ خۆیشی و چ ئەو برادەرەشی کە نامەیەکی بۆ ئەم نووسیوە ، هەڵوێستی سەرکردەکانی ئەو سەردەمە ناخەنەڕوو. ” ل ٣٩ ، ن.ک .

کاک شێرکۆ خۆی قەناعەتی وایە کە بە دەنگی بەرز ئیدانەی گەلێ دیاردە و کار و کردەوەی کۆمەڵێ لە کاربەدەستان کراوە… جا باشە هەر ئەو کار بەدەستانە لە مەوقیعی خۆیانەوە سەرکردە نین ! گای جووتیارەکان نین! هەڵبەتە کاوێژ کردنی گاش مەعلوومە کە چ دەگەیەنێ … هەڵبەتە ئەوەش دەزانین ئەدەب بریتی نییە لە پلار و توانج و قسەی بازاڕی ، چونکە ئەدەب ، سارتەر گوتەنی لە واقیع باڵاترە . خۆ نووسەر نەهاتووشە دیراسەیەکی دیاریکراوی زیندووی بێ کەم و زیاد بنووسێت ، چونکە ئەگەر وای بکردایە ئەوسا دەبوو بە وەسیقەنووسێکی ڕووت و فڕی بە دنیای ڕۆمانەوە نەدەما… کاک شێرکۆ ئەوەندە بە پەرۆشە بۆ دیاریکردنی هەڵوێستی سەرکردەکانی ئەو سەردەمە وەک ئەوەی سەرکردەکان هۆی هەوەڵ و ئاخری ئاشبەتاڵەکە بن! نەخێر ئەمە وا نییە ، ڕاستە شەخسیەت لە مێژوودا ڕۆڵی هەیە ، بەڵام هەرگیز ڕۆڵی تەعین کەری نییە و تەنیا ڕۆڵی تەئسیرگوزاری هەیە.. هەڵبەتە ئەم تەئسیرەش لە دوو حاڵەت بەدەر نییە ئەگەر لەگەڵ ڕەوتی ڕەوڕەوی مێژوودا بێ ئەوا تەئسیری خیڕاکردنی شت و دیاردەکانی دەبێ ، پێچەوانەش پێچەوانەیە . بۆ نموونە ئەگەر بارزانی ڕەحمەتی پێش ساڵانی ئاشبەتاڵ ئەمری خوای کردبا ، ئەم مردنە تەئسیری لە مێژووی بزوتنەوەی کورد دەکرد ، بەڵام تەئسیرێکی تەعین کەری ئەوتۆی نەدەبوو، کە کۆمەڵێ ئەنجامی تەواو پێچەوانەی ئەو حاڵ و وەزعە بەدەستەوە بدات کە تێی کەوتین . لەوانە بوو ئاشبەتاڵی دوا بخستایە یان پێش بخستایە . بەڵام هەرگیز نەیدەتوانی ڕێ لە ئاشبەتاڵ بگرێ . چونکە ئاشبەتاڵ هۆی دی هەبوو کە لە حاڵ و وەزعی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو هەل و مەرجەوە هەڵقوڵابوو… من وادەزانم هەندێ لەو حاڵ و وەزعە کۆمەڵایەتیانەش بەکورتی بریتین لە : بێ قودرەتی وردە بورژوازی ، نەبوونی هێزی پرۆلیتێری لە مەیدانەکەدا. دوو دڵی و ڕاڕایی بورژوازی میللی . ترسان لە ناشتنی تەرمی فیودالیزم ، چونکە وەختێ فیودالیزم دەمرێ ، لاشەکەی لە نێوماندا دەمێنێ و بۆگەن دەکات و ئەم بۆگەنییە تا ماوەیەک لە ئاسمانی ژیانی گشت چینەکاندا دەمێنێتەوە ، پێویستە لابدرێ ! ئەمە جگە لە دەسەڵاتداری ئیمپریالیزم . بۆیە من لەگەڵ ئەوەدام کە هەڵوێستی سەرکردەکان ئەگەر خوێنەر پەڵپی شتی زۆر زەق و بازاڕی نەگرێت، خراوەتە ڕوو.

باشە کاک شێرکۆ بۆ گلەیی ئەوە ناکات کە هەڵوێستی ڕۆشنفکرەکان ، بەتایبەتی پێش ئاشبەتاڵ ، بە تەواوی نەخراوەتە ڕوو . خوا نەیبڕێ ” شەست حەفتا ئەدیب و شاعیر… ” ( هەرەس ل ٢٠٤ ) لەو شۆڕشەماندا پێشمەرگە بوون. چییان کرد ، چییان وت ، ئامۆژگاریان چی بوو ، پێشبینیان چی بوو ؟! دووچاری جوبنی عەقڵی بووبوون؟ یان تەنیا چیرۆکەکەی ڕەووف بەسە ؟! هەڵبەتە ئەمە دیاردەی باو نەبوو لە نێو ئەو شەست حەفتا ئەدیب و شاعیرەدا . ئەمە جگە لەوەی وەکو ڕۆژی ڕوون دیارە کە باجی ئیلتزامی ئازاد قوربانی دانە . دیارە دەبێ ئەوەش بزانین کە تەعاموولی ڕۆشنفکر ، بەتایبەتی ئەوانەی ئێمەی ئەوسا، وەکو خەڵکانێکی وردە بورژوازی بێ ئاگایانە نیە و نەبووە ، ئالێرەدا من ئەو پرسیارە دەکەم کە بۆ هەڵوێستی بەشێکی ناودار و دیاری ئەو ئەدیب و شاعیرانە نەخراوەتەڕوو کە خەریکی ستایش و پیاهەڵدان و پیاهەڵگوتن بوون و خەڵکانێکی سادەی میللەتەکەمانیان چەواشە کرد ؟!

