فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کانت و شۆڕشی کۆپەرنیکانەی فەلسەفی

کانت و شۆڕشی کۆپەرنیکانەی فەلسەفی
د. نەجمەدین کەریم / مامۆستای مێژووی فەلسەفە/ سوێد

 

کانت لە ڕۆژهەڵاتی پڕۆسیا دا ، لە شارۆچکەی کۆنیگسبێری  لە ساڵی ١٧٢٤ – ١٨٠٤ لە دایکبووە و هەر لەوێشدا کۆچی دوایی کردووە . فەیلەسوف تەواوی ژیانی خۆی هەر لەو شارەدا بردۆتە سەر ، لە زانکۆی هەمان شاردا خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٧٥٥ یشدا ناوبراو هەر لەوێ بووە بە دکتۆر و دۆسێنت ، لە ساڵی ١٧٧٠ شدا بۆتە پڕۆفیسۆری لۆژیک و میتافیزیک .

کانت لە ساڵی ١٧٨١ دا شاکارە بەناوبانگەکەی خۆی / ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی دا بڵاوکردۆتەوە . نووسین و بڵاوکردنەوەی ئەم شاکارەش دەبێتە بەردی بناخەی فەلسەفەی ڕەخنەگرانەی کانت و کانتیش بە فراوانی دونیا دەناسێت .

کانت ژنی نەهێناوە ، هەر وەک ئەڵمانەکانی تر بە مرۆڤێکی ڕێک وپێک و داب ونەریتێکی هەموو شت لە کاتی خۆیدا پابەندبووە ، مرۆڤێکی مرۆڤدۆست و زۆر لەسەرخۆ و ژیر بووە ،کە شۆڕشی فەڕەنسیش ڕوویدا ، زۆر لە نزیکەوە چاودێری هەموو گۆڕانکارییەکانی دەکرد .

هەر لە سەرەتاوە ، کانت لە ژینگەیەکی هزری دا وەک فەیلەسوف پەروەردە کراوە ، لە قوتابخانەی وۆلف دا ، هەر لەسەرەتاوە زۆر حەزی لە زانستە سروشتییەکان کردووە ، پاشانیش کەوتۆتە ژێر کاریگەریی هەردوو ناوی دیاری فەلسەفەی نوێ ، وەک هیوم و ڕۆسۆ . کانت خۆی دەڵێت ، کە بۆچوونەکانی هیوم ئەوی لە خەوی دۆگماتیزم دا هوشیارکردۆتەوە ، سکێپسیزمی هیومیش ، کاریگەرییەکی باشی بەسەر هزری فەلسەفی کانت وزۆرانێک دا کردووە ، کە لەو سەردەمەدا ، هەردوو ڕێبازی هزریی ئێمپێریزم و ڕاسیۆنالیزم لە ململانێیەکی تووند دابوون ، هەر بۆیە دەبوو ، هزرمەندی گەورەی ئەڵمانیش خۆی لە بەرەیەکدا ببینێتەوە ، بەڵام لە سکێپسیزمی هیوم دا ، مرۆڤ لە نێوان دوو بەرەدا ، مەلەوانی دەکات ، کەچی ڕۆسۆی هزرمەند لە ئیدیالیزمێکی مۆڕالی دا خۆی بینییەوە ، هەر چەندە هزری مۆڕالی و کۆمەڵایەتی کانت لە کۆتاییدا خۆی لە جیهانبینی ڕۆسۆدا دەبینێتەوە .

کانتی گەورە فەیلەسوف ، کاتێ کە باس لە فەلشەفەی ڕەخنەگرانەی خۆی دەکات ، باس لە جۆرە هەڕەمێک ، یاخود – تڕانسێندێنتالێک دا دەکات ، بەردی بناخەی ئەم خانووەش لە شاکاری ڕەخنەی ئەقڵی پەتی دایە . فەیلەسوف بە دوای مێتۆد و فەلسەفەیەک دا دەگەڕێت ، کە ببێتە بەردی بناخەی فەلسەفە وزانستەکان ، چونکە ئەو فرەییەی کە لە ناو فەلسەفە دا هەیە ، هزرمەند ئارام ناکات . هەر لە هەمان شاکار دا ، فەیلەسوف دەڵێت ، کە بە تەمای شۆڕشێکی کۆپەرنیکانەیە لە ناو هزری فەلسەفی دا ، هەر وەک چۆن کۆپەرنیکۆس لە بواری گەردوونناسی دا ئەنجامی داوە .

