فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

داعش و کوردایەتی

داعش و کوردایەتی

 

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر/ هەولێر

ئایا داعش قارچک ئاسا، لەخۆوە هەڵتۆقیوە؟ یان ڕەگوڕیشەی قووڵ بە مێژووی ئیسلامدا ڕۆ چووە؟ ئایا داعش هیچی نوێی داهێناوە؟ ڕەوتارێکی تازەی نواندووە؟ یان هەر چییەکی کردووە، بریتیبووە لە لاساییکردنەوەی ڕووداوەکانی نێو دیرۆکی ئیسلام؟ هەموو ئەوانەی بڕێک شارەزایییان لە ڕابردووی ئیسلامدا هەبێت و خەریکی گەوجاندنی خەڵک نەبن، دەزانن و دڵنیان، داعش وەچەی شەرعی و دەرهاوێشتەی مێژووی ئیسلامە و هێشتا کارێکی نەکردووە، بە زەوتکردنی ژن و بە سووتاندنی دیلیشەوە، لە سەردەمی خودی پەیامهێن و یاوەرانیدا نەکرابێت و تەنانەت هێشتا هیچ سەرپێچییەکی لە دەقی پیرۆزیش نەکردووە. ئەگەر تەمی گومانێک لەوەی داعش درێژەپێدانی ئیسلامە یان نا، بەرچاوی لێڵ کردبین، ئەوا بە گوێگرتنمان لە گوتاری بەشێک لە مەلایان و بانگخوازان و پەرلەمانتارانی ئیسلامی، تەمی ئەو گومانەمان دەڕەوێتەوە و ئاسۆی بەرچاومان ڕۆشن دەبێتەوە.
داعش وەچەی شەرعی و دەرهاوێشتەی مێژووی ئیسلامە و هێشتا کارێکی نەکردووە، بە زەوتکردنی ژن و بە سووتاندنی دیلیشەوە
ئەوانەی داعش پەسەند ناکەن، پێ بزانن یان نا، مێژووی ئیسلام ڕەت دەکەنەوە. ئەوانەیشی دیرۆکی ئیسلام بە چەشنێکی ناکۆک لەگەڵ داعشدا دەناسێنن، ئەگەر نەزان نەبن، بازرگانن. هەموو ئەوانەی ئیسلامناسن و مێژووی ئیسلام، وەک مێژوویەکی تژی لە ئاشتی و بەزەیی و لێبوردەیی باس دەکەن، ئەوە بازرگانی بە دینەوە دەکەن و نان و دەسەڵاتیان بە شێواندنی ئەو دیرۆکە پڕ لە شەڕ و ڕق و دوژمنکارییەوە گرێ دراوە. ئەوەی داعش لە واقیعدا پێشکەشی دەکات، وەک فیلمێک وایە، پشتی بە بەڵگەنامەی حاشاهەڵنەگری دیرۆکی و ڕووداوە ڕاستەقینەکان بەستبێت و لە مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئیسلام لای نەدابێت.
ئەوەی دیرۆکی ئیسلام، کەسانی وەک جەزیری، خانی، نالی، مەولەوی، مەلای گەورە، شێخ موحەممەدی خاڵ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسی پێ بەخشیوین، لە فریودانی عەوام بەولاوە، شتێکی دیکە نییە
ئەوەی دیرۆکی ئیسلام، کەسانی وەک جەزیری، خانی، نالی، مەولەوی، مەلای گەورە، شێخ موحەممەدی خاڵ و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسی پێ بەخشیوین، لە فریودانی عەوام بەولاوە، شتێکی دیکە نییە، ئاخر هیچی هاوبەش لە نێوان ئەو هێژایانە و ئەو دیرۆکە ڕەشەدا نەبووە، کە ئەو ئایینەی بە زەبری شمشێر سەپاندووە. نە قازی موحەممەد، نە شێخ مەحموودی حەفید و نە شێخ سەعید پیران، هیچیان سەر بە مێژووی ئیسلام نەبوون، سەر بە بزووتنەوەی کوردایەتی بوون، خەباتیان لە نیشتمانپەروەرییەوە سەرچاوەی گرتبوو، نەک لە مێژووی خوێناویی ئیسلامەوە.