ئاخۆ ئەدیبی ڕێبەر و پێشڕەوی ژیار و شارستانیەتی میللەت وادەبێ ؟ یان پاشکۆی ڕووداوەکانن! کام ئەدیبی ئێمە بە ئێستاشەوە توانی تەعبیر لە گەورەیی پێشمەرگە بکات ؟ یان بەڕاستی پێشمەرگە بێ . سارتەر بە چاوێکی خێڵەوە دەستی دایە تفەنگ و لە مقاوەمەی فەرەنسی دا بەشداری کرد ، ئەلبیر کامۆ بە هەموو عەبەسیەتی خۆیەوە بەشداری مقاوەمەی فەرەنسی کرد.. بەڵام ئەدیبی ئێمە چەندین فەرسەخ لە پێشمەرگەوە دوورە ! کێیان دەتوانن ئەو ساتانەی هەست ومعاناتی پێشمەرگەیەک وێنە بگرن کە دەچێتە سەر ڕەبایە ، یان سەرکەوتنێ بەدەست دێنێ ، یان هاوڕێیەکی لە پاڵیا شەهید دەبێ ! یان وەختێ دەشکێ ! بەمەشەوە دەیانەوێ لە سەر پێشمەرگە بنووسن و بیناسن !… بۆیە سەیر دەکەین زۆربەی ئەو شتانەی لە سەر پێشمەرگە نووسراون ئەدەبی سەتحییە و زیاتر ڕازی کردنی خەڵکانێکە وەک لەوەی ئەدەبێکی مەنگ و قووڵ بێ ، پتر لە تەلی عاتیفەدانە وەک لەوەی هەژاندنی مێشک بێ… شەهید کە دەستبەرداری بەنرخترین موڵکی خۆی دەبێ ، کە ژیانێتی ، ئێستاش لە ئەدەبی ئێمەدا نەبووە بە سروودێکی هەرە نەمر .

من باوەڕم وایە یەکێک لە موشکیلەکانی ئەدیبی کورد کەم زاتییە ، هەر ئەمەش وای کردووە ئەدەبەکەمان بە شێوەیەکی گشتی ئەدەبێکی سەرسەری ( سطحی ) بێت ، بریتییە لە وێنەگرتنێکی ئیفلیجانەی شتە ڕۆژانەکان و زیاتر هەربەلای خۆمانا دای دەشکێنین و زۆر کەم ڕێکەوتووە ئاوڕ لە سەلبیاتەکانمان بدەینەوە ، دەترسین نەوەک لایەنێکی سیاسی یان خەڵکانێکی پەیڕەوی عەقڵی جەماعی لێمان زویر ببن… یان… لە ئاخر و ئۆخری سەدەی بیستەمدا کوڕ و کچ لە سەر دڵداری دەکوژرێن ، ئەدەبیاتی ئێمە تاکو ئێستا خۆیان لەو ڕاستییە گێل کردووە کە نووسەر باسی کارێکی سەلبی یان لایەنێکی تاریکی ژیانی میللەتەکەی یان دیاردەیەکی ناپەسند دەکات بۆ ئەوەی نییە کە پتر خوێنەری پێ ئاشنا بکات ، بۆ ئەوەش نییە بیکات بە فانتازیایەکی ئەدەبی و چێژی پتر بە خوێنەر ببەخشێت ، بەڵکو بۆ ئەوەی باس دەکات کە خوێنەر هانبدات بۆ قەڵاچۆکردنی ئەو دیاردە گەندەڵانە. بۆیە لام وایە ئەگەر بێگانەیەک ئەو ئەدەبە پەڕپووتەی هەمانە بە بەراورد لەگەڵ ئەدەبی عالەما، بخوێنێتەوە ڕەنگە پڕ بەدڵ پێمان پێبکەنێ و بڵێ ئەم میللەتە سەیرە چییە ؟! پەکۆ خۆ سەرتاسەری ژیانی هەر ئیجابیەتە! بەڵام ئەوەی شایەنی باسە کاک موکری ئازایانە لە هەرەس دا ئەم سنوورەی بەزاندووە و باسی زوڵم کردنی کوردان لە تورکمانی کەرکووک دەکات وەک کاک شێرکۆش بەچاکی ئەم لایەنە دەست نیشان دەکات . دیارە ئەمەش هاندانی خوێنەرە بۆ قەڵاچۆکردنی ئەو بابەتە دیاردانە… دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەم برایەمان هەوڵی ئازایانەی دیکەشی هەیە وەک ئامێردەکان و سەگوەڕ و… دیارە هەستی بە خەتەری کەم زاتی و نەوێری بۆ ئەدیب کردووە ، بۆیە ئازایانە ملی ناوە و دەبێ دەست خۆشی پێ بڵێین… بەڵام ئەمە تا نەبێ بە دیاردەی باوی ئەدەبیمان ، ئەدەبەکەمان هەروا لە بن بەستا دەمێنێ و ئەدیبیش بە پاشکۆیی دەمێنێتەوە.