ڕاستە ، کە لە مێژووی هزری فەلسەفی دا ، فەیلەسوفەکان بە شێواز و مێتۆدی جیاوازەوە ، بەدوای مەعریفەتی ڕاستی دا گەڕاون ، ئەم پڕۆسەیەش بەردەوام بووە ، هەتا دەگاتە لای کانت ، بەڵام کانت بۆخۆی لەو باوەڕەدابووە ، کە مەعریفەتی ڕاستی دەبێت ڕەنگدانەوەی خودی شتەکان بێت ، بەڵام بەلای ئەوەوە ، شتەکان لە خودی خۆیان دان .

لە دەرەنجامی ئەم دیدەی سەرەوەی فەیلەسوف دا ، لە هزری فەلسەفی کانت دا ، ڕووبەڕووی دوو چەمکی سەرەکی فەلسەفی دەبینەوە ، ئەویش هەردوو چەمکی / ئەپریۆری و ئەپۆستریۆرییە .

هەر لە شاکاری سەرەکی یەکەمی ئەودا ، فەیلەسوف بەرەو شاکارێکی ترمان دەبات ، ئەویش شاکاری دووەمی هزرمەندە ، کە بە / ڕەخنە لە ئەقڵی پڕاکتیکی دا ناسراوە ، چونکە فەیلەسوف دەزانێت ، کە توانای ئەقڵی تیۆریی مرۆڤ سنووردارە ، هەر بۆیە بەرەو ئەقڵی دووەممان دەبات .

کانت مەعریفەت بۆ هەردوو چەمکەکە دەباتەوە ، یانی مەعریفەتی ئەپریۆریی و مەعریفەتی ئەپۆستریۆریی ، مەعریفەتی ئەپریۆریش بەو مەعریفەتە دەڵێت ، کە لە پێشەوە دێت ، بەڵام مەعریفەتی ئەپۆستریۆریی ، ئەو مەعریفەتەیە ، کە لە پشت هی یەکەمەوە دێت . بە کورتی ، ئەو مەعریفەتەی ، کە لە هۆشەوە ، وە ئەو مەعریفەتەی کە لە ئەزموونەوە دێت ، بەڵام ئەوەی کە لە هۆشەوە دێت بنەڕەتییە ، کەواتە ، بەلای فەیلەسوفەوە ، مەعریفەتی ڕاستی سەربەخۆیە لە ئەزموونەوە . مەعریفەتی ماتماتیکی ، بەلای هزرمەندەوە بەشێکە لە مەعریفەتی ئەپریۆریی .

هەر لە ڕوانگەی فەیلەسوفەوە ، لە نێوان حوکمدانی ئەپریۆری وئەپۆستریۆریی دا ، حوکمدانی نێوان ئەنالیز و سینتێز دێتە پێشەوە و لە هەموو فۆڕمێکی حوکمدانیشدا ، سوبێکت و پرێدیکاتێک دێتەپێشەوە . ، ئەگەر پرێدیکاتەکە لە سوبێکتەکە دابوو ، ئەوە ئەنالیتیکە ، وەک / هەموو پیاوە گەنجەکان ژنیان نەهێناوە ، کەواتە لە پرێدیکاتی ژنیان نەهێناوە دایە ، ئەگەر نا ، ئەوە دەبێتە سینتێتیک ، وەک / هەموو ئەسپەکانی ئەم ژوورە قاوەیین .

لە دەرەنجام دا ، فەیلەسوف  دەڵیت / هەموو حکومدانە ئەزموونییەکان سینتێتیکن ، بەڵام هەموو حوکمدانە هۆشییەکان ئەنالیتیکن ، وە بۆ سەلماندنی ئەوان پێویست بە ئەزموون ناکات ، کەواتە فەیلەسوف لە هەوڵی کۆکردنەوەی هەردوو مێتۆدەکە دایە ، مێتۆدی ئەزموونگەریی و مێتۆدی ڕاسیۆنالیزمی ، بەڵام لە ژێر چەتری تڕانسێندێنتالیزمی دا ، کە پاشان فەیلەسوف پتر قورسایی بەلای ئەپریۆری دا دەخاتەوە ، هەر ئەوەش وادەکات کە هزری فەلسەفی فەیلەسوف لە مێتۆدی دیالەکتیکییەکی زاتی دا بخرێتە بەر پێناسەکردن ، چونکە فەیلەسوف دەڵێت ، شتەکانی دەرەوەی  زات ، لە خودی خۆیان دان – تینگ ئیسێی .

