فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دۆن کیخۆتە

دۆن کیخۆتە

 

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر

(دۆن کیخۆتە)ی سێرڤانتس، ڕۆمانێکە زمانبڕ و زەمەنبڕ، ڕۆمانێکە جیهانی و لەسەر ئاستی دنیا، بە یەکەمین ڕۆمانی هونەری هەژمار دەکرێت. سێرڤانتس لە تەمەنی پەنجا و حەوت ساڵیدا، لە ١٦٠٥دا بەشی یەکەمی و دە ساڵ دواتر بەشی دووەمی بڵاو دەکاتەوە. دۆن کیخۆتە ڕۆمانێکە تەنیا سەرنجی ئەدیبان و وەرگێڕان و ئەدەبدۆستانی ڕانەکێشاوە، جێی بایەخی ئەوانەیش بووە کە بە شانۆ، سینەما، وێنەی بزۆز، شێوەکاری و موسیکیشەوە سەرقاڵن. دۆنکیخۆتە کە شاکەسی ڕۆمانەکەیە کە لەگەڵ ئاشی هەواییدا بەشەڕ دێت، بە خراپەکارانی باڵدرێژیان تێدەگات و کە پەلاماری مێگەل دەدات، بە لەشکری دوژمنی دەزانێت.
دۆن کیخۆتە و سانچۆی هاوکاری، هەر یەکی بە مەبەستێک سەرچڵانە خەریکی بەگژداچوونەوەی ستەمن، یەکەمیان بە ئومێدی چەسپاندنی دادپەروەری و دووەمیان بە هیوای ئەوەی ببێت بە میری دوورگەیەک، بەڵام هەردووکیان نائومێد دەبن. دۆن کیخۆتە شاکارێکە هاوزەمان کۆمیدی و تراجیدی، نووسەرەکەی بە کاریگەریی ئەو داستانانە نووسیویەتی کە باسی سوارچاکییان کردووە و شاکەسەکەیشی زۆر جار بەو زمانە دەدوێت کە سەردەمی سوارچاکی باو بووە.
کارلۆس فۆینتس لەبارەی دۆن کیخۆتەوە دەڵێت: “هونەرێکە ئەوە زیندوو دەکاتەوە کە مێژوو کوشتوویەتی.” دۆن کیخۆتە بەدوای ئەوەوەیە، ئەو هەڵانە ڕاست بکاتەوە کە خەڵکی تر کردوویانن و یارمەتی ئەوانە بدات لە خۆشییەکانی ژیان بێبەش کراون. دۆن کیخۆتە هەرچەندە لە قەڵغانێک و ڕمێک و ئەسپێکی لەڕ زیاتر، هیچی دیکە شک نابات، بەنیازە تەمی ستەم بڕەوێنێتەوە و دنیای تاریک ڕۆشن بکاتەوە.
سێرڤانتس ڕۆمانێکی فرەدەنگیی نووسیوە و گەرەکی بووە لە ڕێیەوە باسی ئاوابوونی خۆری قۆناغی سوارچاکی بکات، ڕۆمانێکی ئەفراندووە تێیدا مانای دەرەکی و ڕاستەوخۆی ڕستەکانی شتێکن و مانای ڕاستەقینەیان شتێکی دیکەیە. ڕۆمانێکە ئەگەر خوێنەرێکی وریا بین، لەبری ئەوەی هەڵسوکەوتی قارەمانەکەی بمانهێنێتە پێکەنین، هەستی هاوخەمیمان تێدا دەورووژێنێت. تۆرگنێڤ کە ڕۆمانێکی نووسیوە و ناوی لێ ناوە: دۆن کیخۆتەی ڕووسیایی، لە باسێکیدا کە لە ١٨٦٠دا نووسیویەتی، بەروارد لەنێوان هامڵیت و دۆن کیخۆتەدا دەکات و لە ڕوانگەی تۆلستۆی و پووشکین و گۆگۆڵیشەوە، دۆن کیخۆتە کارەکتەرێکە داکۆکی لە هەق دەکات و بەگژ ستەمدا دەچێتەوە. لە دیدی دۆستۆیفسکیشەوە، دۆن کیخۆتە نایابترین کارەکتەرە، دنیای کریستیانیزم بەخۆیەوە بینیبێت.
ئەگەر هونەر ڕەنگدانەوەی ڕۆحی گەل بێت، ئەوا دۆن کیخۆتە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ئەو گەلەیە لەناویدا سەری هەڵدا و کاریگەری لەسەر گەلەکەی و گەلانی دنیایش بەجێ هێشت، ئاخر خۆ ئەوە ڕێککەوت نییە کە دۆن کیخۆتە جێی بایەخی تۆماس مان و بۆرخێس و میلان کوندێرا بووە. خۆ ئەوە هەر قسە فڕێدان نییە کە کە گوتراوە: ئەوە دۆن کیخۆتەیە، ئیسپانیای هەواری سێ ئایینە ئاسمانییەکەی بە نەمری هێشتووەتەوە. ئەگەر دنیا نەگۆڕین، دنیا دەمانگۆڕێت، دۆن کیخۆتە بەهەق لە گۆڕینی دنیادا بەشدار بووە. دۆن کیخۆتە کە پشتی بە چەکی قۆشمە قایمە، ڕۆمانێکی واقیعییە، لە گۆشەنیگای جیاوازەوە، ڕەخنە لە کۆمەڵ دەگرێت و لە خەمی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیدایە.
دۆن کیخۆتە باس لە قارەمانی ساختە و دادپەروەریی وەهمی دەکات و گاڵتەی بەوە دێت، خانەدانان لە خەمی مرۆڤایەتیدا بن. سێرڤانتس پێمان دەڵێت: کولتووری دێرین بە دەردی سەردەمی نوێ ناخوات و بەها کۆنەکان وەختیان بەسەر چووە و جێی بایەخی ئینسانی نوێ نین. بۆ ئەوەی دۆن کیخۆتە بە کەسایەتییەکی گەوج تێنەگەین، کەسێکی گەوج و هیچی تر، پێویستمان بە بڕێک لە هۆشیاری هەیە، ئاخر ئەو پەیامەی سێرڤانتس دەیخواست بیگەیەنێت، هەر دەبوو بە کارەکتەرێکی سەرکێشدا بینێرێت، کارەکتەرێک وای بۆ بچێت، پێی دەکرێت ڕەوتی مێژوو ڕابگرێت.