بەم نەوێری و کەم زاتییەی ئەدیبانمانا حاڵەتێکی خروشوف – م بیر دەکەوێتەوە ، وەختێ کە دێتە سەرکار، دەکەوێتە زەم کردنی ستالین و گازندە کردن و گوایە دیکتاتۆر بووە… یەکێک لە پارچە کاغەزێکدا بۆی دەنووسێت ، ئەدی تۆ ئەوکاتە لە کوێ بووی ؟ وەختێ کاغەزەکە دەخوێنێتەوە دەپرسێت : کێ ئەم کاغەزەی نووسیوە ؟ کەس وەڵام ناداتەوە ، ئەویش بەوپەڕی ئاساییەوە دەڵێ : لەو شوێنەدا بووم کە ئێستا تۆی لێی .

جا ئێمەش دەپرسین ئەدی ئەو کاتە ئەو ” ٦٠ – ٧٠ ” شاعیر و ئەدیبە لە کوێ بوون ؟ تۆ بڵێی هەر خەریکی باریکەڵڵا و… بووبن!

لەگەڵ ئەمەشدا ، ڕەخنە بریتی نییە لەوەی کاک شێرکۆ یان من یان خەڵکانێکی دی داوا لە نووسەر بکەن ، کە چی و چۆن بڵێ… بەڵکو بریتییە لە موناقەشە و مامەڵەیەکی زانستی بە ئینساف لەگەڵ ئەو بەرهەمەدا کە لە بەردەست دایە… ئەگەر مامەڵە کردن لە گەڵ ئەدەبدا وانەبێ ، بۆ داوا لەو بکەین ، ئەدی لۆ خۆمان ناینووسین !

پاشان مامۆستا شێرکۆ دێتە سەر باسی تەسلیم بوونەوە و دەڵێ:

” کاتێ ئەحمەد دەربارەی تەسلیم بوونەوە دەدوێ ، هەر ئەوانە زیاتر بە تەسلیم بووەوە ئەزانێت کە ڕوویان کردۆتەوە عێراق ، لە کاتێکا تەسلیم بووەنەوە چ بە داگیرکەری ئەمدیو چ بەداگیرکەری ئەودیو هەر یەک سەرەنجامی هەبوو، و واقیعی ڕۆژگاری ئاشبەتاڵیش هەروا دەڵێت. ” ل ٤٠.

من لێرەدا نامەوێ چ شتێک بڵێم و با هەرەس خۆی قسەمان بۆ بکات بزانین هەر ئەوانە زیاتر بە تەسلیم بوو زانراون کە ڕوویان کردۆتەوە عێڕاق یان هەموو چەشنە تەسلیم بوونەوەیەک ڕەفز کراوە:

– خۆزیات بەمردن دەبێ… چۆنت دەکوژێ… هەموو ساتێکت دەبێ بە مردنێ ، لە ڕۆژێکا دەیان جار دەمری… لەبیر نەچێ تەسلیم دەبی… دەشزانی تەسلیم بوونەوە یانی چی؟

– دەزانم… بەڵام لەم وەزعە باشترە .

– لەگەڵتام لەم وەزعە باشترە… لە هەردوو باشتر ئەوەیە تا ئاسنەکە سارد نەبۆتەوە کارێ بکەین. ئەشکەوت… چیا… بەفر… ئەمانە کەرەسەی سەربەستین… ڕاستە بەئاسانی ناتوانین سەربەستی بۆ میللەت دابین بکەین ، بەڵام هەرهیچ نەبێ بۆ ئەم وەزع و حاڵەمان لە نێو بەفر و چیا و ئەشکەوتدا سەربەست دەژین و سەربەستیش دەمرین “. ( هەرەس ل ٢١٠ ).

یان با گوێ بگرین ، بزانین ئەحمەد لە وەڵامی هاوڕێیەکیدا چ دەڵێ:

-” نەخێر، یاخی بوون ، لە تەسلیم بوونەوە ، لە ملکەچی ، لە سەرشۆڕی و پەناهەندەیی ، لە شا و شێر و خورشید و جامبازانی بازاڕی کوردایەتی ، لە دیوەخانی مەسئولە بەزیو و پەناهەندەکان لە بەزەیی و تەوسی خەڵک ، لە چارەنووس ، لە بێ سەروبەری، لە ئاشبەتاڵ… ” ( هەرەس ل ٢١٠ ).

ئاشکرایە ئەحمەد بە هیچ تەسلیم بوونەوەیەک ڕازی نییە… لە سەرەتای مانگی پێنجەمی ١٩٧٥ دا دوا بڕیار دەدات و لەگەڵ نەسرین دا دەبێتەوە بە پێشمەرگە و بەو ئاواتەوەیە دایکیشی بێت تا هەموویان ببن بە پێشمەرگە.