لە ژێر ڕۆشنایی هەر ئەو تێڕوانینەی سەرەوەی فەیلەسوف دا ، دەربارەی حوکمدانەکان ، شاکارێکی تری فەیلەسوف دێتەپێشەوە ، کە ئەویش بەناوی / ڕەخنە لە تواناکانی حوکمدان دا یە ، کە هەر لەو نووسراوەدا باس لە حوکمدانی ئێستێتیکانەی فەیلەسوف دەکات .

هەر لە بواری ماتماتیکی دا کانت دەڵێت ، ٧+٥ = ١٢ ، ئەم ڕستەیەش هەم ئەپریۆرییە و هەم ئەپۆستریۆریی ، بەڵام دوورن لە ئەزموونەوە .

لە ڕاستی دا ، تیۆری زانینی کانت ، هەر لە دەستپێكدا لەسەر جۆرە بنەمایەکی سکێپسیزمی دا دەچێتەپێشەوە ، بەڵام پاشان لە دونیای ئەگنۆسیزمی دا دەگیرسێتەوە ، کاتێ کە دەڵێت : شتەکان لە خودی خۆیان دان ، چونکە بەلای هزرمەندەوە ، تەنیا یەک لایەنی مەعریفەت مومکینە ، ئەویش ئەپریۆرییە ، هەر بۆیە ناوبراو باس لە زانینێکی – تڕانسێندێنتال دا دەکات ، نەک زانینێکی بابەتی .

زانینی ئەزموونگەریش بەلای هزرمەندەوە ، دوو سەرچاوەو بنەمایان هەیە ، یەکەمیان بینین و هەستەکان ، دووەمیان تێگەیشتنە / هۆش . لە ڕێگای بینینەوە شتەکان دەبن بە بابەت / ئۆبێکت بۆ ئێمە ، پاشانیش دیدێکمان بۆیان دەبێت ، کەواتە فەیلەسوف سەرچاوەی دیدەکان بۆ واقیع و دەوروبەر ناباتەوە ، بەڵکو بۆ هزر وهۆشی مرۆڤ ، هەر بۆیە دیدو بیرکردنەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە ، هەر ئەوەیە دەبێتە خاڵی بنەڕەتی لە ئیدیالیزمی زاتی فەیلەسوف دا ، هەر دووکیشیان دوو شتی جیاوازن ، بەڵام بەیەک گرێدراون ، بۆیە بەو شت وبابەتانەش دەڵێت : فێنۆمێن / دیاردە ، لەو دیاردانەشدا ، جیاوازی لە نێوان فۆڕم و مەتێریا دا دەبینێت ، هەر بۆیە مەتێریا بەلای فەیلەسوفەوە – ئەپۆستریۆرە وفۆڕمیش دەبێتە – ئەپریۆریی . ئەم تێڕوانینەش لە هزری ئەرستۆ وە نزیکە . فۆڕمەکانی دید و جیهانبینیش ، بەلای فەیلەسوف لە کات و شوێن دان ، بەڵام سەرچاوەی چەمک و زاراوەکان لە دونیای بابەتی دەرەوە نایەن ، بەڵکو ئەوانیش لە ئەپریۆرەوە سەرچاوەدەگرن ، ئەمەیە کاکڵەی ئیدیالیزمی لە فەلسەفەی کانت دا .

کانت هەر وەک ئەرستۆ ، بەڵام تووندتر باس لە سیستەمێک بۆ زاراوەکان / کاتەگۆرییەکان دەکات ، هەمووشیان لە هۆکار و ئەنجام دا دەردەکەون .

بەڵێ ، هۆشیارییەکی تڕانسێندێنتال دەبێتە بنەمای سەرەکی هەموو زانینێک ، هەر وەک دێکارت / من بیردەکەمەوە ، کەواتە من هەم / سۆگیتۆ ، پاشان دەبێتە ئەزموون و زانین ، کەواتە جیهانی ئەزموون / دەرەوە ، دروستکراوی هۆشیاریی تڕانسێندێنتالە ،مرۆڤیش بە ئەقڵ و تێگەیشتن چەکدارە ، هەر لەوێشەوە چەمک وزاراوەکان ، ئەزموون ڕێکدەخەن ، ئێمەی مرۆڤیش لەناو دیاردەکان دا دەژین .هەر لێرەدا ، هزرمەند خۆی لە دوالیزمی نێوان فێنۆمێن و نۆما دا ڕزگار دەکات و بەلای ئیدیالیزمی زاتییەوە دەشکێتەوە .

