کارل کاوتسکی
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکلهۆلم

کارل کاوتسکی ڕۆڵێکی گرنگی لە بڵاوکردنەوەی ھزری مارکسیزم و پاشان لە دیدێکی نوێی فەلسەفی و سیاسییەوە لە شت و چەمکەکان دەڕوانێت
کارل کاوتسکی لە دەستپێکی کاری ھزری و سیاسی خۆیدا ڕۆڵێکی گرنگی لە بڵاوکردنەوەی ھزری مارکسیزم دا ھەبووە ، لێ پاشان لە دیدێکی نوێی فەلسەفی و سیاسییەوە لە شت و چەمکەکان دەڕوانێت . لە پەرتووکی “ڕێگای دەسەڵات دا ” (١٩٠٩) ، لە بنەما تیۆرییەکانی مارکسیزم ھەڵدەگەڕێتەوە و ڕەخنەی لێ دەگرێت ، چەمکی دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاری و شۆڕش ڕەتدەکاتەوە ، لە بری ئەوان دا ، ھەردوو چەمکی دیمۆکراسی لیبڕالی و چاکسازی پێڕەو دەکات ، بەم شێوەیە پاش جەنگی یەکەمی جیھانی بزاڤی کۆمۆنیستی دەبێتە دوو لەتەوە ، کۆمۆنیستی و سۆسیال دیمۆکرات ، کارل کاوتسکی و بێرنشتاین دەبن بە دوو ھزرمەندی گەورەی ڕەوتە نوێکە . لێنین لە پەرتووکی “دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاری دا ” زۆر بە تووندی لە دژی ئەوان دەوەستێتەوەو بە بەرەی ڕیفۆرمیستەکان پێناسەیان دەکات ، لە دەرەنجامی ئەوەشدا ، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی سێیەمی کۆمۆنیستەکان دروستدەبێت .
پاش جەنگی یەکەمی جیھانی بزاڤی کۆمۆنیستی دەبێتە دوو لەتەوە ، کۆمۆنیستی و سۆسیال دیمۆکرات ، کارل کاوتسکی و بێرنشتاین دەبن بە دوو ھزرمەندی گەورەی ڕەوتە نوێکە
لە پەرتووکی ” تێگەیشتنی مەتریالیستی بۆ مێژوو ” کارل کاوتسکی ھەوڵدەدات ھەردوو دیدی مەتریالیستی و ئیدیالیستی تێھەڵکێش بەیەکتر بکات . پاش حەفتا ساڵ لە دەسەڵات دا ، بەرەی کۆمۆنیستی بە سەرکردایەتی یەکێتی سۆڤیەت تێکشکاو داڕما ، ئەم ڕووداوە مێژووییەش کاریگەریی نێگەتیڤانەی خۆی بەسەر بزاڤ و دەسەڵاتی سۆسیال دیمۆکراتەکانیشەوە ھەبوو ، لێ ھەتا ئەمڕۆکە ھزر و بزاڤی سۆسیال دیمۆکراتەکان لە گۆڕەپان دا ھەن و کاریگەرن ، چونکە ئەم دیدە نزیکبوونی خۆی لەگەڵ واقیعدا ھەیە ، نەک پتر بەلای خەیال و یوتۆپیا . کەواتە ، ڕەتکردنەوەی دۆگما ، دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاری پێویستێکی نوێی سەردەمن ، گەرەنتن بۆ مانەوەو بەھێزی ھزری سۆسیالیزم ، چونکە لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێکان دا ، ھزر و تیۆرەکانیش دەگۆڕێن ، ئەگەر نەشگۆڕێن ، بێگومان دەمرن .