-” من و نەسرین هیوا دەگەڕێنینەوە بۆ کوردستان… دەبینە پێشمەرگە. ” ( هەرەس ل ٢٧٧ ).

ئەحمەد لێردا دەیەوێ پێمان بڵێ کە من هەم ، شۆڕشیش هەیە… وەک دەزانین هەرواش بوو…

پاشان کاک شێرکۆ و نووسەریش لایان وایە گەر دە ڕۆژێکی دی بەرگریمان کردبا ، بارەکە بەجۆرێکی دی دەکەوتەوە و کاک شێرکۆ دەڵێ: ” نووسەر ئەو حەقیقەتەش باس دەکات : ” گەر دە ڕۆژێ ، بەڵێ دە ڕۆژێ ئاوها بەرگریمان کردبا ئەوا دڵنیام ، ئامانجی ئیتیفاقیەکەی جەزائیرمان پووچەڵ دەکرد… کەچی نەکرا… نازانم بۆ؟ ( هەرەس ل ٢٧٦ ).

هەڵبەتە من لەگەڵ ئەم ڕایەدا نیم ، چونکە ئیتیفاقیەی جەزائیر زادەی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نەبوو ، زەمینەی محەلی و خارجی، تەواو بۆ ڕەخسێنراوە ئەوجا هاتۆتە مۆرکردن ، دیارە پێش وەختەش بیر لە ئەنجامەکەی کراوەتەوە. ئاشبەتاڵیش وەکو زەروورەتێکی مێژوویی هەڵقوڵاوی وەزع و حاڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری تایبەتی بووە کە پێشتریش ئیشارەتم بۆ کردووە ، پێشمەرگەی کوردستانیش هەمیشە بەو باوەڕەوە شەڕی کردووە کە لە پێناوی کورد و لە ڕێگای کوردستاندایە و، هەمیشەش شەڕی قارەمانانەی وەک دوا شەڕەکانیانیش کردووە و ئەو دوا شەڕەش… یەکەم شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگەی کوردستان نەبووە ، بگرە پێشتر دەیان شەڕی لەوەش قارەمانانەتر کراوە . بەڕای من هۆی بەرگری نەکردنیش جگە لەو هۆیانەی کە پێشتر ئیشارەتم بۆ کردوون، نەبوونی پارت یان ڕێکخراوێکی پێشڕەوی شۆڕشگێڕ بوو ! چ تەگبیرکەرێ لە ئارادا نەبووە و کوردیش هەر لە کۆنەوە هەستی بە گرنگی ڕۆڵی تەگبیرکەر کردووە و گوتوویەتی: ” ئیشکەرت بمرێ ، بەڵام تەگبیرکەرت نەمرێ ! ”

پاشان کاک شێرکۆ دێتە سەر باسی هەندێ بیروڕا و بۆچوونی نووسەر و دەڵێت : ” ئەگەر خوێنەری هێژا سەرنجی دابێت ، من لەم وتارەدا نەمویستووە لە هەندێ بیروڕا و بۆچوونی نووسەر بکۆڵمەوە کە هەندێکیان سەرچاوەیان لە فەلسەفە و بیردۆزەکانی وجودییەت بە تایبەتی ڕایەکانی سارتەر وەرگرتووە. وەکو مەسەلەی ” عەقڵی جەماعی ” و کێشەی ” تاک و مێژوو ” و ” ژیان و مردن ” و… هتد. چونکە وەک سەرەنجام ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە بە ناکۆک نازانم لەگەڵ زۆر بۆچوونی خۆمدا . لەلایەکی تریشەوە شەپۆلەکانی ناو ڕۆمانەکە کاتێ وردە وردە بەرەوپێش دەڕوات بەبڕوای من ئەو پووش و پەڵاشانەی تر لەگەڵ خۆیاندا ڕاپێچ دەکەن و دواتر کەسانی وەک نەسرین دروست دەبن کە لە هەموو کار و کردەوەکانیاندا مێژووی بەکۆمەڵی گەل و نەتەوە و چارەنووسی پێکەوە ژیان و مردن دەبینین “. ل  ٤١، ن . ک، ژ ١١ .