زانین و بەرژەوەندیش هەر بەلای فەیلەسوفەوە ، جێگای خۆی هەیە ، بۆیە فەیلەسوف کۆمەڵێک پرسیار دەخاتەڕوو . لە شاکاری بنەماکانی مێتافیزیکدا ، هزرمەند باس لە گرفتەکانی بواری فەلسەفەی مۆڕال دا دەکات . فەیلەسوف لەو باوەڕە دایە ، کە چاکی ، نەمومکینە ، ئەگەر هزر و ویستی چاکی نەبێت ، بۆیە لێرەوە هزری مۆڕالی کانت سەرچاوەدەگرێت . ویستی باش و چاک چییە .

بەلای فەیلەسوف ، مرۆڤ ئەرکێکی مۆڕالی هەیە و پێویستە ئەو ئەرکە مۆڕالییەش لە هزر و ویستێکی باشەوە سەرچاوەبگرێت . یارمەتیدانی یەکتری ، دۆستایەتی و دەستدرێژکردن بۆ هەژاران و …هتد . هەموو ئەمانە ئەرکی مۆڕالی مرۆڤن ، کە ئەویش بە ویست وهزری مرۆڤ خۆیەوە گرێدراوە . سەرچاوەی ئەم کردە مۆڕالییانەش بەلای ئەوەوە ، نابێت لە دونیای دەرەوە بێت ، بەڵکو لایەنێکی ئۆتۆنۆمە و بە هزر وکرداری مرۆڤەوە بەندە ، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ، کە ئەرکی مۆڕالی بەلای ئەوەوە ، زانینی مۆڕالی لە ئەپریۆرییەوە سەرچاوەدەگرێت ، یانی لە هەر یەکێک لە ئێمە دا هەیە ، هەر وەک چەمکێکی ئەوامری ، مرۆڤ وتاک ، ویستێکی ئازادی هەیە ، خۆی دەبێت وەک بوونەوەرێکی ئاقڵ بزانێت و مامەڵە بکات ، بەڵام نابێت شتێک بکات ، کە بە زەرەری ئەوانی تر بکەوێتەوە .

مرۆڤ بەلای کانتەوە ، پێویستە لە دوو مەملەکەتەوە هەنگاوهەڵبگرێت ، یەکەمیان مەملەکەتی سروشتە ، دووەمیان مەملەکەتی ئازادییە لە کۆمەڵگادا ، چونکە بەلای ئەوەوە مرۆڤ بوونەوەرێکی بیۆلۆژی و ژینگەی دیاردەکانە / کۆمەڵگا . مرۆڤیش بەلای هزرمەندەوە ، پێویستە ئازاد بێت ، بۆ ئەوەی لەم ئازادییەدا ، ئەرکە مۆڕالییەکانی خۆی جێ بەجێ بکات ، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ، ئەو دەڵێت / پێویستە دان بە نەمریی ڕۆح بوونی خوا دابنێت ، چونکە ئەم دانپێدانانە بۆ سیستەمی جیهان و ڕێکخستنی ئەوە گرنگە و دەشبێتە گەرەنتییەک بۆ مۆڕال و ئێتیکی مرۆڤ .

ئەم تێڕوانینەی سەرەوەی کانتی فەیلەسوف ، هەروەک هی دێکارت ، سپینۆزا و لایبنیتز ، لە هەوڵی تێهەڵکێشکردنی هۆشیاریی مۆڕالی و جیهانی دەرەوە دایە .

لە بەشێکی نووسراوی /  ڕەخنە لە تواناحوکمدانییەکان دا ، فەیلەسوف هاتووە باس لە گرفتە ئێستێتیکییەکان دەکات ، کە لەو سەردەمەدا ، بە تایبەتی لای باومگارتن دا جێگای گفتوگۆ بووە ، هەر بۆیە کانت و باومگارتن دەبن بە دوو دامەزرێنەری ئێستێتیکای هاوچەرخ لە فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی دا .

کانت دەڵێت ، مرۆڤ دەتوانێت لە دوو ڕووەوە سەیری بابەتێکی هونەری بکات ، لایەنی بەرژەوەندی/ ئابووری و لایەنی ئێستێتیکییەوە ، بەڵام هونەر پێوستە لە ڕوانگەیەکی ئێستێتیکییەوە سەیر بکرێت ، نەک بەرژەوەندییەوە . لە هەموو کارێکی هونەریشدا ، پێویستە جۆرە هاڕمۆنیایەک لە کارە هونەرییەکەدا هەبێت و کار بکاتە سەرمان ، وە پێویستە پەیامێک / ئامانجێکیش لە کارە هونەرییەکەدا هەبێت ، کەواتە هەستکردن بە لای کانتەوە زاتیانەیە وکاردانەوەکانیش هەر بۆ لایەنی هەستی بینەر ، یا خوێنەر دەگەڕێتەوە . هەر لە بەشی دووەمی هەمان نووسراودا ، کانت باس لە چەمکی تێلیۆلۆگی / هۆکاریی دەکات ، کە بەلای ئەوەوە لە هەموو شت و دیاردەیەکدا ، هۆکار و ئامانجێک هەیە .

