فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

باوک لە رۆمانێکی سینەماییدا

 

نیهاد جامی/ نووسەر / فەرەنسا

یەکێک لە ڕۆمانەکانی رۆمانووس و سینەماکاری چیللی ئەنتۆنیۆ سکارمێتا ڕۆمانی “باوکێکی سینەمایی” ە، ڕۆمانەکە بە گەڕانەوەی کوڕ بۆ زێدی خۆی دەست پێدەکات، بەو شەمەندەفەرەی کە دادەبەزێت، باوک پێی سەر دەکەوێت بۆ پاریس، کوڕە لە لادێکەی خۆیاندا دەبێت بە مامۆستا، چونکە خوێندنی تەواو کردووە، دایک خەریکی شووشتنی پەردەی ئوتێلەکانە لە ماڵەوە، ئاشەکەی باوک هاوڕێی مامۆستاکە دەیگێڕێت، ئاخۆ باوک کوڕەکەی و ژنەکەی خۆی خۆش نەدەویست بۆیە جێیانی هێشت؟ پرسیارێک هەمیشە مامۆستاکەی گوند ئاراستەی خۆی دەکات، ژیانێکی سرووشتی ساکار باڵی بەسەر ژیاندا گرتووە، خۆشەویستی شتێکە بیری لێ دەکرێتەوە، مامۆستا و ئاشەوان ئەچنە شارۆچکەکەی نزیک خۆیان تا بچنە سینەما و لەدرێژەی گەشتەکەیان کاتژمێرێک لای سۆزانیە جوانەکان بەسەر بەرن، لەو گەشتەدا ئەوەی سەیرە باوک کە عاشقی سینەمایە لەو شارۆچکە نزیک گوندەکە کاری ئیشکردن بە ئامێرە سینەماییەکان ئەنجام دەدات، لەگەڵ کوڕەکەی یەکدەگرنەوە، ئەو دیدارە وەک نهێنی نێوانیان دەمێنێتەوە تا کۆتایی رۆمانەکە ئەو دەمەی کوڕەکە ژوان دەبەستێت لەگەڵ کچە گوندیەکەی خۆشی دەوێت، پلیتی سینەما وشەمەندەفەر بۆ دایک دەبڕێت تا بچێت فیلمێکی نایاب ببینێت، لەڕاستیدا بۆ شادبوونەوەی دایکە بە باوک.
زمانی گێڕانەوە وەک سیناریۆی فیلمێک خۆی نیشان دەدات، هەندێک بەشی ڕۆمانەکە وەک گرتەی کورت و هەندێک بەشی وەک گرتەی درێژ خۆیان بەرجەستە دەکەن
ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەیبینین، لەبنەڕەتدا چیرۆکی باوکێکی سینەمایی نیە، هێندەی زمانی گێڕانەوەو بابەت بریتین لە سینەما، زمانی گێڕانەوە وەک سیناریۆی فیلمێک خۆی نیشان دەدات، هەندێک بەشی ڕۆمانەکە وەک گرتەی کورت و هەندێک بەشی وەک گرتەی درێژ خۆیان بەرجەستە دەکەن، سەرەنجام رۆمان وەک سیناریۆی فیلم دەردەکەوێت، ڕەنگە بیانویەکی باش بێت بۆ سکارمێتا لەو شێوازی نووسینە بەهۆی ئەوەی گێڕانەوە چەندە وەک سینەما خۆی نیشان دەدات، لەهەمان کاتدا بابەتەکەش هەر نزیکە لەسینەماوە، بۆیە هەمیشە نموونە بە فیلم و ئەکتەرەکان دێنێتەوە، یاخود باس لە سینەمایە، سەرەنجام ئێمە ڕۆمانە فیلمێک دەخوێنینەوە، کە پڕیەتی لە نهێنی و جوانی و ئەفسوونی سینەما لەئاستی دیمەنی سرووشتی ژیان و خۆشەویستی و ڕاکردن و بێزاربوون و هەموو ئەو ئەدگارانەی لە فیلمدا ڕووبەرووی کارەکتەر و بابەتی فیلمەکان دەبێتەوە.