بە داخەوەم لەنێو زۆربەی خوێنەران و هەندێ ڕۆشنفکرانماندا وابووە بەباو هەرکە نێوی وجودیەت بێت ، ئیدی یەک ڕاست و بێ هیچ هەڵوەستە و ڕامانێک دەی بەستنەوە بە بەزین و ڕوخان و ئاژاوە و شیرازە پچڕانی شتەکان و لادان و دەرچوون لە گشت یاسا و ڕەوشت و ئاینێ. بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە باوی چغز لە دەور کێشان نەماوە و خوێنەواری کورد دەبێ متمانەی بەخۆی بێ و بزانێ لەم دنیا جەنجاڵەدا چ باسە ، چ ڕێباز و تەیارێکی فیکری هەیە کەسیش ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە وجودیەت ڕێبازێکی فیکرییە ، سەنگ و بایەخی خۆی هەیە ، وەکو هەر بەرهەمێکی دی ئەقڵی ئینسان لایەنی چاک و خراپی خۆی هەیە . بۆیە وجودیەت وەکو ڕێبازێکی فیکری ئەوە دێنێ بە شیوەیەکی مەوزوعیانەی پاک باسی لێوە بکرێ… هەر ڕاستیش نییە ، هەزاران کتێب لە دنیادا لە سەر وجودیەت بڵاو ببێتەوە و خوێنەری کورد لێی بێبەش بێ گوایە گیانی بەزین و ڕوخان و داوەشین و ئاژاوە و بەڕەڵڵایی بڵاو دەکاتەوە! ئەمە جگە لەوەی شارەزایی و ئاگادار بوون لە فکرێک ، لە ڕێبازێکی فەلسەفی ئەوە ناگەیەنێ کە کەسە ئاگادارەکە سەد لە سەد دوای بکەوێ یان لاسایی بکاتەوە… هەر کەسێکیش وا لە خوێنەوار بڕوانێ مانای ئەوەیە کە متمانەی بەخوێنەوارەکە نییە و بیەوێ و نەیەوێ سیفەتی گێلی و ساکاری دەداتە پاڵ . من نامەوێ بڵێم کاک شێرکۆ وایە ، بەڵام چیبکەم خۆی وا دەڵێ: شەپۆلەکانی نێو ڕۆمانەکە کاتێ وردە وردە بەرەوپێش دەڕوات  بەبڕوای من ئەو پوش و پەڵاشانەی تر لەگەڵ خۆیاندا ڕاپێچ دەکەن و… هتد. ” ن. ک ، ژ ١١، ل ٤١.

بە هەرحاڵ با بگەڕێینەوە سەر قسەکانی کاک شێرکۆ ، نازانم بۆ نەیویستووە لە هەندێ بیروڕا و بۆچوونی وجودیانەی ناو هەرەس بکۆڵێتەوە ؟! بەتایبەتی ڕایەکانی سارتەر! مەسەلەی ” عەقڵی جەماعی ” و کێشەی ” تاک و مێژوو ” و ” ژیان و مردن “؟ … ئەگەر کاک شێرکۆ لای وابێ ” عەقڵی جەماعی ” ، کێشەی ” تاک و مێژوو “، و ” ژیان و مردن ” … تایبەت بن بە وجودییەتەوە و وجودیەت تاقە ڕێبازێکی فەلسەفی بێ کە ئاوڕی لێ دابنەوە، ئەوا بیەوێ و نەیەوێ ستایشێکی تەواوی وجودیەتی کردووە ! بۆیە منیش لێرەدا تەنیا ئەم پرسیارە دکەم : ئەدی فەلسەفەکانی دی چییان کردووە ؟ مێشیان خەساندووە ؟!

بەڵام ئەو برایەمان نەیویستووە لە هەندێ بیروڕا و بۆچوونی وجودیانەی خۆی گوتەنی، نووسەر بکۆڵێتەوە، بۆ ؟ هەر خۆی وەڵاممان دەداتەوە : ” چونکە وەکو سەرەنجام ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە بە ناکۆک نازانم لەگەڵ زۆر بۆچوونی خۆمدا. ” ن. ک ، ژ  ١١، ل ٤١.

کاک شێرکۆ دەیەوێ چ بڵێ؟! شێواز و فۆرمی ڕۆمانەکە وجودیانەیە ، بەڵام ناوەڕۆکەکەی لە خزمەتی ئەو بۆچوونانەدایە کە خۆم باوەڕم پێیەتی ؟ ئەگەر وایە دەبێ ئەوە بزانین کە شێوە هەر ئەو قاڵبە نییە کە سنوور و کەوشەنی دەرەوەی بابەت دیاری بکات ، شێوە دەرەوە و ناوەوەیە لە یەک گرتنەوە و ئاوێتەبوون و ڕەنگدانەوەی بەردەواما… هەر ئەم چەشنە شێوەیەیە کە لە دوا ئەنجاما چیرۆک لە ڕاپۆرت و گوتاری کۆمەڵایەتی یان مێژوویی جودا دەکاتەوە . یان تۆ بڵێی کاک شێرکۆ بیەوێ بڵێ منیش وجودیم ! ئەمەیان ناچێتە عەقڵەوە ، چونکە یەکەم : هەڵسوکەوت و ژیانی ڕۆژانە و بەرهەمەکانی پێچەوانەی ئەمە نیشان دەدەن . دووەم : رۆجر ل. ش دەڵێ :

” هەر وجودییەک کە ڕێزی خۆی بگرێ ، ئەوە ڕەفز دەکات ناوی وجودی لە خۆی بنێ ، چونکە کە گوتی ” من هەم ” ، دەکاتە ئەوەی بڵێ من یەکێکم لەو دارودەستە خەڵکانەی کە بەناوی وجودی یەکانەوە ناسراون… لە کاتێکا وجودی ڕاستەقینە دەیەوێ بڵێ ” من چ شتێک نیم غەیرەز خۆم – حەزیش ناکەم ئەو ئەرکە بکێشیت کە بمخەیتە خانەی دابەشکردنەکەتەوە. ” ل ١٨ الوجودیة ، جون ماکوری، تەرجمة امام عبدالفتاح امام .