هەر لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا ، فەیلەسوفمان هاتووە ، لە هەندێ بواری جیا ، جیای توێژینەوە مۆڕالییەکان دا هەڵوێستی هزریی خۆی لەو بارەیشەوە خستۆتەڕوو . فەیلەسوف لەو باوەڕە دایە ، کە ئەرکی دەوڵەت و دەسەڵات دەبێت پاراستنی یاسا بێت ، ئازادی تاکیش مسۆگەر بکات ، بە مەرجێک ئەو ئازادییە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی دا بگونجێت ، هەر بۆیە فەیلەسوف خۆی بە لایەنگری هزری کۆماری و دەستوورێکی کۆماری دەزانێت  ، کە لەسەر بنەمای دەستوور ، دیمۆکراتی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دا دابمەزرێت ، بۆیە کانت دەڵێت / ئەگەر هەموو دەوڵەتەکان بەم ئامانجە گەیشتن ، ئەوساکە ئاشتی لە هەموو جیهاندا بەرقەرار دەبێت و ئەوساکە دەکرێت لەسەر بنەمایەکی فیدرالی / کۆنفیدڕاڵی دا دەوڵەتێکی جیهانی دروستببێت ، ئەمەش گەرەنتییەکە بۆ هەموو ئاشتییەک – ئاشتییەکی نەمر .

ئاشکرایە ، کە کانت و ڕۆشنگەریش ، لە پرسیاری ڕۆشنگەری چییە دا ، بە ڕوونی دەردەکەوێت ، کە ناوبراو لەگەڵ هزرو پڕۆسەی ڕۆشنگەری دا بووە ، ڕۆشنگەریش بەلای ئەوەوە ، پێگەیشتنی مرۆڤە ، ئازادبوونی مۆڕالی و سیاسی مرۆڤە لە کۆت و بنەماکانی دەرەوە ، ئەوساکە ڕۆشنگەریی بە لوتکەی خۆی دەگات .بەڵام لە هەمانکاتیشدا ، لە هزری ڕۆشنگەری خۆیدا ، زەمینەشی بۆ جۆرە ڕۆمانسیەتێک خۆشکردووە ، ڕۆمانسیەتێک کە لە واقیعەوە نزیکە ، چونکە ئەو لەو باوەڕەدایە ، لە هزر وهۆشدا دەتوانێت بەو واقیعە بگات ، ئەوەش بۆخۆی جۆرە ڕۆمانسیەتێکە ، چونکە واقیع پێویستی کردار هەیە ، هەتا بگۆڕێت ، نەک تەنیا بە هزر ومۆڕال . هەر بۆیە لە هزری فەلسەفی ئەو هزرمەندە گەورەیەدا ، چەندین پەنجەرە بە ڕووی هزری فەلسەفی دوای خۆیدا دەکاتەوە ، وەک ئەوەی کە پاشان چەندین ڕێبازی جۆراو جۆری فەلسەفی لە فەلسەفەی هاوچەرخدا هاتنە پێشەوە ، هەر لە مارکسیزم ، پۆزەتیڤیزم و فێنۆمێنۆلۆژییەوە بگەرە، هەتا دەگاتە هی تر ….

لە ڕاستی دا ، کانت کەسایەتییەکی گەورەی کولتوور و هزری فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانییە ، هەر لە سەردەمی ئەویشدا ، چەندین کەلە پیاوی کولتووری و فەلسەفی ژیاون وخاوەن بەرهەم و شاکاری دیاری خۆیانن ، وەک / گۆتە ، شیلەر ، هێردەر ، باومگارتن و …هتد.

کانت بوو بە بناغە داڕێژەری فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی ، کە توانی فەلسەفە بگەینێتە لوتکە ، پاش ئەویش فیختە ، شێلینگ و هێگل کارەکەیان تەواوکرد و لە لوتکە دا مانەوە .

د. نەجمەدین کەریم / ستۆکهۆڵم

 

سەرچاوەکان

1.Kants Leben und Lehre , 1918

2.Die Philosophie des deutshen Idealismus , 1974

  1. Filosofins historia , 1995 , Svante Nordin