فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

برا مانگدزەکانی پۆڵۆنیا

برا مانگدزەکانی پۆڵۆنیا

 

بەکر شوانی/ وەرگێڕ و ڕۆژهەڵاتناس / ئەڵمانيا

 

یاتسێك و پلاتسێك دوو برای جمکی پۆڵۆنین. تەمەڵ و تەوەزەلن و لە کێڵگەی خۆیان هاوکاری دایك و باوکیان ناکەن. بۆ ئەوەی بەیەکجاری خۆیان لە کار ڕزگار بکەن، بڕیار دەدەن مانگی زێڕین بدزن. بە تۆڕ مانگ دەگرن، بەڵام دزیان لێ پەیدادەبێت و هەردووکیان دەگرن. مانگ لە شەوی چواردەدا لە تۆردا نامێنێت. دوو براکە ڕوو لە شاری زێڕین دەکەن بۆ دۆزینەوەی. لەوێ تێدەگەن نرخ و بەهای گەنجینە تەنیا شتێکی ڕووکەش و سیمبولیکە. ئەمجار بۆ ئاوایی دەگەڕێنەوە و هاوکاری دایك و باوکیان دەکەن… ئەوە کورتەی چیرۆکێکی شاعیر و نووسەری پۆڵۆنیایی کۆرنێل ماکوژینسکی-یە (١٨٨٤-١٩٥٣) بە ناوونیشانی (دوو برا مانگدزەکە).

بڕیار دەدەن مانگی زێڕین بدزن. بە تۆڕ مانگ دەگرن، بەڵام دزیان لێ پەیدادەبێت و هەردووکیان دەگرن

 

دەرهێنەری پۆڵۆنیایی جان باتۆری (١٩٢١-١٩٨١)، لە ساڵی ١٩٦٠دا ئەو چیرۆکەی بەهەمان ناوەوە کردووە بە فیلم و ڕۆڵی برایانی دووانەی بە دوو برا بەناوەکانی لێخ و یارۆسلاڤ کاچینیسکی بەخشیوە. لێخ و یارۆسلاڤ ساڵی ١٩٤٩ لە وارشۆ لە دایك ببوون. ئەم دوو برایە لەو فیلمە بەدواوە لە وڵاتی خۆیان ناوبانگێکی زۆریان پەیداکرد. لە ساڵانی حەفتا و هەشتادا لە دژبەرانی دەسەڵاتی کۆمۆنیست بوون و زۆر جار دەستگیر کران. لێخ کاچینیسکی ساڵی ٢٠٠٥ بوو بە سەرۆك کۆمار. یارۆسلاڤی برایشی ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ سەرۆك وەزیران بوو. ئەوە پێشهاتێکی بێوێنە بوو کاتێك دوو برای دووانە بە دەنگی هاووڵاتییان گەیشتبوونە دەسەڵات و لە یەك کاتدا دوو پۆستی گرنگی وڵاتیان لە دەستدا بوو.

لە ساڵانی حەفتا و هەشتادا لە دژبەرانی دەسەڵاتی کۆمۆنیست بوون و زۆر جار دەستگیر کران

 

ساڵی ١٩٣٩ کاتێك هی/ت/لەر پۆڵۆنیای داگیرد، سوپای سۆڤیەتیش چووە ڕۆژهەڵاتی پۆڵۆنیاوە و ٢٢ هەزار ئەفسەر و سەربازی پۆڵۆنیایی دەستگیر کرد و ساڵێك دواتر هەموویانی لە ناوچەی کاتینی ڕووسیا بەکۆمەڵ کوشت. تا ئێستایش ڕووسیا دەڵێت ئەو کۆمەڵکوژییە ساڵی ١٩٤٣ لە سەردەستی سوپای ئەڵمانیای نازی ئەنجام دراوە. بەڵام وەك چۆن ئێمە دەزانین کێ ئەنفالی کوردی ئەنجام داوە، پۆڵۆنیایییەکانیش دەزانن “ئەنفالی کاتین” بە فەرمانی ستالین و لە ساڵی ١٩٤٠دا ئەنجام دراوە. سەرۆك کۆمار کاچینیسکی ڕۆژی ١٠ نیسانی ٢٠١٠ لەگەڵ ماریای هاوسەر و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیر و لێپرسراوانی حکوومەتدا بەرەو ڕووسیا بەڕێکەوت بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بیرهێنانەوەی قوربانییەکانی کاتیندا. بەڵام فڕۆکەکەیان لە ئاسمانی ڕووسیا کەوتە خوارەوە و هەموو سەرنشینەکانی ناوی مردن.

سوپای سۆڤیەتیش چووە ڕۆژهەڵاتی پۆڵۆنیاوە و ٢٢ هەزار ئەفسەر و سەربازی پۆڵۆنیایی دەستگیر کرد و ساڵێك دواتر هەموویانی لە ناوچەی کاتینی ڕووسیا بەکۆمەڵ کوشت

 

ئەم چەند دێڕە پێشکەشە بە یادی چواردە ساڵەی مردنی مرۆڤێك کە لە هیچ بۆنەیەکدا سازشی لەسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتی خۆی نەکرد و لە ڕێی چوون بەرەو یادکردنەوەی قوربانییەکانی وڵاتی خۆیدا سەری نایەوە.