پاشان مامۆستا شێرکۆ لە وتارەکەیدا دەڵێ : ” هەر ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە خۆیان کارە پیرۆزەکانی مێژووی ” بەکۆمەڵ ” ، ئەو مێژووەی کە نەتەوە دروستی دەکات ، خەجێ و ئەحمەد و نەسرین، دروستی دەکەن دەسەلمێنن. ” ل ٤١ ، ن .ک ، ژ ١١ .

لێرەدا دەمەوێ باسێکی ئەحمەد بکەم ، چونکە لەپاڵ خەجێ دا قارەمانی هەرە سەرەکی ڕۆمانەکەیە . دیارە ئەحمەد کابرایەکی شۆڕشگێڕە ، مولتەزیمە ، هەڵدەبژێرێ ، ڕەفز دەکات ، بەڵام دەبێ ئەو حەقیقەتە بزانین کە قارەمانێکە تا سەری ئێسقان وجودی یە! دیارە کاک شێرکۆ بەمە نەحەسایە . بەڵام هەر وردبوونەوەیەک لە جێ و ڕێ و حاڵ و وەزعی لەدایکبوونەکەی ، ڕەفتاری ناو قوتابخانەی ، ڕەفزکردنی لێدانی سەباح ، هەڵس وکەوتی لەگەڵ خەڵکیدا ، هەست کردن بە نامۆیی ، بەوەی جیاوازە لە خەڵکانێک و ئەوان نییە- ” کورد گۆیەکی ” ( هەرەس ل ١٦٩ ) ، سەر لەنوێ بڕیاردانەوەی کە ببێ بە پێشمەرگە… بەئاسانی وجودیەتی ئەحمەد دەسەلمێنێ… کرداریش ماهیەتی ئینسان دیاری دەکات … ئەوەتا هەموو دەزانین چەند کابرایەکی مولتەزیمە – پیوانەیەک لە پیوانەکانی کەشف کردنی ئیلتیزام ئەم پرسیارەیە : چ دەبێ خەڵکانی دیش وەکو من ڕەفتار بکەن ؟ ئەمە پرسیارێکە لە لای سارتەر خۆ دزینەوە لێی مەحاڵە ، مەگەر خۆت هەڵخەڵەتێنی ، هەرچەندە لە ناخی خۆدا پێک دێت ، بەڵام پرسیاری لە کارەکە ، بەرپرسیارییەکە لە خود و لە گشت عالەم… واتە وا کار بکە وەک ئەوەی بتەوێ حوکم و بڕیارەکەت یاسایەکی گشتی بێ…

بۆیە دەبینین هەڵبژاردنەکەی ئەحمەد بۆ خۆ و بۆ خەڵکیشە ، حەزدەکات نەسرین و هیوا و دایکی و خەڵکانی دیش ببن بە پێشمەرگە… هەڵبەتە زیاتر کوێرەوەری ژیان ئەم شتانەیان فێری ئەحمەد کردووە وەک لە کتێب و تیۆری… ئەحمەد دەیەوێ مەبەست بە مێژوو ببەخشێت ، چونکە کاتێ ئینسان مەبەست بە مێژوو دەبەخشێت ، هەموو شتێکی ناو ئەو مێژووە مانای خۆی وەردەگرێ . مێژوو ئەگەر لە ئینسان دابڕا ، لەو ئینسانەی کە دروستی دەکات ، دەبێت بە چەمکێکی ڕووتی سواوی ئەوتۆ ناتوانین بڵێین مەبەست و ئامانجی هەیە یان نا ، ئیدی مەسەلەکە ئەوەیە کە مەبەست و ئامانجی پێ ببەخشین… ئەوەتا ئەحمەدیش وەکو ئینسانێکی کوردی مولتەزیم و شۆڕشگێڕ مەبەست  بە مێژوو دەبەخشێت و بڕیاری بوونەوە بە پێشمەرگە دەدات .

***

لەلایەکی تریشەوە ئەگەر خوێنەری هێژا نەختێ بەوردی سەرنج بدات دەبینێ دوو فەترەی ژیانی ئەحمەد نادیارن و هەر بە ئاستەم ئیشارەتیان بۆ کراوە ، دوو فەترەی یەجگار چڕ و خەست ، دوو فەترەکەش بریتین لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ کۆتایی ١٩٦٩، ١٩٧٠ بۆ کۆتایی ١٩٧٣. باشە ئەم دوو فەترەیە ، سەردەمی پڕ لە هەوراز و هەڵدێر و ڕووداوی تێکڕژاو و دڵ تەزێن و ململانێی فیکری و نافیکری ، ڕشتنی ڕق و حەزی شەخسی و… هتد لەلایەکەوە و سەردەمی پڕ لە دەسکەوت و چەپڵەڕێزان و لە دەست دانی دەرفەتی لەبار و چاک نەبووە لەلایەکی ترەوە ؟ بە هەرحاڵ هەموومان دەزانین کە دوو فەترەی جەنجاڵ و دەوڵەمەند و چڕ و خەست بوون بە گشت ئیجابیەت و سلبیەتێکانەوە… دیارە مەعلوومە ئەحمەدیش کێیە ! بێگومان بۆ ئەو دوو فەترەیەش هەڵوێستی خۆی هەبووە… پێدەچێ کاک شێرکۆ هەستی بەم کەلێنە نەکردبێ بۆیە کەم و زۆر ئیشارەتی بۆ نەکردووە . ئەگینا دەبوو بپرسێت بۆ ئەمە نەکراوە ، بەتایبەتی ئەحمەد یەکێکە لە قارەمانە سەرەکیەکانی هەرەس… وەک لە زۆر شوێنی دیدا داوای تەواو ناساندنی پاڵەوانە سانەوییەکانی کردووە ، دەبوایە داوای ئەمەی بکردایە… تۆ بڵێی کاک موکری خۆی هەستی بەمە نەکردبێ ، یان بە شێک نەبێ لە بەشی دووەمی هەرەس ؟! ئەمەیان ئێمە نایزانین و خۆزیا دەخوازین بە زووترین کات بەشی دووەمی هەرەسمان بکەوێتە بەردەست و ڕێی ئەوەمان لێبگرێ بتوانین بڵێین ئاوەڕ نەدانەوەی پێویست لەو دوو فەترەیەی تەمەنی ئەحمەد کەلێن و بۆشایین بۆ ڕۆمانەکە.

ئەمجا با ئاوڕێک لە هەیەرە کەچەڵ بدەینەوە و بزانین چ تەعامولێکی لەگەڵدا کراوە… ئایا هەیەرە کەچەڵ خایەنی کورد بووە ؟!  نموونەیەکی زیندووی زۆربەی ئەوانە نییە کە بێ چ پێوەرێکی زانستیانەی مەوزوعی و دروست دەخرێنە خانەی خائینانی میللەتەوە…؟ هەڵبەتە ئاشکرایە کە خیانەت کردنیش ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە.. لەو هۆیە دیارانەش کەم فامی و گومڕایی و ڕقەبەرایەتی شەخسی و کەمتەرخەمی ڕێکخراو و حیزبە سیاسیەکان بووە لە هۆشیارکردنەوە و شۆڕشگێڕاندنی خەڵکی… چونکە یەڵماز گونەی واتەنی : ” شۆڕش تەنیا لە نێوبردنی دەوڵەت نییە ، بەڵکو شۆڕشگێڕاندنی هەموو کۆمەڵە. ” پاشکۆی گزنگی ١٣.

بۆیە ئەگەر لە ڕوانگە ئینسانییە گەورەکەوە تەمەشای هەیەرە کەچەڵ بکەین ، ئەو خایەنە نییە کە نووسەر، ببێ بە داوەر و لە بری خەڵکەکە ئەم حوکمە قورسەی بەسەرا بدات : ” هەرکە تک تک خوێنەکەی هەیەر دەتکایە سەر خۆڵەمێشە گەرمەکەی دێ دەنگی کزە کزێکی سەیر لە خۆڵەمێشەکەوە بەرز دەبووەوە . زمانحاڵی یاخیبوونی دەخستەڕوو ، یاخی بوونی خۆڵەمێشی دانیشتووانی ئاوایی خاپوور، نەیدەویست بە پیسی و نەگریسی ئەو خوێنە ، پیرۆزیەکەی لەکەدار کات ، هەیەریش لە سەرە مەرگدا ، تەنیا گوێی لە کزە کزی خۆڵەمێشەکە بوو! ” ( هەرەس ل ٢٤ ) .

هەڵبەتە ئەم حوکمە ، تەنیا حوکمی نووسەر خۆیەتی و حوکمێکی قورسیشە ، چونکە ئەوەتا هەر خۆی پێمان دەڵێ : هەیەرە کەچەڵ واقی وڕمابوو ، حەپەسان ڕێی هەموو شتێکی لێگرتبوو ، باوەڕی بە چاوانی خۆی نەبوو ، وایدەزانی خەونێکی ترسناک دەبینێ و مۆتەکە چۆکی ناوەتە سەر سنگی ، تەنگە نەفەس بوو، ئاگرە بێ ئامانەکەش سەوز و وشکی دێی دەماشیەوە ، هەیەر هەرگیز نەیدەویست وابێ ، مەبەستی تەنها حەمە بوو. ” هەرەس ل ٢٣.

دەمەوێ بڵێم ئەم حوکمەی نووسەر بۆ هەیەرە کەچەڵی بڕیوەتەوە وەک ئەوەیە بێین بڵێین :- هەڵبەتە بێ ڕەچاوکردنی هیچ وەزع و حاڵێک – سەرجەمی ئەو سەربازانەی لە جەنگی خەلیج لەهی هەردوولا بەشداری دەکەن، هەرهەموو خائینی میللەت و وڵاتن… لە کاتێکا دەزانین سەدان کرێکار و چەوساوە و حەز لە شەڕ نەکردووی تێدایە !.

خوێنەری بەڕێز بەرلەوەی بێمە کۆتایی گوتارەکەم حەزدەکەم پێکەوە ئاوڕێک لە نەسرین بدەینەوە ، جارێکی دی هەڵوەستەیەک لە ئاستی هەڵوێستی مەردانەی ئەحمەد بکەین . من باوەڕم وایە نەسرین و نەسرین ئاساکان لە کۆمەڵی ئێمەدا  ئەگەر ڕێزیانیش لێبگیرێ لە ڕوانگەی بەزەییەوەیە و هیچی دی ، خۆ ئەگەر بێتە سەر ئەوەی هەڵوێستی لەمەڕ دیاری بکرێ ، یانی بکرێ بە هاوسەر ئەوا عەقڵی جەماعی زۆربەی گەنجانمان ڕەفزی دەکات ، بەڵام ئەحمەد بە قەناعەتەوە و دوور لە دیاردەی بەزەییەکە دەیخوازێت . ئەمەش خۆی لە خۆیدا لایەنێکی هەرە گەشی ناو هەرەسە کە کاک شێرکۆ باسی نەکردووە..

***

هەڵبەتە دەبێ ئەوەش بڵێین کە خەجێ وەکو پاڵەوانێکی سەرەکی هەرەس لە دایکی واقعی باڵاترە… ئەوەندە لای خوێنەر ئاشنا دەبێت کە هەموو کەسێک خۆزیا دەخوازێ دایکێکی وای هەبێ…

لە کۆتاییدا دەڵێم ئەدەبی تازە بە دەرەجەی یەکەم بریتییە لە ئەدەبی ڕۆمان ، شانۆنامە و هونەرە ئەدەبی یەکانی دی و شیعر بە دەرەجەی کەم تر دێن – لە ڕووی ڕۆڵ و کاریگەری هەر یەکێکیانەوە – گەلێ شاعیری گەورە هەستیان بەمە کردووە و پەنایان بردۆتەبەر ڕۆمان وەک : هوگو ، کازانتاکیس کە دووەمیان پتر لە شەست هەزار بەیتە شیعری هەبوو ، ئەمجا گەییە ئەو قەناعەتەی کە شیعر ئامرازێکی گەیاندنی ئەوتۆ نییە کە مەرام و نیاز و مەبەستە ئینسانییەکان وەکو پێویست دەرببڕێ ، و ڕۆمان باڵاترین دەربڕینی ئینسانییە و ڕووی کردە جیهانی ڕۆمان و زۆربا و لەخاچ دانەوەی مەسیح و ئاخرین وەسوەسەی مەسیح و براکوژی نووسی…

ئیدی ڕۆمان داستانێکی زاتی یەجگار گەورەیە.. نووسەر ئازادی تەواوی هەیە – بەشێوازی خۆی –  لە وێنەگرتنی عالەم دا… دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە نووسەر مۆرکی تایبەتی خۆی بەکارەکەی بەخشیوە یان نا ؟

من باوەڕم وایە بۆ ئەدەبی کوردی.. بەوپەڕی بێ لایەنییەوە دەڵێم هەرەس مۆرکی تایبەتی گرتۆتەخۆ و یەکەم ڕۆمانی چاپکراومانە و پیرۆزبایی بە برای نووسەرمان دەلێم .

خوێنەری هێژا ئەمە پوختەی سەرنجەکانم بوون دەربارەی وتارەکەی کاک شێرکۆ و ڕۆمانی هەرەس… دەبێ ئەوەش بڵێم هەرچەندە بەشی زۆری وتارەکەی کاک شێرکۆ بریتییە لە داوکاری وەک ، دەبێ، نابێ ، وای بکردایە ، وای نەکردایە تا ڕەخنەیەکی دروست بێ لە خودی بەرهەمەکە ، بەڵام لەپاڵ ئەمەشا دەبێ ئەو حەقیقەتە بزانین کەلە چیادا نووسراوە ، دووربووە لە سەرچاوە و ئەوجاش توانیویەتی گەلێ لایەنی ئیجابی ڕۆمانەکە بخاتەڕوو.

٢/١٩٨٦

سەرچاوەکان:

١ – تاریخ الروایة الحدیثة. ر. م . البیریس ، ترجمة : جورج سالم.

٢ – نقش شخصیت در تاریخ ، گ .و . پلبخانوف . ترجمة خلیل ملکی.

٣ – الوجودیة ، جون ماکوری ، ترجمة : امام عبدالفتاح امام.

٤ – هەرەس – محەمەد موکری.

٥ – نووسەری کوردستان . ژمارە ١١.

٦ – پاشکۆی گزنگی ١٣.

٧ – گۆڤاری بەیان ژمارە ٦٤.

٨ – ڕۆژی کوردستان. ژمارە ٧٠  ساڵی ١٩٨٥.

تێبینی : ئەم وتارە کاتی خۆی بە دەم ژیانی پێشمەرگایەتییەوە ، لە چیا نوسراوەو لە گۆڤاری نووسەری کوردستان ، ژمارە /١٢ی مایسی/ ١٩٨٦دا بڵاو بووەتەوە.